ناکۆکییه ناوخۆییه‌کانی کورد
سه‌رچاوه و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی
م.س. لازاریڤ
وه‌رگێڕانی: مه‌نسور سدقی
سه‌رچاوه و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی
م.س. لازاریڤ
وه‌رگێڕانی: مه‌نسور سدقی
تێبینی وه‌رگێڕ:
پرۆفێسوری مێژوو میخائیل سیمیۆنۆڤیچ لازاریڤ، پسپۆڕی به‌ناوبانگی رووس له‌سه‌ر مێژووی کورد، ئه‌و بابه‌ته‌ی له کۆنفرانسێکی دوو رۆژه له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد پێشکه‌ش کردووه که له ساڵی 2005دا له مۆسکۆ و له‌لایه‌ن به‌شی "کوردناسی و کێشه ناوچه‌ییه‌کانی" پێکهاتبوو. له‌و کۆنفرانسه‌دا هاوکارانی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و نزیک له ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتناسی رووسیا، پسپۆڕانی‌تری ئه‌و ناوه‌نده، نوێنه‌رانی "ئه‌نستیتوی ده‌وڵه‌تی بۆ پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا- مۆسکۆ"، ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتی نزیکی رووسیا و دیاسپۆڕی کورد له رووسیا به‌شداریان کردبوو.
کۆی وتاره‌کانی پێشکه‌شکراو له‌و کۆنفرانسه‌دا که ده‌گاته 24 وتار، له‌ساڵی 2006 و له توێی کتێبێکی 362 لاپه‌ڕه‌ییدا به‌ناوی "کێشه‌ی کورد له رۆژئاوای ئاسیا له ده‌سپێکی سه‌ده‌ی 21مدا- کۆکراوه‌ی وتار"، به‌زمانی رووسی له مۆسکۆ چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌ه.
ئێستاش "ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتی نزیکی رووسیا" له‌ماڵپه‌ڕی خۆیدا ته‌واوی ئه‌و کتێبه‌ی خستۆته به‌ر‌ده‌ستی خۆێنه‌ران.
دیاره هێندێک له بۆچوونه‌کانی نووسه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌لومه‌رجی رابردوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئاماژه‌کان به‌تایبه‌ت هۆ و هۆکاره‌کانی ناکۆکی ناوخۆیی کێشه‌ی کورد کاردانه‌وه و گرنگی خۆیان له‌ده‌ست نه‌داوه. ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ هێندێک له بۆچوونه‌کانی نووسه‌ر هاوده‌نگ نه‌بین، به‌ڵام به‌گشتی بابه‌ته‌که شیاوی ورگێڕان و بڵاوکردنه‌وه‌یه و لێره‌دا، له ماڵپه‌ڕی "راڤه" پێشکه‌شی خوێنه‌رانی ده‌که‌م.
ده‌قی ئه‌و وتاره له ماڵپه‌ری "ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتی نزیکی رووسیا" وه‌رگیراوه: "کێشه‌ی کورد له رۆژئاوای ئاسیا له ده‌سپێکی سه‌ده‌ی 21مدا- کۆکراوه‌ی وتار"، لاپه‌ڕه‌ی 26-37
هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی نییه، قه‌واره‌یه‌کی یه‌کپارچه‌ی هه‌بێت، ته‌وایان ئاوێنه‌یه‌کن له به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه و تایبه‌ت به‌خۆییه‌کانی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه که بێگۆمان هه‌ریک له‌و چین و توێژانه ئاوات و داخوازی سیاسیی دیاریکراو‌ی (کۆنکرتی) خۆیان هه‌یه. ته‌نیا یه‌ک ئامانج ئه‌وانه لێک گرێده‌دات و یه‌کگرتوویان ده‌کات: وه‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ئاسته جیاوازه‌کانی که له پێناسه‌کردنی فه‌رمی جیاوازی ئه‌تنیکییه‌وه ده‌ستپێده‌کات و هه‌تاکو وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ویی درێژه‌ی ده‌بێت. به‌ڵام بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و ئامانجه سه‌ره‌کیه، لایه‌نه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌شێوازی خۆیان هه‌ڵده‌ستن که پێوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چینایه‌تی و توێژایه‌تی و ... ئه‌و لایه‌نانه‌وه هه‌یه و به‌گشتی بریتیه له شێوازی خۆته‌وه‌ر و یه‌کلایه‌نانه(ئێگۆئیستی). لێره‌دایه که له قوناغی خه‌بات و تێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین، هۆ سه‌ره‌کییه‌کانی کێشه‌ی ناوخۆیی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و بزوتنه‌وانه ده‌رده‌که‌وێت.
کێشه‌ی ناوخۆیی، پێناسه‌ی تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد پێکدێنێت. ئه‌و دیارده‌یه له‌ژێر کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه تایبه‌ت به‌خۆییه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه پێکهاتووه. ته‌نانه‌ت له ساڵی 1934دا، مێژوونووسی به‌ناوبانگی بریتانیایی، پسپۆڕ و چاوه‌دێری کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئارنۆلد تۆینبی ده‌نووسێ: «دوژمنی هه‌ره به‌دکاری کورد بریتییه له کێشمه‌کێشی فێۆدالی و خێڵایه‌تی که به ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ئێراق، تورکیا و ئێران رێگا ده‌دات بۆ داسه‌پاندنی سیاسه‌تی "دا‌به‌شکه و حکۆمه‌ت بکه"» . کێشه‌ناوخۆییه‌کان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19ه‌وه هه‌تاکو ئێستا، گشت مێژووی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی و رزگاریخوازانه‌ی کوردی هاوڕێیی کردووه. ئه‌و کێشانه ناته‌بایی سه‌ره‌کی ئه‌و بزاڤه به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه که بریتیین له: هه‌ول و تێکۆشانێکی زه‌ینی(سۆبژێکتیڤ) بۆ یه‌کگرتنه‌وه، وه‌ده‌ست نه‌که‌وتنی عه‌ینی(ئۆبژێکتیڤی) ئه‌و یه‌کگرتووییه. گه‌لێک هۆکاری بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کی له‌ئارادان که هه‌میشه دژی وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه کاردانه‌وه‌یان هه‌بووه. ئه‌گه‌رچی هێندێکجار هۆکاره مێژوویی و سیاسه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانیش کاردانه‌وه‌یان هه‌بووه.
