بڕیاری دادگای میکۆنۆس
هانس – یواخیم ئێریک
(پارێزه‌ری یه‌کێک له سکاڵاکه‌ران)
وه‌رگێڕ: تاهیر حیکمه‌ت
پێشه‌کی
بڕیاری دادگای میکۆنۆس که لێره‌دا به ته‌واوی له چاپ دراوه، پاش سێ ساڵ و نیو تاوتوێ کردن و 247 کۆبوونه‌وه، له ده‌ی ئاوریلی 1997 دا، راگه‌یه‌ندرا. رۆژێک پاشتر رۆژنامه‌ی "زود دۆیچه تسایتونگ" گرینگی جیهانی ئه‌و بڕیاره‌ی راگه‌یاند :"بڕیاری میکۆنۆس ته‌نیا نایه‌ته ناو مێژووی دادگاکانی ئاڵمانه‌وه، به‌ڵکو بۆ یه‌که‌م جار دادگایه‌کی به‌رز له لێکۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی قه‌تڵێکدا، رێبه‌رانی ده‌وڵه‌تێکی تری روون و ئاشکرا به به‌رپرسی سه‌ره‌کی بکوژی ناسی".
هه‌ر له رۆژی راگه‌یاندنی بڕیاره‌که‌دا، باڵوێزی ئاڵمان له گه‌ڵ باڵوێزی زۆربه‌ی وڵاتانی یه‌کگرتووی ئوروپادا به ئیعتیڕاز، له تاران بانگ کرانه‌وه. حه‌وت مانگ رابرد تا سه‌رده‌می سه‌هۆڵی دیپلۆماتیک ده‌ستی کرد به توانه‌وه و باڵوێزه‌کان گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنه‌که‌ی خۆیان. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که هه‌موو شتێک وه‌کو پێشوو مابوو.
له 17ی سپتامبڕی 1992 دا کاتێک تیمێکی مه‌رگ به ده‌ستووری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له رستۆڕانی "میکۆنۆس"ی بڕلین، رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد(حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران)یان کوشت، ئوروپا ببوه ناوچه‌یه‌کی له باری حوقووقیه‌وه ئازاد بۆ بکوژانی به پاسپۆرتی دیپلۆماتیکه‌وه. (برواننه : peter pitz, skorte nach Teheran, Wien 1997).
له ئوتریش، فه‌ڕانسه، سویس و جێگاکانی تر،"به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی"، ویستی ده‌وڵه‌ته‌کان و تیجاڕه‌تی پڕ سوود ئیزنیان دا تا بکوژه‌کان هه‌ڵێن و به‌و پێیه داڕێژه‌رانی پیلان دڵگه‌رمتربن. ته‌نانه‌ت سێ رۆژ پێش ده‌سپێکردنی دادگا، له ئۆکتۆبری 1993دا، فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران له چاوپێکه‌وتنێکی فه‌رمی له بۆن، پێی وابوو که ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاڵمان به تێکدانی دادگا مه‌جبوور بکا یا له گه‌ڵیان بکه‌وێته مامه‌ڵه‌وه. هیچ نه‌بێ ده‌وڵه‌تی ئێران 15 ساڵ له مه‌وبه‌ر له‌و کاره‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو. ئه‌و کاته‌ی ته‌باته‌بایی جێگری سه‌ره‌کوه‌زیرانی ئێران به چه‌مه‌دانێکی 1،7 کیلۆیی تریاکه‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ی دوسلدۆرف گیرا، پاش خولێکی چالاکانه‌ی دیپلۆماتیکی نێوان بۆن و تاران، سه‌رئه‌نجام ته‌باته‌بایی کرا به باڵوێزی تایبه‌ت و به‌و شێوه پارێزراوی دیپلۆماتیکی وه‌رگرت و بڕیاری گرتنه‌که‌شی له سه‌ر لابرا. مایه‌وه چه‌مه‌دانێک تریاک و ده‌زگایه‌کی قه‌زایی فریودراو و بێده‌سه‌ڵات و ئه‌و بۆچوونه‌ی تاران که ده‌توانێ هه‌موو کات له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان له سه‌ر ده‌زگای قه‌زاییه‌که‌ی پێک بێ. له راستیدا ئه‌مجاره‌ش سیاسه‌توانانی بۆن ئیشاره‌یان به دادگای سه‌ره‌کی دا که ئیدیعانامه‌ی ناسیاسی و به بێ ناو بردنی ئێران بۆ دووره‌په‌رێزی له ناکۆکی دیپلۆماتیک ، په‌سه‌ندتره. به‌ڵام فونشتاین دادستانی ئه‌و کات له‌وه به‌وزه‌تر بوو و ئیدیعانامه‌یه‌کی که له‌ودا ترۆریزمی ده‌وڵه‌تی به روونی وه‌کو هۆی تاوان ناو بردرابوو، ئیمزا کرد.
شمیت باوێر وه‌زیری راوێژکار و لایه‌نی موعامه‌له‌ی فه‌للاحیان به سه‌ر ئامڕازی پێوه‌ندیه‌کانی گشتیدا ده‌یبۆڵاند که : "هه‌ر که‌س ورده‌کاریه‌کان بزانێ به ئاکامێکی به ته‌واوی جیاواز ده‌گات"، ئه‌و به ته‌نیایی چوبووه لای قازی.
دوای ئه‌وه کوبش، سه‌رۆکی دادگا له‌و و له ده‌فته‌ری کانسلێر(سه‌در ئه‌عزه‌م) داوای روونکردنه‌وه‌ی زیاتر و ئاشکراکردنی زانیاریه‌کانی پتر له‌وه‌ی که هه‌ن، کرد. ئه‌و پاش داوای سکاڵای تایبه‌تی، وه‌کو شاهید هاته دادگا و سوێندیان دا. به‌و شێوه ده‌رکه‌وت که ناوبراو هیچ ورده‌کاریه‌کی دژی به‌لاوه نییه. له ره‌وتی شاهیدی دانه‌که‌یدا هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی فه‌للاحیان بۆ وه‌لانانی دادگاش ده‌رکه‌وت، هه‌ر ئه‌و شته‌ی که شمیت باوێر له پاڕلمانی ئاڵمان‌دا به بێده‌نگی خۆی لێ لادابوو.
کانتێر وه‌زیری ناوه‌وه‌ی ئاڵمان که خۆی پێشسواری خه‌باتی دژ به تاوانی له پێشداداڕژاو ناو ده‌برد، ئیزنی نه‌دا که راپۆرتی گرینگی "گرۆپی کاری ئێران" له رێکخراوی ئاسایشی ناوه‌وه‌ی ئاڵمان، به دادگا بدرێ. له‌و راپۆرته‌دا هاتبوو که زانیاری سه‌رچاوه‌یه‌کی جێی بڕوا ده‌ریده‌خا که کوشتاری میکۆنۆس به رێبه‌ری نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتیکی ئێران ئاماده و به‌ڕێوه‌براوه. ته‌نانه‌ت وشه‌ی نهێنی کرده‌وه‌که که ئه‌و ئامانجه خراپه‌ی به هۆی باڵوێزی ئێرانه‌وه له بۆن به‌ڕێوه‌برد، له راپۆرته‌که‌دا هاتبوو. له هه‌مان کاتدا راپۆرته‌که هه‌ڵگری زۆر بابه‌تی گرینگ سه‌باره‌ت به شێوه‌ی کار، سیسته‌م و چه‌په‌ره‌ی کاری رێکخراوه‌کانی سیخوڕی ئێران له خاکی ئاڵمان‌دا بوو.
له‌وێوه که ئاکسێل یێشکه پارێزه‌ری شکایه‌تکه‌ری خوسووسی توانیبووی کۆپییه‌کی ئه‌و راپۆرته بدا به دادگا، دادگای به‌رز ده‌بوایه بڕیاری دابا که سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی وه‌زیری داخڵه، ئه‌و کۆپییه بخوێنێته‌وه و بایخی بۆ دانێ، یا چاوی لێ بپۆشێ. سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی دادستانی، دادگا بڕیاری به‌و کاره دا. ئه‌و بڕیاره نیشانه‌یه‌ک له سه‌ربه‌خۆیی دادگای به‌رز و بنه‌ڕه‌تی بڕوای ئوپۆزیسیۆنی ئێران به‌وه بوو که ناتواندرێ له گه‌ڵ ئه‌م دادگایه سرتوخورت بکرێ. هه‌ر له‌و کاته‌دا، هاوکاری رێکخراوی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان و رێکخراوی ئاسایشی ئێران که به واته‌ی خۆیان خه‌بات دژی مادده‌ی سڕکه‌ر و ترۆریسم بوو، خولقێنه‌ری ئه‌و بێ بڕواییه بوو. کاره‌ساتی ته‌باته‌بایی و نییه‌ت پیسی میکۆنۆس ده‌ریان خست که له راستیدا پێوه‌ندی کۆماری ئیسلامی و مادده‌ی سڕکه‌ر له چیدایه.
قه‌راری ده‌سگیرکردی فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران که دیوانی به‌رزی قه‌زایی ئاڵمان سه‌ره‌ڕای بێمه‌یلی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان رایگه‌یاند ، پیشانی دا که قووه‌ی قه‌زایی ئاڵمان پێی خۆش نییه که وه‌کو به‌برێکی کاغه‌زی پیشان بدرێ.
دواترین وێنه‌ی پێوه‌ندی ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان له کاره‌ساتی میکۆنۆس‌دا ، کاتێک بوو که دادستانی گشتی، دادستانی به‌رز یۆست و گیۆڕگ له نوڤامبری 1996 دا نه‌ترسانه له "ماشێنی مه‌رگ"ی ئێران باسیان کرد و ئه‌ندامانی ئه‌و ماشێنه‌یان به ناو ، ناو برد. له شاری موقه‌دده‌سی قوم فتوای کوشتنی ئه‌وان ده‌ربڕا. کۆهل سه‌رۆکی ئاڵمان به جێگای ئه‌وه‌ی به رۆشنی وه‌ڵامی ئه‌و شته قێزئاونیه بداته‌وه له نامه‌یه‌کدا بۆ ره‌فسه‌نجانی، سه‌ره‌ک کۆمار، لێبووردوویی هێناوه که هیچ که‌س ئامانجی بریندار کردنی "هه‌ستی مه‌زهه‌بی" ئێرانیه‌کانی نییه و به‌و شێوه پشتی نوێنه‌رانی دادستانی به‌تاڵ کرد.
ئه‌و بڕیاره ئاشکرایه، دان پێدانانێکی هوشیارانه بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی قووه‌ی قه‌زایی و نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌م له ئاست ویستی ده‌وڵه‌تدا سه‌ری دانه‌ده‌نه‌واند.
سه‌باره‌ت به کاره‌ساته‌که ، ناو بردنی ئێران وه‌کو بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی کوشتاره‌که له سه‌ره‌تادا روون نه‌بوو. ئه‌و مه‌ترسیه هه‌ست پێده‌کرا که وه‌کو ده‌ڵێن 4 کوژراو و 5 گومان‌لێکراو، ئیتر چتان ده‌وێ؟ هۆکاره‌کانی کاره‌ساتی میکۆنۆس بشاردرێنه‌وه و وه‌کو ته‌قه‌یه‌کی هه‌موو رۆژی له قاوه‌خانه‌یه‌کدا داوه‌ری له سه‌ر بکرێ. کاره‌ساتی کوژرانی قاسملو که کاره‌ساتی میکۆنۆس پێوه‌ندی هه‌مه لایه‌نه‌ی له گه‌ڵ ئه‌و هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌کو داکومێنت له لایه‌ن دادگاوه نه‌هاته گۆڕێ. داواکاری دادگا له‌و باره‌وه پێویست بوو. پرسیارکاری له گه‌نجی که فه‌رمانی کوشتنی ئه‌ویش ده‌ربڕدرابوو،هه‌ر وا نه‌هاته گۆڕێ. به هۆی داواکاری شکایه‌تکه‌ری تایبه‌تی، سه‌ره‌ک کۆماری پێشووی ئێران، به‌نی سه‌دریش شه‌هاده‌تی دا و راپۆرتی گروپی کاری ئێران له رێکخراوی ئاسایشی ناوه‌وه‌ی ئاڵمان به‌و داکۆمێنتانه‌وه لکا.
دادگا له ره‌وتی کاری خۆیدا هه‌ڵوێستی گوماناوی خۆی وه‌لانا و "ویستی بزانێ"، واته به‌و جێیه گه‌یشت که هۆکاره‌کانی ئه‌و تاوانه نه‌ترسانه روون کاته‌وه.
ئه‌و پێداچوونه‌وه به بۆچووندا له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کاری بێ پسانه‌وه و ماندوویی نه‌ناسی وهه‌روه‌ها هه‌ڵسوکه‌وتی راشکاوانه‌ی برۆنۆ یوست و رۆناڵد گیۆرگ، نوێنه‌رانی دادستانی. دادستانی به‌رز یوست، هه‌ر له رۆژه‌کانی هه‌وه‌ڵه‌وه لێکۆڵینه‌وه‌کانی برده پێش. ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به "وه‌لانانی ئێران" ه‌وه نه‌لکا. هه‌نگاو به هه‌نگاو کاری له سه‌ر راسته‌قینه‌کان و هه‌ر وه‌ها هۆکاره سیاسی و مێژووییه‌کان کرد، پاشان کاتێک که بای دژایه‌تی له بۆن و ته‌نانه‌ت جێی کاره‌که‌ش هه‌ڵی کرد، به‌و بڕوایه‌یدا که پێی گه‌یشتبوو پتر پێی چه‌قاند. له ئیداره‌ی جینایی فیدڕاڵ و رێکخراوی ئاسایشی ناوه‌وه و هه‌ر وه‌ها ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان‌دا، ئه‌و که‌سانه‌ی که ساڵه‌ها له‌ته موزاییکی ترۆریزمی ده‌وڵه‌تی ئێرانیان کۆکردبۆوه، به پێیزانینه‌وه دایان به کابرایه‌ک تا کاریان له سه‌ر بکا و ئه‌ویش سه‌ره‌نجام به ئاشکرا نرخی بۆ دانان و وێنایه‌کی ته‌واوی لێ پیشاندان.
ژنی کوژراوه‌کان دێهکوردی و عه‌بدولی و هه‌ر وه‌ها حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران رۆژێک پاش ترۆره‌که به ویستی خۆیان وولفگانگ ویلاند و منیان بۆ داکۆکی کردن له مافی خۆیان هه‌ڵبژارد. ئه‌و پارێزه‌ریه سه‌ره‌تا پڕ بوو له بێ متمانه‌یی به کاربه‌ده‌ستانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاڵمان که ئایا ئه‌وان ده‌یانهه‌وێ له سه‌ر بنه‌مای (ئێرانی) بوونی کاره‌ساته‌که بچنه پێشه‌وه، بۆ وێنه رێکخراوی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان له گه‌ڵ ئاسایشی ئێران که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌کو لێپرسراوی ترۆره‌که ده‌هاته به‌ر چاو، به شێوه‌یه‌کی فه‌ڕمی په‌یمانی هاوکاری هه‌بوو.
له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بڕیاری ئوپۆزیسیۆنی ئێران که هه‌موو زانیاریه‌کانی خۆی بێ ئه‌گه‌ر و به‌ڵام بخاته به‌ر ده‌ستی دادستانی به‌رزی یوست و پۆلیسی جینایی فیدڕاڵه‌وه، بڕیارێکی گرینگ و رێ ئاوه‌ڵاکه‌ر بوو، ئه‌گه‌ر چی له سه‌ره‌تادا گونجاو نه‌ده‌هاته به‌رچاو.
