پووڵ ـ کارڵ مارکس
Das Geld: Karl Marx
Das Geld: Karl Marx
وه‌رگێڕان له ئاڵمانییه‌وه ـ عه‌لی ع ـ بیگی
پێشه‌کی وه‌ڕگێر:
نووسراوه‌ی خۆارێ، ته‌نیا به‌شێکه له کتێبی "ده‌ستنووسه‌کانی فه‌ڵسه‌فیی وئابووریی١٨٤٤" یا "ده‌ستنووسه‌کانی پاریس"ی کارڵ مارکس.
ئه‌م نووسراه‌یه نه له لایه‌ن کارڵ مارکسه‌وه، به‌ڵکوو ساڵی ١٩٣٢ لە پاش مردنی له چاپ دراوه، هه‌ربۆیه‌ش زۆر که‌س، به تایبه‌ت تئوریسییه‌نه‌کانی یەکێتی سۆڤییه‌ت، به بیروبۆچوونه‌کانی "مارکسی ڵاو"یان له‌قه‌ڵه‌مدا و بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان پێنه‌دا، ئه‌وان بروایان وابوو که مارکسی "به‌ته‌مه‌ن"، بۆچوونه‌کانی سه‌رده‌می لاویی خۆی وه‌ڵاناوە، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، "ئریش فڕۆم" دەڵێ: "ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه به‌رحه‌ق بن كه‌ده‌ڵێن بيروبۆچوونه‌كانى ماركسى"لاو"، لای ماركسى به"ته‌مه‌ن"، بێ بایه‌خ ببوو، كه وايه باشتره ماركسى "لاو" په‌سه‌ند بكه‌ين". هه‌روه‌هـا دەڵێی: "يه‌كه‌م پرسيار ئه‌وەيه كه‌چ كه‌سانێک پێیان وایه ماركسى "لاو" و مارکسی "به‌ته‌مه‌ن"، ڕوانگاى جياوازيان سه‌باره‌ت به مڕۆڤ هه‌بووه؟ ئه‌و بۆچوونه به‌گشتى له‌لايه‌ن كۆمونيسته‌كانى رووسييه‌وه داڕژترا، له‌لايه‌ن كه‌سانێکه‌وە كه ناتوانن جگه له‌وه‌ش، بيروبۆچوونێكى تريان هه‌بێت، چونكوو بيروبۆچوونه‌كه‌شيان، له‌هه‌موو باڕێه‌كه‌وه، درووست وه‌ك نيزامه سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌يان له گه‌ڵ هۆمانيسمى ماركس له‌دژايه‌تى دايه. له نيزامه‌كەى ئه‌واندا، له‌جياتى ئه‌وەىکه مڕۆڤ ئامانجى سه‌رەكى هه‌موو به‌رنامه و كاره كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بێت، خزمەتکاری ده‌وڵەت و بەرهەم هێنانه.
بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌ک، ئه‌و سیاسه‌ته بوو که مارکسی به جیهان ده‌ناساند. له پێشه‌کی زۆربه‌ی کتێبه‌کانی مارکسدا، بیر وبۆچوونی سیاسی به‌ر له هه‌موو شتێک ده‌کرا به‌که‌وا و به‌شانی مارکس داده‌درا. بیروبۆچوونه سیاسییه جیاوازه‌کان، چاویلکه‌یان ده‌کرده چاوی خۆێنه‌ر، تا له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی مارکس بناسێ و به‌چاوی ئه‌وان بروانێته‌جیهان، کارێک که روی له کزی داوه.
کورته ناساندنێک:
کۆڵه‌که و بناغه‌ی لێکدانه‌وه و ڕخنه‌ی مارکس بۆ جیهانی زال و سه‌ر ده‌ستی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای "له خۆ بێگانه" بوونی مرۆڤ داندراوه. هێگل Hegel و فۆیرباخ Feuerbach له پێش مارکسدا ئه‌م باسه‌یان هێنابۆه گۆرێ. "فۆیرباخ" رایگه‌یاند که مڕۆڤ "زات"ی خۆی له‌خۆی جیاده‌کاته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له سوبژه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی خۆدا، گێانی پێده‌به‌خشێ و به‌سه‌ر خۆیدا زاڵی ده‌کات. مارکس سه‌ره‌ڕای باوه‌ڕی به‌و ڕاستییه که به‌رهه‌مه‌کانی چۆراوه‌ی بیر‌و خه‌یاڵی مرۆڤ، به سه‌ر مڕۆڤدا زاڵ ده‌بن، بناغه و پانتایی "له خۆبێگانه" بوونی به‌رفراوانتر کرده‌وه و نیشانی‌دا که سه‌رچاوه‌ی له خۆبێگانه بوونی مڕۆڤ له ژیانی ماددی مرۆڤدایه. مارکس نیشانی ده‌دات که چۆن له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا، به‌رهه‌می ده‌ستی مرۆڤ، واتا پووڵ و "که‌ل وپه‌ل" وه‌ک هێزێکی جیا له مڕۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤدا زاڵ ده‌بن ونێوان مرۆڤ و هه‌ست، مه‌یل، ئاوات و پێداویستییه‌کانی دیوار ده‌کێشن. مارکس روونی ده‌کاته‌وه که چۆن ده‌ستکرده، به‌سه‌ر خاوه‌نی ده‌ستدا و چۆن مردوو به‌سه‌ر زیندوودا حۆکمرانی ده‌کات، هه‌ر ئه‌م "به‌رئاوه‌ژوو"بوونه‌شه که جیهانی مڕۆڤی سه‌روانخوون ڕاگرتووه، به‌واتایه‌کی تر چۆن مرۆڤ ئه‌سیری ده‌ستکردی خۆیه‌تی، مرۆڤ له خۆی، له سرووشت و له هاونه‌وعی بێگانه دمێنێته‌وه. له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا، کار که نوێنه‌رایه‌تی مرۆڤ و ژیانی ده‌کات، وه‌ک "که‌ل وپه‌ل" له کڕین و فرۆش دایه. به‌م چه‌شنه ئێمه ده‌توانین بڵێن که مرۆڤ و ژیانی له کڕین و فرۆش دایه. هه‌روه‌ها مارکس به‌درووستی ده‌یسه‌ڵمێنێ که به‌رده‌وام نرخی هه‌مان کاری بێگانه‌کراویش، له نرخی که‌ل وپه‌ل نزم تر ڕاده‌گیرێ، واته نرخی مرۆڤ نزمتر له "که‌ل وپه‌ل" ڕاده‌گیرێ و هتد..... ده‌بێ له‌م باروودۆخه‌دا، هه‌ستی مرۆڤ سه‌باره‌ت به که‌ل وپه‌لێک که له خۆی به‌نرختر و گرینگتره چۆن بێ؟ دیاره هه‌م له ده‌روونیدا و هه‌م له گۆره‌پانی ڕۆژانه‌ی ژیانیدا له خۆی به‌نرختر و گرینگتر خۆده‌نوێنێ، چۆنکوو ژیانی به‌چه‌شنێک بۆ ریکخستراوه که به بێ ئه‌م ده‌ستکردانه، نه خۆی و نه ده‌روونی په‌ناباتێکیان بایه‌خ و ڕێز نییه، که وابوو ناچاره‌ن ده‌بێته مریدی ده‌ستکرده به‌نرختره‌کانی خۆی و هه‌موو مرۆڤێک، خۆی به بارستایی که‌ل وپه‌له‌کانی ده‌نرخێنێ، هه‌ر بۆیه‌شه که له نیزامی سه‌رمایه‌داریدا، پێوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا، تاراده‌ی پێوه‌ندیه‌کانی نێوان که‌ل وپه‌له‌کان، نزم بۆته‌وه و له ئاکامی ئه‌م نزم بوونه‌وه‌یه‌دا، جیهانی مه‌عنه‌ویی مرۆڤ، جیهانێک که بۆ گه‌شه‌کردنی ژیانی هه‌مه‌ڵایه‌نه وبۆ مانا به‌خشین به ژیان، نیازی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای بوونی مرۆڤه، له‌ناو چووه! مرۆڤێک که بوون و ژیانی خۆی، بوون و ژیانی ئه‌ویتری، له قه‌واره و راده‌ی که‌ل وپه‌لێکدا یا به‌بێبایه‌ختر بناسێ، هه‌ر مانابه‌خشیینه‌ێکی به‌ژیان، بێهووده دێته به‌رچاو. له لایه‌کی تریشەوە، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی زات و سرووشتی گه‌شه‌ستاندووی خۆی، وه‌ک مرۆڤ وه‌ده‌رخات، بۆ ئه‌وه‌ی سروشتی به‌رزتری خۆی به‌کار بێنێ، سروشتێک که له سرووشتی ساده و ساکاری جانه‌وه‌ری سه‌رتر و گه‌شاوه‌تره، پێویستی به پێوه‌ندیی ده‌روونی یا ئه‌ویندارانه به کار و به‌ها و نه‌وع و به سرووشته‌وه هه‌یه، تا نه‌گنخێ و تا بتوانێ به ده‌روونێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه، به‌ره‌ورووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ببێته‌وه، تا جیهان به هی خۆی و خۆی به هی جیهان بزانێ نه‌ک وه‌ک سواڵکەرێک، ته‌نیا بۆ بژیوی رۆژانه‌ی کاربکات. مرۆڤ ناتوانێ ژیانی خۆی تاراده‌ی ژیانی جانه‌وه‌ری نزم کاته‌وه و ته‌ندروست و به‌خته‌وه‌ر بژی. بوونی مرۆڤ وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی ساده و ساکاری کار و به‌رهه‌مهێنان، تێکقرمانی مرۆڤی به‌دواوه‌یه. کاتێک مرۆڤێک هه‌موو ژیانی له خزمه‌ت کارێک‌دا بێ که هیچ پێوه‌ندێکی دروونی به‌وه‌وه نییه و ته‌نیا بۆ به‌رده‌وام بوونی ژیانی، بۆ زیندوومان مه‌جبووره بیکات، کاتێک ده‌رفه‌تی گەشەکردنی ده‌روونی پێنادرێ و پێشی پێده‌گیرێ، جیهانی ده‌روونی وه‌ها مڕۆڤێک لێڵ و ئاڵۆز کا و ده‌توانین بڵێن مردوو له ئه‌ژماردێت، چونکوو له گه‌وهه‌ر و زاتی مڕۆڤدایه که بێ‌وچان هه‌موو هه‌ست و توانایه‌کانی په‌روه‌رده بکا و بیگەشێنەتەوە تا جیهانی ده‌روونی خۆی به‌رفراوان و ده‌وڵه‌مه‌ند بکات، به‌ڵام ئه‌م ده‌روونه له ڕۆانگای مارکسه‌وه پێویستی به ده‌ره‌وی گۆنجاوی خۆی هه‌یه. مرۆڤێک که له مابه‌ینی هه‌ست و مه‌یل و ئاره‌زووه‌کانی له لا‌یه‌که‌وه و دامرکێنی نیازه‌کانی له لایه‌کی تره‌وه، دیوارێک به‌ناوی پووڵ کێشراوه، به واتایه‌کی تر دیوارێک له مابه‌ینی ئه‌و و ژیان کێشراوه، دیوارێک که مرۆڤ بۆ‌خۆی درووستی کردووه، ژیان وه‌ک بێگانه‌یه‌ک خۆده‌نوێنێ که به‌رده‌وام هه‌رشه‌ی ڵیده‌کات یا تراویڵکه‌یه که قه‌ت پێی ناگات. به‌م چه‌شنه ئێمه رووبه‌روی مرۆڤێکی نیوه‌گێان ده‌بینه‌وه. جگه له‌مه‌ش، پووڵ بۆته هه‌موو جیهانی مرۆڤ، بۆ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا، زات و چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تی کار گرینگ نییه، ته‌نیا ئه‌وه گرینگه که پووڵ وەدەس بێنێ، هه‌رچی کاره‌که‌ی زیاتر پووڵ بێنێ، ئه‌وه ئه‌م کاره باشتره. پووڵ جیهانی مرۆڤی به چه‌شنێک داگیر کردووه که مرۆڤ به بێ پووڵ مافی ژیانی نییه، مرۆڤ ته‌نیا کاتێک پووڵی به‌ده‌سته‌وه بێ، به مرۆڤ له ئه‌ژماردێت ، هه‌ر بۆیه‌ش ئاماده‌یه بۆ گه‌یشتن به‌م مافه، له باقی مافه‌کانی خۆی، خۆی بێبه‌ش کات. مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به‌م قۆناغه، ئاماده‌یه زات و سرووشتی خۆی وه‌لانێ، رۆح و مه‌عنه‌وییه‌ت که به‌رهه‌می خۆشه‌ویستیه، خۆشه‌ویستی بۆ‌خۆی و هاونه‌وعه‌که‌ی، خۆشه‌ویستییه‌ک که مایه‌ی گه‌شه و هه‌ڵدانی سه‌رتاپای وجو‌دییه‌تی، وه‌لاده‌نێ تا زاتی بێگانه‌کراوی خۆی که پووڵ نۆێنه‌رایه‌تی ده‌کات له ئامێزگرێ. بێ پانتایی و بێ سنووری ئه‌م له‌ئامێزگرتنه و تێرنه‌بوونی مرۆڤ له خاوه‌ندارییه‌تی پووڵ، باشترین نیشانه‌ی زاتی بێگانه‌کروای مرۆڤه. مرۆڤێک که خۆی ته‌رک کردووه و له‌جیاتی گەشاندنەوەی خۆی، له ده‌ره‌وی خۆی، خۆی گه‌شه ده‌دات، ئاشکرایه که ناتوانێ زات و سرووشتی ئینسانی خۆی وه‌دیارخات و هتد..... به‌ڵام هیچ مرۆڤێک ناتوانێت به بێ مانا و به بێ رۆح بژی، به‌ڵام ده‌توانێ بۆشایه‌که‌ی به شتێکی دیکه پرکاته‌وه و خۆی فریودات، هه‌ر ڵێره‌وه ده‌توانیین سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌موو ئیدئۆلوژی، دابونه‌ریت و بۆچوونه چه‌وتانه‌ی که له شۆێنه جۆرواجۆره‌کانی جیهان باون و دۆژمنایه‌تی مرۆڤ ده‌که‌ن بناسینه‌وه. هه‌موویان یه‌ک ریشه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه، هه‌ر له هه‌موویاندا خۆشه‌ویستی بۆ مرۆڤ ون و نادیاره. هه‌مویان چۆڕاوه‌ی بیر و خه‌یالی مرۆڤێکن که بۆرزگاری له ده‌ست ئه‌م ژیانه بێگانه‌کراوه، دیسان مانای له ده‌ره‌وی خۆی دیوه‌ته‌وه، دیسان خۆی به فیدای شتێکی بێ گیانی تر ده‌کات، ناوه‌ندی بێگانه‌یی خۆی راده‌گۆزێ، به‌ڵام بۆ شۆێنێکی بیگانه کراوی تر، خۆی فیدا ده‌کات، به‌ڵام نه‌ک به فیدای خۆی که به فیدای زاتێکی بێگانه‌کراوی تر. له گۆلکی زێرینی سامرییه‌وه بیگره هه‌تا مه‌زهه‌ب و شیخ و مه‌شایه‌خه‌کان (له جیهانی کۆن)، هه‌روه‌ها ئیدئۆلۆژی ماددییه‌کانی سه‌رده‌می ئێمه، که حاشارگه‌یه‌کن بۆ خۆتواندنه‌وه له ئابستراکته جۆرواجۆره‌کاندا، وه‌ک ئۆمه‌ت، گەڵ، پرۆلتاریا، ڕه‌گه‌ز، مێژوو، زانست، حیزب، چین و...