هۆکاره مێژووییه‌کان
له‌پله‌ی یه‌که‌مدا پێویسته ئاماژه به دابه‌شبوونی سیاسی-جوگرافی گه‌لی کورد بکه‌ین. گه‌شه‌ی مێژوویی گه‌لی کورد و هه‌لومه‌رجی سیاسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌تنیکی قه‌ومی کورد (که به‌گشتی له‌سه‌رده‌می کۆتایی ساسانیه‌کاندا، نزیکه‌ی سه‌ده‌ی شه‌شی زایینی روویداوه) و وه‌رچه‌رخان و گۆڕانی ئه‌و گه‌له به‌ره‌و نه‌ته‌وه بوون، هه‌موویان له هه‌لومه‌رجی ژیانی پارتیکۆلیاری [ناوچه‌گه‌رایی، خۆته‌وه‌ری، په‌ڕشوبڵاویی، جیاوازی دانان] گروپه به‌ربڵاو و جیاوازه‌کانی کورد رویانداوه. نیشتمانی مێژوویی و گۆڕه‌پانی ژیانی هه‌میشه‌یی کۆمه‌ڵانی گه‌لی کورد واته کوردستان، هه‌رگیز مانا و ناوه‌رۆکی سیاسی-نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه و ته‌نیا هه‌ڵگری ناوه‌رۆکێکی جوگرافی- نه‌ته‌وه‌یی بووه. هیچکات ده‌وڵه‌تێک به ناوی کوردستان که قه‌ومی(ئه‌تنوسی) کورد سه‌رکردایه‌تی کردبێت، بوونی نه‌بووه. به‌ڵکوو له‌سه‌رده‌می سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها سه‌رده‌می نوێ و نوێتردا، کوردستان که‌وتۆته چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانی‌تره‌وه: تا سه‌ده‌ی شازده به‌شێک له‌ئیمپراتوریای خه‌لیفه‌کان و تورک- مه‌غۆله‌کان، پاشان له‌چوارچێوه‌ی ئیمپراتوریای عوسمانی و ئێران و پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی بووه به به‌شێک له وڵاتانی تورکیا، ئێران، هه‌روه‌ها وڵاتانی عه‌ره‌بی ئێراق وسوریا که ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ژێر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی راسته‌وخۆ یان سه‌رپه‌ره‌شتی وڵاتانی بریتانیا و فه‌رانسه‌دا بوون. نه له‌و ئیمپراتوریا پڕنه‌ته‌وه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌دا که ئیمارته سه‌ربه‌خۆ و نیوه سه‌ربه‌خۆکانیشیان گرتبۆوه، و نه له‌وڵاته سه‌ربه‌خۆکانی سه‌رده‌می نوێ‌دا، تا ئه‌و ساڵانه‌ی ئێستا بۆ دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی نه‌ته‌وه‌یی-سیاسی و بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو کوردان و سازدانی پێگه و بنکه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی هه‌لومه‌رج نه‌ڕه‌خسابوو. له‌ژێر کاردانه‌وه‌ی ئه‌و هۆیانه‌دایه که له ناو کوردان‌دا، نه‌ریتی خه‌باتی سیاسی یه‌کگرتوو و پشتگیرانه له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییدا چ له‌ئاست گشت نه‌ته‌ویی و چ به‌لانی که‌م له‌ئاست به‌شێک له‌نه‌ته‌وه‌ی کورد، بزره و بوونی نییه.
هه‌روه‌ها هۆکاری‌تری مێژوویی بریتیه له لێکدابڕاویی ئه‌تنۆکولتووری و ئه‌تنۆکۆمه‌ڵایه‌تی که تا ئێستا له ناو کوردان‌دا به‌رده‌وامه. قۆناغی خێڵایه‌تی که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری نه‌ته‌وه‌کانی جیهان ئیتر له‌مێژه تێپه‌ڕیان کردووه، له لای کوردان و له‌پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌واندا به‌هۆی گه‌لێک هه‌لومه‌رجی ناله‌باری ناوخۆیی، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام درێژخایه‌ن بووه و جێگای له‌ناو نه‌ریته مێژووییه‌کانی کوردان‌دا کردۆته‌وه و تائێستاش کاردانه‌وه‌ی به‌رده‌وامه. ئه‌و دیارده‌یه بۆته هۆی درێژخایه‌نی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ره‌وتی له‌سه‌ره‌خۆی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری نه‌ته‌وه‌ی کورد که هێندێک له لایه‌نه گرینگه‌کانی ئاڕاسته‌یه‌کی "پارتیکولاری" [ناوچه‌گه‌رایی، خۆته‌وه‌ری، په‌ڕشوبڵاویی، جیاوازی دانان] به‌خۆ گرتووه و کاردانه‌وه‌ی له سه‌ر زمان و ئایین و ... پێناسه ئه‌تنۆکولتوورییه‌کانی داناوه و بۆته هاندری له‌توپه‌تکردن و جیاوازی‌دانان و ناوچه‌گه‌رایی و تا ئێستاش له‌ناو کورد دا ره‌وتی یه‌کگرتنه‌وه و هه‌ڵگرتنی یه‌ک پێناسه‌ی ئه‌تنیکی نه‌ته‌وه‌یی دژوار کردووه. ره‌وتی یه‌کگرتنه‌وه و هه‌ڵگرتنی یه‌ک پێناسه‌ی ئه‌تنیکی بۆ کورد، ئێستا به‌سه‌رئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام ئه‌و ناکامییه زۆر گرنگ نییه و پێیناوێت زۆر گه‌وره بکرێته‌وه.
ناکامی ره‌وتی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌تنیکی گه‌لی کورد له‌وسه‌رده‌مه‌دا، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی تائێستابه‌رده‌وامی دابه‌شبوونی ئێتنۆکولتووری و ئێتنۆکۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لی کورد، هێندێک لایه‌نی نه‌رێنی [نێگاتیڤی] سیاسی پێکهێناوه و ره‌نگه سه‌ره‌کی‌ترینیان بریتی بێت له هه‌ڵسوکه‌وت و کولتووری سیاسی نزم وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ک له کولتووری پاشکه‌وتووی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵک که تایبه‌تمه‌ندییه باوه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردی برجه‌سته ده‌کاته‌وه، وه‌ک: گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی سامناکی که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان و هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی سیاسی به‌گشتی، سه‌رۆک په‌ره‌ستی و هاوکات ئاماده‌بوون بۆ کرده‌وه توندوتیژه‌کان له خه‌باتی سیاسی‌دا.
سه‌رچاوه‌ی مێژوویی کێشه‌که، هۆکاری خۆی هه‌یه که هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌یی کومه‌ڵگای کوردی پێشانده‌دات. وه‌ک فره‌ژێرخانی [فره‌ستروکتوری] و ناهاوته‌ریبی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری که له پانتایی و قوڵاییدا کاردانه‌وه‌یان داناوه و سازده‌ری هۆ گرینگه‌کانی په‌ڕشوبڵاویی سیاسی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارین. جیاوازی له پله‌وپایه و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووریدا، جیاوزی له هه‌لوێسته جیاوازه سیاسیه‌کان له پانتایی ناوچه‌کانی کوردستاندا دیاری ده‌کات. به‌رهه‌می ئه‌و جیاوازییه له ئاستی کولتووریدا، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر دێزئێنتگراسیونی [نایه‌کگرتوویی ] تێکۆشان و هه‌وڵه‌کان له بزاڤی نه‌ته‌وه‌ییدا.
له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا، تاراوگه[دیاسپۆر] هه‌میشه نه‌خشێکی سیاسی تایبه‌تی گێڕاوه. له‌سه‌رده‌می هه‌نووکه‌یی و له‌ناو کورددا، تاراوگه شوێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-کولتووری تایبه‌ت به‌خۆی گرتووه. ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی دیاسپۆڕی کورد زۆر که‌مه (نزیکه‌ی 4% ئاپوڕای کورد و پتر له 1 ملیۆن که‌س ده‌گرێته‌وه)، به‌ڵام به‌شی هه‌ره خوێنده‌وار، هه‌ره سیاسی و هه‌ره چالاکی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه پێکدێنێت. دیاسپۆری کورد به‌پێی درێژخایه‌نی و ماوه‌ی بوونی (له‌ته‌واوی ژیانی خۆیدا ئێستا جیلێکی تێپه‌ڕ نه‌کردووه) له وڵاتانی پێشکه‌وتوو و خاوه‌ن شارستانیه‌ت- له‌رابردوودا له ئیمپراتوری رووسیا-USSR- و هه‌نووکه به‌لانی زۆره‌وه له وڵاتانی رۆژئاوادا- نه‌ته‌نیا شێوازی ژیانی ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌ڵگرتووه، به‌ڵکو زۆربه‌ی لایه‌نه به‌نرخه‌کانی ئاکاری-سیاسی و کولتوورییه‌کانیشی وه‌ده‌ست هێناوه و هاوکاتیش بنه‌مای شوناس و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه. به‌ڵام دیاسپۆری هه‌نووکه‌یی کورد به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه مێژووییه‌کانی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و سیاسیه‌وه، ناهاوته‌رازی و نایه‌کده‌ستبوونێکی زۆری پێوه دیاره که هێندێک ئاسه‌واری هه‌بووه و په‌ره‌سه‌ندنی ناته‌بایی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی لێکه‌وتۆته‌وه.