کاری سه‌ربه‌خۆی پارێزه‌رانی "سکاڵابه‌رانی خوسووسی" له پڕۆسه‌ی کۆڵینه‌وه‌ی داد دا گرینگ بوو. سه‌ره‌تا پێوه‌ندی نێوان پارێزه‌رانی سکاڵابه‌ران و نوێرانی دادستانی پڕ بوو له بێ متمانه‌یی. پارێزه‌ران ده‌ترسان که نوێنه‌رانی دادستانی به هۆی هه‌لپه‌ره‌ستی سیاسی یا مقام په‌رستیه‌وه، هۆکاره سیاسیه‌کانی ئه‌و ترۆره له بیر به‌رنه‌وه، به پێچه‌وانه ئه‌و ترسه نه‌گوتراوه‌ش هه‌بوو که پارێزه‌ران به دروشمی ته‌بلیغاتی رووته‌وه، دادگایه‌ک که ناکه‌وێته ناو پرسێکی سیاسیه‌وه به چاوی گومان و بێ بڕواییه‌وه ببینن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که جار و بار لێکهه‌ڵبه‌زینه‌وه و دژایه‌تی کردنیش له گۆڕێ‌دا بوو، له ره‌وتی دادگادا بڕوای دوو لایه‌نه په‌ره‌ی سه‌ند که ته‌واکه‌ری یه‌کتر بوون. له کاتێکدا که نوێنه‌رانی دادستانی به شێوه‌یه‌کی ئاسایی کاربه‌ده‌ستان و سیستمی لێکۆڵینه‌وه‌یان به ده‌سته‌وه بوو، سکاڵابه‌رانی خوسووسی ده‌یانتوانی زانیاری پتر و له په‌راوێزدا له ئوپۆزیسیۆن داوا بکه‌ن و وه‌ریشی گرن. بۆ وێنه ژماره ته‌له‌فونه‌کانی ئێران که له ده‌فته‌ری تۆماری گومانلێکراواندا دۆزرابۆوه هه‌ر له وێ روون که‌نه‌وه. هه‌ر وه‌ها له پێوه‌ند له گه‌ڵ ئیداره ده‌وڵه‌تیه‌کاندا که هه‌میشه ده‌بوا روو له به‌شی بڵاوکراوه ده‌وڵه‌تیه‌کان کرابا. سکاڵابه‌رانی خوسووسی به شێوه‌ی جۆراجۆر ده‌یانتوانی له گه‌ڵ ئامڕازی پێوه‌ندیه گشتییه‌کان پێوه‌ندی بگرن. هه‌ر بۆیه‌ش پشتگیری بیر و ڕای گشتی تواندرا په‌یتا په‌یتا وه‌جووڵه بخرێ. ناتواندرێ ئه‌وه بسه‌لمێ به‌ڵام به بڕوای من راگه‌یه‌نه‌ره‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای لێکۆڵینه‌وه‌وه تا راگه‌یاندنی حوکمه‌که نه‌خشێکی زۆر گرینگ‌یان هه‌بوو. ئه‌وان ئامانجی وه‌زاره‌تخانه‌کانیان بۆ ده‌ربڕینی "ئیددیعا نامه‌یه‌کی دیپلۆماتیک" له قاو دا، په‌یتا په‌یتا خوازیاری روونکردنه‌وه سه‌باره‌ت به هۆکاری قه‌تڵه‌کان بوون، نه‌یانهێشت سرنجی بیروڕای گشتی بخه‌وێ، نه‌خشی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییان ده‌رخست و ئه‌و کات که لێکۆڵینه‌وه‌کان، پیشانیاندا که فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران له‌و کاره‌ساته‌دا ده‌ستی هه‌بووه، خوازیاری قه‌راری گرتنی بوون. ئازایه‌تی هه‌ندێک له که‌سه‌کانیش جێی باسه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی سه‌لمان روشدی و وه‌رگێڕ و بڵاوکه‌ره‌وانی کتێبه‌که‌ی له به‌ر چاو بگرین.
به‌م شێوه سرییه‌ک هۆکار له سه‌رکه‌وتنی راسته‌قینه له دادگای میکۆنۆس‌دا گرینگ‌یان بوو. ئه‌و هۆکارانه‌ی که به‌نی سه‌در سه‌رکۆماری پێشووی ئێران که له دادگاشدا شاهیدی دا، له ساڵتێوه‌رسووڕانی حوکمه‌که‌دا ئاوا سه‌ریه‌کی خستنه‌وه: ئه‌و سه‌رکه‌وتنه نه‌ده‌هاته ده‌ست ئه‌گه‌ر دادوه‌ر و دادستان و لێکۆڵه‌ر و پارێزه‌ره‌کان سه‌ربه‌خۆیی و ئازایه‌تیان نه‌بوایه. ئه‌گه‌ر ئێرانیه‌کان خۆیان له گیری خۆپارێزی رزگار نه کردبایه و شوێن دۆزینه‌وه‌ی راسته‌قینه نه‌که‌وتبانایه تا بیده‌ن به دادگا. ئه‌و ئێرانیانه‌ی که له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئێران، گیانی خۆیان خسته مه‌ترسیه‌وه، ئه‌ویش نه بۆ لایه‌نگری یا دژایه‌تی سیاسی، به‌ڵکو بۆ ده‌ربڕینی راسته‌قینه، ئه‌گه‌ر راگه‌یاندراوه‌کان، به‌تایبه‌ت راگه‌یاندراوه ئاڵمانیه‌کان،بیروڕای گشتییان له راسته‌قینه ئاگادار نه‌کردبایه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه بوو که راسته‌قینه ببێته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ده‌وڵه‌ت. (انقلاب اسلامی در هجرت، شماره 435)
ئه‌و ئێرانیانه‌ی که گیانی خۆیان خسته مه‌ترسیه‌وه و به‌نی سه‌در باسی ئازایه‌تیان ده‌کا، بۆ وێنه بۆ خۆیه‌تی و هه‌ر وه‌ها گه‌نجی و حسه‌ینی که سه‌ره‌ڕای ترساندنیان به کوشتن له ژێر پارێزگاری توندوتیژدا له دادگا شاهیدییان دا و زیاتر له هه‌موان پیاوێک له به‌ر چاوه که به بۆنه‌ی محاکه‌مه‌که‌وه وه‌کو یارمه‌تیده‌ری روون بوونه‌وه‌ی راسته‌قینه، له دادگادا که‌ڵکی لێوه‌رگیرا.
له به‌هاری ساڵی 1996 دا یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران له‌و وڵاته هه‌ڵات، ئه‌و زانیاری زۆر گرینگ و به‌رچاوی له سه‌ر "کومیته‌ی کاروباری تایبه‌تی" هه‌بوو، کومیته‌یه‌کی نائاشکرا و له‌وپه‌ڕی یاسای بنه‌ڕه‌تی که سه‌رکۆمار، سه‌رۆکی واواک، وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه و رێبه‌ری مه‌زهه‌بی تێیدا ئه‌ندامن. جێژنی ئۆسته‌رنی 1996 من به هۆی به‌نی سه‌دره‌وه له هه‌ڵاتنی ئه‌و که‌سه که له پاکستان خۆی شاردبۆوه، ئاگادار بووم. هه‌وڵی من بۆ راگواستنی ئه‌و بۆ ئوروپا بێ‌ئاکام مایه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ئاخر داکۆکیه‌کان که‌وتبوه ژوئێنی 1996. وا ده‌هاته به‌ر چاو که زانیاریه‌کانی ئه‌و که‌سه بۆ دادگا ئیتر له ده‌ست چوون. دوایی شتێک قه‌وما که من له دادگادا ناوی گێره‌شێوێنی ده‌وڵه‌تیم له سه‌ر دانا: سه‌فیری ئێران به شمیت باوێری راگه‌یاند که دوو شاهید که له ئێران ده‌ژین ئاماده‌ن که له باڵوێزی ئاڵمان له تاران‌دا شاهیدی بده‌ن. به‌و شێوه دادگای دوایی چه‌ند مانگێک وه‌دوا که‌وت. به درێژه کێشانی دادگا به زیانی سه‌به‌بکاره‌کانی ته‌واو بوو. له ئوتی 1996 دا ئوپۆزیسیۆنی ئێران توانی پیاوی ناوه‌وه‌ی ئیتلاعات بێنێته ئوروپا. هه‌ر وه‌کو به‌نی سه‌در له کاتی شاهیدیدان له دادگادا له شاهیدی c وه‌کو سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌کانی خۆی ناوی برد. دواتر له نێوان c که به نهێنی ده‌ژیا و دادستانی باڵا، یوست پێوه‌ندی دامه‌زراند و سه‌رئه‌نجام c به بێ ئاماده‌یی گوێ‌گران له دادگادا شاهیدی دا. ئێران له دۆسیه‌یه‌کدا که بۆ وه‌زاره‌تی دادی نارد ناوی میسباحی ئاشکرا کرد. هه‌وڵی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی میسباحی وه‌کو درۆزن و فشه‌که‌ر ناو خراپ بکا زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ی پێویست بوو، له پرسیار و وه‌ڵامی سیاسه‌توانانێک وه‌کو یوخن فۆگل، کوشینگ و ویشنۆفسکی تا دۆزینه‌وه‌ی کاغه‌زی پێناسه‌ی هوتێل له سویس. میسباحی هه‌ر چی کوتبووی راست بوو. وته‌کانی ئه‌و بوونه یه‌کێک له ئه‌ستوونده‌کانی گرینگی حوکمه‌که.
میسباحی دوای راگه‌یاندنی حوکمه‌که‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ک وته‌کانی خۆی وه‌رنه‌گرته‌وه. به بڕوای ئه‌و، کومیته‌ی کاروباری تایبه‌تی ئه‌گه‌ر چی ئێستا ئیتر نه‌ماوه - ئه‌گه‌ر راست بێ – شتێک نییه بێجگه له سه‌رکه‌وتنی ئاشکرا کردنی له هه‌موو جیهاندا به هۆی حوکمی میکۆنۆسه‌وه.
پاش ئه‌و حوکمه چ قه‌وما؟ له کاتێکدا که قه‌راری ده‌سگیرکردنی فه‌للاحیان وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێران له ره‌وتی دادگای بڕلیندا له لایه‌ن دادگای هه‌ره به‌رزی وڵاته‌وه ده‌رچوو، قه‌راری تریش له مانگه‌کانی پاش ده‌رچوونی حوکمه‌که بۆ عه‌لی که‌مالی و ئه‌سغه‌ر ئه‌ڕشه‌د وه‌کو رێکخه‌ر و هه‌روه‌ها بۆ عه‌بدوڕه‌حمان به‌نی هاشمی ناسراو به "شه‌ریف" موسه‌لسه‌لچی و سه‌رۆکی تیمی ترۆر ده‌رچوو. بێجگه له مانه قه‌راری ده‌سگیری فه‌زلوڵڵا حه‌یده‌ر و عه‌لی سه‌برا، لێخوڕ و کڕیاری ماشێنی هه‌ڵاتن هێشتا به جێی خۆی ماوه. که‌ی ئه‌م قه‌رارانه به‌رێوه‌ده‌چن، که‌س نایزانێ.
دادستانی گشتی بۆ ئه‌ندامه‌کانی تری کومیته‌ی تایبه‌ت بێجگه له فه‌للاحیان – واته سه‌رکۆمار، رێبه‌ری مه‌زهه‌بی، وه‌زیری ده‌ره‌وه و نوێنه‌رانی تری ئورگانی ئیتلاعات - پاش لێکۆڵینه‌وه و وتووێژ له بۆن به‌و ئاکامه گه‌یشت که لێپرسینه‌وه ده‌ست پێنه‌کا و هه‌ر بۆیه‌ش قه‌راری ده‌سگیری داوا نه‌کرد. تا ئه‌م قۆناغه دادستانی گشتی فیدڕاڵ به پێی بڵاوکراوه‌یه‌ک له راگه‌یاندراوه‌کاندا له 15 ی مانگی مای 1997 دا رایگه‌یاند: " به‌ربڵاوی پارێزراوی نێونه‌ته‌وه‌یی به گشتی ناروونه. لێکۆڵینه‌وه‌ی پتر بۆ روونکردنه‌وه‌ی بڕیاره‌کانی کومیته و سه‌لماندنی به‌شداری سه‌لمێندراوی ئه‌ندامانی کومیته- بێجگه له فه‌للاحیان وه‌زیری ئیتلاعات - له تاواندا نه‌گونجاوه. له‌م بارودۆخه‌دا ده‌سپێکردنی لێکۆڵینه‌وه دژی ئه‌ندامانی کومیته به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه."
به‌و شێوه دادستانی گشتی له هاست سێ رێگردا سه‌ری دانه‌واند: گرفتی یاسایی(یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی)، گرفتی به کرده‌وه بۆ روون کردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تی بڕیاره‌کانی کومیته( که‌ی و به بوونی کێ ئه‌و بڕیارانه گیراون؟) و ئاخرین و نه که‌م گرینگی خۆپارێزی سیاسی که به ناوی "شێوه‌ی سه‌ره‌کی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی" به پێی مادده‌ی 153 ی به‌ندی پ ی یاسای حوکمی گشتی ناویبردرابوو.
من ئه‌و بڕیاره‌ی دادستانی باڵای هه‌موو وڵات به جێی داکۆکی ده‌زانم. ته‌نانه‌ت به بێ راگه‌یاندنی تاوانێکی ئه‌وتۆ، ترۆریزمی ده‌وڵه‌تی رێبه‌رانی له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێران له ساڵی 1992 دا له بڕیارێکی یاساییدا سه‌لمێندرا. گۆڕانکاری سه‌ره‌کی ده‌بێ له ئێران‌دا بێته گۆڕێ. ئایا ئه‌و حوکمه به‌شی له‌و کاره‌دا ده‌بێ؟
باشتر له من به‌نی سه‌در ده‌توانێ داوه‌ری بکا که ساڵێک پاش ئه‌و حوکمه نووسی: دوای ساڵێک له ده‌رچوونی حوکمی دادگا، له دوو هه‌ڵبژاردندا که رژیم بۆ خۆی به‌ڕێوه‌یبرد، خه‌ڵکی ئێران یه‌کپارچه دژایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ رژیمی ویلایه‌تی فه‌قیه ده‌ربڕی: "هه‌ڵبژاردنی" 22ی مای 97 (خوردادی 1367)، له که‌شوهه‌وایه‌کدا که دادگا پێکی هێنابوو، هه‌لێکی به خه‌ڵکی ئێران‌دا تا دژایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ رژیم ده‌ربڕن. له "هه‌ڵبژاردنی" نێوان ده‌وره‌یی 13ی مارسی 98 (22ی ئه‌سفه‌ندی 76)، خه‌ڵکی ئێران، به بایکوتکردنی خۆبه‌خۆ، جارێکی تر دژایه‌تی خۆیان ده‌ربڕی. خۆپیشاندانی خوێندکاران به هاواری "بمرێ فاشیزم"، "تاڵه‌بان له ئێران بڕۆ" ، "ئێمه ئازادیمان ده‌وێ" و جووڵانه‌وه‌ی حه‌وزه‌کانی دینی و خه‌ڵکی شاره‌کان، له نێوان دوو "هه‌ڵبژاردن " دا، بوونه بازنه‌یه‌ک و په‌تێکی پێکه‌وه لکاو له هه‌وڵی ئێرانیه‌کان بۆ دابین کردنی سه‌روه‌ری خه‌ڵک. له‌و ساڵه‌دا راسته‌قینه‌یه‌ک ده‌رکه‌وت که له رۆژئاوادا به پێچه‌وانه ده‌بیندرا. ئه‌و مه‌یله توندڕه‌وانه‌ی که له رۆژئاوا نازناوی "ئه‌نتیگریست"یان داوه‌تێ، له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا پاڵپشتی پێنج له سه‌دیشی نییه.