هه‌موو ئه‌م شتانه به‌رواڵه‌ت به مه‌عنه‌وییه‌ت ره‌نگ کراون، به‌ڵام نه مه‌عنه‌وییه‌تێک که گه‌شه به ژیانی ئه‌و بدات، به‌ڵکوو ئه‌وه ژیانی ئه‌وه که ده‌بێته سووته‌مه‌نی بۆ ژیانی که‌سانێکی تر.
مرۆڤیک که زات و سرووشتی خۆی به گه‌شه‌دان به تواناییه‌کانی خۆی له‌کرده‌وه‌دا ته‌جرۆبه نه‌کات، جیهان بۆ ئه‌و هه‌ر بێگانه و دوور له ده‌ستره‌س ده‌مێنێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش به‌هاسانی ده‌که‌وێته هه‌موو داوێکه‌وه که بۆی ده‌نێنه‌وه. به‌گشتی کاتێک مرۆڤ له گه‌یشتن به ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی دڵ‌سارد و هیلاک ده‌بێ و ده‌ستیان لێده‌شواته‌وه، له گرنگترین سه‌رچاوه‌ی ناسین و جووڵانه‌وه له‌گه‌ل جیهانی ده‌ره‌وی خۆی بێبه‌ش ده‌بێت، بێبه‌ش له سه‌رچاوه‌ی پێوه‌ندی و هاوسه‌نگی ئۆرگانیکی ده‌روون و ده‌ره‌وی خۆی. له ئاکامدا، به مردوویی له‌گه‌ڵ خۆی و ژیانی هه‌ڵسووکه‌وت ده‌کات...
ئه‌و که‌سه‌ی وا ده‌ست به‌سه‌ر پووڵ داده‌گرێ، پێویستی به جیهانی ده‌روون نامێنێ، پووڵه‌که‌ی جیهانی بۆ داگیر ده‌کات، هه‌ر بۆیه‌ش له ئاست هه‌موو توانا زاتییه‌کانی مرۆڤ، له ئاست ئه‌وین و مرۆڤ دۆستی، به‌گشتی له ئاست مانابه‌خشین به ژیان و هتد... بێگانه ده‌مێنێته‌وه، چون له‌م حاڵه‌ته‌دا مڕۆڤه‌کانی تر یا هاونه‌وعه‌کانی، هه‌ر ئه‌وکه‌سانه‌ی که بۆ درووست کردنی جیهانێکی مه‌عنه‌وی و ئینسانی نیازی پێیانه، ده‌بنه ئۆبژه‌ی ئه‌و (ده‌یانکاته که‌ره‌سه‌ی خۆی و بێ گێان دێنه به‌رچاوی)، ئه‌وکه‌سانه‌ش که وه‌ک ئه‌و پووڵدار و ده‌ست رۆێشتوون، له قه‌واره‌ی دۆژمنێکدا خۆده‌نوێنن. له هه‌ر دووحاڵه‌تدا ناتوانێ به هیچ کامێکییانه‌وه، په‌یوه‌ندێکی ده‌روونی یا ئه‌ویندارانه و برایانه په‌یداکات. به‌ڵام زۆر روونه که خاوه‌نی پووڵ، خاونی ئاسایش و ده‌سه‌ڵاته. خاونی پوول بۆ هه‌ڵاتن له‌م بێ‌رۆح بوونه، په‌نا ده‌باته به‌ر سه‌رگه‌ر‌می و خۆخافڵاندن، ئەلکۆڵ، سکس و هتد... ئاشکرایه که له‌م بۆارانەدا و له‌زۆر بۆواری تریشدا، پووڵ یارمه‌تی ده‌دات. مڕۆڤێکیشی که ده‌ستی ناگاتا پووڵ، هه‌ر له هه‌موو شتێک بێ به‌شه و ژیان بۆ ئه‌و، دۆژمنێکی بێ به‌زه‌یی و بێرۆحه، هه‌ست ده‌کات هاتۆته جیهان تا ره‌نج بکێشێ و فرمێسک هه‌ڵوه‌رێنێ، ژیان بۆ ئه‌و یانی ئێش و ئازاری بێ‌وچان و هتد... هه‌ر بۆیه‌شه، له ئاسماندا له فریادره‌سێک، له دادره‌سێک ده‌گه‌رێت...
به‌کورتی مرۆڤ بۆ گه‌شه‌دان به جیهانی ماددی، جیهانی ئینسانی خۆی وڵاناوه، بۆ ده‌سه‌ڵات به سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه، ده‌سه‌لاتی به‌سه‌ر جیهانی ده‌روونه‌وه نه‌ماوه، که‌وتۆته ژێر چه‌پۆکه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی خۆی و بۆ هه‌موو شۆێنێک په‌ناده‌بات، بێجگە لە سرووشت و زاتی ون کراوی خۆی، باروودۆخێک که به باشیی له عیرفاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. "سۆهره‌وه‌ردی" ده‌ڵێ:
بیرون ز تو نیست، هرچه در عالم هست!
در خود بطلب هر آنچه خواهی تویی!
هان تا که سررشته‌ی خود گم نکنی!
خود را ز برای نیک و بد گم نکنی!
رهرو توئی، راه توئی، منزل تو!
زینهار که "راه خود به خود" گم نکنی!