له‌لایه‌که‌وه، له‌مێژه کۆچبه‌رانی کورد و زۆرتریش له وڵاتانی روژئاواییدا، ناوه‌ندی رۆشنبیری-سیاسی ناسیونالیزمی کوردیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێکهیناوه. دوایین چالاکی، بریتی بوو له دامه‌زراندنی "لقێکی" فره‌تایبه‌ت له لوبنان. نۆخبه‌ی کورد له تاراوگه که ببوو به هه‌ڵگری بیرۆکه و کولتووری سیاسی سه‌رده‌میانه و پێشکه‌وتووی ئه‌و چاخه، هه‌وڵی دا تا ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی بۆ وڵاتی خۆی بگوازێته‌وه و بڵاوی بکاته‌وه. به‌ڵام زوو ده‌رکه‌وت که ئه‌وه ئه‌رکێکی ئاسان نییه. هه‌لومه‌رجی راسته‌قینه‌ی کوردستان جیاوازیه‌کی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنایه‌ی له‌ده‌ره‌وه بیری لێده‌کراوه(ئه‌وه ره‌هه‌ندێکی ئاساییه بۆ هه‌موو کۆچبه‌ران). له‌وڵاتدا رێبه‌رانی کاریزما و بیرۆکه‌ی ئایینی و نه‌ریتی "سه‌رچۆپیان" به‌ده‌سته‌وه بوو، واته ئه‌و که‌سایه‌تیه سیاسی- ئایدیۆلۆژێکانه که گه‌لێک جار هه‌ڵسوکه‌وتی کۆنی "فێودالی-پارتیکولار"یان پێوه دیارمابوو. به‌راستی له‌و دواییانه‌دا زۆربه‌ی رێبه‌رانی ناوداری کورد ئاشکرا به‌شێوه‌ی "وێسته‌رن"ی هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد، مخابن ئه‌و ره‌وته ئێستاش کۆتایی پێنه‌هاتووه. بۆیه هۆیه‌کانی بابه‌تی(ئابژێکتیڤ) بۆ ره‌خسانی بواری لێک تێنه‌گه‌یشتن هه‌ر پایه‌دارن و هه‌مدیسان بۆیه تێکهه‌ڵچوونی راسته‌وخۆی نێوان "کۆن" و "نوێ" له‌بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا، هه‌ر به‌رده‌وامه.
له‌لایه‌کی‌تره‌وه، له ده ساڵی رابردووی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی و دیاره له‌باری سیاسیشه‌وه، گوڕانێکی گرنگ له‌پێکهاته‌ی "دێمۆگرافی" دیاسپۆری کوردا رویداوه. ئه‌گه‌ر له‌رابردوودا، تاراوگه‌ی کورد له‌هه‌ڵبژارده‌کان (ئه‌ریستوکراته‌کان) و نۆخبه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورد پێکهاتبوو، پاش نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م کاروانی کۆچبه‌رانی کورد به‌تایبه‌ت چین و توێژی زه‌حمه‌تکێشی کورد وه‌ک"کرێکاری میوان" به‌ره‌و وڵاتانی رۆژئاوا تا راده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر زیادی کرد که له‌سه‌ره‌تادا، راده‌ی خوێنده‌واری و کولتووری به‌رچاویان نه‌بوو. خۆرێکخستن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیانی تاراوگه بۆ ئه‌و کۆچبه‌رانه زۆر به‌ئه‌سپایی تێده‌په‌ڕی، ئه‌گه‌رچی به‌هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ژیان له نیشتمانی مێژوویی خۆیاندا جیاوازی یه‌کجار زۆری هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه یارمه‌تیده‌ری پێکهاتنی بیروبۆچۆنی توندوتیژ، به‌تایبه‌ت له‌ناو لاوانی کۆچبه‌ری کوردی پێکهێنا. له‌ناو دیاسپۆری کورددا توێژێکی "مارگیناڵ" سه‌ریهه‌ڵدا که هه‌ڵسوکه‌وتی باڵه چه‌پره‌و و سه‌رکه‌شه‌کانی وڵاتی نێشه‌جێیان لاساده‌کرده‌وه. [مارگێناڵ بریتییه له‌و که‌س یان گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هاگه‌ل و دابونه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تێیدا ژیاون ده‌که‌ن و سیسته‌مێک له دابونه‌ریتی تایبه‌ت به‌خۆیان پێکدێنن] به‌کورتی، دیارده‌ی روو له هه‌ڵکشانی جیابوونه‌وه و ناته‌بایی له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوونه سیاسییه‌کان، پێناسه‌ی دیاسپۆری کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێکدێنێت.
هۆکاره سیاسییه ناوخۆییه‌کان
هه‌ر هه‌لومه‌رجێکی کێشه‌دار و تێکهه‌ڵچوونێک له‌سه‌ر به‌ستێنی نه‌ته‌وایه‌تی پێکدێت و له پانتایی سیاسی وڵاتی جێگرتوو و ژیانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی که بۆ مافی چاره‌ی خۆ نووسین خه‌بات بکات گه‌شه ده‌کات و په‌ره ده‌ستێنێت. دیاره ئه‌وه راستییه حاشا هه‌ڵنه‌گر و بنه‌ڕه‌تییه، نه‌ته‌نیا بزوتنه‌وه‌ی کوردیش ده‌گرێته‌وه به‌ڵکو نه‌خشێکی زۆرگرنگ و تایبه‌تمه‌ندیش له‌ره‌وتی دامه‌زراندن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌دا ده‌گێڕێت. ئه‌و کێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دابه‌شبوونی کوردستان له‌باری ده‌وڵه‌تی-سیاسییه‌وه، کاتێک ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له چه‌ند وڵاتی جیاواز و دیاره به‌و پێیه، له هه‌لومه‌رجی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی و کولتووریدا، سه‌ریهه‌ڵداوه. له‌ئاکامدا، له ناو بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نه‌ته‌نیا ئاڕاسته و بیروبۆچوونی یه‌کگرتنه‌وه (خه‌بات له‌پێناوی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو) سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌ڵکو سیاسه‌تی خۆجیاکردنه‌وه، "پارتیکۆلیاریش [ناوچه‌گه‌ری ...] پێکدێت که وه‌ک سه‌رچاوه‌ی کێشه و تێکهه‌ڵچوونه‌کانی ناوخۆیی له به‌رده‌وامی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌ی یه‌که‌م به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خاوه‌نی بنه‌مایه‌کی بیرۆکه‌یی [ئایدۆلۆژیک] بووه، بۆچوونی دووه‌م له‌ژێر کاردانه‌وه‌ی عه‌ینی [ئه‌بژێکتیڤی] هه‌لومه‌رجی واقیعی [رێئاڵی] کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردی تێدا ده‌ژی، پێکهاتۆوه. هه‌لومه‌رجی ئه‌و وڵاتانه له‌لایه‌که‌وه له‌باری پێوه‌ندییه‌کانی قوناغی- چاخی، مێژوویی-کولتووری و شارستانییه‌وه زۆر وێکده‌چن و له‌لایه‌کی‌تره‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو، پێش هه‌موو شتێک له‌باری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌وه، لێک جیاواز ده‌بنه‌وه. تایبه‌تمه‌نییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ش مۆر و نیشانی خۆیان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد داناون. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له هه‌ریه‌ک له‌و وڵاتانه (تورکیا، ئێران، ئێڕاق و سوریا) هاوشان له‌گه‌ڵ بیرۆکه و ئاواتی یه‌کگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گشتگری کورد، به‌ڕوونی تایبه‌تمه‌ندییه خۆجێییه‌کانی زمانی، ئایینی، کولتووری-مێژوویی، کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری و سیاسی پێوه دیاره که ئه‌وه‌ش به‌گشتی بزوتنه‌وه‌که به‌ره‌و ئاستی جیاوازی گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بات.
