هه‌واڵ، راپۆڕت و وتووێژ
وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردنی: مه‌نسور سدقی
پیشه‌کی
بنه‌ما نێونه‌ته‌وییه‌کانی ئه‌خڵاقی پیشه‌یی له رۆژنامه‌وانیدا
هه‌واڵ
هه‌واڵ و کاردانه‌وه‌ی پێکهێنه‌ره‌کانی له‌سه‌ر هه‌واڵ
هه‌واڵ به پێناسه مه‌کته‌بی "گلاسکۆ"
"لید" و جۆره‌کانی
چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کان له هه‌واڵ نووسیندا
پێکهاته‌کانی هه‌واڵ (News Elements)
پێکهێنه‌رکانی هه‌واڵ
شێوه‌کانی هه‌واڵ نووسین News Style
خاڵبه‌ندی له هه‌واڵدا
ژماره نووسین له هه‌واڵدا
چۆن هه‌واڵی سافت بنووسین (Soft News)
راپۆرت
جۆره‌کانی راپۆرت
● راپۆرته هه‌واڵ
● راپۆرتی وه‌سفی
● راپۆرتی لێکۆڵینه‌وه
● راپۆرت له‌سه‌ر بنه‌مای وتووێژ
● راپۆرت له‌سه‌ر که‌سایه‌تی
● راپۆرت سه‌باره‌ت به بۆنه‌کان
● راپۆرتی ئازاد
● راپۆڕتی گاڵته‌جاری
● راپۆرتی بازرگانی
● راپۆرتی په‌یگیرانه
● چه‌ند تێبینییه‌ک بۆ رێکوپێک کردنی راپۆرت
● تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی راپۆرته‌وان و راپۆرتی په‌سه‌ند
● راپۆرت چۆن ده‌نووسرێت؟
● گرنگی راپۆرت
● تایبه‌تمه‌نییه‌کانی راپۆرت
● مانشێت له راپۆرتدا
● پێکهێنه‌ره‌کانی راپۆرت
● داڕشتن و رێکوپێک کردنی راپۆرت
وتووێژ
● وتووێژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
● چه‌شنه‌کانی وتووێژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
بنه‌ما نێونه‌ته‌وییه‌کانی ئه‌خڵاقی پیشه‌یی له رۆژنامه‌وانیدا
هه‌واڵ
هه‌واڵ و کاردانه‌وه‌ی پێکهێنه‌ره‌کانی له‌سه‌ر هه‌واڵ
هه‌واڵ به پێناسه مه‌کته‌بی "گلاسکۆ"
"لید" و جۆره‌کانی
چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کان له هه‌واڵ نووسیندا
پێکهاته‌کانی هه‌واڵ (News Elements)
پێکهێنه‌رکانی هه‌واڵ
شێوه‌کانی هه‌واڵ نووسین News Style
خاڵبه‌ندی له هه‌واڵدا
ژماره نووسین له هه‌واڵدا
چۆن هه‌واڵی سافت بنووسین (Soft News)
راپۆرت
جۆره‌کانی راپۆرت
● راپۆرته هه‌واڵ
● راپۆرتی وه‌سفی
● راپۆرتی لێکۆڵینه‌وه
● راپۆرت له‌سه‌ر بنه‌مای وتووێژ
● راپۆرت له‌سه‌ر که‌سایه‌تی
● راپۆرت سه‌باره‌ت به بۆنه‌کان
● راپۆرتی ئازاد
● راپۆڕتی گاڵته‌جاری
● راپۆرتی بازرگانی
● راپۆرتی په‌یگیرانه
● چه‌ند تێبینییه‌ک بۆ رێکوپێک کردنی راپۆرت
● تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی راپۆرته‌وان و راپۆرتی په‌سه‌ند
● راپۆرت چۆن ده‌نووسرێت؟
● گرنگی راپۆرت
● تایبه‌تمه‌نییه‌کانی راپۆرت
● مانشێت له راپۆرتدا
● پێکهێنه‌ره‌کانی راپۆرت
● داڕشتن و رێکوپێک کردنی راپۆرت
وتووێژ
● وتووێژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
● چه‌شنه‌کانی وتووێژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
ته‌کنیکه‌کانی وتووێژ
پرسیار
داڕشتنی پرسیار بۆ به‌کارهێنانی له هه‌وال و راپۆرتی میدیاییدا، کارزانییه‌کی زۆری پێویسته. له‌وانه‌یه وتووێژ وه‌ک شێوه‌یه‌ک له گفتوگۆ هه‌لسه‌نگێنین، به‌ڵام له راستییدا گفتوگۆیه‌کی ئاسایی نییه. هێندێکجار بۆ پتر بیستنی وێژه‌ر و سه‌رگه‌رمکردنه و هێندێکجار ئاکامی گۆێ هه‌ڵخستنه و زۆرجاریش پێویستی به ئاماده‌کاری هه‌یه. به‌هه‌رحاڵ، له میدیاکاندا "پرسیار" یه‌ک ئامانجی سه‌ره‌کی هه‌یه: کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری.
وتووێژ چ رووبه‌ڕوو یان چ به ته‌له‌فۆن بێت، ده‌قێکی ئاماده و له‌به‌رده‌ستدا نییه که وه‌ده‌ست رۆژنامه‌وان بکه‌وێت، به‌ڵکو پێویسته رۆژنامه‌وان هه‌میشه چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی نائاسایی بێت و به شێوه‌یه‌کی خێرا لێکدانه‌وی وه‌ڵامه‌کان بکات و سه‌باره‌ت به پرسه گرنگه‌کانی ناو وه‌ڵامه‌کان ئاماده‌ی پرسیارکردن بێت. ئامانجی ئه‌و پرسیارانه، یان دۆزینه‌وه‌ی لایه‌نه شاراوه‌کانه و یان بۆ تێگه‌یشتنی زۆرتری رۆژنامه‌وانه، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت، که‌ره‌سه‌ی پێشاندانی لووتبه‌رزی رۆژنامه‌وان نییه و ئامرازێک نییه بۆ خستنه ژێر ره‌کێفی وێژه‌ر و بۆ شانازیکردنی وتووێژکار به راده‌ی زانستی خۆی.
زۆربه‌ی وتووێژه‌کان ساکار و ئاشکران. به‌ڵام له دوو کاتدا وتووێژ کێشه‌ساز ده‌بێت:
یه‌که‌م، که‌سانێک له‌به‌رامبه‌ر پرسیاردا زۆر که‌لله‌ڕه‌قی ده‌که‌ن و لێدوانیان ریکۆپێک نییه.
دووهه‌م، ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ویست وه‌ڵام ناده‌نه‌وه و دژبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن.
دوواتر ئه‌و دوو کێشه‌یه زۆرتر روون ده‌که‌ینه‌وه.
هێندێک له پرسه سه‌رکییه‌کانی وتووێژ:
● دیاریکردنی ئامانجی وتووێژ، پێش ده‌سپێکی وتووێژ
رۆژنامه‌وان پێش ئاراسته‌کردنی پرسیار له سه‌رچاوه یان وێژه‌ر، ئامانجی سه‌ره‌کی له وه‌رگرتنی زانیاری له وێژه‌ر، هه‌لده‌سه‌نگێنێت و چوارچێوه‌یه‌کی گشتی بۆ به‌کارهێنانی وتووێژه‌که‌ی له هه‌واڵ یان له راپۆرتدا ئاماده ده‌کات تا بزانێت زانیارییه‌کانی به‌رهه‌می وتووێژه‌که له کام شوێنی هه‌واڵه‌کان یا راپۆرته‌که‌یدا جێگاده‌کاته‌وه و ئه‌و زانیارییه تازانه چ گۆڕانێک له نووسراوه‌که‌یدا پێکدێنێت. هه‌روه‌ها زۆرگرنگه پێش ئه‌نجامدانی وتووێژ، رۆژنامه‌وان بیر له که‌مایه‌سی و پێداویستییه‌کانی خۆی بۆ ئاماده‌کردنی راپۆرته‌که‌ی بکاته‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه یادداشت بکات. ئه‌و کاره دبێته هۆی داڕشتی پرسیاری به‌که‌ڵک و سودمه‌ند و وتووێژکار بێ‌نیاز ده‌کات له دووباره پێداچوونه‌وه‌ی مه‌به‌ستی وتووێژه‌که، له کاتێکدا پێویست به وتووێژی دووباره له‌گه‌ڵ هه‌مان وێژه‌ر و یان له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ر بێت.
● لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌ربڵاو پێش ئه‌نجامدانی وتووێژ
رۆژنامه‌وان نابێت بترسێت له‌وه‌ی خۆی بێ ئاگا پێشان بدات (بێ‌ئاگا پێشاندان له‌گه‌ڵ بێ‌ئاگا بوون جیاوازه)، به‌ڵام ره‌وا نێێه شانازی به بێ‌ئاگایی خۆی بکات. پێش وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌س یان که‌سانێک، باشتره رۆژنامه‌وان سه‌باره‌ت به هه‌ر لایه‌نێکی په‌یوه‌ندار به وێژه‌ر و ته‌وه‌ری وتووێژه‌که، به‌دوا داچوون و لێکۆڵینه‌وه بکات. ئه‌و کاره سه‌ره‌ڕای تایبه‌تمه‌ندییه ئاماژه پێکراوه‌کانی پێشوو، ده‌بێته هۆی پێش‌گرتن له بێ‌ئاگایی و خافڵبوونی رۆژنامه‌وان که ئه‌وه‌ش به‌هه‌ڵه چوون و وونکردنی ئامانجه‌ی وتووێژی لیده‌که‌وێته‌وه.
● پرسیاری ساکار و ساده، په‌سه‌ندتره
له تێکۆشانی رۆژنامه‌وانیدا به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێت که پرسیاری ئاڵۆز و ناروون، سه‌رکه‌وتنی بۆ رۆژنامه‌وان وه‌ده‌سهینابێت. داڕشتنی پرسیاری ئاڵۆز، ته‌نیا پێشانده‌ری بێ ئه‌زموونی هه‌واڵنێره و پتر نێشانه‌ی خۆبه‌زۆرزانینه تا وه‌ده‌سهێنانی ئاکامی باشتر. پرسیاری هه‌ره باش به "کێ؟ چی؟ له‌کوێ؟ چۆن؟ که‌ی؟ بۆچی؟"(شه‌ش پرسیار و پێکهێنه‌ری سه‌ره‌کی هه‌واڵ) ده‌سپێده‌کات. ئه‌گه‌ر هه‌واڵنێر به روونی، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه وه‌ربگرێته‌وه، ده‌توانێت دڵنیا بێت که بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌واڵ، راپۆرت یان زانیاری پێویستی بۆ ئاماده‌کردنی بابه‌ته‌که‌ی خۆی دابین کردووه.
له راپۆرت سه‌باره‌ت به رووداوه‌کان، سه‌رقاڵی و ئه‌رکی سه‌ره‌کی رۆژنامه‌وان دووباره داڕشتنه‌وه و ساخکردنه‌وه‌ی رووداوه‌کانه به‌و شێوه مێژووییه‌ی که روویانداوه. دۆزینه‌وه‌ی شاهید و که‌سانی ئاگادار له رووداوه‌کان، یارمه‌تیده‌رێکی هه‌ره گرنگی زیندوو‌کردنه‌وه‌ی رووداوه‌کان له سه‌ره‌تاوه تاکۆ کۆتایی رووداوه‌که، پێکدێنێت. ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به پێش رووداوه‌کانیش ده‌کرێ له‌و که‌سانه زانیاری وه‌ده‌ستبێنین و ساتێره‌کانی رووداوه‌کان به پرسیاری هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو دووباره زیندووکه‌ینه‌وه. لێره‌دایه که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، پرسیاری "پاشان چ روویدا؟" یارمه‌تی هه‌واڵنێر ده‌دات. له‌و شێوازه بۆ راپۆرتی کاره‌ساته‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرین. سه‌رئه‌نجام هه‌واڵنێر به‌گۆێره‌ی وتووێژ و زانیارییه وه‌ده‌ستهاتووه‌کان، ده‌توانێت به‌وردی دیمه‌نی رووداوه‌کان له زه‌ینی خۆیدا وێنا بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بۆ رۆژنامه‌وان دژوار بێت، به مانای وایه ناروونی و ئاڵۆزی له هێندێک خاڵی رووداوه‌کاندا هه‌یه.
● هێدیکردنه‌وه‌ی وێژه‌ر
هێندێکجار بۆ ئاماده‌کردنی هه‌واڵ یان راپۆرت سه‌باره‌ت به کاره‌ساته‌کان، پێویسته له‌گه‌ڵ که‌سانێک که له نزێکه‌وه و راسته‌وخۆ بینه‌ری رووداوه‌کان بوون، وتووێژ ئه‌نجام بدرێت. هێندێک له‌و که‌سانه به‌هۆی کاره‌ساته‌که دوچاری زیان ده‌بن و له‌وپه‌ڕی په‌رۆشی و ئازردا ناتوانن زانیاری ته‌وا و به‌که‌ڵک بدرکێنن، که‌وابووو پێویسته هه‌واڵنێر به‌هانای ئه‌و که‌سانه‌وه بچێت، هاوده‌ردیان له‌گه‌ڵ بکات و له‌پرسیارکردنی خێرا خۆبپارێزێت و پاش هێدیکردنه‌وه‌یان، به‌ئاسپایی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی وه‌ربگرێت. پێویسته به‌گۆێره‌ی ئه‌و پرسیارانه رووداوه‌که وه‌ک فیلمێکی ئارام له زه‌ین و بیری شاهیده‌کان ده‌رکێشێت تا بتوانێت رووداو و کاره‌ساته‌که دووباره له زه‌ینی خۆیدا په‌روه‌رده و زیندوو بکاته‌وه. ئه‌و پرسیارانه له‌وانه‌یه سه‌باره‌ت به ره‌نگ، بوون، کات، چۆنیه‌تی و یان لێدوانه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به رووداوه‌که بن. دیاره کۆی ئه‌و پرسانه‌یه که وێنه‌ی رووداو و کاره‌ساته‌که دووباره زیندوو ده‌که‌نه‌وه. پرسیار سه‌باره‌ت به شوێنی راوه‌ستانی ئه‌و که‌سانه، جل‌و‌به‌رگ و وته‌کانی زیان لێکه‌وه‌تووه‌کان و ته‌نانه‌ت که‌ش و هه‌وا له کاتی کاره‌ساته‌که و ... یارمه‌تیده‌ری دووباره پێداچوونه‌وه و وێناکردنی رووداوه‌که ده‌بێت.
● وردبوونه‌وه له ناو و پله‌وپایه‌کان
پێویسته هه‌واڵنێر زۆر به‌وردی ئاگادار بێت له ناو و پاشناو، ته‌مه‌ن، پله‌وپایه و پیشه‌ی وێژه‌ر و ئه‌و که‌سانه‌ی له هه‌واڵ یان راپۆرتدا ئاماژه‌یان پێده‌کات یان بۆ بابه‌ته‌که‌ی پێویستی پێیان هه‌یه. له سه‌رچاوه‌کانیش داوا بکات به‌روونی ناوی خۆی و که‌سانه‌ی ئاماژه‌پێکراو، ئاشکرای بکات و ته‌نانه‌ت بینووسێت. له‌وانه‌ی هه‌واڵنێر ئه‌و کاره به نه‌خوێنده‌واری خۆی له لای سه‌رچاوه هه‌لسه‌نگێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌واڵنێر ناوه‌کانی به هه‌ڵه نووسێ و به هه‌مان شێوه له‌چاپ درا، ئه‌و کاته، خوێنه‌ران و چاوه‌دێران گومانیان له نه‌خوێنده‌واری هه‌واڵنێر نامێنێت!
● کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ته‌له‌فۆن
رۆژنامه‌وان پاش ماوه‌یه‌ک کار کردن هێدی هێدی به هۆی پیشه‌که‌ی، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێك خه‌لک ده‌گرێت و بۆ وتووێژ یان وه‌رگرتنی زانیار، هێندێک ژماره ته‌له‌فۆن کۆده‌کاته‌وه. زۆر گرنگه ئه‌و ژماره ته‌له‌فۆنانه به شێوه‌یه‌کی رێکوپێک له‌به‌ر ده‌ستدا بن و به‌رده‌وام تازه بکرێنه‌وه. هه‌روها گرنگه ته‌واوی ژماره ته‌له‌فۆنه‌کانی ئه‌و که‌سانه (وه‌ک: ماڵێ، شوێنی کار، مۆبایل و ...) له‌به‌ر ده‌ست بن، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی فاکس و ناونیشانی ماڵپه‌ر وE-Mail.
بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه پێویسته سه‌رنج بده‌نه پێش‌ژماره‌ی وڵات و شاره‌کان.
● کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌مه‌لایه‌نه
هێندێکجار هه‌واڵنێر بۆ وتووێژ ته‌نیا ده‌ستی به یه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی (په‌یوه‌ندار یان ئاگادار له هه‌واڵ و رووداوه‌که) ده‌گات. که‌وابووو، پێویسته زانیاری هه‌مه‌لایه‌نه له‌و که‌سه وه‌ربگرێت و گشت پرسیاره پێویسته‌کان ئاراسته‌ی بکات. ده‌نا ده‌رفه‌تی وێناکردنی رووداوه‌که له‌ده‌ست ده‌دات. زۆر نموونه له‌و هه‌واڵ یان راپۆرتانه هه‌یه که چاپ نه‌کردنی باشتره له‌وی به که‌موکۆڕیه‌وه ئاماده بکرێت، چۆنکۆ پاشان گیروگرفت سازده‌که‌ن.