ته‌نیا مێژوو ده‌توانێ وڵام بداته‌وه که ئایا سه‌رکۆماری نوێی ئێران خاته‌می ته‌نیا مه‌لایه‌ک له جلوبه‌رگی مودێڕندایه یا ده‌بێته ئاوه‌ڵا که‌ره‌وه‌ی رێگای دیموکڕاسی؟
میکۆنۆس- تا سیپتامبری 1992 ته‌نیا ناوی دوورگه‌یه‌کی حه‌سانه‌وه له یونان بوو – پاشان هاوناو له گه‌ڵ کوشتاری به ده‌ستووره. به‌ڵام پاش ده‌رچوونی حوکم، میکۆنۆس وه‌کو نیشانی ئازایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی قووه‌ی قه‌زایی، شکانه‌وه به‌ره‌و رووناککردنه‌وه به بێ له به‌ر چاو گرتنی پرسی سیاسی و راگه‌یاندنی راسته‌قینه سه‌ره‌ڕای ته‌وژم، به کورتی نیشانه‌ی هومێده.
جارێکی‌تر به‌نی سه‌در: "ئه‌مه یه‌که‌م جار بوو که حه‌ق به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیدا سه‌رکه‌وت."
هانس – یواخیم ئێریک (پارێزه‌ری یه‌کێک له سکاڵاکه‌ران) ئوکتوبری 1998
دادگای باڵای جینایی بڕلین
به ناوی میلله‌تی ئاڵمان
دۆسییه‌ی ژماره 2STE2I93(19I93)
مێژووی ده‌رچوونی حوکم: ده‌ی ئاوریلی 1997
بۆ بڕیاردان له سه‌ر:
1 – یۆسف موحه‌مه‌د ئه‌لسه‌ید، ئه‌مین له دایکبووی 5ی نوڤامبری 1967 ، ئادێ ئیسی لوبنان، بێ ئادره‌سێکی هه‌میشه‌یی له ئاڵمان، جێی دایشتنی ئێستا، به‌ندیخانه‌ی م‌و- ئابیت، ژماره‌ی زیندانی 93/4852 2 – موحه‌مه‌د ئاتریس له دایکبووی ده‌ی فێڤڕاڵی 1970 له شێحه‌ین، لوبنان، دانیشتووی بڕلین.
3 – عه‌تائوڵڵا عه‌یاد، له دایکبووی 1966، له بوڕقامور، لوبنان، دانیشتووی بڕلین.
4 – کازم دارابی، له دایکبووی 22ی مارسی 1959 له کازرون/ ئێران، دانیشتووی بڕلین، جێی دانیشتنی ئێستا به‌ندیخانه‌ی م‌و- ئابیت، ژماره‌ی زیندانی 92/4022
5 – عه‌بباس حسه‌ین ره‌حیل، له دایکبووی 1967 (به واته‌ی خۆی 12ی نوڤامبری 67) له خه‌ییام، لوبنان، بێ ئادره‌س له وڵاتی ئاڵمان‌دا، زیندانی ژماره 93/4747 به‌ندیخانه‌ی م‌و- ئابیت.
به گومانی کوشتن و تاوانی تر...
به‌شی یه‌که‌می دادگای به‌رزی بڕلین، کۆبوونه‌وه‌کانی خۆی له 28ی ئوکتوبری 1993وه تا 10ی ئاوریلی 1997 به به‌شداری ئه‌و به‌شدارانه‌ی خواره‌وه پێکهێنا:
که‌بش، سه‌رۆکی دادگا
داوه‌ران: دوکتور نۆلدکه، کلێمت، ئالبان، شپیگل
یوست، دادستانی به‌رزی دیوانی به‌رزی قه‌زایی فیدڕاڵ
گیۆرگ، دادستانی به‌رز، وه‌کو نوێنه‌ری دادستانی گشتی فیدڕاڵ
پارێزه‌ران: دوکتور بوف گارتس، دوکتور باومایێڕ و پورتی یوس، پارێزه‌رانی م.ع ئه‌مین
پارێزه‌ران: سالم و ئادێم، پارێزه‌رانی ئاتریس
پارێزه‌ران: ووردینگێر و شتێفان گێن بێرگ، پارێزه‌رانی م. ع عه‌یاد
پارێزه‌ران: کین مێشکلات، کولێگه و پانکار، پارێزه‌رانی م.ع دارابی
پارێزه‌ران: هێدریش و کایزێر، پارێزه‌رانی م. ع ره‌حیل
پارێزه‌ر ئێهریگ، پارێزه‌ری عه‌بدولی (له لایه‌ن خێزانیه‌وه)
پارێزه‌ر ویلاند، (پارێزه‌ری دێهکوردی) له لایه‌ن خانمی به‌دیعی، خێزانیه‌وه
پارێزه‌ر شیلی (پاشان بوو به وه‌زیری داخڵه‌ی ئاڵمان) و پێشکه، پارێزه‌ری سکاڵابه‌رانی قادری
کارمه‌ندانی دادگا: ئێلپگێر، لۆمان، شرودێر به‌رپرسی رێکوپێک کردنی دۆسیه‌کانی دادگا.
دادگا له دانیشتنی رۆژی 10ی ئاوریلی 1997 دا ئه‌و حوکمانه‌ی خواره‌وه‌ی دا ده‌ره‌وه:
سکاڵالێکراوان، دارابی و ره‌حیل به هۆی به‌شداری له چوار قه‌تڵی به ئانقه‌ست (تاوانی پڕ ئه‌ژماره)، هه‌ر کام به زیندانی هه‌تاهه‌تایی مه‌حکووم ده‌بن. تاوانی ناوبراوان گه‌لێک قورسه و هه‌ڵگری ئه‌وپه‌ڕی سزایه.
سکاڵالێکراو ئه‌مین به هۆی به‌شداری ناڕاسته‌وخۆ له چوار قه‌تڵی به ئانقه‌ست به 11 ساڵ زیندان مه‌حکووم ده‌کرێ.
سکاڵالێکراو ئاتریس به هۆی به‌شداری ناڕاسته‌وخۆ له چوار قه‌تڵی به ئانقه‌ست و به له به‌ر چاو گرتنی حوکمی پێشوو له 28 ی جولای 1993 دا له لایه‌ن دادگای چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی (جینایی) بڕلینه‌وه، سه‌رجه‌م به پێنج ساڵ و سێ مانگ مه‌حکووم ده‌کرێ.
سکاڵالێکراو عه‌یاد ده‌به‌خشرێ. ئه‌و مافی وه‌رگرتنی زیان به هۆی ده‌سگیرکرانیه‌وه یا دابینکردنی پێداویستیه‌کانی تری نییه.
شتومه‌کی ناوبراو له لیستی لکاودا ده‌ستیان به سه‌ردا ده‌گیرێ.
مه‌حکووم کراوان ده‌بێ خه‌رجی دادگا و قه‌ره‌بووی خه‌رجی سکاڵابه‌رانی تایبه‌ت، وه‌ئه‌ستۆ بگرن.
سندووقی ده‌وڵه‌ت خه‌رجی دادگای عه‌یاد و ئه‌و زیانانه‌ی که له لایه‌ن ئه‌وه‌وه به سکاڵابه‌رانی تایبه‌ت گه‌یشتووه، وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ.
ئه‌و مادده یاساییانه‌ی که دادگا پشتی پێبه‌ستوون:
له پێوه‌ند له گه‌ڵ ئه‌مین دا: مادده‌ی 211، 27، 52 ی یاسای سزای گشتی.
له پێوه‌ند له گه‌ڵ ئاتریس دا: مادده‌ی 211، 27، 52 و 57 ی یاسای سزای گشتی.
له پێوه‌ند له گه‌ڵ دارابی و ره‌حیل دا: مادده‌ی 211، 52 و 57 ی ئه‌لف، به‌شی یه‌که‌م، به‌ندی یه‌کی ئه‌و یاسایه. ئه‌م حوکمه بێ یه‌ملا وئه‌ولا نییه.
لیستی لکاو به حوکمه‌که‌دا
لیستی شتومه‌کی ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراو
- کیفی وه‌رزشی پلاستیکی Sporino به ره‌نگی ره‌ش و سه‌وز
- موسه‌لسه‌لی یوزی دروستکراوی ئیسڕاییل، کالیبری 9 میلیمیتری، ژماره‌ی چه‌ک 075884
- ده‌نگ بڕی موسه‌لسه‌ل
- فیشه‌کدانی 32 فیشه‌کی موسه‌لسه‌ل
- چه‌کی که‌له‌که (ده‌مانچه) ی ئوتوماتیک، دروست کراوی کارخانه‌ی "لاما"
- فیشه‌کدانی چه‌کی که‌له‌که
- سێ دانه فیشه‌کی چه‌کی که‌له‌که، کالیبری 65/7 میلیمتری برۆنینگ
- ده‌نگ بڕی چه‌کی که‌له‌که
- مل پێچی قاوه‌یی/ قاڵایی، به هێڵی قاوه‌یی ره‌نگه‌وه
- کڵاوی کاموای ره‌ش
- ده‌سکێشێک (چه‌پ) به ره‌نگی ره‌ش که دیوی ناوه‌وه‌ی به ره‌نگی قاڵایی چندراوه.
- ترۆمبێلی BMW شینی مێتالیک به که‌ره‌سه‌ی یه‌ده‌کی ژماره 5503- B ژماره‌ی شاسی 73332529 B- 4106
- نه‌خشه‌ی ساری بڕلین- به ناوی فاڵکه، چاپی 56
- کراسی قۆل کورتی مارک لویس، ژماره‌ی گه‌وره و به ره‌نگی بنه‌وش
- کڵاوی په‌شمی چندراوی سه‌وزی توند
- باڵته‌ی هاوینی پیاوانه‌ی ره‌ش ،ژماره 26
- هه‌شت جوت ده‌سکێشی پلاستیکی سپی که جارێک به کار دێن
- پاسپۆرتی لوبنانی ژماره 1024936 به ناوی حسه‌ین شه‌وقی ئاتریس.
هۆکاری حوکمه‌کان و رابردووی گومانلێکراوه‌کان
به‌شی یه‌که‌م
1- یۆسف ئه‌مین
گومان‌لێکراو له 1967/11/15 له ئادائیسی لوبنان له دایک بووه و شاروه‌ندی لوبنانه. ئه‌و سه‌رده‌می منداڵی خۆی هه‌ر له‌و شاره‌دا که لێی له دایک بووه، تێپه‌ڕ کردووه. ئه‌مین منداڵی چوارده‌هه‌م و هه‌ره چکۆله‌ی خێزانه‌که‌یه‌تی. سێ برای ئه‌و له لوبنان له بانکێکدا کار ده‌که‌ن و برایه‌کیشی وه‌کو ده‌ڵێن به‌رپرسی به‌ندیخانه‌یه‌که. پیشه‌ی باوکی تا ئێستا به روونی ده‌رنه‌که‌وتووه و دایکی منداڵدار و خانه‌نشینه.
ئه‌مین ته‌نیا 2 ساڵ ده‌چێته مه‌دره‌سه و پاشان وه‌کو به‌رده‌ستی دارتاش، ماوه‌یه‌کی کورت کار ده‌کا. پاش ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی ئه‌مین، یا باشتره بڵێین ئه‌و و دایکی چوونه به‌یرووت، ئه‌مین له مه‌دره‌سه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تیدا ناونووسی ده‌کا و له ساڵی 1977ه‌وه تا 83 – 1982، له به‌شی کرده‌وه‌ی ئه‌وێدا ده‌ست به خوێندن ده‌کا. به هۆی بارودۆخی له‌رزۆک و بێ ئاسایشی هه‌ڵقوڵاو له شه‌ڕی داخڵی لوبنانه‌وه، ئه‌مین ده‌رسه‌که‌ی بۆ ته‌واو ناکرێ و ئه‌وه له کاتێکدایه که ئه‌و ته‌نانه‌ت خوێندن و نووسینیش به ته‌واوی فێر نه‌ببوو. له ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌ییدا به یارمه‌تی مامۆستایه‌کی تایبه‌تی توانی ته‌نیا خوێندن و نووسین فێر بێ. دوایی ماوه‌ی 6 مانگ ده‌وره‌یه‌کی عه‌مه‌لی لوله کێشی بینی و هه‌ر له‌و پیشه‌دا ده‌ستی به کار کرد. له ساڵی 1989 دا ژنی هێنا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌کی کورت به هۆی پێچه‌قاندنی دایک و باوکی ژنه‌که‌ی که شیعه‌ی ده‌مارگرژ بوون و ئه‌ویان په‌یتا په‌یتا به بۆنه‌ی هاوکاری ئه‌و له گه‌ڵ حیزبی ئه‌مه‌ل سه‌رکۆنه و چکۆله ده‌کرده‌وه، لێبڕا ژنه‌که‌ی ته‌ڵاق بدا.
ئاخره‌کانی ساڵی 1989 ئه‌مین به هۆی بارودۆخی ناله‌بار و نا ئه‌منی لوبنان، بڕیاری دا ئه‌وێ به جێ بێڵێ. ئه‌و له گه‌ڵ ره‌حیل – گومانلێکراوی زیندانی- و عه‌لی سه‌برا – گومانلێکراوی هه‌ڵاتوو- ئیبراهیم ئه‌لموسه‌وی – شاهید- و دوو که‌سی گه‌نجی تر به‌ره‌و ئاڵمان رێکه‌وتن.
ئه‌وانه سه‌ره‌تا به فڕۆکه له به‌یروته‌وه بۆ مه‌جارستان فڕین و له وێوه به هۆی قاچاخچییه‌وه و له ده‌سته‌ی چکۆله‌دا ، له رێگای عه‌رده‌وه به‌ره‌و ئاڵمان رێکه‌وتن، پاش چه‌رمه‌سه‌ری و گیروگرفت ، به شێوه‌ی نا یاسایی هاتنه ناو خاکی ئاڵمانه‌وه. ئه‌وان له شاری ئاخن یه‌ک ده‌گرنه‌وه و هه‌ر له وێش ده‌مێننه‌وه.
پاش ماوه‌یه‌کی کورتی مانه‌وه له ئاخن، ئه‌مین و ره‌حیل خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه بڕلین. ئه‌مین له یه‌کی فێڤرییه‌ی 1990 دا داوای په‌نابه‌ری سیاسی ده‌کا. ئه‌و له رۆژی 9ی ئاوریلی 1990 دا داواکاری په‌نابه‌ریه‌که‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه و له جیاتی ئه‌وه له ئیداره‌ی مانه‌وه‌ی بیانیه‌کانی بڕلین ئیزنی کاتیی مانه‌وه وه‌رده‌گرێ که له چه‌ند جاردا و سه‌ره‌نجام تا 5ی مارسی 1992 درێژ ده‌کرێته‌وه.
ئه‌مین پاش داوای په‌نابه‌ری له بڕلین، سه‌ره‌تا ده‌نێردرێته ئوردوگایه‌کی په‌نابه‌ران، دوایی له وێ دێته ده‌ر و له کن ناسیاوان و بۆ وێنه له ماڵی کازمی دارابی له "دێتمۆلدێر شتڕاسه" ده‌ژی. له‌و کاته‌دا ره‌حیلیش هه‌ر له‌و ئاپارتمانه‌دا ده‌ژیا.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌مین له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئاڵمانه‌وه دابین ده‌کرا، ئه‌و له هه‌ر هه‌لێک که هه‌ڵده‌که‌وت بۆ کاری ره‌ش که‌ڵکی وه‌رده‌گرت. ئه‌و کارانه‌ی زۆربه‌ی کات کازمی دارابی بۆ ده‌دۆزیه‌وه.