له کوردستانی تورکیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه له ناوچه‌ی تونجه‌لی(درسێم)، ده‌کرێ بڵێین سیسته‌می خێڵایه‌تی باوی نه‌ماوه، مخابن له کوردستانی ئێڕاقدا ئێستاش پایه‌داره و ته‌نانه‌ت به‌رده‌وام مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی به‌ره‌و ئیسلامخوازی سیاسی لێده‌که‌وێته‌وه. له کوردستانی تورکیا به‌ڵام به‌دبه‌ختیه‌کی‌تر هه‌یه: ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌ته‌واوی حاشا له بوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کات و به‌شێوه‌یه‌کی بێبه‌زه‌ییانه سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر دیارده‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌رکوت ده‌کات که له‌ئاکامدا بۆته پێکهێنه‌ری بنه‌ماکانی رادیکالیزم و شێوازی توندوتیژی له‌بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورددا. ئاسۆیه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و شێوازه چاوه‌ڕوان ناکری و مخابن گه‌لێک دژواری زۆر گرنگی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی لێده‌که‌ویته‌وه. له ژیانی سیاسی کوردستانی ئێران‌دا تا ئێستاش هه‌ست به کاردانه‌وه‌ی تاقمه ئایینییه نه‌ریتییه‌کان(سۆفیگه‌ری) ده‌کرێ، به‌ڵام هاوکات خودی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، شارستانێه‌ت و گه‌شه‌یه‌کی زۆرتری پێوه دیاره که ئێستا له‌خزمه‌ت دامه‌زراندنی کاکڵی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆی کورد له کوردستانی ئێراقدایه. باشووری کوردستان بۆته ناوه‌ندی سیاسی و کولتوری بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی-رزگاریخوازانه‌ی گشتگری کورد. له سوریا و لوبنان (به‌گشتی له ئاست ژیان له‌شاره‌کاندا) هه‌لومه‌رج بۆ خۆپێشاندانی نه‌ته‌وه‌یی و کوردایه‌تی، تا راده‌یه‌ک ره‌خساوه.
وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا، تایبه‌تمه‌ندی رژێمه سیاسییه‌کان و یاسا‌ورێسا کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابوورییه‌کانی وڵاتانی لێجێگیربووی زۆربه‌ی دیاسپۆری کورد، کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌رچاوی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد و هه‌ڵسوکه‌وتی بێرۆکه‌یی و کرده‌وه‌یی داناوه. له‌زۆربه‌ی کۆچبه‌ره سیاسی و خوێندکارانی کورد که له خاکی یه‌کێتی سوڤیه‌تدا(پێش رووخانی) خۆیان گرتبۆوه و دیاره به‌شێکی به‌رچاویان ببونه دیلی بیرۆکه‌ی تۆتالیتاریه‌تی[سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی] کۆمۆنیستی، کادری رۆشنبیری مه‌یله‌وچه‌پ و چالاکانی سیاسیان لێپێکهاتووه. ئه‌وه که‌متاکورت کۆچبه‌رانی کورد له‌وڵاتانی«به‌ره‌ی سۆسیالیستیش»، ده‌گرێته‌وه. دیاره دیاسپۆری کورد له وڵاتانی « جیهانی ئازاد» (ئه‌رۆپای رۆژئاوا، ئامریکای باکوور، ئۆسترالیا) که‌وته ژێر کاردانه‌وه‌ی به‌ستێنێکی بیرۆکه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌واوی جیاوازتر. دیاسپۆری کورد به‌شی هه‌ره زۆری کوردانی ده‌ره‌وی کوردستانیان پێکده‌هێنا که بۆ هه‌ڵگرتنی بیرۆکه‌ی پلۆرالیزمی سیاسی له‌باربوون. ته‌نانه‌ت به‌هۆی گشت دیاسپۆری کورد بوو که بزوێنه‌ره جوربه‌جور و زۆرجاریش دژبه‌یه‌کتره‌کان- له پێکهاتنی باڵ و لایه‌نه جیاوازه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌ویی کورد کاردانه‌وه‌یان داناوه. هه‌روه‌ها به‌هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نه‌گونجاو له نیشتمانی مێژوویی کورددا (مه‌به‌ست جگه له به‌شی هه‌ڵکه‌وتوو له ئێڕاقدا تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێشه)، تاراوگه به‌ستێنێکی له‌باری بۆ خه‌باتکارانی رێگای ئازادی کوردستان له‌بواره‌کانی رێکخراوه‌یی، راگه‌یه‌ندن و پرۆپاگانده، پێکهێنابوو.
به‌و شێوه‌یه، هۆکاره ناوخۆییه‌کان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک یارمه‌تیان نه‌دا به‌یه‌کگرتوویی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کگرتنه‌وه‌ی باڵه جیاوازه‌کانی پێک نه‌هێنا و له‌ناوبردنی خێرای نه‌ریتی پارتیکولیاریزمی سیاسی کوردی لێنه‌که‌وته‌وه. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه و به‌پێی سرۆشتی خۆیه‌وه، هه‌ڵگری بنه‌مایه‌کی عه‌ینی[ئه‌بژێکتیڤی] بۆ ناته‌بایی ناوه‌رۆکی بووه که پێکدادانی به‌هێزی لێکه‌وتۆته‌وه و زیانێکی به‌رچاوی له بزوتنه‌وه‌که داوه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به لایه‌نه زه‌ینیه[سۆبژێکتیڤه]کان بکه‌ین که له عه‌قلییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت به‌کورده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. ئه‌و عه‌قلیه‌ته بریتیه له پێکهاته‌یه‌کی ئێتنۆپسیکۆلۆژی له ناشێلگیری، خێرا هه‌ڵچوون، مه‌یله‌و کرده‌وه توندوتیژیه‌کان و هاوکات داخراو له‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا و تا راده‌یه‌ک تاکه‌که‌سانه و تاکڕه‌وانه.
هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان
به‌پێی دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی و تایبه‌ت، واته رێئالیتێتی(راسته‌قینه‌ی) جوگرافی-سیاسی که به‌رهه‌می مێژوویه بۆ کورد، و رێئالیتێتی سیاسه‌تی ناوخۆیی له وڵاتانێک که خاکی کوردستانی لێهه‌ڵکه‌وتووه، هۆیه‌کانی کێشه فره‌تونده ناوخۆییه‌کان له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورددا کۆتایی پێنایه‌ت. لێره‌دا، هۆکاره نێونه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه ده‌ره‌کییه‌کان نه‌خشێکی تایبه‌ت و ئه‌گه‌ر نه‌لێین سه‌ره‌کی، به‌ڵام گه‌لێک گرنگیان گێڕاوه. چونکوو کاتێک کێشه‌ی کورد راسته‌وخۆ هه‌ڵگری به‌رژه‌وه‌ندییه بنه‌ڕه‌تی و بژێوییه‌کانی هێندێک له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی وه‌ک رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوایی و له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بێت، ئه‌و کێشه‌یه ئیتر به‌گشت تایبه‌تمه‌ندییه هه‌نووکه‌ییه‌کانی خۆییه‌وه روخسارێکی نێونه‌ته‌وه‌یی و گلۆباڵ به‌خۆوه ده‌گرێت.