مارکس ده‌ڵێ: ... پێویسته مرۆڤ به ده‌وری خۆیدا و به ده‌وری هه‌تاوی راستینه‌ی خۆیدا بگه‌رێ... ئه‌و رازه سه‌ر به‌مۆره‌ی که "له‌خۆ بێگانه" بوونی نێوه یان به سه‌رڵێشێواویی مرۆڤ ده‌ناسرێ، ئه‌و ئێش و ئازاره‌ی وا عیرفان به‌هه‌زاران ساله به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێ، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی که عیرفان ده‌یه‌وێ له سوبژه‌ی تاکی ئینسانی‌دا ده‌رمانی کات، ئه‌وه مارکسە که په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاداوه. مارکس په‌رده‌ی له سه‌ر ئه‌و رازه سه‌ر به‌مۆره هه‌ڵداوه‌ته‌وه و ریشه و سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌ست نیشان کردوە. مارکس ده‌یه‌وێ ئه‌وین و سروشتی ئینسانی بگه‌رێنێته‌وه ناو ژیانی هاوبه‌شی ئینسانی. وه‌ک "پۆل تیلیچ" ده‌ڵێ: "له ڕوانگه‌ی مارکسه‌وه، سۆسیالیزم بزوتنه‌وه‌یه‌که، که دژی تێکقرمان و هه‌ڵوشانه‌وه‌ی ئه‌وین له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کات".
به‌ڵام له ناسینی ده‌رد و ئازاروه هه‌تا چاره‌کردنی، به‌تایبه‌ت که کارێکی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌گشتی مرۆڤایه‌تیی بێ، زۆر ده‌خایه‌نێ، که‌وتن و هه‌ستانه‌وه و ڕاوه‌ستانی زۆری تێدابووه و ده‌بێ، به‌وته‌ی حافزی شیرازی:
که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکلها
بۆ باشتر ناسینی مارکس و بیربۆچوونه‌کانی، خۆێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی مارکس، وه‌ک: "ده‌ستنووسه‌کانی فەلسەفیی و ئابوریی ۱۸٤٤"، تێزه‌کان سەبارەت بە فۆیرباخ"، رخنه له فه‌لسه‌فه‌ی حقوقیی هێگل"، " نامیلکەی دوکتورای فه‌لسه‌فه‌ی مارکس" پێویستن.
هه‌روه‌ها خۆێندنه‌وه‌ی کتێبی"Marx`s Concept of Human " نوسراوه‌ی ئریش فرۆم که به فارسی له ژێر ناوی "سرشت راستین انسان" له چاپ دراوه، زۆر به که‌ڵکه.
له‌نووسراوه‌ی خۆارێ، مارکس پێنج تێزی سه‌باره‌ت به مڕۆڤ گڵاله کردووه. له سه‌ره‌تادا تێگه‌یشتن له پێنج تێزه‌که‌ی مارکس دژواره، به‌ڵام له دڕێژه‌ی نووسراوه‌که‌دا مارکس مه‌به‌ستی خۆی ڕوون دەکاتەوە. هه‌روه‌ها بۆ تێگه‌یشتن له مه‌به‌ستی مارکس، زانینی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه پێویسته:
ئانترۆپولۆژی: مرۆڤ ناسی، بێ له‌به‌رچاو گرتنی هه‌ست و مه‌یل و بیروبۆچوونی سه‌باره‌ت به جیهان و هتد...
ئۆنتولۆژی: مرۆڤ ناسی به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ست و بیروبۆچوونی مڕۆڤ سه‌بار‌ت به‌خۆی، ژیان و جیهان.
سوبژه: بیر که‌ره‌وه، ئیده، ذهن یا ئه‌نجام ده‌ری کار له‌سه‌ر ئۆبژه.
ئۆبژه: ئه‌و شتانه‌ی که له به‌رچاون، بابەت، هه‌وێنی کار، هه‌وێنی فیکر، ئه‌وشته‌ی وا ذهن کاری له‌سه‌ر ده‌کات.
له‌م نووسراوه‌یه‌دا مارکس بۆ مه‌یل و هه‌ست و ئاره‌زووی مڕۆڤ رۆڵی سوبژه و بۆ دامڕکێنه‌ره‌کانی رۆڵی ئۆبژه‌ی لەبەرچاو گرتووە. به‌گشتی ده‌توانم بڵێم که مارکس له‌م نووسراوه‌یه‌دا، ئەو ئامۆژگارییه‌ی "ئپیکوور"ی Epicur له‌به‌رچاو گرتووه که شیکردنه‌وه‌ی جیهان نابێ له‌گه‌ڵ هه‌ستی مرۆڤ دژایه‌تی بێ، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه، جیهانی هه‌ستکراوه‌ی مرۆڤ، سه‌رچاوی ناسینی جیهانی ده‌ره‌ویه!
هه‌روه‌ها پێویسته بکۆتڕێت، وه‌رگیرانی ئه‌م بابەتە فه‌لسه‌فییه، کارێکی هاسان نه‌بووە، سه‌ر ده‌رهێنانیش له مه‌به‌ست و بۆچوونه فه‌ڵسه‌فییه‌کانی مارکس دژواره، هه‌ر بۆیه هه‌م له نووسراوه ئاڵمانییه‌که‌ی و هه‌م له وه‌رگێڕدراوه ئینگلیسییه‌که‌ی که‌ڵکم وه‌رگرتووه، به‌ڵام سه‌رچاوەی بنه‌ڕه‌تییم، نووسراوه ئاڵمانییه‌که‌ی بووه. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە بێگوومان ئەم وەرگێڕانە بێ کەموکووریی نییە و ڕەخنە و پێشنیاری خوێنەرانی بەڕێز دەتوانی یاریدە بە ڕازاندنەوەی ئەم بابەتە بدا. له کۆتایی نووسراوه‌که‌دا ئاماژە بە نیشانی نووسراوه‌ی ئاڵمانیی و ئینگلیسییه‌که‌ی کراوە.
به‌رێز و سپاسه‌وه
عه‌لی ع ـ بیگی
پووڵ ـ مارکس
ئه‌گه‌ر هه‌ست، مه‌یل و ئاره‌زوی مرۆڤ و هتد ... نه‌ته‌نیا وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئانترۆپولۆژیک له چوارچێوه‌یه‌کی (به‌رته‌سکدا)، به‌ڵکوو به‌راست وه‌ک سه‌ڵمێنه‌ریی ئۆنتۆلۆژیکی هه‌بوونی (سروشتی) زاتی مڕۆڤ بناسرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌وان (هه‌ست، مه‌یل و ئاره‌زوو...) به‌راست به‌م چه‌شنه په‌سه‌ند بکڕێن، که‌وابوو مافی دالکانیان به" هه‌ست ـ ئۆبژه"کانیانه‌وه هه‌یه، له‌م حاله‌تدا روونە که:
۱ـ ئه‌وان ته‌نیا به‌یه‌ک رێوشۆین په‌سه‌ند نابن، به‌ڵکوو له‌وه‌ش زیاتر جۆڕاوجۆڕیی چه‌شنی سه‌لماندنیان، تایبه‌تمه‌ندی هەبوون و ژیانی ئه‌وان پێکدێنێت، هه‌ست و شێوه‌یه‌کی که مافی لێکدانه‌برانی سوبژه له "هه‌ست ـ ئۆبژه" په‌سه‌ند ده‌کات، شێوه‌ی تایبه‌تی کامره‌وایی سوبژه‌کان له ئه‌ژمار دێن.