رۆژنامه‌وان هه‌رچه‌نده خاوه‌ن ئه‌زموونیش بێت تا کاتێک به‌کرده‌وه ده‌ست نه‌کات بۆ ئاماده‌کردنی هه‌واڵ یان راپۆرت، هه‌ست به که‌موکۆڕیه‌کان ناکات.
● مه‌ترسی هه‌ستکردن به نه‌زانین
زۆرجار هه‌ڵده‌که‌وێت که له‌گه‌ڵ که‌سێک سه‌رقاڵی وتووێژ و گۆێڕاگرتنین و به‌رده‌وامیش به‌نیشانه‌ی ئه‌رێنی و په‌سنه‌کردنی لێدوانی وێژه‌ر، سه‌ر ده‌له‌قێنین، به‌ڵام له‌راستیدا ئاگاداری ناوه‌ڕۆکی لێدوانه‌کان نین. له کاتی وه‌هادا ترسمان له‌وه هه‌یه که ئه‌گه‌ر داوا له وێژه‌ر بکه‌ین تا زۆرتر پرسه‌که روون بکاته‌وه، وێژه‌ر ئێمه به نه‌زان هه‌ڵسه‌نگێنێت. پاشان کاتێک هه‌واڵنێر سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی بابه‌ته‌که‌ی ده‌بێت، تازه بۆی ده‌رده‌که‌وێت که له ته‌واو یان به‌شێکی لێدوانه‌کانی وێژه‌ر، واته له‌و پرسانه‌ی که له کاتی وتووێژدا سه‌ری بۆ ده‌له‌قانده‌وه، هه‌ر تێنه‌گه‌یشتوو.
هه‌واڵنێر به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت له پرسیارکردن سه‌باره‌ت به پرسه سه‌ره‌کییه‌کان بسڵه‌مێته‌وه و یان له پرسیارکردن دوچاری شه‌رمه‌زاری بێت. لایه‌نه‌کانی وتووێژ تا ئه‌و راده‌یه بێ ئه‌خڵاق نین که به هۆی نه‌زانیینی هه‌واڵنێر، گاڵته‌ی پێبکه‌ن. تازه ئه‌گه‌ر گاڵته‌ش بکه‌ن، چ ده‌قه‌ومێت؟ کێ نه‌زان‌تره؟ ئه‌و که‌سه‌ی که نازانێ و ده‌پرسێ، یان ئه‌وی نازانێ و واده‌نوێنێت که ده‌زانێ؟ ئه‌گه‌ر هه‌واڵنێر ئاگاداری کێشه و پرسێک نییه، ره‌وا نییه که‌سانی‌تر هه‌ڵ‌خه‌ڵتێنێت و خۆی ئاگادار پێشانبدات، به‌ڵکو باشتره پرسیار بکات. زۆربه‌ی زۆری سه‌رچاوه ئاگاداره‌کان و پسپۆران به دڵنیایه‌وه زانیارییه‌کانی خۆیان بۆ هه‌واڵنێر یان هه‌ر که‌سێک گۆێگریان بێت، ئاشکرای ده‌که‌ن، چونکه گۆێگرێکی به‌زوه‌قی زانیارییه‌کانیان دۆزیوه‌ته‌وه.
● روونکردنه‌وه‌ی گومانه‌کان
ئه‌گه‌ر هه‌والنێر پرسیارێکی ئاراسته کردووه و وه‌ڵامه‌که‌ی بۆ روون نییه یان ته‌وه‌ری راپۆرته‌که‌ی زۆر ئاڵۆزه، باشتره سه‌باره‌ت به لێدوانه‌ی وێژه‌ر، هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی ئه‌گه‌ر که‌موکۆریشی هه‌بێت به وێژه‌ر رابگه‌یێنێت. نابێت بترسین له‌و پرسیاره: "رێگام بده‌ن بزانم ته‌وه‌ره‌که‌م باش فام کردووه...؟" یان: "رێگام بده‌ن رووداوه‌که دووپات بکه‌مه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی فامم کردووه." هه‌روها: "ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بنووسم...ته‌وه‌ره‌که‌م باش گێڕاوه‌ته‌وه؟"
ئه‌وه‌یه شێوازی کاری رۆژنامه‌وانی و ئه‌گه‌ر ره‌چاوبکرێت هیچ که‌س هه‌واڵنێر به نه‌زانی تاوانبار ناکات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر واش بیر بکه‌نه‌وه، به‌کارهێنانی ئه‌و شێوازه په‌سه‌ندتره له مه‌ترسییه‌کانی ئاماده‌کردنی راپۆرت یان هه‌واڵێکی بێ بنه‌ما و پڕ له هه‌ڵه.
● وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری، نه ره‌نگده‌انه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کان
هه‌واڵنێر بۆ وه‌ده‌رخستنی زانیاری و پرسه‌کان، وتووێژ ده‌کات. پێویسته مه‌به‌ستی هه‌ر پرسیارێک دابینکردنی زانیاری و پرسه سه‌رکییه‌کان بێت و خۆ بپارێزین له پرسیار سه‌باره‌ت به بۆچوونی وێژه‌ر و ره‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌که یان ته‌وه‌ری وتووێژه‌که له زه‌ینی وێژه‌دا. به‌ده‌گمه‌ن ره‌نگدانه‌وه‌کان سه‌رنجڕاکێش ده‌بن، ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌بێته هۆی فه‌راموشکردنی پرسه سه‌رکی و پێویسته‌کان. دژایه‌تی سیاسته‌وانێکی پاوانخۆاز له‌گه‌ڵ چاکسازی ئازادیخۆازانه، هه‌واڵ نییه. ته‌نیا کاتێک ئه‌و هه‌ڵوێسته بۆ خوێندنه‌وه ده‌بێت که ته‌وه‌ری راپۆرتێک سه‌باره‌ت به بیروبۆچوونه‌کان پێک‌بێنێت.
له وتووێژه هه‌واڵییه‌کاندا، خۆماندووکردن به هه‌ڵسه‌نگاندنی بیروباوه‌ری که‌سایه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به رووداوه‌کان، له سه‌رنجڕاکیشی هه‌واڵ و راپۆرت که‌م ده‌کاته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ببێته کۆسپی ریگای وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری و پرسه سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌واڵ یان راپۆرت.
● پرسیاره باوه‌کان
"هه‌ستی ئێوه چییه؟"، ئاراسته کردنی ئه‌و پرسیاره له که‌سێک که له رووداوێکی دڵته‌زێن رزگاربووه، پرسیارێکی زۆر باو و کلیشه‌ییه و به‌گشتی، وه‌لامه‌که‌ی دیاره. ره‌نگه وه‌ڵام نه‌دانه‌وه به پرسیاره‌کانی‌تر، یه‌کێک له پاشکو ناره‌واکانی ئه‌و پرسیاره بێت. دایکێک که ته‌نیا زارۆکی خۆی له رووداوی که‌وتنی فرۆکه‌یه‌ک له‌ده‌ستداوه، چۆن وه‌لامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه؟: "هه‌ست به له‌رزینی ته‌وای له‌شم ده‌که‌م؟"
وه‌ڵامی پرسیاره باوه و کلیشه‌ییه‌کان، هێچ پرسێک بۆ خوێنه‌ر(بیسه‌ر، بینه‌ر) روون ناکاته‌وه، ته‌نانه‌ت که‌سێک که خه‌ڵاتی هه‌ره مه‌زنی لاتاری بردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بڵێ: "له بردنه‌وه‌ی ئه‌و پاره زۆره خافڵگیر بووم"، چ بۆ خوێنه‌ر روون ده‌کاته‌وه؟
شایانی سه‌رنجه که پرسیاری باو و کلیشه‌یی، جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ داڕشتنی پرسیاری راسته‌وخۆ و روون که پێشتر باسمان کرد. ئه‌و پرسیارانه، بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کین و ئه‌م پرسیارانه، زۆر دووپات ده‌بنه‌وه و کلیشه‌یی و لاساکه‌ره‌وه‌ن.