رۆژهه‌ڵاتی نزیک (واته، رۆژئاوای ئاسیا- ئیران، تورکیا، وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌رۆژهه‌ڵات) به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی له پێوه‌ندگه‌ی سێ کێشوه‌ری گۆی زه‌ویدا، تایبه‌تمه‌ندی جوگرافی- سیاسی (ژێئۆپۆلیتیکی) په‌یداکردووه و به‌پێی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه و به‌درێژایی سه‌دان ساڵ، یه‌کێک له ناوچه هه‌ره قه‌یراناوییه‌کانی جیهانی پێکهێناوه و بۆته سه‌رچاوه‌ی تێکهه‌ڵچونه بێکوتاییه سیاسی-دیپڵۆماسی و سه‌ربازییه‌کان نه‌ته‌نیا له پانتایی ناوچه‌که، به‌ڵکوو له‌ئاست گشت جیهاندا. کوردستان له‌و ناوچه‌یه‌دا گۆڕه‌پانێکی ستراتێژیکی سه‌ره‌کی له‌خۆگرتووه و به‌هۆی شاخاویی بوونی و دانیشتوانی ئازادیخواز و شه‌ڕکه‌ره‌که‌ی بریتیه له قه‌ڵایه‌کی سرۆشتی و هه‌میشه وه‌ک "بنکه‌یه‌کی ئاگرین" گرنگیی پله‌یه‌که‌می هه‌بووه و ناوچه‌ی تێکهه‌ڵچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه ناته‌با و فره‌قه‌یرانا‌وییه‌کانی گه‌لێک له گه‌ڵان و وڵاتانی پێکهێناوه. تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نوزده‌هه‌م سه‌ره‌کی‌ترین لایه‌نه‌کانی ململانی پاوان‌کردنی خاکی کوردستان بریتی بوون له ئیمپراتوری عوسمانی و ئێران. پاشان وڵاته زلهێز و داگیرکه‌ره ئۆروپییه‌کان هاتنه ئه‌و گۆڕه‌پانه‌وه: رووسیا (پاش لکاندنی خاکی قه‌فقاز)، بریتانیا و دواتریش فه‌رانسه و ئا‌ڵمانیا، هه‌روه‌ها پاش کوتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سرنجی بۆ لای کوردستان راکێشرا. هه‌نووکه زلهێزی سه‌ره‌کی بۆ که‌ڵکوه‌رگرتن له کێشه‌ی کورد له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا، وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه که بریتانیاش به گشتی هاوکاری ده‌کات. تایبه‌تمه‌ندی سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی تێکه‌ڵ بوونی کارای ده‌وڵه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نزیکه له ململانێ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌لومه‌رج له کوردستاندا، واته تورکیا، ئیران، ئێڕاق و سوریا، به‌ڵام ئیتر ئه‌ومجاره نه‌ته‌نیا له‌ژێر کاردانه‌وه و هاندانی زلهێزه‌کانی رۆژئاوایی (وه‌ک له‌سه‌ره‌تا و له‌نێوان دوو شه‌ڕی جیهانیدا روویدا) به‌ڵکوو راسته‌وخۆ و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان، تێکه‌ڵاوی ئه‌و ململانێیه بوون.
هانده‌ری پاوان‌کردنی کوردستان ته‌نیا هه‌لومه‌رجی جوگرافی-سیاسی و جوگرافی-ستراتیژیکی ئه‌و ناوچه‌یه نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، به‌رژه‌وه‌ندی فره‌به‌رچاوی جوگرافی-ئابووریش دێته‌گۆڕێ. باشووری کوردستان (له ئێڕاق و سوریا) و به‌شێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ناوچه سه‌ره‌کییه‌کانی پاشکۆی نه‌وتی جیهاندا هه‌ڵکه‌وتوون. له‌ئاکامدا به‌ستێنێکی ئاڵۆز و فره‌دژوار له ویست و کرده‌وه پێکهاتووه که هێندێکجار گه‌لێک ئاکامی ناته‌با و دژبه‌یه‌کتری لێده‌که‌وێته‌وه.
لێره‌دا پێویسته سیاسه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نزیک که خاکی کوردستانی لێهه‌ڵکه‌وتووه، به‌تایبه‌ت جیابکرێته‌وه. سیاسه‌تی ئه‌و وڵاتانه به‌هه‌ڵسوکه‌وتی یه‌کجار دوژمنانه له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی گه‌لی کورد (جا چ راسته‌قینه بێت یان گۆمانلێکراو) بۆ مافی چاره‌ی خۆ نووسین و ته‌نانه‌ت به‌لانی که‌م بۆ پێناسه‌ی حقوقی و ناساندنی راشکاوانه‌ی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. هه‌ڵوێستی سیاسی و دژبه‌کوردی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دوو روخساری هه‌یه. یه‌کیان رووی له ناوه‌وه‌یه و ئه‌وه‌ی دیکه رووی له ده‌ره‌وه.
به‌ڵام له‌ئاست کوردی"خۆجێیی"دا، سیاسه‌تێکی راسته‌وخۆ ده‌گێڕن: له تیرۆری به‌ربڵاو و سه‌رکوتکردن بگره (به‌تایبه‌ت له تورکیا)، هه‌تاکوو شێوازه جۆربه‌جۆره‌کانی گوشاری سیاسی و بیرۆکه‌یی، بۆ له‌ناوبردنی بنه‌ڕه‌تی و یان دامرکاندنی هه‌ست و ویستی به‌رهه‌ڵستکاری نه‌ته‌وه‌یی. ئێران، پرۆپاگانده‌ی به‌ربڵاوی ئیسلامی له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه ده‌کات و له سه‌رانسه‌ری خاکی کوردان‌دا به‌شێوازێکی کارا هه‌وڵی په‌ره‌پێدان به "جاشایه‌تی" و کۆکردنه‌وه‌ی خۆفرۆشانی کورد ده‌دات.
له‌لایه‌کی‌تره‌وه، ئه‌و وڵاتانه له‌ئاست کوردی "ده‌ره‌وه" و له پارچه‌کانی‌تری کوردستاندا، سیاسه‌تێکی نه‌رمتر ده‌گێڕن که به‌ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تێک ده‌ڕوا بۆ لاوازکردنی ناوه‌رۆکی هێزه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاریی نه‌ته‌وه‌یی و پێش‌گرتن له دامه‌زرانی هه‌ر بنکه‌یه‌ک که بتوانێت وه‌ک بنه‌مایه‌کی کارای یه‌کگرتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆی کورد کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت، جا چ بۆ خۆدمۆختاری یان چ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و له هه‌رشوێنێک بێت. بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و سیاسه‌ته هاوکات له‌گه‌ڵ به‌هێزکردنی کاری جاسوسی له‌ناو سه‌رۆک خێڵ و پیاوه ماقوڵه(شێخه) دژبه‌یه‌که‌کان، به‌ته‌واوی هێزیانه‌وه ناته‌باییه ناوخۆییه‌کان که خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌کی کۆنی مێژوویین، هه‌ڵدایسێننه‌وه. هه‌روه‌ها ناته‌بایی رێکخراوه سیاسیه جیاوازه‌کانی کورد توند‌وتیژتر ده‌که‌ن و به‌ره‌و تێکهه‌ڵچوون و شه‌ڕی چه‌کداری له‌نێوان لایه‌نه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستکاری کورددا به‌ربڵاوتر ده‌که‌نه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له که‌ره‌سه و شێوازی به‌رفراوان که‌ڵک وه‌رده‌گرن وه‌ک: له پرۆپاگه‌نده، کاری سیاسی-جاسوسی، که‌ڵكوه‌رگرتن له‌خۆفرۆشان و هتد بگره تاکوو، ته‌نانه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی ئاشکرای سه‌ربازی، هه‌ر وه‌ک له کوردستانی ئێراقدا قه‌وما.