ئه‌مین سه‌ره‌تا ماوه‌ی نزیک به 6 مانگ بێ پسانه‌وه و پاشان جار و باره له ماشێن شتنی عه‌یاد که دوایی بووه "شه‌ریکه‌ی عه‌یاد- دارابی" کاری کرد. دوایی له دووکانی خوارده‌مه‌نی گومان‌لێکراو هه‌ڵکه‌وتوو له " وێزێر شتڕاسه، بڕلین" و جاروباره له پێشانگاکانی وه‌کو: پێشانگای "حه‌وتووی سه‌وز" و "بورسی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌نعه‌ت و توریزم" و ماوه‌یه‌کی کورتیش له ئاشپه‌زخانه‌ی رستۆرانی "حه‌بیبی" که مه‌کۆی هاوشاریه‌کانی بوو، کاری کرد. له ئوکتۆبری 1990 دا ئه‌مین و ره‌حیل به شێوه‌ی نایاسایی ده‌چن بۆ سویس و له وێ داوای په‌نابه‌ری ده‌که‌ن.
چونکه بیستبویان که باری ژیانی په‌نابه‌ران له‌وێ له ئاڵمان باشتره. له سویس مانگانه 850 فڕانکی سویسیان بۆ ژیان و 700 فڕانکی تریان بۆ کرێ ماڵ ده‌دا به ئه‌مین. ئه‌مین بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئاڵمان و درێژ کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه ی خۆی، جاروبار سه‌رێکی له بڕلین ده‌دا. له 20ی مارسی 1991 دا ئه‌مین و ره‌حیل له سویس ده‌رده‌کرێن و یه‌کسه‌ر بۆ به‌یروت ده‌نێردرێنه‌وه. له وێ ئه‌مین له گه‌ڵ ژنی ئێستای زه‌ماوه‌ند ده‌کا.
له مانگی ژوئێنی 1991 دا ئه‌مین بۆ جارێکی تر به هۆی قاچاخچی و به رێگای پڕاگ‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بڕلین. دوابه دوای ئه‌و خێزانه‌که‌ی له مانگی ئوکتۆبر یا نوڤامبری ئه‌و ساڵه‌دا ده‌گاته ئاڵمان و له ماڵی برای مێرده‌که‌ی ئه‌حمه‌د ئه‌مین، له شاری راینه ده‌حه‌وێته‌وه. له مه به دواوه ئه‌مین په‌یتا په‌یتا هاتوچۆی ماڵی براکه‌ی ده‌کا به‌ڵام چاو له بڕلینیش ناقوچێنێ، چون بێجگه له وه‌رگرتنی یارمه‌تی، ده‌بوا ئیزنی مانه‌وه‌که‌شی درێژه پێ‌بدا. له بڕلین چاوپێکه‌وتنی دۆستان بۆ وێنه گومان‌لێکراوان عه‌یاد، ئاتریس و ره‌حیل له بیر ناکا. کاری ره‌شیش ئه‌گه‌ر بلوایه ده‌یکرد. به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌کانی مزگه‌وتی ئیمام جه‌عفه‌ری سادقی بڕلین له کاره‌کانی تری ئه‌مین بوون.
له 19ی ژۆئێنی 1992 دا له ئه‌مین داوا کرا که خاکی ئاڵمان به جێ بێڵێ. ئه‌و زۆر تێده‌کۆشێ تا به شێوه‌ی یاسایی ئه‌و ئولتیماتۆمه له کاردانه‌وه بخا. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی ده‌ست ناکه‌وێ. وه‌ره‌قه‌ی وه‌ده‌رکه‌وتنی ده‌ده‌نێ،
که تا رۆژی 4 ی سپتامبری 1992 به دڵخوازی خۆی له وڵات بچێته ده‌ر و پێویستی به ده‌رکردنی به زۆر نه‌یه‌ته پێش. به‌ڵام ئه‌مین بۆ ویست و ئولتیماتۆمی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان بایخ دانانێ تا سه‌ره‌نجام رۆژی 4ی ئوکتۆبری 92 له گه‌ڵ ره‌حیل و له ماڵی براکه‌ی، ئه‌حمه‌د، له راینه ده‌گیرێ.
گرتنی ئه‌و به پشت به‌ستن به قه‌راری ده‌سگیری 5ی ئوکتۆبری 1992 که له لایه‌ن لێپرسه‌ری دادگای به‌رزی قه‌زایی فیدڕاڵ ده‌رچووه، درێژه ده‌درێ. ئه‌مین پێشینه‌ی تاوانی نییه. ئه‌و له مانگی دیسامبری 1992 دا له ژنی ئێستای ده‌بێته خاوه‌نی کوڕێک.
2 – گومان‌لێکراو محه‌مه‌د ئاتریس
ئه‌و گومانلێکراوه له 10ی فێورالی 1970 له لوبناندا له دایک ده‌بێ. باوکی خه‌ریکی کڕین و فرۆشتن بووه و له گه‌ڵ ژنه ماڵداره‌که‌ی و سێ منداڵ که گه‌وره‌که‌یان پاتریس بێ، له به‌شی رۆژئاوای به‌یروت ده‌ژیا. ئاتریس له ته‌مه‌نی چوار ساڵه‌ییه‌وه ناردراوه‌ته مه‌دره‌سه‌ی ئاماده‌یی و له ساڵی 1978 دا له مه‌دره‌سه‌یه‌کی کلیسای سه‌ڕانسه زمان دیپلۆمی وه‌رگرتووه که ئه‌و دیپلۆمه هه‌ر وه‌کو دیپلۆمی یاسایی لوبنان ده‌ژمێردرێ.
ئه‌و هه‌رگیز شوێن پیشه‌یه‌کی تایبه‌ت نه‌که‌وتووه به‌ڵام پێی خۆش بووه که خوێندنه‌که‌ی درێژه پێ‌بدا و له‌وانه بوو ئابووری سه‌نعه‌تی ته‌واو کردبایه. به‌ڵام به هۆی بارودۆخی ناله‌باری لوبنان به‌و ئامانجه‌ی خۆی ناگا.
ئاتریس چون بواری کار کردنی له وڵاتی خۆیدا نابینێ، ده‌که‌وێته بیری چوونه ده‌ر له لوبنان. ئه‌و بیره کاتێک له‌ودا به ته‌وژم تر ده‌بێ که خۆی له هه‌لومه‌رجێکدا هه‌ست پێده‌کا که ده‌بێ ببێته ئه‌ندامی حیزبی چه‌پی "جووڵانه‌وه‌ی میللی لوبنان" و جه‌ک هه‌ڵگرێ. ئه‌و پێی خۆشه له گه‌ڵ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه هاوکاری بکا، چون ماڵه‌که‌یان له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گڕوپه‌دا بوو. به‌ڵام بۆ خۆی به توندی دژی هه‌ڵسوکه‌وتی چه‌کدارانه بوو. پاش ئه‌وه‌ی "جووڵانه‌وه" باوکی ده‌دزێ و ئاندامانی نێرینه‌ی خێزانه‌که‌ی به زۆر بۆ شه‌ڕی چه‌کدارانه هانده‌دا، ئاتریس لوبنان به جێ دێڵێ.
برا چکۆله‌که‌ی به ناوی شه‌وقی ئاتریس له پێشدا، واته له مانگی فیوراڵی 1989 دا چوبووه لای مامی که له بڕلین ده‌ژیا. ئه‌وانی تری خێزانه‌که‌ی بێجگه له باوکی له ئاخر و ئۆخری ئه‌و ساڵه‌دا به‌ره‌و بڕلین رێده‌که‌ون. سه‌ره‌نجام باوکی خێزانه‌که‌ش ئاخره‌کانی 1989 خۆی ده‌گه‌یه‌نێته خێزانه‌که‌ی له بڕلین. هه‌مووی خێزانه‌که له بڕلین داوای په‌نابه‌ری ده‌که‌ن که پاشان داواکاریه‌که‌یان وه‌رده‌گرنه‌وه و له جیاتی ئه‌و، ئیزنی مانه‌وه‌ی کاتی وه‌رده‌گرن که چه‌ند جارێکیش درێژه ده‌درێته‌وه. خێزانی ئاتریس پاش مانه‌وه‌یه‌کی کاتی له که‌مپێکی بیانییان، ماڵێکی له‌بار له بڕلین ده‌دۆزنه‌وه. سه‌ره‌ڕای داراییه‌کی زۆر له لوبنان، ئه‌و خێزانه له یارمه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و خانووبه‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی ئاڵمان که‌ڵک وه‌رده‌گرن، به شێوه‌یه‌ک که له باری ژیانه‌وه هیچ که‌م و کوڕییه‌ک هه‌ست پێناکه‌ن.
گومان‌لێکراو ئاتریس ئه‌گه‌ر چی ته‌نیا مانگێک ده‌چێته که‌لاسی زمانی ئاڵمانی به‌ڵام له کۆمه‌ڵدا زۆر زوو زمانی ئاڵمانی فێر ده‌بێ. نێوه‌ڕاسته‌کانی ساڵی 1990 ئیزنی کار کردن وه‌رده‌گرێ و دوای ئه‌وه چه‌ند مانگێک له رستۆرانی "سته‌یک هاوس بڕلین" و پاشانیش له گه‌ڵ مه‌حه‌مه‌د عه‌لی عالیان (شاهید) تا ئاخره‌کانی ساڵی 1991 له رستۆڕانی "مین دۆزا" خه‌ریکی کار ده‌بێ و مانگانه 750 مارک دێته گیرفانیه‌وه.
سه‌ره‌تاکانی ساڵی 1992 نزیکه‌ی دوو مانگ له پیتزا فرۆشییه‌کدا خۆی خه‌ریک ده‌کا، به‌ڵام دوایی خۆی بێکار راده‌گه‌یه‌نێ و مانگانه 500 مارک مه‌عاشی بێ‌کاری وه‌رده‌گرێ. ئاتریس ده‌رامه‌ده‌که‌ی خۆی بۆ خۆی خه‌رج ده‌کا و هه‌چ یارمه‌تییه‌ک به خێزانه‌که‌ی ناکا. له‌و کاته‌دا دڵپێخۆشیه‌کانی ئه‌و وه‌رزش، دیسکۆ، ماشێن و ژن بوون. به‌ڵام ورده ورده به لای دینی ئیسلام ده‌کێشرێ و له گه‌ڵ گومانلێکراوانی تر که مه‌زهه‌بی شیعه‌یان هه‌بوو، زوو زوو هاتوچۆی مزگه‌وتی ئیمام جه‌عفه‌ری سادقی ده‌کرد و تێده‌کۆشا نوێژه‌کانی له وێ بکا. هه‌ر له‌وێش له گه‌ڵ ئه‌مین یه‌کتر ده‌ناسن و چون ئه‌مین به بنیچه به پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌گه‌یشته‌وه، هه‌ڵوه‌دای ئه‌مین ده‌بێ و خۆشه‌ویستی نێوانیان قووڵتر ده‌بێته‌وه.
به گوێره‌ی قه‌راری په‌لبه‌ستکردنی 6ی ئوکتۆبری 1992ی قازی لێکۆڵه‌ری دادگای به‌رزی قه‌زایی فیدڕاڵ، ئاتریس له رۆژی 7ی ئوکتۆبری 92 دا ده‌گیرێ. له 28ی ئوتی 1993 دا قه‌راری گرتنه‌که‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و به شێوه‌ی کاتی به‌ر ده‌درێ، به‌ڵام به هۆی گومانی تره‌وه جارێکی تر ده‌یگرنه‌وه.
له 26ی مانگی مای 1993 دا دادگای بڕلین ئاتریس به تاوانی شکاندنی یاسای راگرتنی چه‌ک، به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم ده‌کا. ئه‌و حوکمه‌ی دادگای پێشوو له 28ی ژولای 1993 دا له لایه‌ن دادگای بڕلینه‌وه په‌سه‌ند ده‌کرێته‌وه و له 5ی ئوتی 93 دا بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌بێ. ماوه‌ی راگرتنی حوکمه‌که سێ ساڵ له پێش چاو گیرابوو (به‌و مانایه ئه‌گه‌ر تا سێ ساڵی تر هیچ تاوانێک نه‌کا، حوکمی شه‌ش مانگ زیندانه‌که‌ی به جێ ناگه‌یه‌ندرێ). هۆی ئه‌و حوکمه ئه‌وه بوو که له پایزی 1991ه‌وه تا 18ی ئوتی 1992 ده‌مانچه‌یه‌کی کالیبر 9 میلیمیتری و بڕێک گولله‌ی به شێوه‌ی نا یاسایی راگرتبوو.
ماوه‌ی راگرتنی سزای سێ ساڵه‌ی ئاتریس له 10ی ژوئێنی 1996 دا له لایه‌ن دادگای ناوچه‌ی بڕلین (دادگای پێشوو) ساڵێکی تریش زیاد ده‌کرێ و ده‌بێته چوار ساڵ. چون له کۆبوونه‌وه‌ی 23ی ژوئێنی 1995 ی لێپرسینه‌وه‌دا که ئاتریس و ئه‌مین روبه‌ڕوو ده‌کرێنه‌وه، ئاتریس مستێک به ده‌موچاوی ئه‌میندا ده‌کوتێ. دادگای ناوچه‌ی بڕلین بێجگه له حوکمه راگیراوه‌که‌ی پێشوو، ئاتریس به سزای نه‌غدی به ماوه‌ی 20 رۆژ و رۆژی پێنج مارک مه‌حکووم ده‌کا. ئه‌و جه‌ریمه پاش بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا بوونی حوکمه‌که، لێی وه‌رده‌گیرێ.
3- عه‌تائوڵڵا عه‌یاد
ئه‌و گومانلێکراوه وه‌کو خۆی ده‌ڵێ فه‌له‌ستینی و بێ ده‌وڵه‌ته. ئه‌و له ساڵی 1966 دا له لوبنان له دایک بووه. له ته‌مه‌نی 10 ساڵه‌ییدا و له کاتێکدا که ته‌نیا سێ ساڵ چوبووه مه‌دره‌سه، هاته ناو په‌لی گه‌نجانی "حیزبی به‌ره‌ی دیموکڕاتیک" که ئه‌ویش به‌شێک له "رێکخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین" بوو.
دوایی سێ ساڵی تر له مه‌دره‌سه‌یه‌کی سه‌ره‌تاییدا ده‌رس ده‌خوێنێ تاکو له ساڵی 1979 دا ده‌وره‌یه‌کی نیزامی له سوریا سه‌رکه‌وتووانه ته‌واو ده‌کا. له‌وه به دواوه بۆ شه‌ڕ دژی ئیسڕائیل که خاکی لوبنانی داگیر کردبوو، چه‌ک هه‌ڵده‌گرێ. پاش ئه‌وه‌ی رێکخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین له ساڵی 1983 دا لێده‌برێ که لوبنان به جێ بێڵێ، گومانلێکراوی ناوبراو ده‌چێته ناو حیزبی "ئه‌مه‌ل"ه‌وه و له‌وێ له نه‌خشی رێبه‌ری گروپێک دژی ئیسڕائیل و دواتریش دژی حیزبوڵڵای لوبنان به خه‌بات درێژه ده‌دا.
عه‌یاد له‌و شه‌ڕانه‌دا وه‌کو شه‌ڕکه‌رێکی به توانا، به ئه‌زموون و نه‌ترس خۆی پیشان ده‌دا و ناوبانگ ده‌رده‌کا، تا ئه‌و جێیه‌ی نازناوی "ئه‌بو سه‌خه‌ر"ی ده‌درێتێ. ئه‌و هیچ نه‌بێ سێ جار بریندار بووه. له ئاوریلی 1990 دا له لوبنان هه‌ڵدێ و وه‌کو داواکاری په‌نابه‌ری دێته ئاڵمان و له شاری بڕلین جێی ده‌درێتێ. له سه‌ر هۆکاری داوای په‌نابه‌ری گومان‌لێکراو قسه‌ی جۆراجۆر هه‌یه. چون گومان‌لێکراو ئه‌و جۆره‌ی که بۆ خۆی رایگه‌یاندووه له لایه‌ن حیزبوڵڵاوه مه‌ترسی گیانی بۆ دروست کراوه، به‌ڵام هه‌ر وه‌کو چه‌ند شاهیدی تر کوتویانه، ئه‌و به هۆی که‌ڵکی ناڕه‌وا و تاوانکارییه‌وه له لایه‌ن حیزبی ئه‌مه‌له‌وه مه‌حکووم و له حیزب ده‌رکراوه.