● گاڵته و نوکته
به‌کارهێنانی نوکته و بۆچوونی گاڵتاوی، هه‌میشه یارمه‌تی تازه‌یی و زیندووبوونی بابه‌ت و نووسراوه‌کان ده‌دات. پێویسته هه‌واڵنێر له لابه‌لای راپۆرت و هه‌واڵدا، که‌ڵک له‌و نۆکتانه وه‌ربگرێت به مه‌رجێک، به‌ڕاستی نوکته بن و له هه‌واڵ و راپۆرتدا وه‌ک پینه‌یه‌کی ناڕێک و ناله‌بار نه‌که‌وێته پێشچاو. هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی نوکته و لێدوانی گاڵتاوی که‌سانی‌تر، پێویسته به شێوازی سروشتی خۆی و له شوێنی خۆیدا ئاماژه‌ی پێبکرێت، نه‌کو هه‌واڵنێر قاچ له‌سه‌ر قاچ دا‌نێت و له به‌رامبه‌ره‌که‌ی پرسیار بکات: "تکایه به‌سه‌رهات یان نوکته هه‌ره شیرێن و گاڵتاویه‌کانی تا ئێستا به‌سه‌رت هاتوو، بیگێڕه‌وه." دڵنیا بن که هیچ لایه‌نێکی سه‌رنجڕاکێش نابیسن! به‌جێگای ئه‌و شێوازه، باشتره هه‌واڵنێر رێگا بداته وێژه‌ر تا سه‌باره‌ت به ژیان، کرده‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتی خۆی، به شێوه‌یه‌کی سروشتی و له شوێنی خۆیدا، نوکته گاڵتاوییه‌کان ئاشکرا بکات. بۆ نموونه، هه‌واڵنێر له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزارانی کۆمپانیایه‌کی فرۆکه‌وانی سه‌باره‌ت به ده‌سبه‌کار بوونی هێلێکی تازه‌ی ئاسمانی به مه‌به‌ستی ئاگاداربوون سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی موسافیران و مێواندارانی فرۆکه له یه‌که‌م گه‌شتدا، وتووێژ ده‌کات. پرسیاری "تکایه سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی گاڵتاوی مۆسافران هێندێک بدوێ" له فروکه‌وانه‌که، شێوه‌یه‌کی هه‌ره ناپه‌سه‌نده بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌و باره‌وه. له جێگای ئه‌و پرسیاره، ده‌کرێ ئاراسته‌ی وتووێژه‌که به شێوه‌یه‌کی سروشتی بگۆێزینه‌وه سه‌ر "چاوه‌ڕوانی نائاسایی مۆسافران"، "ترسی هێندێک که‌س له فڕین"، "باروبنه نائاساییه‌کانی که موسافران له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یهێنه ناو فروکه"، "سکاڵا له خۆارده‌مه‌نییه‌کان"، هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵان"، "داخۆازییه سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی مۆسافیران" و هتد، دڵنیا بن که مێوانداره‌کان، بێره‌وه‌ری زۆر به‌نڕخ و گاڵتاوییان بۆ گێڕانه‌وه پێده‌بێت.
● ده‌سته‌واژه تایبه‌ته‌کان
پێویسته هه‌واڵنێر له وێژه‌ر سه‌باره‌ت به پرسه ناروون و ئاڵۆزه‌کان، داوای روونکردنه‌وه بکات. به‌ڵام هێندێک له‌و روونکردنه‌وانه بریتین له لایه‌نێک ده‌سته‌واژه و وشه که ته‌نیا بۆ پسپۆڕه‌کانی ئه‌و بواره مانای هه‌یه و مرۆڤی ئاسایی فامی ناوه‌ڕۆکه راسته‌قینه‌کانی لێ‌ناکات. هه‌رکام له بواره‌کانی پێشه‌سازی، خزمه‌تگۆزاری و ... خاوه‌ن ده‌سته‌واژه‌ی تایبه‌ت و ته‌کنیکی خۆیانن و له هه‌ر بوارێک‌دا مانای جیاوازیان هه‌یه.
بۆ نموونه، له بواری سه‌ربازیدا وشه‌ی "پشتیوانی ئاسمانی" بۆ هێرشی ئاسمانی، واته بۆ بۆمباران به‌کار دێت. له رۆژانی کۆتایی شه‌ڕی ڤیه‌تنام، وته‌بێژی سوپای ئامریکا، سه‌رهه‌نگ "دێیڤید ئاپفڕ" له کۆنفرانسێکی چاپه‌مه‌نیه‌دا که پاش هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئامریکا پێکهات، گوتی: "میدیاکان به‌رده‌وام باسی بۆمباران ده‌که‌ن، ئه‌وه بۆمباران نییه، به‌ڵکو پشتیوانی ئاسمانییه".
له ئامریکا له ساڵی 1979دا، پاش کاره‌ساتێک که به "تری مایل ئایله‌ند" ناوبانگی ده‌رکرد، ئه‌گه‌ری مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی تیشکی ناووکی له ناوه‌نده ناووکییه‌کاندا بوو به هه‌واڵێکی گرنگ. به گۆێره‌ی لێدوانی به‌رپرسان، "بڵاوبوونه‌وه‌یه‌کی نائاسایی" له ناوه‌ندێکی ناووکیدا رووی‌دابوو که په‌یوه‌ندی هه‌بوو به "جێابوونه‌وه‌ی گردیله‌کانی وزه" و به "ئوکسیده بوون"ی له‌سه‌ره‌خۆ، و ئه‌گه‌ری ئالوده‌بوونی دانیشتووانی به پلۆتۆنیۆم لێده‌که‌وته‌وه. ئه‌و لێدوانه ته‌کنیکییه به واته‌یه‌کی ئاسایی یانی: "رووداوێک له وزه‌گه‌یه‌کی ناووکی روویداوه که بۆته هۆی ته‌قێنه‌وه‌یه‌ک له ناو ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی وزه و ئاگرێکی مه‌زنی لێکه‌وتووته‌وه و ئالوده‌بوونی ژینگه به پۆڵۆتۆنیۆمی به‌دواوه بوو." واته، ده‌سته‌واژه ته‌کنیکییه‌کان، داپۆشانێکه بۆ فام نه‌کردنی هه‌مه‌لایه‌نه و راستییه‌کانی ئه‌و رووداوه، به‌ڵام کاتێک مانای وشه‌کان روون ده‌که‌ینه‌وه، ئه‌وکات ناوه‌ڕۆکی کاره‌ساته‌که ئاشکرا ده‌بێت.
● سه‌رنجدان به لێدوانه‌کان
هێندێکجار له کاتی وتووێژ و به‌هۆی ئاماده‌کردن یان گه‌ران به‌دوای پرسیاری داهاتوودا، هه‌واڵنێر سه‌رنجی لێدوانه‌کانی وێژه‌ر نادات، هه‌روه‌ها تومارکردن یان نووسینی لێدوانه‌کان، سه‌رنجی هه‌واڵنێر له لایه‌نه گرنگه‌کانی وه‌ڵامی وێژه‌ر دۆرده‌خاته‌وه، ئه‌وه خه‌سارێکی مه‌زنه و له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌لانه هیچ کات دووپات نه‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وێژه‌ر ته‌نیا شاهیدی رووداوه‌که یان ته‌وه‌ره‌که بێت و یان پرسێکی زۆر گرنگ و نائاسایی باس بکات.
● پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر وه‌ڵامه‌کاندا
پێویسته هه‌واڵنێر پاش ته‌واوبوونی وتووێژ، پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر ده‌قی وتووێژه و یادداشته‌کانی خۆیدا بکاته‌وه تا دڵنیا بێت که پرسه سه‌ره‌کییه‌کان و زانیارییه گرنگه‌کان له‌بیرنه‌کراون و ئایا ئه‌و لایه‌نانه‌ی که له‌پێشدا گوماناوی بوون، راستکراونه‌وه یان نا. ئه‌و کاره سه‌ره‌ڕای دڵنیایی هه‌واڵنێر له دروستی شێوازی به‌رێوه‌بردنی وتووێژه‌که، دوو ده‌ستکه‌وتی‌تریشی هه‌یه، یه‌که‌م، هه‌واڵنێر ئاگادار ده‌بێته‌وه له‌و پرس و لایه‌نه ناروون و ئاڵۆزانه‌ی که له‌بیرکراوه‌ن باسیان بکات و پێویستیان به روونکرنه‌وه هه‌یه. که‌وابووو ده‌بێت بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه دیسان له‌گه‌ڵ شاهید و سه‌رچاوه‌کان، وتووێژ بکاته‌وه و یان له سه‌رچاوه‌ی تازه بگه‌رێت. دووهه‌م، ئه‌گه‌ر زانیاری و وتووێژه‌کان که‌موکوڕیان هه‌یه، ده‌کرێ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری تازه و روونکردنه‌وه‌ی پتر، له رێگای سه‌رچاوه‌کان و وێژه‌ره‌کانه‌وه، ناونیشانی که‌سانی ئاگادار وه‌ربگرێت.
● به‌ڵێنی به وێژه‌ره‌کان
ته‌نیا سه‌رنووسه‌ر سه‌باره‌ت به قه‌واره و چۆنیه‌تی و کاتی چاپکردنی وتووێژ یان بابه‌ته‌کانی رۆژنامه، بڕیار ده‌دات. زۆرجار پاش ته‌واوبوونی وتووێژ، وێژه‌ر پرسیاری کاتی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی له هه‌وڵنێر ده‌کات، لێره‌دا هه‌واڵنێر بۆی نییه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه، به‌ڵکو پێویسته روونی بکاته‌وه که ئه‌و، ته‌نیا یه‌ک هه‌واڵنێره و که‌سێکی‌تر بڕیار ئه‌و ئه‌رکانه ده‌دات، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت ناونیشان و ژماره ته‌له‌فۆنی سه‌رنووسه‌ر بدات به وێژه‌ر بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زۆرتر سه‌باره‌ت به‌و پرسانه.