۲ـ که‌وابوو په‌سه‌ندبوونی هه‌موو "هه‌ست ـ ئۆبژه‌کانی" سوبژه ، ده‌بێته هۆی پێش‌گرتن له پارچه پارچه‌بوونیان به‌سه‌ر فۆرم و شکڵی جیاجیا و سه‌ربه‌ستی خۆیاندا (خواردن، خواردنه‌وه، کار له‌سه‌ر ئۆبژه و...)، به‌م جۆره ئۆبژه‌کان په‌سه‌ند ده‌کرێن .
۳ ـ له‌وه به‌وڵاوه، تاکه‌که‌س، کاتێک مڕۆڤه، ئه‌گه‌ر‌کوو هه‌ست و مه‌یلی و هتد..، سه‌رچاوه‌ی مڕۆڤانه‌ی بێت. په‌سه‌ندکردنی پێداویستییه‌کانی سوبژه، له لایه‌ن که‌سێکی تره‌وه، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی به‌هره‌مه‌ندی بۆخۆشی.
٤ ـ ته‌نیا به‌هۆی پێکهاتنی کۆمه‌ڵگای پێشکه‌وتووی سەنعه‌تی و به‌هۆی گه‌شه‌ی خاوه‌ندارییه‌تی تایبه‌تییه‌وه بوو که گه‌وهه‌ری وجودناسانه‌ی مه‌یل و ویستی مڕۆڤ، هه‌م له ته‌واویه‌تی خۆی و هه‌م له ذاتی ئینسانییه‌که‌یدا، وه‌ده‌رکه‌وت. زانستی ئینسانی خۆی له‌خۆیدا به‌رهه‌می چالاکی خۆسه‌لمێنه‌رانه‌ی مڕۆڤ بووه .
۵ ـ واتای خاوه‌ن دارییه‌تی ـ بێ له‌به‌رچاوگرتنی خه‌سڵه‌تی "له‌خۆ بێگانه" کردنه‌که‌ی ـ هه‌بوونی پێویست ترین ئۆبژه‌یه بۆمڕۆڤ، هه‌م وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ به‌هره‌مه‌ندی له ژیان و هه‌م بۆ کار و کرده‌وه.
پووڵ، به هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه که توانای کڕینی هه‌مووشتێکی هه‌یه، هه‌ر به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه، که خۆی ده‌کاته خاوه‌نی هه‌مووشتێک، خاونداڕێکی به‌شکۆیه ، جیهانگیربوونی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی، گه‌وهه‌ری ده‌سه‌ڵاتی بێ هاوتایه‌تی. که وایه شای شایانه، پووڵ ده‌ڵاڵێکه له نێوان نیاز و نیازکراودا، له نێوان ژیان و پێداویستیه‌کانی ژیانی ئاده‌میزاد دا. ئه‌و شته‌ی که من به ژیانمه‌وه گڕێده‌دات، من به مڕۆڤه‌کانی تریشه‌وه پێوه‌ند ده‌دات، که‌وابوو بۆ من مروڤێکی دیکه‌یه.
پووڵ! ئەی جەڵاد!
مرۆڤی چی؟ داماوێک
هەم قاچ، هەم ده‌ستی
سه‌رتاپای گێانی
هه‌موو هه‌ر هی تۆن، کراون به‌دیاری
به‌ڵام یه‌کاویه‌ک، گشت ئه‌وشتانه‌ی
بۆمن پێویستن، هۆی شادمانی
خۆم خاوه‌نی نیم، ئایا ده‌زانی؟
که من شه‌ش بارگین بکڕم به‌یارێت
هێز و توانای من ناچێته بانیی؟
مه‌رد و گورج و گۆڵ، توندوتۆڵ ئه‌بم
وه‌ک بڵێی خاوه‌ن بیست وچوارلینگ بم !
گۆته ـ فاوست : مفیستۆ ده‌دوێت
شێکسپیر له" تیمۆنی ئاتێنی" دا ده‌ڵێ :
زێڕ؟
پڕ بایه‌خ، دڕه‌وشاوه، زێڕی سوور؟
نا نا خوداوه‌ندگاری جیهان !
بێهووده نییه، هه‌ڵات هه‌ڵاتم
هه‌ر هێندێکی ده‌توانێت، ڕه‌ش سپی کاته‌وه، ناحه‌ز جوان،
خراپ چاک، پیر جحێل، خێڕیی دڵێر، نانه‌جیب نه‌جیب
قه‌شه وخزمه‌تکاران له‌مێحراب دوور‌خاته‌وه
له گێاناڵڵا دا، سه‌رینی ناز له بن سه‌ری پێاوان برفێنێ
به‌ڵێ، ئه‌و کۆێڵه سووره، هه‌م دین ده‌رێسێ و هه‌م ده‌یکاته‌وه خوری
به‌خشێنه‌ری به‌دکارانه
گوڵ، پاک و جوان ده‌نوێنێ،
دز پەرەستە، پایه به‌رز و ده‌ست رۆیشتوو
به‌ڕێز و ماقوول، ده‌ی باته ناو پارڵمان
تا کڕنۆشی بۆ به‌ڕن
بێوه ژنی پیر و زه‌بون
که‌وتوو به جێ و بان، کێم و برین هه‌موو گێان
ده‌یخه‌مڵێنێ وه‌ک گوڵی به‌هار، خوازبێنی کاری دێنێته ماڵ
جادوگه‌رێکه، پیر لاو ده‌نوێنێ، جوان وجحێل دڵان ده‌ڕفێنێ
ئه‌ی فلێزی له‌عنه‌تی، قه‌حبه‌ی گشتی به‌شه‌ریه‌ت
له‌ت له‌ت که‌ریی "ئاده‌میه‌ت"
له دڕێژه‌دا ده‌ڵێ :
خۆێن شیرینی شاکوژ، مه‌ئمووری نه‌جیبی دابڕانی باوک له کوڕ !
پیسکه‌ری خاوێن ترین شه‌وی په‌رده
مارسی دڵێر ،
تۆ ئه‌ی هه‌میشه جه‌وان، ته‌ر و تازه
خوازبێنی کاری له‌به‌ر دڵان
که له شه‌رم سوور ده‌بییه‌وه
به‌فری پاکی شۆێنه‌واری دیانا ده‌توێنییه‌وه
ئه‌ی خودای له‌به‌ر چاوان!
ئه‌ی که دژبه‌ران پێکه‌وه گرێده‌ده‌ی
بۆ ماچ ماچێن هاوئامێزیان ده‌که‌ی
ئه‌ی که له جیاتی هه‌موو زارێک و
بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک وه‌ده‌نگ دێی
سه‌نگی مه‌حه‌کی هه‌موو دڵان
سه‌یریکه! کۆیله‌که‌ت، ئاده‌میزاد سه‌رکه‌ش بووه
ده‌باتێکی قڕمێنێ و سه‌رگه‌ردانی کات، توانای بێ هاوتات
تا جانه‌وه‌ران ببنه ئیمپراتووری جیهانی تۆ!
شکسپییر به‌درووستی گه‌وهه‌ری وجودی پووڵ ده‌پێکێ و ده‌یخاته روو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌جوانی ڵێی تێبگه‌ین، باشتره له‌پێشدا نوسراوه‌که‌ی گۆته شیبکه‌ینه‌وه :
ئه‌و شته‌ی به هۆی بوونی پووڵه‌وه من ده‌بمه خاوه‌نی، ئه‌وشته‌ی من ده‌یکڕم، واته ئه‌و شته‌ی پووڵ ده‌توانێ بیکرێت، ئه‌وه منم من، خاوه‌نه‌که‌ی. هه‌رچه‌نده پووڵ به‌هێزتر بێت، ئه‌وه‌منیش به‌هێزترم، واته خاوه‌نه‌که‌ی. تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پووڵ، تایبه‌تمه‌ندی و توانا جه‌وهه‌رییه‌کانی، هی منیشن ـ هی خاوه‌نه‌که‌ی.
ئه‌و که‌سه‌ی من هه‌م و ده‌توانێت ببێت، به هیچ چه‌شنێک له ڕێی جه‌وهه‌ری که‌سایه‌تی منه‌وه دیاری ناکڕێت. من ناشیرین و خۆێن تاڵم، به‌ڵام پووڵ جوانترین ژنم بۆ ده‌کرێت، که‌وابوو من ناشیرین و خۆێن تاڵ نیم، چونکوو کاردانه‌وه‌ی ناشیرینی، هێزی بێزاری هێنه‌ری، به‌هۆی پووڵه‌وه له‌ناوچووه. من ـ به تایبه‌تمه‌ندی خۆمه‌وه‌ـ سه‌قه‌تم، به‌ڵام پووڵ بیست وچوار لێنگم بۆ دابینده‌کات، که‌وابوو من سه‌قه‌ت نیم.
من کابرایه‌کی خراپ، ناراست و ته‌شقه‌ڵه‌باز، بێ‌ویژدان و دوور له مه‌عنه‌وییه‌تم، به‌ڵام پووڵ خاوه‌نی ڕێز و شکۆیه، واته خاوه‌نه‌که‌شی. پووڵ باشترین شته، که‌وابوو خاوه‌نه‌که‌شی باشترین که‌سه. هه‌روه‌ها پووڵ من له ده‌رده‌سه‌ری ته‌شقه‌ڵه‌بازبوون ده‌رباز ده‌کات، که‌وابوو من به درووستکار ده‌ناسرێم، من بێ‌رۆح و دوور له مه‌عنه‌وییه‌تم، به‌ڵام پووڵ رۆحی راستینه‌ی هه‌موو شته‌کانه، که‌وایه چۆن ده‌کڕێت خاوه‌نه‌که‌ی بێ‌رۆح بێت؟ سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش، ئه‌و له توانای دایه که‌سانی خاوه‌ن رۆح و مه‌عنه‌وییت بۆ‌خۆی بکڕێت، ده‌یجا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر که‌سانێکه‌وه هه‌یه که له مه‌عنه‌وییه‌ت لێواولێون، که‌وابوو ئایا خاوه‌نه‌که‌ی به مه‌عنه‌ویت تر نییه له مه‌عنه‌ویی ترین که‌سان؟
ئایامن، هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی به هۆی بوونی پووڵه‌وه، توانیومه هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی وا داخوازی دڵی ئاده‌میزادن وه‌ده‌ست بێنم، ئایا من خاونی دارونه‌داری ئاده‌میزاد نییم؟ ئایا به‌م چه‌شنه پووڵه‌که‌ی من هه‌موو لاوازیی و که‌موکوورییه‌کانم، به‌رئاوه‌ژوو ناکاته‌وه؟
ئه‌گه‌ر پووڵ ئه‌و هه‌ودایه‌یه، که من به ژیانێکی مڕۆڤانه‌وه، کۆمه‌ڵگا به منه‌وه، من به سروشته‌وه و مڕۆڤه‌کان پێکه‌وه پێوه‌ند ده‌دات، ئایا پوول هه‌ودای هه‌موو پێوه‌ندکان نییه؟ ئایا ناتوانێت هه‌موو هه‌وداکان لێک دابچڕیت و پێکه‌وه‌یان گرێدات؟ ئایا به‌وجۆره پووڵ نابێته هیزی دابچرانی گه‌ردوونیی؟ پووڵ سککه‌ی راستینی لێکدابرانه، هه‌روه‌هاش که‌ره‌سه‌ی پێوه‌ندی راستینه،
{..... } هێزی شیمیایی کۆمه‌ڵگایه.
شکسپییر، دوو تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی پووڵ ئاشکرا ده‌کات:
۱ـ پووڵ خوداوه‌ندێکی دیار و ئاشکرایه، به‌رئاوه‌ژووکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو خووخله ئینسانی و سرووشتییه‌کانه، له هه‌موو بواڕێکدا، مایه‌ی سه‌رلێشێواوی و به‌هه‌ڵه‌داچوونی گه‌ردوونییه، نه‌گۆنجاوه‌کان پێکه‌وه ده‌گۆنجێنێ .
۲ـ قه‌حبه‌ی گشتی و گه‌ردوونییه، مایه‌ی هاوپه‌یمانیی گشت مروڤ و گه‌ڵانه. به‌هه‌ڵه بردن و سه‌رڵێشێواندن له‌ناو خووخله ئینسانی وسرووشتییه‌کاندا و به‌براکردنی دژبه‌ره‌کان، ]به گشتی [ ـ هێزی خوداوه‌ندگارانه‌ی ـ پووڵ، ریشه‌ی له خه‌سڵه‌تی سرووشتی، "له‌خۆ بێگانه‌بوون"،"له‌خۆ بێگانه‌کردن" و" خۆ بێ به‌شکه‌ری" تیره‌ی ئاده‌میزاد دایه. ]پووڵ[ نیشانه‌ی توانایی له‌خۆ بێگانه‌بوونی مرۆڤه.
ئه‌و کاره‌ی که من وه‌ک مڕۆڤ له توانام دا نییه و له ده‌ستم نایات، ئه‌وه‌ی که من به‌هۆی هه‌موو جه‌وهه‌ر و که‌سایه‌تی تاقانه‌ی خۆمه‌وه بۆم ناکرێت، ئه‌وه من به‌هۆی هه‌بوونی پووڵه‌وه له توانامدا ده‌بێت. پووڵ زاتی هه‌ر کام له‌و هێزانه، ده‌کاته شتێک که له زاتییاندا نییه، واته ده‌یانکاته دژبه‌ریی خۆیان.
کاتێک که من ئیشتیای خوارده‌مه‌نێه‌ک ده‌که‌م یا تاکسی م پێویسته، چونکوو هێز و توانام تێدا نییه به‌پێیان بڕۆم، پووڵ ده‌توانێت خوارده‌مه‌نیم بۆ دابینکات و تاکسی‌یشم بۆ بگڕێت، واته ئاڵوگۆرکه‌ریی ئاره‌زووه‌کانی منه له جه‌وهه‌ریی ته‌سه‌ووڕه‌وه، "وه‌ڕگێر"یانه له جه‌وهه‌ریی بیرلێکراوه‌یانه‌وه، له خه‌یاڵ و مه‌یله‌وه، بۆ وجودی ماددی و له‌به‌رچاوییان ، گیان به‌خشی ته‌سوه‌وراته، له جه‌وهه‌ریی خیاڵاوییانه‌وه بۆ په‌یکه‌ریی ماددی و راستیینه‌ی خۆیان. به‌هۆی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ئاڵوگۆرانه، [پووڵ] هێزێکی خۆڵقێنه‌ری راستینه‌یه.