خێزانی گومان‌لێکراو سه‌رده‌که‌وێ له گه‌ڵ دوو منداڵه‌که‌ی، دوو مانگ پاش هه‌ڵاتنی مێرده‌که‌ی بێته ئاڵمان و خۆی بگه‌یه‌نێته مێرده‌که‌ی. منداڵی سێهه‌میان له ئاڵمان له دایک ده‌بێ. یه‌کێک له منداڵه‌کانی دواکه‌وتووه. به بنه‌ماڵه‌ی عه‌یاد ئیزنی مانه‌وه‌ی کاتی له بڕلین ده‌درێ به‌ڵام چون داوای په‌نابه‌ریه‌که‌یان وه‌رنه‌گیرا، به هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یان راگه‌یاند که تا ئوتی 1991 دڵخوازانه خاکی ئاڵمان به جێ بێڵن. بۆ ئه‌وه‌ش به‌رگه‌ی چوونه ده‌ر و خه‌رجی سه‌فه‌ریشیان دانێ، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانده‌ویست ئاڵمان به جێ بێڵن.
عه‌یاد به پێی قه‌راری ده‌سگیری 10ی دسامبری 1992 گیرا و تا رۆژی 28ی ئوتی 1995 له زینداندا ماوه.
4- کازم دارابی
دارابی که خه‌ڵکی ئێرانه رۆژی 22ی مارسی 1959 له شاری کازرونی ئێران له دایک بووه. باوکی پیشه‌ی ئازاد و دایکیشی ماڵدار بووه. ئه‌و هیچ نه‌بێ دوو برای تری هه‌یه. دارابی مه‌دره‌سه له ئێران ته‌واو ده‌کا و دیپلۆمێک وه‌رده‌گرێ که له دیپلۆمی ئاسایی ئێران که‌متره. دارابی ئه‌گه‌ر چی ئاڵمانی هیچ نازانێ، ئاخره‌کانی ساڵی 1979 یا سه‌راتاکانی 1980، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک پاش دامه‌زرانی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران، که ئه‌و له لایه‌نگرانی ده‌مارگرژی ئه‌و بوو، ده‌گاته ئاڵمان تا درێژه به خوێندن بدا. ئه‌و سه‌ره‌تا ده‌وره‌یه‌کی فێربوونی زمانی ئاڵمانی له بڕلین ده‌بینێ و پاشان ده‌وره‌یه‌کی شه‌ش مانگه‌ی کاری عه‌مه‌لی له سێپتامبری 1980ه‌وه تا مارسی 1981 به سه‌رکه‌وتووییه‌وه ته‌واو ده‌کا و له مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی شاری "هاگێن" بۆ سێمیستڕی هاوینی 81-82 و سێمیستڕی زستانی 82 ناونووسی ده‌کا و له‌مه به دواوه له ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره ده‌ژی.
له ساڵی 1982 دا دارابی به پێی حوکمی په‌سه‌ند کراوی دادگا ده‌بوا خاکی ئاڵمانی به جێ بهێشتایه و هه‌ر بۆیه‌ش له 21 ی جولای 82 تا 14ی ئوکتۆبری ئه‌وساڵه له زیندانی کاتی‌دا ده‌مێنێته‌وه تا له ئاڵمان وه‌ده‌ر ئه‌ندرێ.
هۆیه‌کانی ده‌رکردنی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بابه‌تێک که به پێی یاسای ناوه‌ندی راگرتنی دوکومێنته‌کانی فیدڕاڵ ناکرێ ئاشکرا کرێ.
لێره‌دا ده‌وڵه‌تی ئێران به یارمه‌تی دارابی ده‌گا و نه‌ته‌نیا سه‌رده‌که‌وێ که له ده‌رکردنی به زۆری وی به‌رگری بکا به‌ڵکو ئیزنی مانه‌وه‌ش له کاربه‌ده‌ستانی ئاڵمانی بۆ وه‌رگرێ.
دارابی سه‌ره‌تاکانی 1983 هاگێن به جێ دێڵێ و دێته بڕلین. ئه‌و بۆ سێمیستڕی زستانی 83-84 له به‌شی موهه‌ندیسی ساختمان له مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی فه‌ننی بڕلین ناونووسی ده‌کا.
ئاخره‌کانی ساڵی 1985 دارابی له گه‌ڵ خوشکی شه‌ریکی داهاتووی خۆی، عه‌دنان عه‌یاد زه‌ماوه‌ند ده‌کا. به‌ره‌ی ئه‌م زه‌ماوه‌نده دوو کچی 6 و 8 ساڵانه و کوڕێکی 5 ساڵه‌یه که کچی یه‌که‌م دواکه‌وتووه.
له ساڵی 1983 ه‌وه دارابی چالاکی خۆی له "ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی خوێندکارانی بڕلینی رۆژئاوا(VIS) دا که مه‌کۆی لایه‌نگرانی حکومه‌تی ئیسلامی ئێران بوو، ده‌ستپێکرد. دارابی له ساڵی 1984ه‌وه نه‌ته‌نیا ده‌گاته سه‌رۆکی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به‌ڵکو ماوه‌یه‌ک به ئه‌ندامه‌تی کۆڕی سه‌رۆکانی "یه‌کێتی ئه‌نجومه‌نه ئیسلامییه‌کانی ئوروپا" (UISA) وه‌رده‌گیرێ.
دارابی هاوکات له به‌ڕێوه‌به‌رانی مزگه‌وتی ئیمام جه‌عفه‌ری سادقی بڕلین بوو. ئه‌و سه‌رکه‌وتنی ئه‌وتۆ له خوێندنی زانستگا وه‌ده‌ست ناهێنێ، به شێوه‌یه‌ک که به هۆی به‌شداری نه‌کردنی له که‌لاسه‌کانی ده‌رس و ده‌رنه‌چوونی له ئه‌زموونه‌کانی ده‌وره‌ی ئاخردا، له 30 سێپتامبری 1987 دا وه‌ده‌ر ده‌ندرێ. ئه‌و له‌و بڕیاره‌ی زانستگا، له دادگا سکاڵا ده‌کا و سه‌رئه‌نجام سه‌ر ده‌که‌وێ بۆ سێمیستڕی هاوینی 1988 ناونووسی بکاته‌وه. له ئوکتۆبری 1988 دا،
دارابی دوکانێکی خوارده‌مه‌نی فرۆشی له "وێزه‌ر شتڕاسه 3- 4)ی بڕلین به نرخی 85 هه‌زار مارک ده‌کڕێ. ئه‌وه‌ی که ئه‌م پووڵه‌ی له کوێ هێناوه بۆ دادگا روون نییه. چون له‌و کاته‌دا دارابی ئیزنی دووکان دانان و به گشتی کار کردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی وه‌کو خاوه‌ن کار نه‌بوو، بۆیه‌ش ئیمتیازی دوکانه‌که‌ی به ناوی "ئای ده‌میر" کرد که خه‌ڵکی تورکیا و شاهیدی ئه‌م په‌روه‌نده‌یه.
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و دووکانه له نێوه‌ڕاسته‌کانی 1989 دا ئاوری گرت و به ته‌واوی سووتا، عه‌دنان عه‌یاد، برای ژنه‌که‌ی دارابی، دووکانه‌که چاک ده‌کاته‌وه و له ساڵی 1990ه‌وه ده‌یخاته‌وه سه‌ر کار. ئاشکرایه که دارابی وه‌کو پێشوو به شێوه‌ی نافه‌ڕمی خاوه‌نی دووکانه‌که ماوه و له‌وێش کاری ده‌کرد. تا ئه‌وه‌ی ئاخره‌کانی ساڵی 1990 دووکانه‌که ده‌فرۆشرێ. له سه‌ره‌تاکانی ژانوییه‌ی 1991ه‌وه دارابی دووکانێکی ئوتوشۆری له بڕلین داده‌نێ که خاوه‌ن ئیمتیاز و خاوه‌نه رواڵه‌تیه‌که‌ی عه‌دنان عه‌یاد به‌ڵام له راستیدا دارابی بۆخۆیه‌تی. رۆژی 19ی ژانوییه‌ی 1991، دارابی ئیزنی مانه‌وه‌ی کاتی له ئاڵمان وه‌رده‌گرێ و به‌و پێیه‌ش له 29ی مای 1991ه‌وه ئیزنی چالاکیه ئابووریه‌کان به ناوی ئه‌وه‌وه ده‌کرێن. بۆیه‌ش له ساڵی دووهه‌می ده‌ست به کار کردنی دووکانی ئوتوشۆریه‌که‌وه، که ساڵی 1992ه، دارابی به فه‌ڕمی ده‌بێته شه‌ریکی دووکانه‌که و مانگانه مووچه‌یه‌کی حه‌وت هه‌زار مارکی هه‌ڵده‌گرێ.
دووکانی ئوتوشۆری ده‌کرێته "شیرکه‌تی تیجاری دارابی- عه‌یاد". دارابی له‌مه به دواوه شتی جۆراجۆر وه‌کو گوێز، بادام و پسته تا جلوبه‌رگ له ئێرانه‌وه دێنێ و بێجگه له بڕلینیش له هه‌مووی ئاڵمان‌دا ده‌یفرۆشێ. دارابی به هه‌ر حاڵ ده‌رسه‌که‌ی ته‌واو ناکا و ئه‌وه‌ی تا کوێ چۆته پێش بۆ دادگا روون نییه. گومان‌لێکراو له 8ی ئوکتۆبری 1992 دا به شێوه‌ی کاتی ده‌گیرێ و پاشان به پێی قه‌راری ده‌سگیری 9ی ئوکتۆبری 92ی لێپرسه‌ری دادگای به‌رزی قه‌زایی فیدڕاڵ گیرانه‌که‌ی درێژه‌ی پێده‌درێ. ئه‌م گومانلێکراوه‌ش پێشینه‌ی تاوانی نییه.
5 – عه‌بباس ره‌حیل
ئه‌م گومانلێکراوه لوبنانییه و له ساڵی 1967 له دایک بووه و له شاری به‌یروت گه‌وره ده‌بێ. باوکی پێوه‌ندییه‌کی زۆر باشی له گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی هه‌بووه و خاوه‌نی دووکانێکی چکۆله‌ی خوارده‌مه‌نی فرۆشی له به‌یروت بووه. ره‌حیل و دایکی له به‌ڕێوه‌بردنی دوکانه‌که‌دا یارمه‌تی باوکی خێزانه‌که‌یان داوه. له قسه‌کانی ره‌حیل ناکرێ تێبگه‌ین که چه‌ند خوشک و برای هه‌یه. چون جارێک له دوو و جارێکی تر له هه‌شت خوشک و برا قسه‌ی کردووه. ره‌حیل له ساڵی 1973وه تا 1978 و له‌وانه‌یه تا ساڵی 1983 چوبێته مه‌دره‌سه. به‌ڵام هه‌ر جۆرێک بێ پاش ته‌واو کردنی مه‌دره‌سه بێکار بووه. ئه‌و له هه‌ر کوێیه‌ک کاری ده‌ست که‌وتایه به زویی ده‌ستی پێده‌کرد. له ساڵی 1986ه‌وه که باوکی ده‌مرێ، زۆربه‌ی کات له دووکانی باوکی کار ده‌کا و جاروباریش به جێگای براکه‌ی، له ئیداره‌یه‌کدا وه‌کو ته‌له‌یفونچی کاری کردووه.
ره‌حیل له گه‌ڵ ئه‌مین، عه‌لی سه‌برا و چه‌ند لوبنانی تر لوبنان به جێ دێڵێ و ئاخره‌کانی ساڵی 1989 دێته ئاڵمان. به رێگه‌ی شاره‌کانی مونیخ و ئێسن، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته شاری ئاخن و له‌وێ داوای په‌نابه‌ری سیاسی ده‌کا. گومان‌لێکراو ئه‌وده‌م بریاری دابوو له ئاڵمان پیشه‌ی میکانیکی ماشێن فێر بێ و له‌و پیشه‌دا کار بکا. به‌ڵام به هۆی خراپی هه‌لومه‌رجی حه‌وانه‌وه‌ی، بڕیار ده‌دا که ئاخن به ئامانجی بڕلین به جێ بێڵێ. له‌و سه‌فه‌ره‌دا ئه‌مینیش له گه‌ڵی ده‌بێ. گومان‌لێکراو ره‌حیل له بڕلین دوو جار داوای په‌نابه‌ری ده‌کا که وه‌رناگیرێن و داوای لێده‌کرێ که بۆ جێی دانیشتنی پێشووی خۆی واته ئاخن بگه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ره‌حیل له گه‌ڕانه‌وه خۆی ده‌پارێزێ و هه‌ر وا به مانه‌وه‌ی نایاسایی خۆی له بڕلین درێژه ده‌دا. ئه‌و سه‌ر ده‌که‌وێ به هۆی دایکیه‌وه که له به‌یروت بوو، ناسنامه‌ی دروستکراو به ناوی عیماد- عه‌مماش، له دایک بووی 1968 به ده‌ست بێنێ. به‌م شێوه به ره‌حیل ئیزنی مانه‌وه له بڕلین ده‌درێ که له چه‌ند قۆناغدا تا رۆژی 18ی مارسی 1992 درێژه‌ی پێده‌درێ.
ره‌حیل له ماڵی هاوشاریه‌کانی وه‌کو میهدی شاهڕور و حسه‌ین خه‌ماس (شاهیدی دادگا) له بڕلین ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له یارمه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ ، تێده‌کۆشێ به هۆی کاری ره‌شه‌وه بۆ وێنه کار له رستۆڕانی حه‌بیبی و فرۆشیاری له بازاڕی کۆنه فرۆشی و یارمه‌تی به دارابی له کاری دووکانی خوارده‌مه‌نیه‌که‌ی و کار له گۆڕستانی ماشێنی کۆندا، ده‌رامه‌دێکی تری هه‌بێ. گومان‌لێکراو جاروباره ماشێنی ده‌ستی دوو (کۆنه) ده‌کڕێ و بۆ براکه‌ی له به‌یروت ده‌نێرێته‌وه. ئه‌ویش وه‌کو ئه‌مین له ئوکتۆبری 1990 دا ده‌چێ بۆ سویس و له‌وێ داوای په‌نابه‌ری ده‌کا. ئه‌و سه‌ره‌نجام له مانگی مارسی 1991 دا له سویس ده‌رده‌کرێ و یه‌کسه‌ر بۆ لوبنان ده‌نێردرێته‌وه. گوایه له لوبنان کچێک نیشانه ده‌کا. ره‌حیل له زووترین کاتدا به ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڕلین و جارێکی تریش له ماڵی دارابی که ئه‌و کاته براکه‌شی قاسمی دارابی له‌وێ بوو و دارابیش جاروباره هاتووچۆی ئه‌وێی ده‌کرد، نیشته‌جێ بوو. ره‌حیل به وه‌رگرتنی یارمه‌تیه‌کانی ژیان له بڕلین درێژه ده‌دا به‌ڵام له په‌نای ئه‌ویشدا ده‌رامه‌دی تریشی هه‌یه. ئه‌و وه‌کو پێشوو له گه‌ڵ برای دارابی، قاسم له بازاڕی کۆنه‌فرۆشاندا کار ده‌کا. ئه‌و هه‌روه‌ها به کڕین و فرۆشتنی ماشێنی کۆنه درێژه ده‌دا و له کاری رستۆرانه‌کانیش خافڵ نابێ. ره‌حیل نوێژه‌کانی ته‌رک ناکا و له خواردن و خواردنه‌وه‌دا ده‌ستووری مه‌زه‌بی به ته‌واوی له پێش چاو ده‌گرێت. ئه‌و به ته‌واوی ملکه‌چی قوڕعانه.