به‌هۆی کرده‌وه ئاشکرا و نه‌هێنیه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که له کوردستان، زیانێکی به‌رچاوی له بزوتنه‌وه‌ی کورد که‌وتووه، ئه‌و کرده‌وانه گشت تێکهه‌ڵچوونه ناوخۆییه‌کانی بزوتنه‌وه‌که‌ی لێکه‌وتۆته‌وه، راسته‌وخۆ له‌خزمه‌ت به‌رگریکردن له یه‌کێتی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا کاردانه‌وه‌ی هه‌بووه و بۆته هۆی لێکدابڕانێکی قووڵ له‌ناو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا. هاوکات، هه‌وڵی هێندێک وڵاتانی ناوچه‌که بۆ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و هه‌لومه‌رجه دژوارانه‌ی هه‌ر یه‌ک له پارچه‌کانی کوردستان به سوودی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان، زۆرجار ئاکامی چاوه‌ڕوان لێکراو و له‌پێش دارێژراوی بۆیان نه‌بووه. ته‌نانه‌ت له‌خودی ئه‌و وڵاتانه‌دا مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی دژواریی کێشه‌ی کورد و کێشه‌کانی‌تری لێکه‌وتۆته‌وه و لایه‌نه به‌هه‌ڵستکاره‌کانی کوردیش توانیویانه هێندێک سوود له‌و نێوه‌دا وه‌ده‌ست بێنن.
ئاسه‌واری خۆتێوه‌ردانی زلهێزه‌کانی ئوروپایی و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ژیانی ئاڵۆ‌زی سیاسی هه‌رێمی کوردان‌دا، هه‌ر وه‌ک ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌که ئاکامی ناته‌با و ئاڵۆ‌زی لێکه‌وتۆته‌وه. هه‌ر یه‌ک له‌و زلهێزانه به‌له‌پێشچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه سه‌ربازی-سیاسی و ئابووریه‌کانی خۆیان تێکه‌ڵاوی ئه‌و یارییه بوون. دیاره ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد بایه‌خی بۆیان نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، دامه‌زراندنی کوردستانێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ وه‌ک کۆتایی سرۆشتی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ ئه‌و زلهێزانه که سرنج و کاردانه‌وه‌یه‌کی نه‌ریتییان له کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیکدا هه‌یه، گونجاو نییه، جا چ به‌هۆی لێک‌بڵاو و پارچه‌بوونی ناچارانه‌ی چوار وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی نزیک و داسه‌پانی پشێویی و ئاژاوه‌یه‌کی ته‌واو له سیسته‌می پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ناوچه‌که‌دا که گه‌لێک مه‌ترسیداره، و یان چ به‌هۆی ئه‌و ئاکام و سه‌رئه‌نجامانه‌ی که نادیارن و پێشبینی ناکرێن. ئه‌وه ته‌نیا ره‌هه‌ندی ستراتێژیکیی سیاسه‌تی رۆژئاوا و رووسیا له‌رۆژهه‌ڵاتی نزیک پێکدێنێت. به‌ڵام سه‌باره‌ت به تاکتیک له قۆناغی دیاریکراودا و له‌هه‌مبه‌ر وڵاته جیاجیاکاندا، هێندێک جیاوازی له‌سیاسه‌تی "کوردیی" زلهێزه‌کان وه‌دیار ده‌که‌وێت.
هه‌ریه‌ک له‌و زلهێزانه به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له تێکۆشانه جیاجیاکانی کوردان له‌پێناو چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خۆیان له‌وڵاته جێنیشتبووه‌کانیاندا، به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو پراگماتیکی[کرده‌گه‌لی]، یان ده‌توانین بلێین کرداری- هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کێشه‌ی کورد کردووه. لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خودی کوردان، بۆیان له دوایین پله‌ی گرنگیدا بووه. گرنگی هه‌ره زۆرتر بۆ ئه‌و زلهێزانه پاوان‌کردنی پێگه‌ی سه‌ره‌کی له "قه‌له‌منداره‌ی" کوردستان و به‌رته‌سککردن و وه‌لانانی ره‌قیبه‌کانه‌یان له‌وێنده‌رێ بوو. ته‌نانه‌ت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه فره‌تایبه‌ت و داگیرکارانه، گه‌ره‌کیان بوو که‌ڵک له بزوتنه‌وه‌ی کورد وه‌ربگرن و هه‌وڵیاندا ده‌سته‌مۆی بکه‌ن و له‌ژێر چاوه‌دێری توندوتیژی خۆیان رایبگرن.
به‌ڵام له دوایین ئامانجیاندا زۆر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، بزوتنه‌وه‌ی کورد له هێندێک له پارچه‌کانی کوردستاندا به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له‌پشگری ئاشکرا و نه‌هێنی، ته‌نانه‌ت خودی ئه‌و زلهێزه داگیرکه‌رانه- سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێناوه. به‌و شێوه‌یه ده‌ستێوه‌ردانی زلهێزه‌کان، له‌لایه‌که‌وه گێره‌وکێشه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری لێکه‌وتۆته‌وه و تا راده‌یه‌کی زۆریش بۆته هۆی پارچه‌پارچه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی گشتگری کورد (چونکوو هێزه هاندراوه‌کان له‌دژی یه‌کتر پتر تێکۆشاون)، و له لایه‌کی‌تره‌وه هه‌ر ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه له‌هێندێک له هه‌رێمه‌کانی کوردان‌دا یارمه‌تیده‌ری سه‌رکه‌وتنێکی سنوورداری خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی بووه. ئه‌وه بریتی بوو له دیالێکتیکی هه‌لومه‌رجی ژێئۆپۆلیتیک له کوردستانی هاژاو دا که هاوکات له‌گه‌ڵ کۆسپ هاویشتن له‌سه‌ر رێگای یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاری نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رئاستی ته‌واوی کوردستاندا، له پارچێکی‌تری کوردستاندا یارمه‌تیده‌ری په‌ره‌سه‌ندنی تێکۆشانی ئه‌و هێزانه بوو و له ئاکامدا و له سه‌رده‌می هه‌نوکه‌ییدا گه‌لێک سه‌رکه‌وتنی بۆ خه‌باتکارانی کورد له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا پێشکه‌ش کردووه.