● ئاماژه‌کردن به ناو و پێناسه‌ی وێژه‌ر
ئاشکرا نه‌کردنی ناو و پێناسه‌ی سه‌رچاوه و وێژه‌ر، یه‌کێکه له لایه‌نه دژواره‌کانی کاری رۆژنامه‌وانی. زۆر وێژه‌ر و سه‌رچاوه ئاماده نین، ناو و پێناسه‌یان ئاشکرا بکرێت. دژوارییه‌که لێره‌دایه که هه‌واڵنێر ناچاره به‌و که‌سانه متمانه بکات، چونکه مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی زانیاری بۆ راپۆرت و بابه‌ته‌که‌ی لێده‌که‌ویته‌وه. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا دوو تێبینی دێته گۆڕێ:
یه‌که‌م، پێویسته زۆر به‌ده‌گمه‌ن وشه‌ی "سه‌رچاوه‌ی نه‌ناسراو" به‌کار بێنین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچار بین له به‌کارهێنانی زانیاری سه‌رچاوه‌ی ئاوا، باشتره له کۆتایی بابه‌ته‌که و پاش زانیاری سه‌رچاوه ناسراوه‌کان، ئاماژه به زانیاری "سه‌رچاوه‌ی نه‌ناسراو" بکه‌ین.
دووهه‌م، وه‌ک رێنموونی بۆ هه‌واڵنێران، هه‌میشه چوارچێوه‌ی هاوکاری له‌گه‌ڵ "سه‌رچاوه‌ی نه‌ناسراو" روون بکه‌نه‌وه تا پاشان دوچاری گیروگرفت و کێشه نه‌بن. پێویسته روون بێته‌وه، ئایا مه‌به‌ستی "سه‌رچاوه‌ی نه‌ناسراو" له ئاشکراکردنی هێندێک زانیاری، ته‌نیا یارمه‌تیدانی هه‌واڵنێر بۆ به‌دواچوون و کۆکردنه‌وه و ته‌واوکردنی پرس و کێشه‌که‌یه؟ یان، ته‌نیا بۆ زانیاری هه‌واڵنێره و پێویسته ئه‌و پرسه به‌ته‌واوی نه‌هێنی بمێنیته‌وه؟ لێره‌دایه که ده‌بێت روون بێته‌وه، ئایا ده‌کرێت ئه‌و زانیاریانه به بێ ئاماژه‌کردن به ناوی سه‌رچاوه‌که‌ی بڵاوبکرێنه‌وه؟ رۆژنامه‌وان به شێوه‌یه‌کی ئاسایی، ئاگاداری ئه‌و مه‌رج و چوارچێوانه نییه. ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه له کاتی وتووێژدا داوی کرد "ئاماژه به ناوی من مه‌که"، پێویسته هه‌واڵنێر سنوور و چوارچێوه‌ی ئه‌و کرده‌وه نه‌هێنیه روون بکاته‌وه.
لێره‌دا کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که هه‌واڵنێر نابێت ساکارانه ته‌سلیمی ئاماژه‌نه‌کردن به ناوی سه‌رچاوه بێت. پێویسته بۆ سه‌رچاوه روون بکرێته‌وه که گرنگی راپۆرت و هه‌واڵ و ئاشکرا کردنی کێشه‌کان له روون بوونی سه‌رچاوه دایه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه سوربوو له‌سه‌ر نه‌هێنی مانه‌وه، هه‌واڵنێر نابێت کۆتایی به وتووێژه‌که بێنێت، به‌ڵکو پێویسته به له‌پێشچاوگرتنی ته‌وای لایه‌نه پسپۆڕییه‌کانی خۆی، درێژه به گفتوگۆ بدات. له کۆتایی وتووێژدا ده‌کرێت له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه سه‌باره‌ت به ئاماژه‌دان به ناوی، پێکبێن. به‌هه‌رحال، بۆ رازیکردنی سه‌رچاوه له ئاماژه‌دان به ناوی، پێویسته له هه‌موو رێوشوێنه‌کان که‌ڵکوه‌ربگیرێت.
له وتووێژدا نابێت جڵه‌وی وێژه‌ر ئاواڵه بکرێت تا هه‌رچی پێخۆشه بدوێت و له کۆتاییدا بڵێت، "ئه‌رێ پێمخۆشه ئه‌و لێدوانانه‌ی من لای خۆمان بمێنێته‌وه و ئاماژه با ناوی من مه‌که." ناوی سه‌رچاوه ته‌نیا کاتێک نه‌هێنی ده‌مێنێته‌وه که له پێشدا هه‌واڵنێر و سه‌رچاوه له‌سه‌ری پێکهاتبن. به‌ڵام ئیتر هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێکهاتنه، ئاماژه به ناوی سه‌رچاوه بکریت. ته‌نانه‌ت ئاشکراکردنی ناوی سه‌رچاوه بۆ سه‌رنووسه‌ر، ده‌سته‌ی نووسه‌ران و هاوکارانیش هه‌ڵه‌یه.
یه‌کێک له که‌موکوڕییه‌کانی ئاشکرا نه‌کردنی سه‌رچاوه، که‌ڵکوه‌رگرتی به‌رپرسانی سیاسی و راوێژکاره‌کانیانه بۆ مه‌به‌سته سیاسییه‌کانی خۆیان، بۆ نموونه ئه‌و رووداوی خواره‌وه که له سمینارێکی رۆژنامه‌وانی زانکۆی هاروارد له مۆسکۆ باسی لێکراوه، سه‌رنجڕاکێشه:
راوێژکارێکی پایه‌به‌رزی سه‌رکۆماری روسیا داوا له هه‌واڵنێرێک ده‌کات بۆ وتووێژێکی تایبه‌ت و گرنگ، به‌ڵام به‌مه‌رجێک ئاماژه به سه‌رچاوه‌که‌ی نه‌کات. ته‌وه‌ری وتووێژه‌که ئاشکراکردنی پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکی و گرنگی ئابووری وڵات ده‌بێت. هه‌واڵنێر به‌په‌له ده‌گه‌رێته‌وه ناوه‌ندی رۆژنامه و خه‌رێکی رێکوپێک کردنی هه‌واڵه گرنگ و به‌نرخه‌که‌ی ده‌بێت و له‌سه‌ر زمانی "سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رز و نزیک له سه‌رکۆمار" بڵاوی ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام سه‌رکۆمار به هۆی ئاشکرابوونی کت‌وپڕ و نه‌گونجاو، خۆ له راگه‌یاندنی پرۆژه‌که ده‌پارێزێت. دیاره راوێژکاره‌که سوربوو که هه‌واڵه‌که چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه، لێره‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌له‌که ده‌قوزیته‌وه و به بیانووی ئاشکرابوونی پرۆژه‌که، پرۆژه‌یه‌کی جیاواز ئاماده و پێشکێشی پارله‌مانی ده‌کات. له‌و نێوه‌دا ته‌نیا هه‌واڵنێره که گه‌مه‌ی پێکراوه. له‌و نموونه‌یه‌دا هێندێک وانه وه‌رده‌گرێن:
یه‌که‌م، پێویسته هه‌واڵنێر ته‌وه‌ری وتووێژ و بابه‌ته‌که له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رچاوی‌تر تاوتوێ بکات.
دووهه‌م، هه‌واڵنێر ده‌بێت ئاگادار بێت که سیاسه‌توانه‌کان بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانه‌کان به شێوه‌یه‌کی ئاسایی که‌ڵک له هه‌واڵنێران وه‌رده‌گرن.
سێهه‌م، پیداگرتن له‌سه‌ر نه‌هێنی مانه‌وه‌ی ناوی سه‌رچاوه و ته‌نیا ئاماژه‌کردن به "سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار که ناوی خۆی ئاشکرا نه‌کرد"، رێگایه‌که بۆ ئاشکراکردنی هێندێک پرس و کێشه، به بێ له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسایه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی.
چواره‌م، رۆژنامه‌وانی به‌ئه‌زموون هه‌رگز ناکه‌وێته گه‌مه‌ی سیاسی که‌سانی‌تر، به‌ڵام سیاسه‌توانه‌کان به مافی خۆیان ده‌زانن له هه‌ر چه‌شنه که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سود وه‌ربگرن.
بۆ هه‌واڵنێر زۆرگرنگه که کاتێک ئاماژه به لێدوانه‌کانی سیاسه‌توانێک دژ به که‌س یان حیزبی به‌رامبه‌ری ده‌کات، هه‌رگز نابێت شک و گومانی هه‌بێت له ئاشکراکردنی ناونیشانی سه‌رچاوه‌که‌ی، چۆنکو هه‌واڵ یان راپۆرت سه‌باره‌ت به هێرشکردن بۆ سه‌ر لایه‌ن یان ناوه‌ندێک، به بێ ئاماژه‌کردن به سه‌رچاوه‌ی ئاشکرا و روون، راپۆرت و هه‌واڵێکی ته‌واو نییه.
● وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ویست وه‌ڵام ناده‌نه‌وه و دژبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن
زۆرکه‌س به چاوێکی ترس و دووره‌په‌رێزیه‌وه ده‌ڕوانێته رۆژنامه‌وانان. ئه‌وش به هۆی ترسناکی هه‌واڵنێره نییه (ئه‌گه‌رچی هێندێکجار ترسناکیشه!) به‌ڵکو پتر به هۆی باونه‌بوونی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ میدیاکان. ئه‌گه‌ریش ئاشنایی هه‌بێت له‌گه‌ڵ میدیاکان، ره‌نگه له‌ترسی له‌ده‌ستدانی پله‌وپایه و به‌رپرسایه‌تییه‌که‌ی، له‌دانی زانیاری خۆ بپارێزێت. هێندێک که‌سێش که ئه‌زموونی تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ روژنامه‌وانان و پرسیار و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان هه‌یه، به ئه‌زموونێکی پڕ له گێره‌وکێشه و تۆزاوی هه‌لده‌سه‌نگێنێن. ترس و سکاڵا‌کان پتر له راگواستن و هه‌ڵسه‌نگاندنی لێدوانه‌کانه. هاندان و رێگا خۆشکردن بۆ ئاخافتن، ئه‌رکی سه‌ره‌کی روژنامه‌وانه له به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌گه‌ڵ میدیاکان ئاسوده و دڵکراوه نین. له کاتی وادا، په‌یڤی له‌سه‌ره‌خۆ و ئارام، تێکه‌ڵاوی دۆستانه، دابینکردنی ئارامی و روونکردنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵک بۆ زانین و ئاگاداربوونه‌وه، وه‌ک شێوازێکی ئاسایی یارمه‌تی هه‌واڵنێر ده‌دات تا به مه‌به‌ستی بگات. به‌ڵام پێویسته هه‌واڵنێر خۆ بپارێزێت له به‌ڵێنیدان و له ئه‌ستوگرتنی داواکانی وێژه‌ر، وه‌ک له‌چاپدانی بابه‌ته‌که‌ی، له کاتێکدا هه‌واڵنێر ده‌زانێت که ئه‌و بڕیارده‌ر نییه.
زۆرجار هه‌والنێر کات و مه‌ودای نابێت له‌پێشدا بۆ وتووێژ یان وه‌رگرتنی زانیاری له‌گه‌ڵ وێژه‌ر و سه‌رچاوه‌کان رێککه‌وێت و کاتیان لێوه‌ربگرێت و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵیان ئاشناش بێت، به‌ڵکو کت‌وپڕ و خێرا، پێویستی به وتووێژ یان وه‌رگرتنی زانیاری دێته ئاڕاوه، له کاتی وادا رازیکردنی وێژه‌ر و سه‌رچاوه‌کان، کۆسپی سه‌ره‌کی پێکدینێت. هه‌واڵنێر به‌په‌له ده‌گاته شوێنی رووداوێک و شاهید و بینه‌رانی رووداوه‌که به شێوازی جیاواز خۆده‌پارێزن له وه‌ڵامدانه‌وه و ئاشکراکردنی کێشه‌که، لێره‌دا پێویسته هه‌واڵنێرێش بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له شێوازی جۆراجۆر که‌ڵک وه‌ربگرێت. یه‌کێک له رێگا هه‌ره ساکاره‌کان، مانه‌وه‌ی پتره له شوێنی رووداه‌که‌دا.
له به‌شێک له کتێبی "پیاوه‌کانی سه‌رکۆمار" نووسراوه‌ی "باب وودوارد" و "کارڵ بێرنشتاین"، ئه‌و کێشه‌یه باس ده‌کرێت. سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ناونووسینی "ریچارد نیکسون" له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری ئامریکا، ته‌نیا خاتوونێکی سکرتێر ئاگاداری هه‌بوو و ته‌واوی رێگاکان بۆ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵیدا، داخرابوون. "بێرنشتاین" ده‌یزانی که ته‌نیا ئه‌و خاتوونه ده‌توانێت گرێی لێکۆڵینه‌وه‌که بکاته‌وه، چونکه ئه‌و ئاگاداری هه‌ڵسوکه‌وتی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی بوو. که‌وابووو، "بێرنشتاین"ی هه‌واڵنێر، به‌جێگای ته‌له‌فۆنکردن و وه‌رگرتنی کات، راسته‌وخۆ سه‌ردانی ماڵه‌وه‌ی ده‌کات:
"ژنێک ده‌رگای کرده‌وه و "بێرنشتاین"ی بۆ ناو ماڵ رێنموونی کرد. له‌پێشدا وای ده‌زانی که ژنێکی به‌ساڵاچوو و قژ سپی بێت، به‌ڵام زۆر گه‌نجتر بوو، گوتی: "که‌وابووو، ئێوه هه‌واڵنێری "واشینگتون پۆست"ن. من هێچ لێدوانێکم بۆ ئێوه نییه. تکایه بڕۆن."
"بێرنشتاین" بۆ مانه‌وه له بیانوویه‌ک ده‌گه‌ڕا. خوشکی سکرتێر که جگه‌ره‌ی ده‌کێشا، سه‌رنجی ڕاکیشا و داوای جگه‌ره‌یه‌کی لێکرد. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی سکرتێر بچێت بۆ لای به‌سته جگه‌ره‌که، "بێرنشتاین" چه‌ند هه‌نگاوێکی هه‌ڵیناوه بۆ لای به‌سته جگه‌ره‌که و هه‌ر له‌و ماوه‌یه که‌ڵکی وه‌رگرت و به سکرتێری گوت: "دیاره ده‌ترسی، له‌و فه‌رمانگه‌یه وه‌ک ئێوه که‌سانێکی زۆر هه‌ن که حه‌ز ده‌که‌ن باسی راستییه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌یان گۆێگریان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. "بێرنشتاین" ئاگادار بوو که چه‌ند که‌س له‌و فه‌رمانگه‌یه بۆ F.B.I. لێدوانیان دابوو. درکاندنی ئه‌و راستییه ریسکێک بوو که ده‌یتوانێ یان رێگاخۆشکه‌ر بێت و یان ئیتر ته‌واوی هێواکان پۆچه‌ڵکاته‌وه..."
...ئێوه، هه‌واڵنێران له‌کۆێ ئه‌و زانیاریانه وه‌ده‌ستدێنن؟... ئه‌وه پرسێکه، هاوکارانی ئێمه ده‌خۆازن تێی بگه‌ن؟"
"بێرنشتاین" هه‌لێکی تازه‌ی وه‌ده‌ستهێنا. خوشکی سکرتێر پاش ئه‌وه‌ی قاوه‌یه‌کی بۆخۆی تێکرد، له ناکاو پرسیاری له "بێرنشتاین" کرد، ئایا قاوه‌یه‌ک ده‌خواته‌وه؟ ئه‌و پرسیاره بیانوویه‌کی تازه‌ی به "بێرنشتاین" دا بۆ پتر مانه‌وه. سکرتێر سه‌ری له‌قانده‌وه به نیشانه‌ی نه‌رێنی، به‌ڵام کار له کار ترازا و "بێرنشتاین" دانیشت و به‌ئاسپایی خه‌ریکی خواردنه‌وه‌ی قاوه‌که‌ی بوو و دڵنیا بوو که ده‌رفه‌ت بۆ گفتوگۆ ده‌ره‌خسێت.
سه‌رئه‌نجام خاتوونی سکرتێر زمانی کرایه‌وه و زانیاری زۆر گرنگ و سه‌رکی ده‌رکاند. ته‌نانه‌ت پاشان، له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو هه‌واڵنێر، وتووێژی کرد و زۆرله گرێ کوێره‌کانی بۆ کردنه‌وه. ته‌واوی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه ره‌نگه به هۆی هه‌ڵسوکه‌وتی گونجاوی "بێرنشتاین" وه‌ده‌ستهاتبن. چونکه "بێرنشتاین" خێرا پاش هاتنه‌ژۆره‌وه به سیمایه‌کی ورووژاو و پڕ له هه‌ست بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری، پێنووس و کاغه‌ز یان رێکوردێری به‌ده‌سته‌وه نه‌گرت تا ئاماده‌یی خۆی بۆ نووسین و تومارکردنی لێدوانه‌کانی خاتوونی سکرتێر پێشان بدات.
به‌هه‌رحاڵ، کاتێک که‌سێک ئاماده‌ی گفتوگۆ ده‌بێت، هه‌نگاوی دوواتر هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌واڵنێره که فه‌زایه‌کی ئارام و هێدی بۆ وتووێژێکی گونجاو و ئازاد پێکدێنێت.
● شێوه و شوێنی وتووێژ
له‌سه‌ره‌تادا پێویسته روون بێته‌وه که ئایا وتووێژ به‌شێوه‌ی رووبه‌ڕوو یان به ته‌له‌فۆن ئه‌نجامده‌درێت. بۆ وێژه‌ر هه‌میشه شێوه‌ی رووبه‌ڕوو په‌سه‌ندتره. به‌ڵام له کوێ؟ له چێشتخانه؟ له کاتی خواردن؟ له ماڵی وێژه‌ر؟ به‌هه‌رحاڵ، وتووێژ له هه‌ر کوێ بێت، پێویسته وێژه‌ر هه‌ست به ئارامش بکات و دڵه‌ڕاوکێ و ترسی نه‌بێت تاکۆ چاوه‌ڕوانی یارمه‌تی پتری لێبکه‌ین.
● خۆڕێککردن و هاوتایی
پێویسته هه‌واڵنێر به‌رده‌وام بیر له‌وه بکاته‌وه که چۆن زانیاری هه‌ره زۆرتر و به‌كه‌ڵکتر له وێژه‌ر وه‌ربگرێت. ئه‌وه به مانای ئازاردان و یان ریاکاری نییه له‌به‌رامبه‌ر وێژه‌ردا، به‌ڵکو به‌و مانایه‌یه که هه‌واڵنیر هه‌ڵسوکه‌وه‌ت و ره‌فتاری خۆی له‌گه‌ڵ وێژه‌ر هه‌ماهه‌نگ بکات. په‌سند و گونجاویش نییه، ئه‌گه‌ر چاوه‌رووان بین هه‌واڵنێر به‌رده‌وام ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی خۆی به گۆێره‌ی وێژه‌ره‌کان بگۆڕێت. به‌ڵام په‌سه‌ند و گونجاوه، ئه‌گه‌ر هه‌واڵنێر هه‌میشه ئامانجی خۆی له‌پله‌ی یه‌که‌م دا‌نێت. بۆ نموونه، هه‌واڵنێرێک که بۆ ئاماده‌کردنی راپۆرت سه‌باره‌ت به بێخانومانی سه‌ردانی ناوچه نه‌دار و بێخانومانه‌کان ده‌کات، پێویست ناکات پۆشاکی رازاوه و نوێ له‌به‌ربکات، دیاره لایه‌نه‌کانی گفتوگۆ هه‌ست به ئاسوده‌یی ناکه‌ن و وتووێژه‌کانیش خۆمانه نابن. دیاره بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ وه‌زیر و که‌سانی پایه‌به‌رز ناکرێت به توی کراس و پانتوڵێکی جین ئاماده بین، ره‌نگه مه‌به‌ستی خۆپێشاندان و یان په‌یامێکی تایبه‌تی لێبکه‌ویته‌وه و ره‌نگه ئه‌و هه‌سته کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنی زانیاری و به‌رێوه‌چوونی گونجاوی وتووێژه‌که. پێویسته له دیدار له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه فه‌رمییه‌کان به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و له‌گه‌ڵ که‌سانی ئاسایی به شێوه‌یه‌کی خۆمانه‌تر، هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین.
● له‌پێشدا هه‌ڵسه‌نگاندن
تو بلێی هه‌واڵنێر چاوه‌ڕوانی چ ره‌فتارێک ده‌کات له وێژه‌ر یان سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌که‌ی؟ خه‌مساردی؟ خۆمانه؟ شۆخ و شه‌نگ؟ فه‌رمی و وشک؟ هه‌رچی بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وێژه‌ر پله‌وپایه‌ی به‌رزی هه‌بێت، باشتره خۆ ئاماده بکه‌ین. ده‌بێ بزانین یان ببینین که چ لایه‌نێک بۆ وێژه‌ر گرنگی هه‌یه، ئه‌و لایه‌نه به‌رجه‌سته بکه‌ینه‌وه.
کارکردن به‌و شێوه‌یه، ئه‌رکی هه‌واڵنێر ساکارتر ده‌کاته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وتووێژ له شوێنی کار و ماڵی وێژه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌رنجدان به وێنه و تابلۆ و دیمه‌نه‌کانی ده‌وروبه‌ر، گوڵ و گیا و هه‌رچی نیشانه‌ی زه‌وق و سه‌لیقه‌ی وێژه‌ره، یارمه‌تیده‌ری هه‌واڵنێر ده‌بێت بۆ پرسیارکردن و به‌رجه‌سته‌کردنییان و له لایه‌کی‌تره‌وه وێژه‌ر بۆ گفتوگۆ ده‌بزوێنێت. پێویسته هه‌واڵنێر به شێوه‌یه‌ک ره‌فتار بکات که وێژه‌ر هه‌ست به یارمه‌تی دان بۆ روونکردنه‌وه‌ی پتری ته‌وه‌ره‌که بکات و هواڵنێریش به‌سه‌رنجه‌وه گوێگری بێت.
● پێکهێنانی ناوه‌ندێکی دۆستانه
ئه‌گه‌ر هه‌واڵنیر کاتی هه‌بێت، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وێژه‌ر (له‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌وه‌ره‌که) سه‌باره‌ت به ژیان و ئه‌زموونه‌کانی وێژه‌ر، یارمه‌تی ده‌دات بۆ پێکهێنانی ناوه‌ندێکی دۆستانه و خۆمانه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وێژه‌ر هێندێک شه‌رمن بێت یان متمانه‌ی به هه‌واڵنێر نه‌بێت و دیاره ئه‌گه‌ر بۆ ده‌رده‌دڵ کردنیش کاتی هه‌بێت.
بۆ ده‌ستپێکردن به لێدوانی خۆمانه، شێوازی جۆارجۆر هه‌یه. بۆ نموونه پرسیارکردن سه‌باره‌ت به شوێنی له‌دایکبوون، شوێنی گه‌وره‌بوون، یه‌که‌م ئه‌زموونی کاری، فێرگه و زانکۆ، ده‌ستکه‌وته‌کان، شکسته‌کان، گه‌شته‌کان و هتد. ئه‌گه‌ر وێژه‌ر به‌زه‌وقه‌وه له وتووێژه‌که به‌رده‌وام بێت، ده‌کری ئه‌و لێدوانه به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رێوه‌بچێت. واته، هه‌واڵنێر باسی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ژیانی خۆی بکات. به شێوه‌یه‌کی ئاسایی، زۆر که‌س هه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر که‌سانێک که سه‌رنجده‌ده‌نه لایه‌نه‌کانی ژیانیان، هه‌ست به نزیکی و دۆستایه‌تی ده‌که‌ن. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌ین که هێندێک که‌س زۆر هه‌ستیارن سه‌باره‌ت به سه‌رنجدانی که‌سانی‌تر به ژیانیان هه‌روه‌ها باسکردنی ژیانی تایبه‌تی که‌سانی‌تر، پێویستی به هه‌لومه‌رجی گونجاو هه‌یه و به یارمه‌تی ئه‌زموونی رۆژنامه‌وان، ئه‌و هه‌لومه‌رجه وه‌ده‌ستدیت.
● متمانه
هه‌واڵنێر پێش ده‌سبه‌کاربوونی جیددی، باشتره فه‌زا و هه‌لومه‌رج بۆ کاره‌که‌ی پێک‌بێنێت. یه‌کێک له‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی هه‌واڵنێر که وێژه‌ر و سه‌رچاوه بێزار ده‌کات و گیروگرفت پێکدێنێت، ده‌رهێنانی خیرای پێنووس و کاغه‌ز یان ریکۆردێره، واته په‌له‌کردن و خۆ به کارا پێشاندانی هه‌واڵنێره. یانی من ئاماده‌م وشه‌به‌وشه‌ی لێدوان و ره‌فتاره‌کانت یادداشت بکه‌م.
له‌سه‌ره‌تادا پیویسته له‌گه‌ڵ وێژه‌ر ئاشنا بین، وێژه‌ر هه‌ست به ئارامی بکات، فه‌زایه‌کی متمانه و هه‌ڵسه‌نگاندن پێک‌بێت و پاشان ته‌نانه‌ت به وه‌رگرتنی ئیزن له وێژه‌ر، هێدی و ئارام پێنووس و ده‌فتر ئاماده بکه‌ین به‌شێوه‌یه‌ک که گوایه ئه‌وه کاری رۆژانه و ئاسایی هه‌ر هه‌واڵنێرێکه، جا ئه‌وکات ده‌ست به نووسین بکه‌ین. زۆرجار به‌کار هێنانی هێندێک له‌و لێدوانانه پێش ده‌ست به‌نووسینکردن پێویسته:
"ببورن، پرسه گرنگه‌کان له‌یادم نامێنن"، "پێتان چوونه بۆ پێش‌گرتن له هه‌ڵه، وته‌کانتان یادداشت بکه‌م؟"، "چۆنکو پیویستیم به وتووێژی‌تر هه‌یه، باشتره یاداشتی بکه‌م."