دوای ئه‌وه‌ی قاسمی دارابی له مارسی 1992 دا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران، ره‌حیل هه‌روه‌ها له ئاپارتمانی دارابی‌دا له "دێتمۆلدێر شتراسه 64ی ب" ده‌مێنێته‌وه. له سه‌روبه‌نده‌دا داوای په‌نابه‌ری ئه‌و په‌سه‌ند نه‌کرا و له‌ویان ویست تا چوار مانگی تر بۆ خۆی خاکی ئاڵمان به جێی بێڵێ، واته تا 17ی سیپتامبری 1992، ئه‌گه‌رچی وه‌ره‌قه‌ی په‌ڕینه‌وه له سنوور، پووڵ و بلیت و خه‌رجی سه‌فه‌ری ده‌ده‌نێ به‌ڵام ئه‌و ههیچ ئاوڕێک له ویستی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ناداته‌وه. ره‌حیل له 4ی ئوکتۆبری 1992 دا له گه‌ڵ ئه‌مین به شێوه‌یه‌کی کاتی له شاری "راینه" ده‌گیرێ و دوایی به پێی قه‌راری ده‌سگیری 5ی ئوکتۆبری 92ی لێپرسه‌ری دادگای به‌رزی قه‌زایی ئاڵمان، له زینداندا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌ویش پێشینه‌ی تاوانی نییه.
پرسی کێشه‌که
له 17ی سیپتامبری 1992دا، که‌مێک پێش سه‌عاتی 11ی شه‌و، ئه‌و که‌سانه‌ی خواره‌وه له رێستۆرانی میکۆنۆس که له "پڕاگر شتراسه 2 ئه‌لف" له ناوچه‌ی "ویل مێرسدۆرف – بڕلین" هه‌ڵکه‌وتووه، ده‌کوژرێن:
1 – دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی، سکرتێری حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران
2 – فه‌تتاح عه‌بدولی، نوێنه‌ری حیزب له ئوروپا
3 – هومایون ئه‌رده‌ڵان، نوێنه‌ری حیزب له ئاڵمانی فیدڕاڵ
4 – نوروڵڵا مه‌حه‌مه‌د پوور دێهکوردی، راوێژکار و وه‌رگێڕی حیزب
ئه‌م که‌سانه له لایه‌ن ئێرانییه‌که‌وه به ناوی عه‌بدوڕڕه‌حمانی به‌نی هاشمی و لوبنانی گومان‌لێکراو عه‌بباس ره‌حیله‌وه سه‌رجه‌م به 30 فیشه‌ک که له موسه‌لسه‌لێکی ئوتومات و ده‌مانچه‌یه‌ک ته‌قه‌یان پێکراوه، ده‌کوژرێن. خاوه‌ن رێستۆرانه‌که "ته‌بیب غه‌ففاری" له‌و کاره‌ساته‌دا به شێوه‌یه‌کی توند، بریندار ده‌بێ.
ئا- پێشینه‌ی مێژوویی پرسی کورد و ترۆری رێبه‌ره‌کانیان
خاڵی ده‌سپێکه‌ری ئه‌م کاره‌ساته ترۆریستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێوه‌ندی نێوان ئێران له گه‌ڵ گه‌لی کورد پاش شۆڕشی ساڵی 1979 که خومه‌ینی گه‌یانده ده‌سه‌ڵات. دوای هاتنه سه‌رکاری خومه‌ینی، تێکهه‌ڵچوونی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و حیزبی دیموکڕاتی کوردستان (ئێران) په‌ره‌ی سه‌ند.
حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران له ساڵی 1945دا دامه‌زرا. ئه‌م حیزبه گرینگ‌ترین رێکخراوی کورده‌کانی ئێرانه که زۆربه‌یان سوننی مه‌زهه‌بن. چوارچێوه‌ی چالاکی حیزب له ناوچه کوردنشینه‌کانی ئێران‌دا قه‌تیس ده‌بێته‌وه. ئامانجی حیزب، وه‌ده‌ستهێنانی خودموختاری بۆ کوردستان له بواره‌کانی ئیداری، یاسایی، ئاسایش، بارهێنان و عاملاندن و فه‌رهه‌نگ، هاوکات راگرتنی ته‌واویه‌تی عه‌رزی و وه‌دیهێنانی دیموکڕاسی بۆ کوردستانه.
له سه‌رده‌می شای پێشوودا پێش به چالاکی ئه‌م حیزبه گیرابوو. پاش شۆڕشی ئیسلامی که جێی ره‌زامه‌ندی گه‌لی کورد و رێبه‌رانیشی بوو، ئه‌و بواره هه‌ڵده‌که‌وێ که حیزب به شێوه‌ی ئاشکرا چالاکی بنوێنێ. هاتنه ئاڕای شۆڕشی ئیسلامی ئه‌و هیوایه‌ی هێنایه گۆڕێ که رژیمی نوێ هه‌ڵسوکه‌وتی باشتر له گه‌ڵ داخوازیه‌کانی حیزب بکا. رێبه‌ری شۆڕش ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژی هه‌ر چه‌شنه خودموختاری و له راستیدا به فه‌ڕمی ناسینی هه‌ر چه‌شنه مافێک بۆ گه‌ل و که‌مایه‌تیه قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌کان (بۆ وێنه کورده‌کان) بوو، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیروبڕیاره‌ی خۆی پێش شۆڕش ئاشکرا کردبێ.
خومه‌ینی ئه‌و ویستانه‌ی دژی یه‌کێتی ئوممه‌تی ئیسلامی و به‌ره‌و لاواز کردن و لێکدابڕینی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌زانی. ئه‌و ته‌نانه‌ت ده‌ربڕینی ئه‌و داخوازانه‌ی به مانای ده‌سته‌به‌ندی و دوژمنی له گه‌ڵ یه‌کێتی و ته‌واویه‌تی موسوڵمانان لێکده‌داوه. خومه‌ینی رێگا چاره‌ی پرسی کوردستانی له لێک بڵاو کردنی حیزبی دیموکڕات و له ناوبردنی هه‌موو رێبه‌رانی ده‌زانی.
هه‌ر دوابه‌دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش، خومه‌ینی سه‌رده‌که‌وێ که حکوومه‌تی ئیسلامی له ژێر ناوی حکوومه‌تی خوا دا له ئێران دامه‌زرێنێ. له‌و سیستمه‌دا، مه‌لا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که‌وتنه ئه‌وپه‌ڕی یاسا. به که‌ڵک وه‌رگرتن له قوڕعان و شه‌ریعه‌ت، ته‌نیا مه‌لاکان ئه‌ویش مه‌لای هاوبیروڕای خومه‌ینی مافی بڕیاردان و ده‌ستێوه‌ردانیان له کاروباری ده‌وڵه‌تی، نیزامی، کۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییدا هه‌بوو. ئه‌و سیستمه ده‌سه‌ڵاتی خۆی به حکوومه‌تی خوا یا حکوومه‌تی نوێنه‌ری خوا له سه‌ر زه‌وی (نه‌ته‌نیا ئێران به‌ڵکو ته‌واوی گۆی زه‌وی) داده‌نا و بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه پشتی به قوڕعان ده‌به‌ست. رژیم بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوور و لێنه‌پرسراوانه‌ی خۆی هه‌ر چه‌شنه چالاکییه‌کی، وه‌ک دوژمنی له گه‌ڵ حکوومه‌تی خوا و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسلام ده‌ناساند. ئه‌و چارشێوه، داپۆشین و رازاندنه‌وه‌ی ئیدۆلۆژی- ئایینی رژیم، نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که گومانلێکراوانی په‌روه‌نده، له ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی راسته‌قینه و پشتی په‌رده‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیم تێنه‌گه‌ن.
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ حیزبی دیموکڕاتدا،تا ئه‌و کاته‌ی که حکوومه‌تی مه‌لایان توانایی و ده‌سه‌ڵاتی پێویستی نه‌بوو، سیاسه‌ته‌کانی له نێوان هه‌وڵی وتووێژی تاکتیکی و هه‌ڕه‌شه‌ی نیزامی له گۆڕاندا بوو.
له ئاست هه‌ڕه‌شه‌ی نیزامی، کورده‌کان هه‌وڵیاندا به یارمه‌تی چه‌ک داکۆکی له خۆیان بکه‌ن. به‌م بۆنه‌وه خومه‌ینی له 17ی ئوتی 1979دا، فتوای جیهادی دژی کورده‌کان دا. ئه‌و له‌و ناوه‌دا حیزبی ناوبراوی "حیزبی شه‌یتان" ناو نا و ئه‌وی یاساغ راگه‌یاند. خومه‌ینی رێبه‌رانی کوردی له هه‌موو مافێک ته‌نانه‌ت " مافی ژیان" بێبه‌ش راگه‌یاند و هیچ به‌زه‌یی و لێبووردنێکی سه‌باره‌ت به وان په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد. هه‌ر وا بۆ داپۆشینی ئه‌و ئامانجه ته‌واو سیاسییه به رواڵه‌ت رازاندنه‌وه ده‌سته‌وداوێن بوو و تاوانی وه‌کو "مفسد" و 'محارب با خدا"ی پاڵ رێبه‌رانی حیزب ده‌دا، و پێی له سه‌ر سزای ئه‌وان که ته‌نیا ئیعدام بوو، ده‌چه‌قاند.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی رژیم له کوردستاندا سه‌ره‌ڕای به‌خشینی گشتی و رواڵه‌تی له ساڵی 1983دا، نه‌ته‌نیا درێژه‌ی هه‌بوو به‌ڵکو زیاتریشی کرد. رژیم بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای خۆی که‌وته بیری له ناوبردنی هه‌موو دژبه‌رێکی سیاسی، قه‌ومی و بیروباوه‌ڕیی به شێوه‌ی زۆر و ترۆری ئاشکرا و شاراوه.
له مانگی سپتامبری 1979 تا نوڤامبری ئه‌و ساڵه، تێکهه‌ڵچوونی نیزامی له کوردستاندا درێژه ده‌کێشێ تا ئه‌وه‌ی به هه‌ڵبژاردنی به‌نی سه‌در له ژانوییه‌ی 1980دا به سه‌رکۆماری، پرسی وتووێژی سیاسی که‌وته به‌رنامه‌ی کاری ده‌وڵه‌تی نوێوه. به‌نی سه‌در پێش شۆڕش، یه‌کێک له راوێژکارانی تایبه‌تی و جێی بڕوای خومه‌ینی بوو. به‌نی سه‌در ده‌یهه‌ویست دین و حکوومه‌ت لێک جیا کاته‌وه و ئاڵای دژایه‌تی له گه‌ڵ حکوومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی مه‌لایان هه‌ڵده‌کا. به‌نی سه‌در بۆ چاره‌ی کێشه‌ی کوردستان وتووێژ له سه‌روی هه‌ر رێگایه‌ک داده‌نێ به‌ڵام پاش لاچوونی به‌نی سه‌در له ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه له مانگی ژولای 1981دا، پرسی وتووێژ له گه‌ڵ کوردانیش له بیر چۆوه.
به‌نی سه‌در و رێبه‌رانی ئوپۆزیسیۆنی رژیمی مه‌لایان هه‌ڵدێن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات تا له‌وێوه به ته‌بلیغات و له‌قاودانی دژی رژیم هه‌ستن و بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سیاسییه‌کانی خۆیان چالاکی بنوێنن. یه‌کێک له‌و ئامانجانه که له کۆنگره‌ی دیسامبری 1981ی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران‌دا قامکی له سه‌ر داندرا، رووخاندنی رژیمی ده‌سه‌ڵاتدار به سه‌ر ئێران‌دا بوو. چون حیزب به‌و ئاکامه گه‌یشتبوو که به بێ بوونی دیموکڕاسی له ئێران‌دا،
خودموختاری بۆ کوردستان ناگونجێ. رژیمی ئێرانیش هه‌ر وه‌کو پێشوو سیاسه‌تی له‌ناوبردنی فیزیکی رێبه‌رانی حیزب و جووڵانه‌وه‌ی کوردستانی به هه‌موو تواناوه درێژه پێده‌دا. لاباڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌ره‌ڕای گێره‌وکێشه‌ی ناو خۆیان له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له بیر‌و بۆچوونی به ته‌واوی وه‌ک یه‌کیان هه‌بوو. بۆ وێنه ده‌توانین له کاره‌ساتی ترۆریستی هاوینی ساڵی 1989ی ڤین ناو به‌رین.
ب: کوشتنی دوکتور قاسملو له ڤین
پاش کۆتایی شه‌ڕی ئێران و عیڕاق له هاوینی 1988دا، رژیمی ئێران به رواڵه‌ت رێگای وتووێژی سیاسی له گه‌ڵ حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێرانی گرته پێش. به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌کی رژیم له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و سیاسه‌ته، له نێو بردنی سکرتێری حیزب، دوکتور عه‌بدوڕڕه‌حمانی قاسملو بوو که وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی به‌رز و گرینگ، زیاتر له رێبه‌رانی رژیم جێی بڕوا و رێزی خه‌ڵکی کورد بوو.
دوکتور قاسملو به‌و بۆچوونه‌وه که سیاسه‌تی سه‌رکوتکه‌رانه‌ی رژیم پاش کۆتایی شه‌ڕ گۆڕانی به سه‌ردا هاتووه، خۆی به لێپرسراو ده‌زانێ که بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وێرانیه‌کانی پاش شه‌ڕ، ده‌ستی درێژ کراوی رژیم بکوشێ.
بۆ درێژه‌ی وتووێژی شاراوه له مه‌ڕ خودموختاری که له دیسامبری 1988 و 1989وه ده‌ستی پێ‌کردبوو، دوکتور قاسملو له مانگی ژولای 89دا هاته ڤین پێته‌ختی ئوتریش. ئه‌و ده‌که‌وێته ته‌ڵه‌یه‌که‌وه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چاوه‌ڕوان ده‌کرا. له‌و پیلانه‌دا زیاتر له هه‌موو که‌س ده‌ستی "موحه‌مه‌د هادی هه‌ده‌وی موقه‌دده‌م" له کاردا بوو که دواتر له سه‌ر ئه‌و که‌سه زیاتر قسه ده‌کرێ.
هه‌ده‌وی موقه‌دده‌م له وه‌زاره‌تی ئاسایشی ئێران (واواک)دا ئه‌رکی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به کوردستانی به ئه‌ستۆوه بوو. ده‌وری یه‌که‌می وتووێژی شاراوه سه‌باره‌ت به خودموختاری و کێشه‌کانی تری کوردان له رۆژی 12ی ژولای 1989دا له ڤین ده‌ستی پێ‌کرد. رۆژی دووهه‌می وتووێژ واته 13ی ژولای 1989، له پڕ چه‌ند که‌سێک ده‌ڕژێنه ناو ژوری وتووێژه‌که‌وه و به‌و چه‌که ئوتۆماتانه‌ی که پێیان بوو، ته‌قه‌یان له دوکتور قاسملو و ئه‌و که‌سانه‌ی که له گه‌ڵی بوون، کرد. له‌و کرده‌وه وه‌حشیانه‌دا بێجگه له دوکتور قاسملو، ئازه‌ر قادری نوێنه‌ری حیزب له ئوروپا و دوکتور فازیل ره‌سوول که‌سایه‌تی جێی بڕوای حیزب زۆر زوو گیانیان له ده‌ست دا.
ترۆریسته‌کان بۆ دڵنیایی له وه‌ی که که‌س زیندوو نه‌مابێ، گولله‌ی ئاخریان له هه‌ر سێکیان دا و ئه‌وێیان به جێهێشت. پۆلیسی جینایی ڤین لێکۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کانی ده‌ستپێکرد که به ده‌رکردنی بڕیاری ده‌سگیری بۆ سێ که‌سی گومان‌لێکراو ته‌واو ده‌بێ.
ئه‌و سێ که‌سه که ئه‌ندامی سۆپای پاسدارانی ئێرانن، بریتین له :
"جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی" سه‌رپه‌رشتی هه‌یئه‌تی وتووێژکه‌ری ئێرانی، هاوکاره‌که‌ی "موسته‌فا ئه‌جوه‌دی" و که‌سێکی ئاسایش به ناوی "بوزورگیان ئه‌سڵ". له‌وه زیاتر له قه‌تڵه‌کانی ڤین ناکۆڵدرێته‌وه و بۆیه‌ش دادگایه‌ک پێکنایه. موسته‌فا ئه‌جوه‌دی هه‌ر زوو خۆی ده‌شارێته‌وه. بوزورگیان ئه‌سڵ له سه‌فاره‌تی ئێران له ڤین خۆی حه‌شار ده‌دا که پاش کپبوونی مه‌سه‌له‌که ئه‌ویش به‌بێده‌نگێک دێته ده‌ر و ئوتریش به‌جێدێڵێ. سه‌حراروودی ئیزنی پێده‌درێ که له 22ی ژولای 89دا، له ژێر ئیسکۆرتی پۆلیسدا بچێته فرۆکه‌خانه‌ی ڤین و له‌وێوه به‌ره‌و تاران هه‌ڵفڕێ.
که‌ره‌سه‌ی کوشتن که بریتی بوون له موسه‌لسه‌لێکی ئوتومات، کالیبری 9 میلیمیتری له چه‌شنی برێتا و دوو ده‌مانچه‌ی کالیبر 56/7 میلیمیتری له چه‌شنی برێتا و لاما به ده‌نگبڕه‌وه، له ناو کیسه‌یه‌کی پلاستیکیدا له قه‌راغ کانتینێرێکی زبڵدا دۆزراونه‌وه. مۆتۆڕسیکلێتی که که‌ڵکی لێوه‌رگیرابوو له نزیک جێگای کوشتنه‌که فڕێدرابوو. له‌وه به‌دواوه، حیزبی دیموکڕات هه‌ر چه‌شنه پێوه‌ندییه‌کی له گه‌ڵ رژیمدا بڕی و تا ئێستاش له سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی خۆی وێستاوه. به‌ڵام به پێچه‌وانه، رژیمی ئێران سیاسه‌تی ته‌فروتوونا کردنی ئوپوزیسیۆن وه‌کو پێشوو درێژه ده‌دا و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌یاندۆزێته‌وه و ئه‌گه‌ر بۆی هه‌ڵکه‌وێ ترۆریان ده‌کا.
عه‌لی فه‌للاحیان وه‌زیری واواک له وتووێژێکی تلویزیۆنی‌دا که له 30ی ئوتی 1992دا بڵاو کراوه له گه‌ڵ ده‌ربڕینی پێخۆشی خۆی له‌و کاره‌ساته، لێبڕاوانه راده‌گه‌یه‌نێ: "ئێمه سه‌رکه‌وتین که له ناوه‌ندی دژی شۆڕش و بۆ وێنه حیزبی هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یه‌ندراوی دیموکڕات، ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، زه‌بری کاری و چاره‌نووس ساز بوه‌شێنین".
فه‌للاحیان درێژه ده‌دا: "ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی و ناوه‌ندی لێ‌بڕاون وڵات به جێ بێڵن، به‌ڵام ئێمه سه‌رکه‌وتین شوێن ئه‌وان که‌وین و له ناوه‌ندی رێکخراوه‌کانی ئه‌واندا نفووز بکه‌ین و به‌م شێوه هه‌موو چالاکیه‌کانیان له ژێر چاوه‌دێری بگرین".
درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی رژیم، ترۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانی له بڕلین بوو.
ئاماده کاری بۆ ترۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی
پاش ترۆری دوکتور قاسملو و هاوڕێیانی، رژیمی ئێران تێگه‌یی که نه ته‌نیا حیزبی دیموکڕات تیکنه‌ڕوخاوه، به‌ڵکو له باری سیاسیه‌وه هه‌روا چالاکه. حیزب، دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی به سکرتێری هه‌ڵده‌بژێرێ. که‌سایه‌تی به‌رزی شه‌ره‌فکه‌ندی رێز و خۆشه‌ویستی حیزب پتر ده‌کا. رێبازی حیزب له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه داده‌مه‌زرێ که بۆ خه‌بات دژی رژیمی مه‌لایان، هه‌موو کۆڕ و کۆمه‌ڵ و حیزبه سیاسیه‌کانی ئوپۆزیسیۆن یه‌ک بخا. ئه‌م گۆڕانه له به‌ر چاوی واواکیش شاراوه نییه و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بڕیاری له ناو بردنی شه‌ره‌فکه‌ندی ده‌ده‌ن.
1- واواک ئاماده کاریه سه‌ره‌تاییه‌کان پێکدێنێ
"عه‌لی فه‌للاحیان" وه‌کو وه‌زیری ئاسایش بۆ خۆی کاره‌کان راده‌په‌ڕێنێ. یه‌کێک له ئه‌رکه گشتیه‌کانی واواک، جاسووسی و کۆکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری سه‌باره‌ت به ئوپۆزیسیۆن چ حه‌قیقی و چ حقووقی و چ له ناوه‌وه و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو. له‌و بابه‌ته تایبه‌تیه‌دا فه‌للاحیان به "موحه‌مه‌د هادی هه‌ده‌وی موقه‌دده‌م" راسپارده ده‌دا که ئاخرین زانیاری هه‌مه‌لایه‌نه سه‌باره‌ت به حیزبی دیموکڕات به تایبه‌ت رێبه‌رانی، کۆبکاته‌وه و له گه‌ڵ پێشنیاری رێگا چاره‌ی گونجاو به‌و راپۆرت بداته‌وه.
به هۆی ئه‌ندامه‌تی پێشووی موقه‌دده‌م له واواک و سه‌رکه‌وتنی له ئاماده‌کاری و به‌ڕێوه‌بردنی ترۆری دوکتور قاسملو و هاوڕێکانی، ده‌یتوانی باشترین که‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و راسپارده‌یه بێ. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا موقه‌دده‌م ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری شیرکه‌تی "ساسان کالا" که شیرکه‌تێکی سه‌ر به واواک بوو. له‌و رێگه‌وه ده‌یتوانێ بێ دڵه‌خورپه و بێ ئه‌وه‌ی سرنجی که‌س بۆ لای خۆی راکێشێ، هاتووچۆی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکا و کاره‌کانی راپه‌ڕێنێ. چون جێگای به‌ڕێوه چوونی کۆبوونه‌وه‌ی سۆسیال ئه‌نتڕناسیۆناڵ له 15 تا 17ی سیپتامبری 92، شاری بڕلین له به‌ر چاو گیرابوو، موقه‌دده‌م وێده‌چوو بتوانێ ئه‌و راسپارده‌یه به سه‌رکه‌وتووییه‌وه به‌ڕێوه به‌رێ. له ساڵی 82-81 دا که حیزبه سوسیالیست و سوسیال دیموکڕاته‌کانی جیهان له "پێڕو" کۆبوونه‌وه، حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێرانیش بێ پسانه‌وه له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا به‌شداری کردووه. هه‌ر بۆیه‌ش له چاوه‌ڕوانی دوور نه‌بوو که دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندیش وه‌کو سه‌رۆکی وه‌ڤدێک بۆ بڕلین سه‌فه‌ر بکا.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جێگای ترۆر خاکی ئاڵمان له به‌رچاو گیراوه که پێوه‌ندییه‌کی زۆر باشی سیاسی و ئابووری له ته‌ک ئێران‌دا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه نابێته هۆی په‌ککه‌وتنه‌وه‌ی بردنه‌پێشی ئامانجی داڕێژاو.
تازه به پێچه‌وانه، له روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیمی ئێرانه‌وه، ئه‌گه‌ریش ده‌ستی ئێران له‌و ترۆره‌دا وه‌ده‌ر که‌وتایه، بوونی پێوه‌ندی دۆستانه‌ی دوو لایه‌نه پێشی به تێکچوونی پێوه‌ندیان و خراپ بوونی هه‌لومه‌رج ده‌گرت.
بۆ ئاماده‌کاری سه‌ره‌تایی، موقه‌دده‌م هاوینی 1991 هاته ئاڵمان تا له گه‌ڵ کۆکردنه‌وه‌ی ئاخرین زانیاریه‌کان، سه‌رچاوه هه‌واڵده‌ره‌کانی ئه‌وێ که بریتی له جاسووس یا ئه‌و جاسووسانه‌ش ده‌بێ که له حیزبی دیموکڕاتیاندا خزاندبوو، چالاک بکا. ئه‌و، زانیاریه‌کانی وه‌ده‌ست هاتوو له گه‌ڵ پلانی پێشنیاری خۆی ته‌سلیمی فه‌للاحیان ده‌کاته‌وه.
2-کومیته‌ی کاروباری تایبه‌تی بڕیار ده‌دا
فه‌للاحیان ئاکامی لێکۆڵینه‌وه و ده‌سکه‌وته‌کانی دایه ده‌ستی کومیته‌ی کاروباری تایبه‌تی. ئه‌و کومیته بۆ بڕیاردان له سه‌ر ئه‌و کاروبارانه‌یه که له‌و په‌ڕی وه‌زاره‌تخانه‌کاندان و به هۆی گرینگی و به په‌له بوونی ئه‌و بڕیارانه، له شووڕای به‌رزی نه‌ته‌وه‌ییدا نایه‌نه گۆڕێ. یه‌کێک له‌و پرسانه‌ی له‌م کومیته‌دا دێته به‌ر باس، له ناوبردنی فیزیکی ئوپۆزیسیۆنی دژی رژیم له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته.
دامه‌زراندنی ئه‌و کومیته ئاکامی بوونی سیستمی حکوومه‌تی مه‌لایان یا به واته‌یه‌کی باشتر "وه‌لی فه‌قیه"ه. ئه‌و دامه‌زراوه که له قانوونی بنه‌ڕه‌تیدا باسی نه‌کراوه، له سه‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و مه‌جلیسه و ئه‌ندامانی بریتین له: سه‌رکۆمار، وه‌زیری ئیتیلاعات، وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه، نوێنه‌ری رێکخراوه و دامه‌زراوه ئه‌منی - پاراستن و نیزامیه‌کان و چه‌ند رێکخراوی تر. رێبه‌ری شۆڕش له لوتکه‌ی ئه‌م کومیته‌دایه.
رێبه‌ری شۆڕش له ئێران وه‌کو "مجتهد" یا پێشه‌وای موسوڵمانان نییه، به‌ڵکو دیارده‌یه‌کی نوێیه که پاش شۆڕشی ئیسلامی سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌و رێبه‌ره ئه‌گه‌ر چی مه‌لایه‌کی پایه به‌رزه به‌ڵام خه‌ریکی کاروباری سیاسی ده‌بێ تا مه‌زهه‌بی. رێبه‌ری مه‌زهه‌بی هه‌ر وه‌کو پێشوو له ده‌ست "ئایاتی عیزام" دایه.
به‌ڕێوه‌بردنی کرده‌وه‌یه‌ک به تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پاش بڕیاردان له‌م کومیته‌یه‌دا ده‌ست پێده‌کرێن. کاتێک بڕیاری ترۆری که‌سێک یا ده‌سته‌یه‌ک ده‌گیرێ، رێبه‌ری شۆڕش وه‌کو مقامێکی سیاسی په‌سه‌ند و ئیمزای ده‌کا. به‌م شێوه رێبه‌ری شۆڕش ده‌ستوور و سپارده‌ی نهێنی بۆ کوشتنی مرۆڤانێک ده‌دا به بێ ئه‌وه‌ی دادگایه‌ک پێکهاتبێ و بڕیارێکی ده‌ربڕیبێ. ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌بێ بکوژرێن یا ئوپوزیسیۆنی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانن یا به هه‌ر هۆیه‌کی تر، رژیم بوونی ئه‌وان به زیان بزانێ. به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا رێبه‌رانی سیاسی حیزب و تاقمه‌کانی دژی رژیم به‌م شێوه له نێو ده‌برێن.
راسپارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ بۆ ترۆر که ده‌تواندرێ ناوی "ده‌ستووری قه‌تڵی" شی له سه‌ر داندرێ، بۆ موسوڵمانه شیعه‌کان هیچ به‌رپرسی یا لێبڕاوییه‌ک یا ئه‌رکێکی قانوونی و عورفی یا مه‌زهه‌بی و باوه‌ڕی پێکناهێنێ.
به پێی شێوه‌ی باو، به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاره‌کانی "کومیته‌ی کاروباری تایبه‌ت" به یه‌کێک له بڕیارده‌رانی به‌شدار ده‌سپێردرێ که ئه‌ویش به پێی سوژه و ئامانجی کرده‌وه‌که و ئه‌و بوارانه‌ی که له به‌ر ده‌ستی دایه، باشترین که‌س ده‌بێ. ئه‌و که‌سه‌ش بۆ خۆی یه‌کێکی جێی بڕوا بۆ سه‌رپه‌رشتی و به‌ڕێوه بردنی کرده‌وه‌که هه‌ڵده‌بژێرێ که ناوی "رێبه‌ری تیمی هه‌ڵمه‌ت" ی له سه‌ر داندراوه. ئه‌م رێبه‌ره که خاوه‌نی هه‌موو مه‌رجێکی پێویسته و مرؤڤێکی شه‌ڕ دیتوو، لێزان و پسپۆڕه، ئه‌ندامانی تیمی هه‌ڵمه‌ت له نێوان هه‌ره باشه‌کاندا به پێوانه‌ی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ. له جێگا و کاتی کرده‌وه‌که‌دا، بڕیاری دوایی به رێبه‌ری تیمه‌که‌یه، ئه‌گه‌ریش ئه‌و بڕیاره دژی بیر و بۆچوونی ئه‌و که‌سانه بێ که بۆ ئه‌و کاره هه‌ڵبژێردراون. هه‌ر به‌و شێوه‌ش سه‌باره‌ت به دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاورێکانی بڕیار درا. به واته‌یه‌کی باشتر بڕیاری کوشتنی قوربانیانی 1991 له لایه‌ن کومیته‌ی ناوبراوه‌وه درا.
3- ئاماده‌کاری سه‌ره‌تایی به‌ڕێوه‌بردنی حوکمی قه‌تڵ
به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و کرده‌وه به وه‌زیری ئاسایش ئه‌سپێردرا. له مه به‌دواوه ره‌وته‌که به ناوی نهێنی "هاواری بزرگی علوی" درێژه پێده‌دری. عه‌لی فه‌للاحیان هه‌ر وه‌کو باوه درێژه‌ی کار به تاقمێک له وه‌زاره‌تی ئیتیلاعاتدا ده‌سپێرێ که تایبه‌ت بۆ ئه‌و کاره دامه‌زراوه و به ناوی "شووڕای عه‌مه‌لیاتی تایبه‌ت" ناسراوه.