مێژووی پێوه‌ندیه دوولایه‌نه‌کانی کوردان له‌گه‌ڵ زلهێزه "ده‌ره‌کییه‌کان"دا (نه زلهێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نزیک) فره نموونه‌گه‌لی له‌و شێوه‌یه لێکه‌وتۆته‌وه که کاتێک ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و زلهێزانه ئاکامی یه‌کلایه‌نه‌ی لێکنه‌وتۆته‌وه، و به‌کرده‌وه ئه‌و زلهێزانه بۆنه‌ته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا، ته‌نانه‌ت ناسیونالیزمی توندڕه‌وانه‌ش. بۆ وێنه، له‌کاتی شه‌ڕی رووس-تورک له‌سه‌ده‌ی 19 و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20دا، فه‌رمانده‌یی هێزه سه‌ربازیه‌کانی رووس زۆرجار له راپه‌ڕینه‌کانی سه‌رۆک خێڵه کوردکان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی سۆڵتانی تورک پشتیوانیان کردووه. هاندانی راسته‌وخۆی رووسیا له جیاخوازی فێودالی کورد، کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌رچاوی له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی ناسیونالیزمی کورد له ساڵه‌کانی نێوان دوو سه‌ده‌ی 19 و 20دا، داناوه. هه‌مدیسان له‌و ساڵانه‌دا، به‌تایبه‌ت له ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای ده‌سپێکی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا، ده‌وڵه‌تی رووسیا ته‌نانه‌ت له‌ئاست نێوده‌وڵه‌تیدا له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ناسیوناڵیسته کورده‌کاندا پێوه‌ندی پێکهێنا . به‌و شێوه‌یه، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی ئه‌مپریالیستی رووسیه‌ی تێزاری له رۆژهه‌ڵاتی نزیکدا، سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌کرده‌وه بزوێنه‌ر و هانده‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کورد بووه.
هه‌روه‌ها زلهێزه‌کانی‌تری وه‌ک بریتانیا(له پله‌ی یه‌که‌مدا)، ئاڵمانیای قه‌یسه‌ری و فه‌رانسا، هه‌وڵیان دا له‌خه‌باتی کوردان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان که‌ڵک وه‌رگرن، به‌ڵام، ئا‌ڵمانیا و فه‌رانسه ده‌سکه‌وتێکی ئه‌و تۆیان وه‌ده‌ست نه‌هێنا. به‌ڵام پاش کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌م، کورد له ئێراق و سوریا که له‌کۆیله‌تی سه‌دان ساڵه‌ی عوسمانیه‌کان رزگاریان هات (خۆی له‌خۆیدا هه‌نگاوێکی پێشکه‌وتووانه له‌مێژوویاندا بوو) که‌وتنه ژێر ره‌کێفی داگیرکه‌رانه‌ی(کۆلۆنیالی) بریتانیا و فه‌رانسه. کوردستان دووچاری پارچه‌بوونێکی نوێ بوو و پاش پێکهاتنی ئێراق و سوریا، ده‌کرێ بڵێین پارچه‌کانی دوو جاری‌تر زیادی کرد. بێگومان ته‌شه‌نه‌ی وڵاته داگیرکاره رۆژئاواییه‌کان له خاکی کورددا، کێبه‌رکێی له‌ناو ئه‌و وڵاتانه پێکهێناوه (له‌سه‌ره‌تا و له‌درێژایی شه‌ڕی دووه‌مدا، زلهێزه‌کانی "ته‌وه‌ری" فاشیستیش له کێشمه‌کێشی پاوان‌کردنی قه‌له‌منداره‌ی کوردستان به‌شداریان کردووه) و خولقێنه‌ری تێکهه‌ڵچونی نوێ له‌کێشه‌ی کورد چ له‌ئاست ناوخۆیی و چ له‌ئاست نێونه‌ته‌وه‌ییدا بووه که به‌ئاڕاسته‌ی جوراوجور تائێستا به‌رده‌وامه.
له‌کاتی خۆیدا. یه‌کێتی سوڤیه‌ت ده‌ورێکی گرنگی له‌رووداوه‌کانی کوردستان گێڕاوه. ئه‌و ده‌وره دوو لایه‌نی بیرۆکه‌یی[ئایدیولۆژیکی] و سیاسی هه‌بوو. به‌پێێ رێبازی فه‌رمی و ئایدولۆژیکی سه‌باره‌ت به پشتیوانی له مافی چاره‌ی خۆ نووسینی نه‌ته‌وه‌کان، یه‌کێتی سوڤیه‌ت هه‌میشه له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی-رزگاریخوازانه‌ی کورد لایه‌نگری کردووه و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش له ناسیونالیزمی کورددا باڵی چه‌پ، له‌سه‌ره‌تادا به‌لایه‌نگری ئاڕاسته‌ی سوڤیه‌تی و کومۆنیستی پێکهات و له‌کاتی شه‌ڕی دووه‌م و پاشان توانی سه‌قامگیر بێت و به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ باڵه‌کانی‌تر، واته له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی رۆژئاوا و به‌ئاڕاسته‌ی نه‌ریته فیودالی و ئایین سالاری ناسیونالیزمی کورد، که‌وته ململانه‌وه. له‌کۆتایی چارکه سه‌ده‌ی بیسته‌م و له‌سه‌رده‌می قه‌یرانی قووڵ و تێکڕووخانی سیسته‌می سۆڤیه‌تدا، بنه‌ڕه‌تخوازی مارکسیستی لێنینیستی به رووخساری مائوویستی-کاسترویی له کوردستانی تورکیا (واته کوردستانی باکوور-رۆژئاوا) په‌ره‌ی سه‌ند و به‌شێوه‌یه‌کی کاتی سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ست هێنا و ئاراسته‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری به‌رێبه‌رایه‌تی حیزبی کریکارانی کوردستان(پ.ک.ک)ی به‌خۆوه‌گرت که به‌تایبه‌ت له تورکیا و ئێران‌دا کێشمه‌کێشێکی ناوخۆیی فره جیددی لێکه‌وتۆته‌وه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به ده‌وری سیاسی (هه‌روه‌ها سه‌ربازی-سیاسی)، ده‌ستێوه‌ردانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له‌کاروباری ده‌ره‌کی کورددا له‌ته‌واوی ماوه‌ی ژیانی خۆیدا، زۆر که‌م بووه. لێره‌دا هێندێک لایه‌نی‌تر گرنگی بۆی هه‌بووه: به‌پێی توانا هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندن، را‌گرتن و قووڵکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه دۆستانه و دراوسێیه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا که به‌توندی کاردانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر پشتیوانی مۆسکۆ له بزوتنه‌وه‌کانی کورد له‌و وڵاتانه‌دا دانا. ته‌نیا له‌کاتی شه‌ڕی دووه‌م و ده‌سبه‌جێ پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕ و له‌کاتی داگیرکردنی به‌شێک له کوردستانی ئێران له‌لایه‌ن سوپای سووره‌وه، هه‌روه‌ها له‌کاتی راپه‌ڕێنی مسته‌فا بارزانی له ئێراق له شه‌سته‌کان و سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا، یه‌کێتی سۆڤیه‌ت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی خۆی گۆڕی، مخابن نه‌درێژخایه‌ن، به‌ڵکوو له‌ژێر کاردانه‌وه‌ی هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان ناچار بوو چاره‌نووسی کوردان به‌خۆیان بسپێرێت.