● رک‌وڕاست بوون
هه‌واڵنێر پێویسته هه‌میشه پێناسه‌ی خۆی ئاشکرا بکات (مه‌گه‌ر له کاتی زۆر ده‌گمه‌ندا نه‌بێت.) هه‌روه‌ها هه‌میشه مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی خۆی له وتووێژ و وه‌دستهێنانی زانیاری، به‌ڕاشکاوی راگه‌یێنیت. له‌هه‌مان کاتدا، پێویست ناکات سه‌باره‌ت به ته‌واوی ورده‌کاری و لایه‌نه گرنگه‌کانی کاری خۆی، وێژه‌ر ئاگادار بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌واڵنێر مه‌به‌ستی لێکۆلینه‌وه له ته‌وه‌ر و بابه‌ته‌تێکی گرنگ و سه‌رنجڕاکێشه، باشتره له کاتی ئاماده‌کردن و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری، وێژه‌ر و لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌کان به ته‌وه‌ره‌که، ئاگادار نه‌کات و ته‌نیا بڵێ: "من سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی هێندیک زانیاریم سه‌باره‌ت به‌و کێشه‌یه." ئه‌و روونکردنه‌وه‌یه، هه‌واڵ یان زانیارییه‌که له تایبه‌تبوون ته‌نیا به‌و که‌سه‌وه دورده‌کاته‌وه.
● راگرتنی پرسیاری سه‌ره‌کی
پێویسته هه‌واڵنێر فیربێت که ته‌وه‌ر یان پرسیاری سه‌ره‌کی وتووێژ، له ده‌ستپێکی وتووێژه‌که‌دا نه‌گۆنجێنێت. باشتره به پرسیاری گشتی و سه‌ره‌تایی، واته به‌و پرسیارانه که هه‌واڵنیر دڵنیایه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وێژه‌ر، وتووێژه‌که ده‌سپێبکات. ئه‌گه‌رچی ئه‌و پرسیارانه کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتویان له ره‌وتی هه‌واڵ یان راپۆرتدا نابێت، به‌ڵام یه‌ک تایبه‌تمه‌ندی گشتییان هه‌یه:
هه‌واڵنێر، سنووری راستگۆیی و راشکاوی وێژه‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. ته‌نیا پاش ئاڕاسته‌کردنی ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌تایانه، هه‌واڵنێر ده‌توانیت سه‌باره‌ت به مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی وتووێژه‌که، پرسیار ئاراسته‌ی وێژه‌ر بکات. ته‌نانه‌ت له‌و کاته‌شدا نابیت هه‌واڵنێر خۆی خافڵگیر پێشانبدات. مات و سه‌رسوڕمان له‌به‌رامبه‌ر وته‌کانی وێژه‌ر و یان گوتنی: "به‌ڕاستی؟"، دوره له کرده‌وه‌ی پسپۆرانه‌ی رۆژنامه‌وانی. هێندیکجار، ئاماده‌کردنی راپۆرت و هه‌واڵ به‌ڕاستی په‌یوه‌ندی هه‌یه به ئاڕاسته‌کردنی پرسیاری سه‌ره‌کی له شوێنی پێویست و زاڵبوونی هه‌واڵنێر به‌سه‌ر هه‌ست و هه‌ڵسوکه‌وتی خۆیدا.
● شێوازی دواخستن
ئه‌گه‌ر وێژه‌ر له ته‌واو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان خۆبدزیته‌وه، پێویسته له شێوازی دواخستن که‌ڵک وه‌ربگرین. ئه‌و شیوازه، په‌یوه‌ندی به چاوه‌ڕوانی و پشوو هه‌یه. له‌وانه‌یه وێژه‌ر له وه‌ڵامی پرسیاره‌کاندا زانیاری بێکه‌ڵک و زیادی باس‌بکات. دیاره سنوورداربوونی کات بۆ درێژه‌دان به وتووێژ، گرنگه، به‌ڵام هێندێک له‌سه‌ره‌خۆبوون، تووڕه‌نه‌بوون و چاوه‌ڕوانی کردن کاتی پێویست بۆ ئاڕاسته‌کردنی پرسیاری سه‌ره‌کی، یارمه‌تی هه‌والنێر ده‌ده‌ن بۆ ئاماده‌کردنی هه‌واڵ یان راپۆرتێکی شایسته.
● بزواندنی هه‌ستی هاوده‌ردی
بزواندنی هه‌ستی هاوده‌ردی وێژه‌ر، کرده‌وه‌یه‌کی ناپسپۆڕانه‌ی رۆژنامه‌وانییه. ئه‌و کرده‌وه‌یه، روخسار و شوێنگه‌ی روژنامه‌وانی ده‌روشێنێت و که‌سایه‌تی رۆژنامه‌وان خه‌وشدار ده‌کات. به‌ڵام له کاتێکدا هه‌واڵنێر له هه‌موو رێوشوێنه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرت و سه‌رنه‌که‌وت و ته‌نانه‌ت، بابه‌ت و ته‌وه‌ره‌که‌ش زۆر گرنگ بێت، ده‌توانێت ناوه‌ندێکی هه‌ستیاری و هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ وێژه‌ر پیکبێنێت و بڵێ: "ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیاریانه ئاماده نه‌که‌م، له‌سه‌ر کار، دوچاری ته‌نگه‌ژه ده‌بم."
هه‌واڵنێر ده‌توانێت داوای یارمه‌تی له وێژه‌ر بکات و گرنگی زانیاری بۆ میدیاکان روون بکاته‌وه. زۆرجار ئه‌و شێوازه کاردانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت.
● پێداگرتن له‌سه‌ر پرسیاره‌کان و دووپاتکردنه‌ویان
پرسیاره‌کان پێویستیان به پێداگرتن هه‌یه. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌واڵنێر له‌گه‌ڵ وته‌ی: "بۆچوونێکم نییه"، نابێ ببێته هۆی ده‌سهه‌ڵگرتنی هه‌واڵنێر له پرسیاره‌که‌ی. دیاره ئه‌و وه‌ڵامه په‌یوه‌ندی به گیروگر‌فته‌کانی وێژه‌ر له شوێنی کاری‌دا و یان هۆی تایبه‌تی هه‌یه که بۆ چاره‌سه‌رکردنی کارێک له هه‌واڵنێر به‌رنایه‌ت. که‌وابووو له‌باتی کۆشش بۆ دڵنیاییدان به وێژه‌ر، هه‌واڵنێر باشتره درێژه به گفتوگۆ بدات و پرسیاری‌تر ئاراسته‌ی وێژه‌ر بکات و هاوکات بیر له شێوازی‌تر بکاته‌وه بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و وا پێشانبدات که وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی وێژه‌ر، زۆر گرنگ نییه چونکه که‌سانێک هه‌ن که وه‌ڵامێ ئه‌و پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه، یان ده‌یده‌نه‌وه. دواتر ده‌کرێ به گوتنی: "پرسێک که مایه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌ویه که... (ناوه‌رۆکی پرسیاره‌که به شێوه‌ی گوماناوی باسده‌که‌ین)" و یان: "ده‌کرێ بپرسم که ئایا راسته که ..."، شێوازی دروستی کێشاندنی وێژه‌ر بۆ وه‌ڵامدانه‌وه بدۆزینه‌وه.
● وێژه‌ری توڕه و توخس
بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ وێژه‌ری توڕه و توخس، ده‌کرێ شێوه‌کانی وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ویست وه‌ڵام ناده‌نه‌وه و دژبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن، به‌کار بێنین. به‌ڵام ده‌کرێ بۆ ئه‌و ده‌سته وێژه‌رانه له‌م شێو‌انه‌ی خواره‌وه که‌ڵک وه‌ربگرێن:
- پێداگرتن:
هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ که‌سانی توڕه و توخس زۆر دشواره، به‌ڵام نابێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا خۆبه‌ده‌سته‌ه بده‌ین. پێویسته به‌رده‌وام به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیان پێوه بکه‌ین یان سه‌ردانی شوێنی کاریان به‌که‌ین تا دڵنیایان بکه‌ین که ته‌نیا چاره‌یان ئاماده‌بوونه بۆ وتووێژ و وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاره‌کان.
- به‌ڵێنی نادیار
ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا ته‌نیا له رێگای ته‌له‌فۆنه‌وه بێت، دڵنیا بن که به‌ڵێنی: "په‌یوه‌ندیتان پێوه ده‌که‌م" بێهوده و بێمانایه. نابێت دڵمان به‌و به‌ڵێنییه نادیارانه خۆش بێت. شێوه‌ی دروست ئه‌وه‌یه که بلێین: "من له‌پشت ته‌له‌فۆن هه‌ر چاوه‌ڕوان ده‌بم"، یان "که‌وابووو، خۆم دووباره ته‌له‌فۆن ده‌که‌مه‌وه"، یان کاتێک بۆ ته‌له‌فۆن کردنی وێژه‌ر دیاریده‌که‌ین و ده‌ڵێین: " ئه‌گه‌ر تا کاتژمێر... ته‌له‌فۆنتان نه‌کرد، خۆم په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ده‌گرم." به‌هه‌رحاڵ، بۆ هه‌واڵنێر دووباره ته‌له‌فۆن کردنه‌وه، زۆر شیاوتره له چاوه‌ڕوانی کردن.