به ده‌ستهێنانی دوایین زانیاری
له مانگه‌کانی ژوین و ژولای 1992 دا دوو که‌س له پایه‌به‌رزانی واواک به ناوه‌کانی ئه‌سغه‌ر ئه‌ڕشه‌د و که‌ماڵی له لایه‌ن "شووڕای کرده‌وه‌ی تایبه‌ت"وه ڕاسپارده‌ی کۆکردنه‌وه‌ی دوایین زانیاری و پشکنینی جێگای کرده‌وه و سه‌فه‌ر به ئاڵمانیان پێ‌سپێردرا. دوو که‌سی ناوبراو له شه‌ریکه تیجاریه‌کانی که واواک وه‌کو چه‌تر پێکیهێنابوون چالاکی رواڵه‌تیان هه‌بوو، به‌ڵام سه‌فه‌ری ئه‌وان بۆ ئاڵمان له چوارچێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی ئابووریدا نه‌بوو،به‌ڵکو ئه‌وان پێیان ئه‌سپێردرابوو که هه‌لومه‌رج و بوار و بارودۆخه‌که له پێوه‌ند له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاری کومیته به وردی لێکده‌نه‌وه و ئاکامه‌که‌ی به فه‌للاحیان راگه‌یه‌نن. هه‌ر وه‌کو له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م چه‌شنه راسپاردانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا باوه، ئه‌وان که‌سێکی پێوه‌ند له‌و جێیه به کار ده‌گرن،که ئه‌و "پێوه‌نده" لێره‌دا گومان‌لێکراو کازم دارابی بوو.
دارابی که له ساڵی 1980وه له ئاڵمان نیشته‌جێیه، ئه‌ندامی سپای پاسداران بووه و به دڵخواز خۆی ته‌رخانی وه‌زاره‌تی ئاسایش ده‌کا. به پێی ئه‌سپارده‌ی واواک، دارابی له پێوه‌ندی هه‌میشه‌یی له گه‌ڵ نوێنه‌رانی کونسوولی ئێران له کۆماری فیدڕالی ئاڵمان‌دا بووه و کۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی سیاسی له‌م وڵاته‌دا رێکخستووه. ئه‌و له سێبه‌ری ئه‌و پۆستانه‌ی که له رێکخراوه خوێندکاریه‌کاندا بوویه‌تی، به شوێن لێکۆڵینه‌وه و پشکنینی بیر و باوه‌ڕ و بۆچوونی ئه‌ندامانی ئه‌و رێکخراوانه‌دا بووه. گومان‌لێکراو بۆ ئامانج و پڕۆگرامه‌کانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پڕوپاگانده‌ی کردووه و هه‌میشه به شوێن تێگه‌یشتن له بیر و باوه‌ڕ و چالاکی سیاسی ئێرانیه‌کانی دانیشتووی ئاڵمان‌دا بووه.
به‌و ئاکامه‌ی که چالاکی زانیاری و جاسووسیه‌کانی دارابی و ئه‌و بڕوایه‌ی که ئه‌و له نێوان کادری سه‌فاره‌تخانه و کونسوولیه‌کانی ئێران‌دا وه‌ده‌ستی هێنابوو، که‌سێکی هه‌ره له‌باری بۆ ئاماده‌کاری و به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاری کومیته‌ی ناوبراو، له دارابی، پێکهێنابوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه ناوبراوانه، دارابی پێوه‌ندیه‌کی زۆر باشی له گه‌ڵ ئه‌ندامانی حیزبوڵڵای لوبنان هه‌بوو که ئه‌م دیارده، له به‌ڕێوه‌بردنی پیلانه‌که‌دا نه‌خشی سه‌ره‌کی ده‌گێڕا. حیزبوڵڵا له راستیدا کۆرپه‌ی راسته‌قینه‌ی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه. چون ئه‌و تاقمه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پێکهێندراون، له باری ماڵیه‌وه دابین ده‌کرێن و ئه‌ندامانی له ئێران له لایه‌ن ئێرانه‌وه فێرده‌کرێن و ده‌عاملێن. سروشتیه که ئێران له‌م ناوه‌دا به شوێن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌یه‌تی.
ئێران له حیزبوڵڵا ته‌نیا بۆ بڵاوکردنه‌وه و پێشخستنی شۆڕشی ئیسلامی له لوبناندا که‌ڵک وه‌رناگرێ، به‌ڵکو بۆ باج وه‌رگرتن به شێوه‌ی زۆر یا هاندانی ئه‌ندامانی ئه‌و رێکخراوه بۆ بارمته‌وه‌رگرتن و گرینگتر له‌و‌انه‌ش بۆ ترۆری ئوپۆزیسیۆنی خۆی که‌ڵکی وه‌رده‌گرت.
درێژه‌ی ئاماده‌کاریه سه‌ره‌تاییه‌کانی ترۆر به دارابی ده‌سپێردرێ
ئا-دارابی که وه‌کو نۆکه‌ر له خزمه‌ت رژیمدا بوو و توانیبووی ئه‌مه‌کداری هه‌مه‌لایه‌نه و ته‌واوی خۆی بسه‌لمێنێ، باشترین و له‌بارترین که‌س بوو که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رکه‌وتووانه‌ی پلانی ترۆر ئاماده‌یی هه‌بوو. ئه‌و له خزمه‌ت به رژیمێکی که له ناو بردنی دژ‌به‌ره سیاسیه‌کانی خۆی بۆ را‌گرتن و پاراستنی ده‌سه‌ڵات به پێویست ده‌زانی،تا ئه‌و جێیه چووه پێشێ که بۆ خۆی ده‌سبه‌کار ده‌بێ و هه‌ر بۆیه‌ش پێویستێک هه‌ست پێناکا که به‌و بۆنه‌وه راسپارده‌یه‌کی پێ بسپێرن. له کاره‌ساتی تڕۆری بڕلینیشدا ده‌ستوورێک به‌و نادرێ. دارابی گیروگرفتی رژیمی به گرفتی خۆی ده‌زانی و بۆیه‌ش به ئاکام گه‌یاندنی کرده‌وه‌ی میکۆنۆسی به کارێکی پێوه‌ندیدار به خۆی داده‌نا. ئه‌گه‌ر بێجگه له‌وه‌ش بوایه و ده‌ستووری به‌شداری له ترۆر به دارابی درابا، به جێ گه‌یاندنی ئه‌و ده‌ستووره بۆ ئه‌و پێویستی ئه‌وتۆی نه‌بوو. دارابی به شێوه‌ی باو ده‌ست به کۆکردنه‌وه‌ی هێز و پێکهێنانی تاقمێک بۆ دابه‌زاندنی پلانه‌که ده‌کا. ئه‌و به سه‌رکه‌وتووییه‌وه گومانلێکراوانی حازر ئه‌مین و ره‌حیل و هه‌روه‌ها گومانلێکراوی هه‌ڵاتوو عه‌لی سه‌برا له گه‌ڵ خۆی هاوبیر و هاوڕێ ده‌کا. ئه‌م که‌سانه به هۆی به‌ستراوه‌ییان به حیزبوڵڵای لوبنانه‌وه پێوه‌ندێکی زۆر نزیک و دۆستانه‌یان له گه‌ڵ ئه‌و هه‌یه.
ب-ئه‌مین و ره‌حیل ده‌وره‌ی نیزامی و ئیدۆلۆژی پێویستیان له پێگه‌کانی سپای پاسداران له شاری ره‌شت ته‌واو کردووه و دیاره که سپا دامه‌زراوێکی جێی متمانه و بڕوای رژیمه.
ئه‌و دوو گومانلێکراوه له مزگه‌وتی ئیمام جه‌عفه‌ری سادق له بڕلین له گه‌ڵ دارابی که له‌وێ پۆستێکی گرینگی هه‌بوو یه‌کتر ده‌ناسن. ئه‌م ناسینه ورده ورده ده‌بێته دۆستی و قووڵتریش ده‌بێته‌وه تا ئه‌و جێیه که دارابی له تواناکانی خۆی بۆ دۆزینه‌وه‌ی کار بۆ ئه‌مین که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ئه‌مین و ره‌حیل ته‌نانه‌ت له دووکانی دارابی هه‌ڵکه‌وتوو له وزڕاشتڕاسه کار ده‌که‌ن. ره‌حیل ئه‌وه‌نده متمانه‌ی دارابی بۆ لای خۆی راکێشابوو که ئیزنی پێده‌دا زۆربه‌ی کات به ته‌نیا له ئاپارتمانه‌که‌یدا هه‌ڵکه‌وتوو له دێتمۆڵدشتراسه، بژی، که پاشان ئه‌مینیش به پێی پێویست هه‌ر له‌و ئاپارتمانه‌دا له گه‌ڵ ره‌حیل ده‌مێنێته‌وه. دارابی پاش ماڵ گواستنه‌وه بۆ ئاپارتمانی نوێ له "ویلهێلم شتڕاسه 38" ئاپارتمانی پێشوو هه‌ر وا راده‌گرێ که نه‌ته‌نیا ئه‌و دوو که‌سه که‌ڵکی لێوه‌ردگرن به‌ڵکو بۆ دۆستان و میوانانیش به‌کار دێ.
کۆتایی
حوکمی دادگای بڕلین له 10ی ئاوریلی 1993دا درا و تاوانباران به زیندان مه‌حکووم کران، تاوانباری سه‌ره‌کی، کازم دارابی زیندانی هه‌تاهه‌تایی بۆ بڕاوه، به‌ڵام ساڵی 2008 پاش تێپه‌ربوونی 15 ساڵ له حوکمه‌که‌ی درایه‌وه به ئێران و له‌وێش وه‌کو قاره‌مانێک پێشوازی لێ‌کرا.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، دادگای بڕلین بێجگه له‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که له سه‌ره‌تادا باسکران، ده‌سکه‌وتێکی هه‌ره گه‌وره‌ی‌تریشی لێکه‌وته‌وه، ئه‌ویش ناسران و ناساندنی رایه‌ڵه‌ی ترۆریستی ده‌وڵه‌تی ئێران له ئوروپادا بوو. ئێرانی به ناو ئیسلامی نه‌ته‌نیا وه‌کو کوژه‌ر و ترۆریست ناسرا، به‌ڵکو رایه‌ڵه ئاڵۆز و به‌ربڵاوه‌که‌شی له ئوروپادا ناسرا.
پاش دادگای میکۆنوس ئێران تا ئێستاش نه‌یتوانیوه کرده‌وه‌یه‌کی ترۆریستی تر به‌ڕێوه به‌رێ و ئه‌وه‌ش ده‌سکه‌وتێکی به نرخی دادگای میکۆنوسه و بێگومان گیانی زۆر تێکۆشه‌ر و چالاکی سیاسی پاراستووه.
هه‌ر وه‌کو له کتێبی دادگای میکۆنوسدا، کتێبه‌که به یاد و رێزدانان بۆ قوربانیانی ترۆریزمی کۆماری ئیسلامی ته‌واو ده‌بێت، ئێمه‌ش هه‌ر به‌و شێوه وتاره‌که به یادی له خوێن گه‌وزاوه‌کانی ترۆریزمی کۆماری ئیسلامی ته‌واو ده‌که‌ین:
عه‌لی ته‌باته‌بایی، مسته‌فا(شه‌هریار) شه‌فیق، شاهروخ میساقی، شه‌هرام میرانی، ئه‌حمه‌د زولئه‌نوار، عه‌بدولئه‌میر راهدار، ئه‌حمه‌د حامید، ئه‌سفه‌ندیار ره‌حیمی، غوڵامعه‌لی ئووه‌یسی، به‌هروز شاهوردی لو، هادی عه‌زیزمرادی، بیژه‌ن فازیلی، والی موحه‌مه‌د وان، عه‌لی ئه‌کبه‌ر موحه‌مه‌دی، حه‌مید ره‌زا چیتگه‌ر، فه‌رامه‌رز ئاقایی، عه‌لیڕه‌زا پورشه‌فیعزاده، موحه‌مه‌د حه‌سه‌ن مه‌نسووری، ئه‌حمه‌د مورادی تالبی، موحه‌مه‌د عه‌لی ته‌وه‌کولی نه‌به‌وی، نوره‌ددین ته‌وه‌کولی نه‌به‌وی، ئه‌بولحه‌سه‌ن موجته‌هیدزاده، عه‌تائوڵڵا بایر ئه‌حمه‌دی، عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو، عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر، فازیل ره‌سول، غوڵام که‌شاوه‌رز، سدیق که‌مانگه‌ر، حسه‌ین که‌شاوه‌رز، حاجی بلو‌چ خان، حسه‌ین میرعابدینی، کازم ره‌جه‌وی، عه‌لی کاشفپور، عیففه‌ت قازی، سیروس ئیلاهی، عه‌بدوڕه‌حمان برومه‌ند، ئه‌حه‌د ئاقا، هیتوشی ئیگاڕاشی(وه‌رگێڕی کتێبه‌کانی سه‌لمان روشدی)، شاپور به‌ختیار، سروش که‌تیبه، سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، کامڕان هیدایه‌تی، شاپور فیروزی، کامڕان مه‌نسوور موقه‌دده‌م، به‌همه‌ن جه‌وادی، فه‌ره‌یدون فه‌رروخزاد، سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی، فه‌تتاح عه‌بدولی، هومایون ئه‌رده‌ڵان، نووری دێهکوردی، عه‌لی ئه‌کبه‌ر قوربانی، موحه‌مه‌د حسه‌ین نه‌قدی، موحه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌رباب، موحه‌مه‌د قادری، به‌هرام ئازادفه‌ر، عه‌بباس قولیزاده، شاهڕوخ مورادی، سالح مورادی، ئه‌نوه‌ر ئیبڕاهیمی، تاهیر مه‌نوچیهری، ره‌شید روسته‌می، که‌ریم موحه‌مه‌د فه‌تتاح، ته‌ها کرمانج، موحه‌مه‌د بۆکانی، شه‌فیع موحه‌مه‌دی، ساڵح جیهانگیری، فه‌تتاح سه‌عیدی، عه‌لی حه‌یده‌ری دژاهه‌نگ، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دپور، ئیبڕاهیم گه‌رگه‌ری، مه‌لا عوسمان ئه‌مینی، مام موراد، موراد محه‌مه‌دزاده، عه‌بدوڵڵا له‌دیسانی، غه‌فوور هه‌مزه‌یی، حه‌یده‌ر مه‌حمودی، غه‌فوور میهدیزاده، عه‌لی ئه‌مینی، سددیق عه‌بدوڵڵاهی، عوسمان رویان، ئه‌بوبه‌کر ره‌حیمی، ره‌حمان شه‌عبان نژاد، عه‌لی عه‌بدوڵڵاهی، زارا ره‌جه‌بی، عه‌لی مورادی، فه‌رامه‌رز کیشوه‌ری، عوسمان ره‌حیمی، تاهیر عه‌زیزی، حه‌سه‌ن ئیبڕاهیمزاده، عه‌لی مه‌لازاده، ره‌زا مه‌زڵومان(کورش ئاریانژاد)، تالیب عه‌لیزاده، ئه‌نژاد مه‌ولودی، سه‌عید مورادی، عه‌لی زوکاڵه، ئیسماعیل نمه‌کی.
... و له ئێران‌دا:
کازم سامی، سه‌عیدی سیرجانی، موزه‌ففه‌ر به‌قایی، ئه‌حمه‌د میر عه‌لایی، ئیبڕاهیم زاڵزاده، په‌روانه فروهه‌ر، داریوش فروهه‌ر، مه‌جید شه‌ریف، موحه‌مه‌د موختاری، موحه‌مه‌د جه‌عفه‌ر پویه‌نده، غه‌ففار حوسه‌ینی، ئه‌حمه‌د ته‌فه‌ززولی و پیر‌وز ده‌وانی ....... و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که ناویان له قه‌ڵه‌م که‌وتووه.
یه‌که‌م جار که حه‌ق به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیدا سه‌رکه‌وت
مێژووی ماف له‌م کتێبه‌دا خۆی ده‌نوێنێ