بۆ که‌سێک که پووڵیشی نییه، ئه‌و داخوازییانه هه‌ر هه‌ن، به‌ڵام داخوازییه‌کانی ئه‌و، ته‌نیا ته‌سه‌ورێکن، که له‌سه‌ر من، له‌سه‌ر سێهه‌می، له‌سه‌ر] ئه‌وانی تر [، هیچ کاریگه‌رییه‌کی نییه، هه‌ر وجودی نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ر بۆ من دوور له راستی و بێ ناوه‌رۆک ده‌مێنێته‌وه. جیاوازی له نێوان کارییگه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای پووڵ و ناکارامه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستییه‌کانی من، دڵخوازه‌کانی من، ئاره‌زووه‌کانی من هتد...، جیاوازێکه نێوان بوون و بیر و خه‌یاڵ، نێوان به‌ته‌نیا ته‌سه‌ور له ناخ و ده‌روونی مندا و شکڵ و په‌یکه‌ری مادی ته‌سه‌وره‌که، له ده‌ره‌وه‌ی من.
من، بێ توو، هیچ پووڵیکم بۆ سه‌فه‌رنه‌بێت، ده‌یجا پێویستیم به سه‌فه‌ر نییه، واته هیچ پێداویستێێکی راستیینه و هیچ پێداویستییه‌ک بۆ جێبه‌جێکردن. ئه‌گه‌رمن مه‌یل و توانای خۆێندنم هه‌یه، به‌ڵام پووڵم نییه، ده‌یجا مه‌یل و توانای خۆێندنیشم نییه، یانی هیچ مه‌یل و توانایییه‌کی کاریگه‌ر و راستیینه‌م بۆ خۆێندن نییه. به پێجه‌وانه‌ش، ئه‌گه‌ر من هیچ توانای خۆێندنم نه‌بێت، به‌ڵام مه‌یل و پووڵم هه‌بێت، که وابوو من تواناییه‌کی کاریگه‌رم بۆ خۆێندن هه‌یه.
پووڵ، وه‌ک شتێکی ده‌ره‌کی، ئامرازێکی گه‌ردوونی و دارایییه که له زاتی مڕۆڤ وه‌ک تاکه که‌سێک، یا له کۆمه‌ڵگای ئینسانی وه‌ک هاوبه‌شخانه‌یه‌ک، سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، به‌ڵام له توانای دایه، ته‌سه‌وور وه راست گێڕێت و راستێش بکاته ته‌سه‌ووڕێکی خاڵیی، هه‌روه‌ها ده‌توانێت جه‌وهه‌ر و توانای راستیینه و سروشتی ئینسانی، بکاته‌چۆراوه‌ی خالی بیر و خه‌یاڵ، له پاشان بیکاته که‌موکوڕی و وڕێنه‌یه‌کی پڕ له ئێش وئازار. ده‌شتوانێت که‌موکووڕی و وڕێنه‌یه‌کی راستینه، له ناخ و جه‌وهه‌ری که‌سێکی بێ توانادا، بکاته هێز و توانایه‌کی کارامه. به‌گۆڕه‌ی ئه‌م پێناسانه، پووڵ خۆی وه‌ک سه‌ره‌ونخوونکاڕێکی گه‌ردوونیی تاقمه‌کان نیشان ده‌دات، که ده‌توانێت به‌رئاوه‌ژوویان کاته‌وه تا زات و سروشتیان، زات و سروشتی پێچه‌وانه له خۆ بگڕێ.
وادیاره پووڵ، وه‌ک هێزێکی ئاوه‌ژووکه‌ره‌وه، هه‌م به دژی تاکه‌که‌س و هه‌م به‌دژی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵاییه‌تیه‌کان، خۆی وه‌کوو خاوه‌نی جه‌وهه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ وه‌دیار ده‌خا‌ت. وه‌فاداری به بێوه‌فایی، خوشه‌ویستی به نفره‌ت، نفره‌ت به خۆشه‌ویستی، پاکدامنی به گوناهکاریی، گوناهکاریی به پاکدامنیی، به‌نده به ئه‌رباب، ئه‌رباب به به‌نده، گه‌وجیی به ژیریی، ژیریی به گه‌وجیی ده‌گۆڕێته‌وه.
به‌و پێیه که پووڵ خۆی وه‌ک پێناسه‌ی مه‌وجود، چالاک و په‌سه‌ند کراوی بایه‌خه‌کان ناساندووه، هه‌مووشته‌کان ئاڵوگۆڕ، تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات، به‌مجۆڕه ئالوگۆرکه‌ر و تێکاڵاوکه‌ری هه‌مووشته‌کانه، واته جیهانێکی سه‌راونه‌خوون. پووڵ بۆته مایه‌ی گۆڕین و شێواندنی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه سروشتیی و ئینسانییه‌کان .
که‌سێک که بتوانێت دلێری بکڕێت، دلێره، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش خێڕیی بێت. هه‌ر به‌م هۆیه که پووڵ، نه به‌ته‌نیایی به‌رانبه‌ر به چۆنیه‌تییه‌کی تایبه‌تی، شتێکی تایبه‌تی، هێزه بنه‌ره‌تییه‌کانی ئاده‌میزاد، به‌ڵکوو به‌رانبه‌ر به ته‌وایه‌تی جیهانی به‌رچاوی ئێنسانی و سرووشتی ده‌گۆردڕێته‌وه، له روانگه‌ی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه، هه‌رتایبه‌تمه‌ندییه‌ک به‌رانبه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ترـ سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیشییان، ده‌کڕیت ئالوگۆر بکڕێت. ئه‌وه بر‌ایه‌تی ناکۆکه‌کانه، بۆ ئه‌وه که دژبه‌ره‌کان یه‌کتر ماچ ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ به مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌که‌شی به جیهانه‌وه، به پێوه‌ندێێکی مرۆڤانه دانێی، که‌وایه ده‌توانی، ته‌نیا خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویستی، بڕوا به‌رانبه‌ر به بڕوا و هتد... بگۆریته‌وه، کاتێک ده‌ته‌وێ له هۆنه‌ر چێژ وه‌رگریی، پێویسته په‌روه‌رده‌ی داوێنی هۆنه‌ر بی، کاتێک ده‌ته‌وێ کاریگه‌ریت بێ له سه‌ر که‌سێکی تر، پێویسته که‌سێکی به‌راست هه‌ست بزوێن و دڵگه‌رمکه‌ره‌وه بی. هه‌ر پێوه‌ندییه‌کت به مڕۆڤێکی دیکه‌وه ـ له‌گه‌ڵ سرووشتداـ ده‌بێ باڵانوێنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانت، نیشانده‌ری جوهه‌ری ویسته‌کانت، درکێنه‌ری راستیینه‌ی ژیان و که‌سایه‌تی تۆ بێ. کاتێک ئه‌وینداری، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وینی که‌سێکی تر ببزوێنی، واته خۆشه‌ویستی تۆ وه‌ک ئه‌وین، به‌رانبه‌ر به‌خۆی، ئه‌وینی نه‌خۆڵقاندووه، کاتێک به‌هه‌ڵسووکه‌وت و سۆزی ئه‌ویندارانه‌ت، خۆت نه‌که‌ی به خۆشه‌ویستی که‌سێکی تر، خۆشه‌ویستییه‌که‌ت ک‌ش و ماته، به‌دبه‌ختییه‌که
----------------------
1 -کتێبی Marx`s Concept of Human نووسراوه‌ی ئریش فرۆم که له ئێران له ژێر ناوی"سرشت راستین انسان"له چاپ دراوه. وه‌ڕگێڕانی فیروزی جاوید. به‌شی۷ لاپه‌ره‌ی ۹۹
2ـ مه‌به‌ست پووڵێکه که خاوه‌نه‌کی له کاری له‌ش بێ‌نیاز ده‌کات و پووڵه‌که‌ی ده‌توانێ پووڵ بێنێته‌وه(سه‌رمایه‌دار)
3 ـ گۆلکی سامری یا هاروون که له زێر درووست کرابوو و قه‌ومی مووسا ده‌یانپه‌ره‌ستی.
4 تجرید، چۆڕاوه. لێره‌دا مه‌به‌ستم له زاتی خاڵی له جه‌وهه‌ری زیندووی ئینسانییه (وه‌ڕگێڕ)
5-- Abstract
له دڕێژیه‌ی نووسراوه‌که‌دا، بۆ دامركێنه‌ره‌کانی سوبژه، وشه‌ی "هه‌ست ـ ئۆبژه"م داناوه (وه‌ڕگێڕ)
6: ـ فیلسووفی یونانی ٢٧٠ - ٣٤٠ پێش زایین
7-Anthropology ـمه‌ردم یا خه‌ڵکناسی. مڕۆڤناسی .مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌ڕێکی جیا له هه‌ست و مه‌یل و ..،(انسان تجریدی - انسان محض).
8- Ontology بوون ،وجود یا "هه‌بوون"ناسی، ڵقێک له فه‌ڵسه‌فه‌یه، که باس له بنه‌وبنچینه‌ی بوون و ژیان ده‌کات ـ(وه‌ڕگێڕ)
9-subject- : سۆبژه، ڵێره‌دا مه‌یل و هه‌ستی مڕۆڤ (وه‌ڕگێڕ)
10ـ ئیشاره‌ی مارکس به‌مافی یه‌کپارچه‌بوون و پێکه‌وه لکانی سوبژه و ئۆبژه پێکه‌وه‌یه(وه‌ڕگێڕ)
11ـ مارکس ده‌یه‌وێت بڵێت که‌مڕۆڤ هاوکات له‌گه‌ل ئاڵ و گۆر کردنی کۆمه‌ڵگاکه‌ی، ویست ومه‌یل وئاره‌زوه‌کانیش، هه‌روه‌ک پیداویستیه سه‌ره‌کییه کانی، ئال و گۆر ده‌کات وناکرێت ئه‌و ویست و مه‌یلانه له مرۆڤ جیا کرێنه‌وه ـ ،جێا کردنه‌وه‌یان ده‌بێته هۆی له خۆ بێگانه بوونی مڕۆڤ. مڕۆڤ خۆی و نیازه زاتی و سرووشتیییه‌کانیی به دڕێژایی مێژوو ده‌ناسێ و خۆی په‌روه‌رده ده‌کا.(وه‌ڕگێڕ)
12 ـ رۆح و ده‌رفه‌تی خاوه‌ن دارییه‌تی ( وه‌ڕگێر)
13ـ ئۆبژه‌یه‌ک یا شتێکه که خۆی خاواندارییه‌تی ده‌کات. (وه‌ڕگێڕ)
14 ــ له نوسراوه‌که‌ی مارکسدا به ئاڵمانی هاتووه :Was Henker ! واته چ جلادێک، له نووسراوه ئینگلیسییه‌که‌دا هاتووه" What, man! Confound " واته: مڕۆڤی چی! په‌رێشانحاڵێک! ئیشاره‌ی گۆته به‌وه‌یه، که پوول بۆته جلادو خاوه‌نی دست و لاق و سه‌ر و...ی مڕۆڤ. به‌رهه‌می ده‌ستی مرۆڤ بۆته خاوه‌ن و جه‌ڵادی مڕۆڤ ـ (وه‌ڕگێڕ)
15ـ بروانه کتێبی فاوستی گۆته، به‌شی یه‌که‌م ،شانۆی ٤، ژووری خۆێندنه‌وه
16-Timon von Athen: یونانێکی گۆشه گیر ، که زمانێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی تیژ و پڕ له تانه ته‌شه‌ری بووه. له وه‌ڕگێڕانی ئه‌م پارچه شیعره‌دا، که شاعیره‌که‌ی شکسپیر، خۆی ئینگلیسی زمانه، له ده‌قی ئینگلیسییه‌که‌شی که‌ڵکم وه‌رگرتووه. (وه‌ڕگێڕ)
17 ـ کشیش
18 ـ خودای شه‌ڕ له ئه‌فسانه‌کانی یونانی کۆندا
19 ـ خودای ڕاو له ئه‌فسانه‌کانی یونانی کۆندا
20ـ لێره‌دا"بێ شعور"یش وشه‌یه‌کی گۆنجاوه (وه‌ڕگێڕ)
21 ـ پووڵ
22 ـ واته لاوازی، ده‌کاته هێز وتوانا ـ که‌موکووریش، ده‌کاته که‌ماڵ! (وه‌ڕگێڕ)
23 ـ وشه‌یه‌ک، له ده‌ست نووسه‌که‌ی مارکسدا، ناخۆێندڕێته‌وه. مه‌به‌ستی مارکس له هیزی شیمیایی، هه‌مان پێوه‌ندی شیمیاییه که بۆوێنه مۆلۆکووله‌کان پێکه‌وه پێوه‌ند ده‌دات!
24 ـ Postwagen له سه‌رده‌می مارکسدا کالیسکه یا فه‌یتوون (وه‌ڕگێڕ)
25 ـ جڵ و به‌رگی مادی ده‌کاته به‌ر، بیر و خه‌یاڵ ومه‌یلی مڕۆڤه‌وه (وه‌ڕگێڕ)
26 ـ مه‌به‌ست له سرووشتی مڕۆڤه یا سروشتی کۆمه‌ڵگای ئینسانییه ـ (وه‌ڕگێڕ)
---------------------
ماڵپه‌ری ژیوانhttp://jiwan-a.blogspot.com
پووڵ به ئاڵمانی: Das Geld
http://www.marxists.org/deutsch/archiv/marx-engels/1844/oek-phil/3-4_geld.htm
پووڵ به ئینگلیسی: The Power of Money
http://www.marxists.org/archive/marx/works/1844/manuscripts/power.htm