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا زۆر له‌مێژ بوو سرنجێکی به‌رچاوی به‌ناوچه‌ی کوردستان و به‌شداریکردنی له‌کێشه‌کانیدا نه‌ده‌دا، بۆیه کاردانه‌وه‌ی له‌کاروباری وێنده‌رێ زۆر لاواز بوو. به‌ڵام ئێستا و به‌تایبه‌ت پاش چالاکی هێزه سه‌ربازییه‌کانی به‌ناوی "تۆفان له بیابان"،دا کوردستان و له‌پله‌ی یه‌که‌مدا به‌شی باشوور، که‌وتۆته ناو ته‌وه‌ره‌ی ژێئۆپۆلێتیکی ئامریکا له رۆژهه‌ڵاتی نزیکدا و له‌ناوه‌ندی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا جێیکردۆته‌وه. له‌ژێر سایه‌ی "چه‌تر"ی سه‌ربازی ئامریکا (به به‌شداری بریتانیا) و به‌هۆی کاردانه‌وه‌ی سێڵاوی دۆلاره‌کانی نه‌وت له‌به‌رامبه‌ر خۆراکدا، کوردستانی به‌رواڵه‌ت خۆدموختاری پێشوو له ئێراق، وه‌رچه‌رخا و به ئابووری و کولتوورێکی به‌ره‌و هه‌ڵکشان و گه‌شه، به‌کرده‌وه (چه‌لێ نه له‌باری حقوقییه‌وه) بۆته وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ (کوردستانی ئازاد به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی خۆی به به‌شێکی ئێستا پێکنه‌هاتووی ئێراقی فێدرالی ده‌زانێ)[ئه‌و وتاره له‌ساڵی 2005دا نووسراوه]. به‌م شێوه‌یه وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کردنی یه‌که‌م پێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردی که‌وتۆته سه‌رشانی، که‌ره‌سه‌ی نوێ و یه‌کجار به‌هێزی وه‌ده‌ستهێناوه بۆ هه‌ڵسوکه‌وت کردن له هه‌لومه‌رجه هه‌نووکه‌یی و پاشه‌رۆژیه‌کاندا له یه‌کێک له‌ناوچه هه‌ره قه‌یراناوی و مه‌ترسیداره‌کانی رۆژئاوای ئاسیادا. لێره‌دا ئامریکاییه‌کان به‌تایبه‌ت شوێنێکی به‌سوودیان بۆخۆیان دابین کردووه که رێگه‌ی پێداوه به‌شێوه‌یه‌کی کارا تێکه‌ڵاوی ده‌ره‌نجامی کێشه فره‌ناکۆکه ناوخۆییه‌کانی کورد ببێته‌وه.
به‌کورتی، کوردستانی هاوچه‌رخ بریتییه له ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند له ناته‌باییه‌کان له‌ئاست هۆکاره ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه که سه‌رچاوه و سروشتیان له‌باری مێژووییه‌وه مه‌رجدارن و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری ناوه‌رۆکێکی زیندوو و چالاکن. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و شرۆڤه به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه کورته‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌کان له‌داهاتوودا، به‌و شێوه‌یه پێشبینی بکه‌ین:
● کێشه‌ی کورد به‌گشت قه‌واره و ناوه‌رۆکییه‌وه، به‌ختێکی به‌هێزی هه‌یه ببێته کێشه‌ی سه‌ره‌کی رۆژهه‌ڵاتی نزیک له سه‌ده‌ی 21مدا. هاوکێشه‌کان له کوردستانی پارچه‌کراودا ناوه‌رۆک و ناخێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌یان وه‌ده‌ستهێناوه و ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ی گشت بنه‌ماکان ئه‌گه‌ری قووڵبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی شێمانه ده‌کرێت. هه‌وڵی تاقمه ده‌ست‌ڵاتداره‌کانی هێندێک له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نزیک بۆ به‌ستنه‌وه یان "ده‌سته‌مۆ" کردنی بزوتنه‌وه‌ی کورد، بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا شکست دێنێت و بارگرانی و گرژی نه‌رێنی دیسان زۆرتر ده‌خاته سه‌ر هاوکێشه‌ی کورد.
● ده‌ستێوه‌ردانی هێزه ناوچه‌یی و ده‌ره‌کییه‌کان له کێشه ناوخۆییه‌کانی کورددا به‌ناچاری ده‌بێته هۆی به‌ربڵاوی زیاتر و ئاڵۆ‌زی فره‌تری کێشه‌که و گه‌لێک ئاکامی پێشبینی نه‌کراو و فره لایه‌نه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. ئه‌گه‌رکو ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه دژایه‌تی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بکاته ئامانجی خۆی، بێگۆمان ئه‌وکاتیش ره‌نگه ته‌نیا سه‌رئه‌نجامێکی نه‌رێنی لێبکه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌رکو ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر به‌ستێنی سیاسی یه‌ک لایه‌نانه‌ی ئه‌م یان ئه‌و زلهێز له کوردستان رووبدات، له‌وانه‌یه ئاکامێکی به‌سوودی بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد لێهه‌ڵوه‌رێت و به‌ڕاستیش ئاکامی خستنه‌ژێر چاوه‌دێری ئاسمانی باشووری کوردستان پاش شه‌ڕی که‌نداو له‌لایه‌ن وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا (له‌پله‌ی یه‌که‌مدا) و بریتانیاوه، و هه‌روها یارمه‌تی ئابووری-دراوی و سیاسی و مرۆڤانه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ کوردی ئێراق، ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی لێبۆته‌وه.
● به‌گشتی، دژواری و ئاڵۆ‌زی هه‌نووکه‌یی له‌هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوخۆی کوردستاندا که پڕه له هاوکێشه جوربه‌جوره‌کان، هه‌رگیز به‌و مانا‌یه نییه که وڵات ئاژاوه دایگرتووه و په‌رشوبڵاویی و بێسه‌ره‌وبه‌ری ده‌سه‌ڵات ده‌کات. کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ژیانی قوناغی دژواری ئاڵوگوڕ و په‌ڕینه‌وه تێپه‌ر ده‌کات، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه سه‌ره‌ڕای ئامێزه‌بوونی به "پارتیکولاریسمی" له‌مێژینه‌ی که ته‌نیا خێڵی دوژمنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کورد سوودی لێوه‌رده‌گرن، هه‌مدیسان گه‌شه ده‌ستێنێت و له‌پێناو یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ییدا خواست و ویسته ناته‌باکان رێکده‌خات. کورد ده‌ستی کردووه به هه‌لێنجانی وانه له مێژووه دژواره‌که‌ی خۆی و به‌ربه‌رکا‌نی کردن له‌گه‌ڵ هۆکار و ئه‌نجامه نه‌رێنییه‌کانی دووبه‌ره‌کی ناوخۆیی و له‌ناوبردنی دڵێشه و تۆرانه کۆن و له‌مێژینه‌کان. به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی کولتووری سیاسی له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ئاشکرا ده‌بیندرێت، و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئاسه‌واره مه‌رگهێنه‌ره‌کانی ده‌ستێوه‌ردانی مه‌به‌ستداری هێزه دۆژمنکاره ده‌ره‌کییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد، له‌ناو ده‌چێت. کورد ده‌ستی کردووه به پێکهێنانی رێبازێکی نه‌ته‌وه‌یی پته‌و و خۆماڵی و ئه‌و رێبازه بێ‌وچان به‌کار دێنێت. ئه‌وه‌ش باشترین ده‌رمانه بۆ نه‌خۆشی کۆنی پارتیکولیاریسمی دووبه‌ره‌کی سازکه‌ر که هه‌میشه گه‌لی کورد له‌ده‌ستی ناڵیوه. تا سه‌رکه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته تازه پشکوتوو و ته‌ندورسته بۆ یه‌کخسته‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی کۆمه‌ڵگای کورد، رێگایه‌کی زۆر له‌پێشه، به‌ڵام یه‌که‌م ده‌سکه‌وته‌کان له‌به‌رامبه‌ماندا دیارن، بۆیه بنه‌مایه‌کمان ده‌داتێ تا به گه‌شبینی بڕوانینه داهاتووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد.