قه‌ره‌یلان 4 خاڵ بۆ چه‌كدانان ده‌خاته به‌رده‌م توركیا
رووداو
رووداو
موراد قه‌ره‌یلان، سه‌رۆكی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ (رووداو)دا، باسی رووداوه گه‌رمه‌كانی ئێستای كوردستان و توركیا ده‌كات. ده‌ڵێ كۆمه‌ڵكوژی 35 كاروانی كورد به بڕیار و پلانی پێشوه‌خته‌ی توركیابووه، بۆ چاوترسێنكردنی كورد، لێدوانه‌كانی هه‌ردوو جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بۆ داننان به ناسنامه‌ی كورد و مافه‌كانی له ده‌ستووری نوێی توركیادا و پاكه‌تی دووه‌می كرانه‌وه‌ی دیموكراتی جیدیه‌تی تێدانییه و سیاسه‌تێكی هاوشێوه‌ی سه‌دامه.
هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هاوخه‌می خۆیان بۆ به‌كۆمه‌ڵ كوشتنی 35 كاروانی باكووری كوردستان نیشاندا، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی ره‌سمیش له هه‌رێمی كوردستان، هاوخه‌مییه‌كه له ئاستی پێویستدا بوو؟
قه‌ره‌یلان: ده‌وڵه‌تی AKP شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له دژی گه‌لی كورد و تێكۆشانی ئازادی كوردستان راگه‌یاندووه. هه‌وڵده‌دات به‌و شه‌ڕه گه‌لی كورد، رێكخراو و ده‌زگاكانی ئازادی بێ هێز بكات. سه‌رشۆڕكردن له كۆمه‌ڵگه‌دا بچێنێ و وابكات ته‌سلیم ببێ. هه‌ر چه‌نده ئه‌و شه‌ڕه له‌م قۆناغه له باكووری كوردستانه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا له كه‌سایه‌تی PKK و باكووری كوردستاندا له‌به‌رامبه‌ر ته‌واوی كورد شه‌ڕێكی گشتی به‌ڕێوه‌ده‌بات. ده‌وڵه‌تی تورك و داگیركه‌رانی دیكه هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه كورد سوود له سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌و دیزاینكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست وه‌رنه‌گرێت، هیچ ستاتۆیه‌ك به‌ده‌ستنه‌هێنن، تاوه‌كو به‌وشێوه‌یه بتوانن هه‌رێمی كوردستان گه‌مارۆ بده‌ن. كه‌واته ده‌وڵه‌تی تورك ناخوازێ گه‌لی كورد له رۆژئاوا و باكووری كوردستان له‌و گۆڕانكاریانه‌دا هیچ ستاتۆیه‌ك به‌ده‌ستبێنێ. بۆ ئه‌وه‌ش له‌ماوه‌ی رابردوودا هاوهه‌ڵوێستییه‌ك له‌نێوان توركیا، سووریا و ئێران هه‌بوو. هه‌مان هه‌ڵوێست ئه‌مڕۆش به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ گه‌لی كورد هێزی نه‌مێنێ. له‌م چوارچێوه‌یه‌ش كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكێ(بۆتان) ئه‌نجامدراوه. ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه به پلان، به بڕیار و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی بۆكراو ئه‌نجامدراوه. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌دژی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه، ئه‌و ناڕازیبوونه‌ی له هه‌موو شوێنێك نیشانی‌دا، به‌ڕاستی زۆر گرنگ بوو. له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌موو كورد شه‌رمه‌زراریان كرد و داوای لێپرسینه‌وه‌یان له ئه‌نجامده‌ر و ئه‌و هێزانه كرد كه له پشت ئه‌و تاوانه‌ن. خاوه‌ندارێتیان له شه‌هیده‌كانیان كرد. ئه‌مه شتێكی زۆر گرنگه.
یه‌كه‌م: ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان نیشانی‌دا كه داگیركه‌ری وه‌ك رابردوو، ئینجا له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان بێ، له گوندێكی كوردستان بێ، له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بێ، ناتوانێ به ئاسانی كورد قه‌تلوعام بكات. ئیتر كورد خاوه‌ندارێتی له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن و پشتگیری یه‌كتر ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش په‌یامێكی به‌هێزه بۆ داگیركاری. ئیتر كورد، وه‌ك كوردی رابردوو نییه.
دووه‌م: ناڕازیبوون و هاوخه‌می كورد له‌دژی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه له‌هه‌موو شوێنێك، نیشانی‌دا كه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندووه. كه‌واته هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یبوونی پێشخستووه. راسته سنوور له‌نێوان كورد هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو كورد به هه‌ستێكی هاوبه‌ش ده‌ژی، یه‌ك كاردانه‌وه‌یان هه‌یه. پێموایه ئه‌وه شتێكی زۆر بایه‌خداره. ئیتر گه‌له‌كه‌مان نیشانه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندووی پێوه‌دیاره. گه‌لی كورد رۆح و ده‌روونی به‌هێزتر بووه‌و ده‌توانێ كاردانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌رببڕێت. له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه كورد گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێك، له‌م رووداوه‌دا نیشانی هه‌موو كه‌سێكیدا. بۆ ئه‌مه هه‌ڵوێستی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به گرنگ ده‌زانم و پێموایه ئه‌و ئاسته‌ی بڕیویه‌تی كه‌م نییه. له‌وانه‌یه له روانگه‌ی سیاسی هه‌ندێك رێكخراوه‌وه هه‌ڵوێستیان ته‌واونه‌بێ، به‌ڵام له روانگه‌ی هاوخه‌می نه‌ته‌وه‌ییه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی به‌رز. رێز له‌و هه‌ڵوێسته به‌نرخه‌ی كورد ده‌گرم و سڵاویان لێده‌كه‌م. به‌تایبه‌تی له باشووری كوردستان ئه‌و هه‌ڵوێسته جۆر به جۆرانه‌ی گه‌ل ده‌ریبڕی به به‌شداری رێكخراو ده‌زگاكانی دیكه زۆر واتاداربوو و گرنگی خۆی هه‌یه. هه‌روه‌ها له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌رێمی باشووری كوردستان نیشانی‌دا، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه له رۆژی به‌خاك سپاردنی شه‌هیده‌كان شاندێكی ره‌وانه‌ی ئه‌وێ كرد، هه‌روه‌ها دواتر بۆ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی جارێكی‌تر شاندێكی نارده ناوچه‌كه، وتاریشیان پێشكه‌شكرد. ئه‌وه هه‌ڵوێستێكی شكۆداره، ئه‌رێنییه. ئه‌ز له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته سوپاسی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م. به‌گشتی سیاسه‌تی كورد له گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێست له دژی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه ئاستێكی باشی بڕیوه. له‌وانه‌یه بۆ ئیدانه‌كردنی رووداوه‌كه هه‌ڵوێستی مامناوه‌ندی هه‌بن، به‌ڵام به‌گشتی سیاسه‌تی كورد و گه‌لی كورد به‌هۆی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی نیشاندا.
ئه‌ردۆغان داوای لێبووردنی له هونه‌رمه‌ند رۆژین كرد، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر كوشتنی 35 هاووڵاتی مه‌ده‌نی داوای لێبووردنی نه‌كرد. ئه‌و هه‌ڵوێسته چۆن ده‌خوێننه‌وه؟
قه‌ره‌یلان: ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌ردۆغان شتی هه‌ره گرنگ و ستراتیژی شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ تێكۆشانی كورد. هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانی به‌و پێوه‌ره داده‌نێ. هه‌ر شتێك قازانجی بۆ ئه‌و هه‌بێ له دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی كورد ئه‌وه ده‌كات. بۆیه‌ش په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان دروستبكات یان له‌گه‌ڵ تاكه كه‌سان مه‌به‌سته‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه. حكومه‌تی AKP به‌پێی ئه‌و ئامانجه په‌یوه‌ندی دروستده‌كات و كارده‌كات. كه ده‌یه‌وێ یاسایه‌ك ده‌ربكات، سه‌یر ده‌كات، ئه‌گه‌ر بزانێ كورد سوودی لێده‌بینێ، لێی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر زۆریش پێویستبێ بۆ توركیا. به‌ڕێوه‌به‌ری TRT جنێوی پیسی به رۆژین دا. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره كه‌سێكی نزیكی ئه‌ردۆغانه، ئه‌ردۆغان ئه‌و پۆسته‌ی پێداوه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و جنێوه له راگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه، ئه‌ردۆغان قسه‌یه‌كی پێنه‌گوت و هه‌ر له شوێنی خۆیه‌تی. ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ رۆژین قسه‌ی كرد و داوای لێبووردنی كردووه. به‌ڵام چه‌ند جیدییه؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی به‌جیدیه‌تی با ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی له‌و پۆسته لابدابا. به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیر به‌و هه‌ڵوێسته‌ی بیر له‌وه ده‌كاته‌وه به‌ڵكو بتوانێ رۆژین بخاته لای خۆیه‌وه له‌دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی كورد، له داهاتوودا بتوانێ به‌كاریبێنێ، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پیشاندا. واته ئه‌و ده‌ڵێ كه به‌ڕێوه‌به‌ری TRT به‌م شێوه‌یه هێرشیكرده سه‌ر، ئه‌و ده‌چێته لای PKK. بۆیه داوای لێبووردنی كرد. پێموایه رۆژین به‌خۆیشی له‌وه تێده‌گات. هه‌روه‌ها وه‌ك ژن و هونه‌رمه‌ندێكی كورد پێویسته ده‌زگا كوردییه‌كان به‌رگری لێبكه‌ن و خاوه‌ندارێتی لێبكه‌ن. بێگومان شه‌هیدكردنی 35 هاووڵاتی كورد شتێكی جیاوازه. بێگومان ئه‌وه‌یشی به‌خۆی كردووه، كه‌سانێك كه له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌ودان ئه‌وه‌یانكردووه. ئه‌وه كۆنسێپته‌كه، ده‌بێ تووندوتیژی له‌هه‌ندێ شوێن دروستبكات تاوه‌كو بگاته ئه‌نجام. ده‌ترسێ ئه‌گه‌ر داوای لێبووردن بكات لاوازی له‌و كۆنسێپته‌دا دروستببێ. چونكه به بڕیار و پلان ئه‌نجامدراوه، به ئامانجی چاوترسێنكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و بێده‌نگكردنی. له هه‌موو كوردستان، خه‌ڵكی هه‌ره زیاتر كه خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه به‌رامبه‌ر داگیركاری خه‌ڵكی ناوچه‌ی بۆتانه. بۆیه‌ش هه‌موو سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی بۆتان زیندانیكراون. ئه‌وانه نه ملیتان بوون، نه چالاكڤانیش بوون. سه‌رۆك شاره‌وانی سلۆپی، سه‌رۆی شاره‌وانی شرنا‌خ، هه‌زه‌خ، قلا‌بان له كوێن؟ له زینداندان. ئایا به‌گوێره‌ی یاسا ئه‌وانه تاوانیان كردووه؟ نه‌خێر، هه‌موو خه‌ڵك ئه‌وه ده‌زانێ. ئه‌وان له خه‌ڵكی بۆتان ده‌ترسن و ئۆپه‌راسیۆن له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆن ده‌كه‌ن. هه‌موو به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌یان خستوونه‌ته زیندانه‌وه، ئه‌وه ئێستا كۆمه‌ڵكوژیشیان كرد بۆ چاوترسێنكردنی خه‌ڵك. شتێكی دیكه‌ش هه‌یه، له 15 ئایاری ساڵی 2011 له‌هه‌مان ناوچه له‌سه‌ر سنوور 10 گه‌ریلا شه‌هیدبوون، خه‌ڵكی ناوچه‌ی قلا‌بان و بۆتان چوون ته‌رمی ئه‌و شه‌هیدانه‌یان هێنایه‌وه. له‌و هه‌ڵوێسته به‌تایبه‌تی رۆڵی خه‌ڵكی رۆبۆسكێ و گونده‌كانی ناوچه‌كه رۆڵی سه‌ره‌كی بوو. واته ئه‌و ناوچه‌یه به نیشتمانپه‌روه‌ری ناسراوه. ئاشكرایه ئه‌وه به پلان جێبه‌جێكراوه، تاوه‌كو خه‌ڵك چاوترسێن بكات، بۆیه‌ش داوای لێبووردنی نه‌كرد. به پێچه‌وانه سه‌رۆك وه‌زیر ئه‌ردۆغان له‌ژێر ناوی ئه‌وه‌ی هه‌ستیاری نیشانده‌دا، سوپاسی سه‌رۆك ئه‌ركان و فه‌رمانده‌كانی سوپای كرد، خاوه‌ندارێتی له‌رووداوه‌كه كرد و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ گرت. گوتی:" له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا شتێكی به ئه‌نقه‌ست نه‌كراوه، وه‌ك شتێكی سروشتییه". ئه‌وه زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه. داوای لێبووردنی نه‌كرد، به‌ڵكو به شێوازێكی دیكه سوپاسی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كرد كه كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یان ئه‌نجامدا. ئه‌گه‌ر 35 كه‌سی تورك له بورسه یان له ئزمیر كوژرابان، هه‌موو ده‌وڵه‌ت ده‌چووه ئه‌وێ. به‌لانیكه‌م 3 رۆژ پرسه و ماته‌مینی گشتی راده‌گه‌یێندرا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانه كوردبوون شتێكیان نه‌كرد. جیاكاریه‌كی ئاشكرا هه‌یه. بۆچی شاندێكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باشووری كوردستان له سنوور ده‌په‌ڕێته‌وه‌و ده‌چێ له مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمه‌كان ئاماده ده‌بێ، هه‌موو په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسانی BDP له ئیسته‌نبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌وه دێن، به‌ڵام یه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌ت نه‌هات. والی شرناخیش نه‌هات. دوای 3 رۆژ قایمقامی قلا‌بان هات، ئه‌ویش له‌لایه‌ن كه‌سوكاری شه‌هیدانه‌وه هێرشیكرایه سه‌ر، به زه‌حمه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی BDP رزگاریان كرد. ئاشكرایه ئه‌وه خه‌می ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو ئاهه‌نگیشیان زیادكردن. له‌مباره‌وه نووسه‌ر ئه‌حمه‌د ئاڵتان نووسیویه‌تی" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له‌نێو شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژیم". له‌لایه‌كی دیكه لێبووردن به ته‌نیا به‌س نییه. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی یاسا هه‌یه، پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕیاریانداوه‌و جێبه‌جێیان كردووه حیساب بده‌ن. تاوانیان ئه‌نجامداوه 35 كه‌سی كوردی بێ چه‌ك و به‌رگریان كوشتووه، كه 17یان منداڵن. ئه‌وه وه‌حشیگه‌رییه. له‌سه‌ده‌ی 21دا، له كام شوێنی جیهان وه‌حشیگه‌ری به‌م شێوه‌یه هه‌یه؟! ئه‌مه ئه‌وه به‌دیارده‌خات كه ده‌وڵه‌تێكی داگیركاره. سه‌رۆك وه‌زیر ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ " به ئه‌نقه‌ست نه‌كراوه، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین "، به‌ڵام هه‌ر خۆیشی ده‌ڵێ "به‌ئه‌نقه‌ست نه‌كراوه". دیسان ده‌ڵێ " هه‌ڵه هه‌یه یان نییه، پێویسته تێبگه‌ین و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین". دواتریش بوله‌ند ئارنچ به‌ناوی حكومه‌ته‌وه ئاشكرای كرد و گوتی:" خه‌ڵكی ئه‌وێ هۆشیار كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چوونه‌ته ئه‌و شوێنه، بۆیه بۆمبباران كراون". كه‌واته ئه‌وانه تاوانیان كردووه، بۆیه بۆمباران كراون، باشه هیچ ئه‌نقه‌ستییه‌ك له‌وه‌دا نییه. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه كۆتایی پێهاتووه". پاشان ده‌ڵێ " ئێمه وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه بڕێك پاره ده‌ده‌ین". ئه‌وان به‌م شێوه‌یه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه ده‌كه‌ن. بۆ هه‌موو شتێك ده‌ڵێن " ئێمه سكی كورد تێر بكه‌ین، ته‌واوه. به‌م شێوه‌یه ئه‌نجام ده‌گرین". له‌مباره‌وه خه‌ڵكی ناوچه‌كه به ئاشكرا ده‌ڵێن:"پێویستیمان به پاره‌ی ئه‌وان نییه". پێموایه پاره وه‌رناگرن. واته به‌خۆی كرده‌وه‌كه‌ی كردووه، بۆ ئامانجێك كردوویه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه لاواز نه‌بێت، داوای لێبووردنی نه‌كرد و به ئاشكرا گوتی:"به ئه‌نقه‌ست نه‌بووه". ئه‌مه‌ش واته‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ده‌یێنێ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه لاساری ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، له‌وانه‌یه ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه جارێكی دیكه‌ش دووباره ببێته‌وه. ئه‌وه‌یه هه‌ڕه‌شه‌و هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی AKP، هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغانیش ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه زیاتر روون ده‌كاته‌وه.ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه بۆ هه‌موو كورد هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه له كورد بكه‌ن ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌یان كرد. له هه‌ڵوێستی ئه‌وان و هه‌ڵوێستی سوپاشه‌وه ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه به ئاشكرا دیاره.
ئێوه راتانگه‌یاند كه تۆڵه‌ی ئه‌و 35 كاروانییه ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڕای ئێوه باشتر نییه تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه به سیاسه‌ت بێ نه‌ك به چه‌ك و هێرش؟
قه‌ره‌یلان: قسه‌كه‌ی من به‌م شێوه‌یه بوو "با كه‌س خه‌م هه‌ڵنه‌گرێ، ئێمه ناهێڵین خوێنی ئه‌م مرۆڤانه‌مان به‌فیڕۆبچێ، حیسابی ئه‌وان ده‌خوازین". من ئه‌وه‌م گوتبوو و ئه‌مه‌ش هه‌موو شتێك له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌وه‌تا گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو شوێنێك خۆپیشاندان ده‌كات و داوای حیساب ده‌كات. ئێمه به رێگه‌ی سیاسی، دیپلۆماسی و یاسایی داوای تۆڵه و حیسابی خوێنیان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پێویست بێت به رێگه‌ی سه‌ربازیش له حیسابیان ده‌پرسینه‌وه. واته ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خاوه‌ندارێتی له‌و 35 گه‌نجه‌مان ده‌كه‌ین، خوێنیان به فیڕۆناده‌ین و‌حیساب له داگیركه‌ری توركی ده‌خوازین. له‌وانه‌یه قسه‌كانی من به هه‌ڵه لێكدرابنه‌وه. من له‌م چوارچێوه‌یه‌دا باسی ئه‌و حیساب وه‌رگرتنه‌وه‌م كردووه. به‌ڵام هێزی پاراستی گه‌ل HPG له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌واژه‌ی "تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه"ی به‌كارهێنابوو. ئه‌وه راسته، به‌ڵام ئێمه به‌گشتی وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كلاسیك نا، ئێمه حیساب پرسین به بنچینه ده‌گرین. وه‌ك گوتم، به‌وه‌ی چه‌كیشی له‌نێودابێت، به‌شێوه‌ی دیپلۆماسی، سیاسی و یاسایی هه‌موویان ده‌گرێته‌وه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه ته‌نها به‌هۆی چه‌ك وه‌ك شێوازێكی كلاسیك تۆڵه ده‌كه‌ینه‌وه.
چۆن ده‌ڕواننه قسه‌كانی بلند ئارنج كه ده‌ڵێ مافه‌كانی كورد له ده‌ستووری نوێی توركیادا ده‌چه‌سپێنین و دان به ناسنامه و زمانی كوردی داده‌نێین؟
قه‌ره‌یلان: جدییه‌ت له قسه‌كانی بوله‌ند ئارنچ، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیادا نییه. ئێمه ئه‌م قسانه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه تایبه‌ته‌ی له دژی ئێمه به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ده‌بینین. ده‌وڵه‌تی توركیا ئێستا شه‌ڕێكی گشتی دژی خه‌باتی ئازادی كورد ده‌كات. ماوه ماوه‌ش قسه‌ی وه‌ك ئه‌وه ده‌خه‌نه رۆژه‌ڤه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئومێدێك بۆ هه‌ندێك لا دروستبكه‌ن، لاوازی و په‌رتبوون دروستبكه‌ن. واته ئه‌م قسانه به ئامانج ده‌گوترێن و جدی نین. ئه‌گه‌ر بوله‌ند ئارنچ جدییه، بابێت گۆشه‌گیركردن له‌سه‌ر ئیمرالی لابدات. با ئه‌و 5 هه‌زار سیاسه‌تمه‌داره كورده كه به‌بێ هۆ خراونه‌ته زیندانه‌وه، ئازاد بكات. با ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كوشتن رابگرێ. با هه‌نگاو بنێ، بۆچی ده‌چێت له په‌رله‌مان قسه‌ده‌كات؟ ئێستا گوشارێك له‌سه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌یه، سه‌رۆكمان له زیندانه، سیاسه‌تمه‌داره دیموكراته‌كانی كورد هه‌موویان كۆكراونه‌ته‌وه و خراونه‌ته زیندانه‌وه، به‌رپرسی ده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كانی كورد، سه‌ندیكاكارانی كورد، منداڵ و گه‌نجی كورد، ژنی كورد، مافپه‌روه‌ری كورد، رۆژنامه‌نووسی كورد له زیندانن. كێیان هێشتووه؟ هه‌موو كه‌سه پێشه‌نگه‌كانیان گرتوون، رێگه‌شناده‌ن به زمانی دایكیان به‌رگری له خۆیان بكه‌ن، زمانی كوردی له دادگاكانیاندا قه‌ده‌خه ده‌كه‌ن، ئه‌وجاش دێت و ده‌ڵێ: "ئێمه هه‌موو مافێكی كورد ده‌ده‌ین". چۆن باوه‌ڕی پێ بكه‌ین؟ جدییه‌ت له قسه‌كانیدا نییه. ئه‌م قسانه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن بۆ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانیان و حه‌قیقه‌تی خۆیان بشارنه‌وه. بۆیه ئه‌م قسانه هیچ نرخێكیان نییه بۆ ئێمه.
له‌سه‌ر پاكێتی دووه‌می "كرانه‌وه‌ی دیموكراسی"، كه به‌شیر ئاتالای باسیده‌كات هیچ قسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێوه و لایه‌نی كوردی به‌گشتی كراوه، ئێوه چاوه‌ڕێی چی لێده‌كه‌ن؟
قه‌ره‌یلان: هیچ قسه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه و ده‌وڵه‌تی توركیادا نییه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم هیچ قسه‌و گفتوگۆ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و هیچ لایه‌نێكی كوردیشدا نییه. پێش هه‌موو شتێك پێویسته بپرسین: ئایا یه‌كه‌مین "كرانه‌وه‌ی دیموكراتی" چی بووه تاوه‌كو ئه‌وه‌ی دووه‌م بێته ئاراوه؟ ئه‌م به‌شیر ئاتاڵایه ماوه‌ی دوو ساڵ درۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵگه كرد. گوتی: "ئێمه كرانه‌وه‌ی دیموكراتی دێنینه ئاراوه"، دواتر دیاربوو كه "كرانه‌وه‌ی دیموكراتی" له بنه‌ڕه‌تدا بۆ له‌نێوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی كورده. ئێستاش كه له ره‌وشێكی ته‌نگاودان، ده‌ڵێن "له داهاتوودا كرانه‌وه‌ی دیموكراتی دووه‌م ده‌خه‌ینه رۆژه‌ڤه‌وه". به‌ڵام له‌ته‌نیشت ئه‌وه‌دا به‌شیر ئاتاڵای چیتر ده‌ڵێ؟ ده‌ڵێ "ئێمه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ستراتیژییه‌تی ئینتیگراسیۆنی یه‌ك لایه‌نه كارده‌كه‌ین".واته بۆخۆی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه ئه‌وان نایانه‌وێ وه‌ك لایه‌نی به‌رامبه‌ر و موخاته‌ب حیساب بكه‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كورد تێكه‌ڵی خۆیان بكه‌ن، ئه‌وه‌یه ئینتیگراسیۆن. واته تواندنه‌وه‌ی كورد له‌نێو خۆیاندا، چونكه قبوڵكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له مێشك و فه‌لسه‌فه‌ی AKPدا نییه. ئێمه ئه‌وه بۆ ره‌شكردن و ناشرینكردنی AKP ناڵێین، نه بۆ پڕوپاگه‌نده‌ش واده‌ڵێین. نه‌خێر ئه‌وه شتێكی ئاشكرایه. فه‌لسه‌فه‌كه‌یان چۆن هه‌موو كه‌س ده‌زانێ. ئه‌وان ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی كه‌مالیسته‌كان ده‌یانگوت كه كورد نییه، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، كورد هه‌یه، به‌ڵام گه‌لی تورك هه‌موو كه‌سێك له‌خۆی ده‌گرێ". ده‌ڵێن "ته‌نها یه‌ك میلله‌ت، یه‌ك وڵات، یه‌ك ئاڵا و یه‌ك زمان له توركیا هه‌یه". ئه‌وان ناڵێن دوو میلله‌ت له توركیا هه‌ن، ده‌ڵێن "یه‌ك میلله‌ت له توركیا هه‌یه". ده‌ڵێن "ئه‌م میلله‌ته له 72 كو‌لتور پێكدێ"، ئه‌مانه كێن؟ تورك ، كورد، لاز و چه‌ركه‌س و ئاباز و.. هتد. به‌م شێوه‌یه ده‌یانژمێرن و ده‌ڵێن "ئه‌مانه ده‌توانن به زمانی خۆیان قسه‌بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن پێی بخوێنن". بۆ نموونه ئێستا TRT 6 هه‌یه، هه‌موو به‌رنامه‌یه‌ك له TRT 6 دا ئازاده، به‌ڵام به‌رنامه‌ی فێركردنی زمان قه‌ده‌خه‌یه. چونكه نایانه‌وێ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م قبوڵ بكه‌ن . ئه‌وان ئه‌مه‌یان پێ قبوڵ نییه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان قبوڵكرد هیچ كێشه‌یه‌ك نامێنێ. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان ناڵێن ئێمه ئه‌وه قبووڵ ناكه‌ین، بۆ نموونه ده‌ڵێن "برای ئێمه‌ن، كورد هه‌ن و ده‌توانن گۆرانییه‌كانیان بڵێن و ده‌توانن به زمانی خۆیان قسه بكه‌ن". شتی له‌و جۆره ده‌ڵێن، به‌ڵام كورد وه‌ك نه‌ته‌وه قبوڵ ناكه‌ن. زمانێكی سیاسی، شاراوه‌و دووڕووییانه به‌كاردێنن.ئه‌م به‌شیر ئاتاڵایه له به‌كارهێنانی زمانی دووڕووییدا وه‌ك پسپۆڕانه. هه‌موو رسته‌كانی له‌سه‌ر درۆ دروستده‌كات. به خۆی ده‌ڵێ "ئێمه ئینتیگراسیۆنی یه‌ك لایه‌نه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین". واته كورد بیه‌وێ یان نه‌یه‌وێ تێكه‌ڵی خۆمانیان ده‌كه‌ین!له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌یه. بۆیه نه هیچ دیدارێكمان هه‌یه و نه هیچ كه‌سیش ئومێدێك له‌سه‌ر قسه‌كانی دروستده‌كات. هه‌موو ئه‌و قسانه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن چونكه به‌نیازی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕێكی دژوارن. من به‌و شێوه‌یه قسه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر شه‌ڕ. رێك وه‌ك سه‌دامه، سیاسه‌تی سه‌دام په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. ئێوه باشتر سیاسه‌تی سه‌دام ده‌زانن. گه‌له‌كه‌مان له باشوور باشتر سیاسه‌تی سه‌دام ده‌زانێ. ئه‌ی ئه‌وه سه‌دام نه‌بوو كه بۆ له‌نێوبردنی شۆڕشی كوردی، گوتی "من حوكمی زاتی دروستده‌كه‌م". ئه‌ی به‌ده‌ستی خولامه‌كانی "حوكمیزاتییه‌كی ساخته"ی دروستنه‌كرد؟ AKP یش ئه‌وه ده‌كه‌ن. واته هه‌ر هیچ نه‌بێ و ئه‌گه‌ر ساخته‌ش بێ سه‌دام ئه‌وه‌ی كرد، AKP ئه‌وه‌ش ناكات. به‌ڵام به هه‌مان شێوه‌ی سه‌دام ده‌ڵێ "ئێمه براین، ئێمه دۆستین و ئێمه مافه‌كانتان ده‌ده‌ین"، به‌ڵام به‌كرده‌وه نایكه‌ن. به‌و واتایه له سه‌دام خراپترن. عه‌قڵیه‌تی فاشیستی و زۆردارانه‌یان جیاوازی نییه له‌گه‌ڵ سه‌دام. له هه‌ندێ بواردا ئه‌وان له سه‌دام تووندترن. واته ئه‌وان كورد وه‌ك نه‌ته‌وه قبوڵ ناكه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌م بواره‌دا باسی ده‌كه‌ن هه‌مووی له چوارچێوه‌ی چۆنیه‌تی لاوازكردنی كورددایه، بۆ دروستكردنی دووبه‌ره‌كی و دوودڵی له‌نێوان گه‌لی كورددا و شكاندنی گیانی به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌موو ئامانجیان ئه‌مه‌یه. هه‌موو پسپۆڕ، نووسه‌ر و كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنی و رۆژنامه‌نووسه‌كانیان به شه‌و و رۆژ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شه‌ڕێكی ده‌روونی دژی گه‌لی كورد په‌یڕه‌وده‌كه‌ن ، وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی AKPسه‌رپه‌رشتی ئه‌و شه‌ڕه ده‌كه‌ن. بۆیه ئێمه ئێستا هه‌موو قسه‌كانیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینین. تاوه‌كو هه‌نگاوی به‌كرده‌وه نه‌هاوێژن ده‌بێ هیچ كه‌سێك باوه‌ڕیان پێنه‌كات.
چوونه‌وه‌ی دوو گرووپه‌كه‌ی قه‌ندیل و مه‌خموور له چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی ئۆسلۆدابوو له‌نێوان توركیا و ئێوه‌دا؟
قه‌ره‌یلان: دانوستاندنه‌كانی ئۆسلۆ گفتوگۆی جیدی بوون بۆ چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی. ئێستا باش نییه و گونجاو نییه مرۆڤ هه‌موو گفتوگۆیه‌كان ئاشكرا بكات، به‌ڵام به‌ڕاستی بۆ چاره‌سه‌ری هه‌م له ئیمرالی و هه‌م له ئۆسلۆ دانوستاندن هه‌بوو. مه‌سه‌له‌ی چوونی دوو گرووپه‌كه‌ی ئاشتی شتێكی نێو ئه‌و چوارچێوه‌یه بوو، ته‌نانه‌ت پێشنیازی خودی ئه‌ردۆغان بوو. بۆ ئه‌وه شاندێكی ناردبووه لای سه‌رۆكی ئێمه له ئیمرالی، هه‌روه‌ها هه‌مان په‌یامیشی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی ناردبوو. له‌و هه‌ردوو شوێنه‌شه‌وه په‌یامه‌كه گه‌یشته ئێمه. ئه‌وكات ئێمه‌ش گفتوگۆیه‌كمان له‌نێوان خۆماندا كرد و بڕیارماندا دوو گرووپ بنێرینه‌وه. به‌وشێوه‌یه ئه‌و گرووپه كه‌وتنه نێو رۆژه‌ڤه‌وه. واته له‌سه‌ر داوای ئه‌ردۆغان بوو. ئه‌وكات پرۆسه‌كه به‌ره‌و چه‌قین و كۆتایی هاتن دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ببێته‌وه، ئێمه هه‌نگاوه‌كه‌مان به گونجاو بینی. ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ستی به‌هێزببێ ئه‌و داوایه‌ی كرد. ئێمه‌ش له‌نێو هه‌ڤالان و گه‌ل، ئه‌و كه‌سانه‌مان هه‌ڵبژاردن كه له توركیا هیچ سزا و حوكمیان له‌سه‌ر نییه. به‌م شێوه‌یه گرووپه‌كه‌ی گه‌ریلا و گرووپه‌كه‌ی مه‌خموور ئاماده‌كران و نێردران. به‌سه‌لامه‌تی له ده‌روازه‌ی سنوور په‌ڕینه‌وه، چونكه هیچ تاوانێكیان نه‌بوو، ته‌نیا له‌سه‌ر قسه‌ی "ئێمه له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك ئۆجه‌لان هاتووین، ئێمه په‌شیمان نین، ئێمه بۆ ئاشتی به‌پێی ئه‌و بانگهێشته هاتووین"، ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه له زینداندان. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌یان بۆ بكه‌نه‌وه نه‌یانگرتن. ئیفاده‌ی سه‌ره‌تایی و كۆتاییان وه‌ك یه‌كه. له‌سه‌ره‌تادا ئازادكران، به‌ڵام دواتر ئه‌ندامانی دوو گرووپه‌كه كه له‌وێ مانه‌وه گیران و ئێستا له زیندانن. به كورتی چوونه‌كه له‌سه‌ر داوای ئه‌وان بوو.
رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له رێكخستن و به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا چی بوو. وه‌ك بڵاوكرایه‌وه هه‌ندێ گفتوگۆ له سه‌لاحه‌دینیش به‌ڕێوه‌چوون؟
قه‌ره‌یلان: بۆ رێكخستنی دانوستاندنه‌كانی نێوان ئێمه و ده‌وڵه‌تی توركیا، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی له ئه‌وروپا كه‌وته نێوانمان، گفتوگۆكان له‌ئه‌ورووپا له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی ئێمه‌وه ده‌ستپێكران. له‌هه‌مانكاتدا له ئیمرالیش گفتوگۆ هه‌بوو. ئه‌م دانوستاندنانه له‌دوو ساڵی یه‌كه‌مدا راسته‌وخۆ نه‌بوون، به‌هۆی نێوبژیوانانه‌وه ده‌كران، به‌ڵام له ماوه‌ی سێ ساڵدا ماوه ماوه، شاندی هه‌رلایه‌ك كه له 4-5 كه‌س پێكده‌هاتن به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ یه‌كتر داده‌نیشتن، هه‌ر دانیشتنێك به هه‌ندێ ئه‌نجام كۆتاییان ده‌هات. به‌ڵام به‌داخه‌وه لایه‌نی توركی هیچ جارێك ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درا جێبه‌جێنه‌ده‌كردن. له‌لایه‌كه‌وه ئێمه پێكه‌وه داده‌نیشتین و له‌لایه‌كه‌ی دیكه سیاسه‌تمه‌داری كوردیان ده‌گرتن، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیان ده‌كردن. پێمانده‌گوتن بۆچی واده‌كرێت؟ ده‌یانگوت " ئه‌وه باڵێكی جیایه، ناتوانین كۆنترۆڵی بكه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین رایبگرین". هه‌روایان ده‌گوت، به‌ڵام دوایێ تێگه‌یشتین كه وا نییه، هه‌موویان یه‌كده‌ستن. له توركیا ئێستا ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌یه، یه‌ك كه‌س هه‌موو شتێك به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌ویش ئه‌ردۆغانه. هه‌موو شتێك له ده‌ست ئه‌ودایه. لایه‌نی ناكۆك له "ده‌وڵه‌تی قوڵ"دا نییه ، هه‌بێتیش ئێستا كۆنترۆڵ له‌ده‌ست ئه‌ردۆغاندایه. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خۆی به‌هێزكرد، به ته‌واوی بووه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، زیاتر حه‌قیقه‌تی خۆی ئاشكراكرد و زیاتر تووندبوو، بڕوا به‌خۆبوونی له‌لا دروستبوو و چیتر گوێی له كه‌س نه‌گرت. له مه‌سه‌له‌ی ئێمه‌شدا هه‌روابوو. ئه‌و گفتوگۆیانه له ئۆسلۆ كران، هیچ جارێك له سه‌لاحه‌دین نه‌كراون. ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌وباره‌وه بڵاوكرایه‌وه راست نییه. به‌ڵام به‌كورتیش بێ، ئێمه ئاگاداری و زانیاریمان له‌وباره‌وه دابوونه برایانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وانیش ئاگاداربوون. ئه‌وانیش دڵخۆشی خۆیان نیشاندابوو. به‌ڵام هیچ رۆڵێكی به‌رچاویان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نه‌بوو، چونكه گفتوگۆكان له‌ساڵی 2006ه‌وه ده‌ستیان پێكردبوو. له‌به‌رئه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه زیاتر به‌هۆی كه‌سانی نێوبژیوانكارانه‌وه دروستبوو. قسه و هه‌وا‌ڵی دیكه راست نین.
ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌كتان هه‌یه ، یان هیچ هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ توركیا؟
قه‌ره‌یلان: نه‌خێر، ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌كی نوێ له‌نێوانماندا نییه، وادیاره كه زوو دروستیش نه‌بێ. هه‌ندێ رۆژنامه‌نووسی توركیا هه‌ندێجار شرۆڤه‌ی وا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، گومانی بوونی گفتوگۆ هه‌یه. ئه‌وان به مه‌به‌ست ئه‌و شته ده‌خه‌نه رۆژه‌ڤه‌وه، بۆئه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و دوودڵی له‌نێو ریزه‌كانماندا دروستبكه‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هیچ شتێكی وا نییه، ئه‌وان تاوه‌كو مه‌رجه‌كانمان قبوڵ نه‌كه‌ن ئێمه ئه‌و هه‌نگاوانه ناهاوێژین كه ئه‌وان هیوای بۆ ده‌خوازن. ئه‌وانیش ئه‌وه ده‌زانن. بۆیه ئێستا بڕیاریانداوه، ده‌یانه‌وێ گورزێكمان لێبده‌ن، لاوازمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانیان قبوڵ بكه‌ین، به‌وشێوه‌یه ره‌وتێكی نوێ دێننه ئاراوه. واته تاوه‌كو ئێمه له‌سه‌ر پێ بین، به‌هێزبین، شتێكی نوێ ناهێننه رۆژه‌ڤه‌وه. ئێمه‌ش تاوه‌كو ئه‌وان ده‌ست له ئامانجه داگیركارییه‌كانیان هه‌ڵنه‌گرن، هه‌رگیز سستی ناكه‌ین. بۆیه دیاره ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ماوه‌یه‌ك درێژه‌ی ده‌بێ. بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆش مه‌رج نییه ئیللا شه‌ڕ و هه‌موو شتێك رابوه‌ستێ، به‌ڵام ئێستا له رۆژه‌ڤ و ئه‌جێندای توركیادا له‌جیاتی گفتوگۆ، له‌نێوبردنی ئێمه هه‌یه. بۆیه من ده‌ڵێم ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ماوه‌یه‌ك به‌وشێوه‌یه ده‌بێ و لایه‌نه‌كانیش به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌كان هه‌ڵوێستیان ده‌رده‌بڕن.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ VOA گوتی ئێستا هه‌وڵێكمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ دروستكردنی ستاتویه‌كی بێ تووندوتیژی و به‌بێ چه‌ك ، ئه‌و هه‌وڵانه چین؟
قه‌ره‌یلان: به‌ڕاستی ده‌بێ ئه‌و پرسیاره نه‌ك له من، به‌ڵكو له كاك مه‌سعودی بكه‌ن. به‌ڵام ده‌توانم له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ندێ شتی جیاواز باسبكه‌م. ئێمه وه‌ك لایه‌نی كوردی، چ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاك مه‌سعود، چ ئێمه وه‌ك PKK ده‌مانه‌وێ دۆخێكی بێ تووندوتیژی و ئاشتیانه دروستببێ. ده‌مانه‌وێ كێشه‌ی كورد به رێگه‌ی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئێمه بۆ ئه‌وه ئاماده‌ین، به‌ڵام هیچ كاتێكیش به‌رامبه‌ر داگیركاری و بۆ ته‌سلیمكاری هه‌نگاو نانێین. ئێمه زه‌مینه‌ی ره‌وتی بێ تووندوتیژیمان دروستكرد، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی AKP ویستی لاوازمان بكات. ئه‌وان پرۆسه‌كه‌یان تێكدا. هه‌ندێك بیانوو، هه‌ندێك چالاكیان كردنه بیانوو. پێش ئه‌وه 50 هه‌ڤاڵی ئێمه‌یان شه‌هیدكردبوون، كه‌چی ئێمه پرۆسه‌كه‌مان تێكنه‌دا، به‌ڵام كه 7-8 سه‌ربازی ئه‌وان له فارقین كوژران، قیامه‌تیان هه‌ستاند. شته‌كه‌ش وانه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌بوو چونكه كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی KCD ئۆتۆنۆمی دیموكراتی راگه‌یاند، AKP و ئه‌ردۆغان زۆر له‌وه توڕه‌بوون. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ، ئێوه چۆن ده‌توانن له خۆتانه‌وه ستاتۆیه‌ك بۆخۆتان رابگه‌یێنن؟ دوای ئه‌وه هێرشیكرده سه‌ر ئێمه، به چه‌ك و به هێرشی ئاسمانی. شه‌ڕی ده‌ستپێكرد. له‌كاتی سه‌ردانی كاك مه‌سعوددا، ئه‌ز له‌وبڕوایه‌دام ئه‌ردۆغان داوای له كاك مه‌سعود كردبوو كه دۆخێكی تازه وه‌ك ئاگربه‌ستێك دروست بكات، هه‌وڵی ئه‌وه بدات. ئه‌ز باش نازانم، به‌ڵام شرۆڤه‌ی من به‌وشێوه‌یه. به‌ڵام كه كاك مه‌سعود له توركیا رۆیشت، به فه‌رمانی خودی ئه‌ردۆغان ده‌ست به هێرشه ئاسمانییه‌كان كرا، ئۆپه‌راسیۆنی وشكانیان ده‌ستپێكردن، هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌ناوی KCK به‌گوڕتر كردن، دواترینیشیان ئه‌وه‌بوو كه پارێزه‌رانی سه‌رۆك ئاپۆیان گرتن، كه له هیچ شوێنێكی جیهاندا نه‌بووه 35 پارێزه‌ر پێكه‌وه بگیرێن، به‌ڵام توركیا كردی. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان رێزی له قسه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود بگرتبا، ده‌یتوانی مانگێك ئارامی دروستبكات یان پرۆسه‌كه به ئاسایی به‌ڕێوه بچووبا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعود له توركیا رۆیشت،دوای چه‌ند رۆژێك هێرشی به‌رفراوانی له‌دژی ئێمه ئه‌نجامدان. له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كه‌یان ئه‌وه‌یه: له‌كورد ده‌ده‌ین، ئه‌وكات ناچارن ته‌سلیم ببن. بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه AKP دوای سه‌ردانی كاك مه‌سعود ده‌ستیپێكرد، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئیمرالی و باره‌گا ناوه‌ندییه‌كانمان، له‌سه‌ر هه‌موو كورد، ئه‌وه له بنه‌ڕه‌تدا بێ رێزی بوو. ئه‌ردۆغان نیشانی‌دا كه ناجیدییه له قسه‌كانیدا، به‌ڵكو بۆ هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و قسانه ده‌كات. هه‌م هه‌ندێ داواكاری له كاك مه‌سعود كردن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هێرشه‌كانی له‌سه‌ر ئێمه زیاتركردن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئێمه به بایه‌خه‌وه له هه‌وڵه‌كانی كاك مه‌سعود ده‌ڕوانین و له‌جێی خۆیدا ده‌یانبینم. ئێمه‌ش هه‌وڵدانمان هه‌ن. به‌ڵام ئه‌و كاره به‌ته‌نیا به‌هه‌وڵی لایه‌نی كوردی نابێ، بۆیه ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاشه‌وه هه‌وڵی دروستكردنی ستاتۆیه‌كی بێ تووندوتیژی دروستببێ. هه‌وڵه‌كانی ئێمه به ته‌نیا به‌س نین، پێویسته لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌نگاو بنێ، هه‌وڵی نوێ بخاته‌گه‌ڕ. تاوه‌كو ده‌وڵه‌تی توركیا تووندوتیژی به‌رامبه‌ر ئێمه به‌كاربێنێ، هێرش بكات، مافه‌كانمان قبول نه‌كات، بیه‌وێ بمانكاته كۆیله و خولام، ئێمه ناتوانین هیچ پرۆسه‌یه‌كی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه ئه‌وه بكه‌ین ئه‌وه ته‌سلیمبوونه، مومكینیش نییه ئه‌وه بكه‌ین. بۆیه ده‌ڵێم، هێرشه‌كانی AKP، هه‌وڵه‌كانی كاك مه‌سعود، هه‌وڵی كه‌سانی دیكه‌ش كه ده‌یانه‌وێ ئاشتی به‌رقه‌رارببێ، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی مام جه‌لالیشی به‌تاڵ كردنه‌وه‌و تێكدان. توركیا به‌خۆی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌باربردن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئێمه وه‌ك لایه‌نی كوردی بگه‌نه ئه‌نجام، پێویسته ده‌وڵه‌تی توركیا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، پرۆسه‌یه‌كی نوێ ده‌ست پێ بكات. تاوه‌كو ئه‌و هه‌وڵانه دوو لایه‌نه نه‌بن، باوه‌ڕناكه‌م بگه‌نه ئه‌نجام. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته ده‌وڵه‌تی توركیا پێش هه‌موو شتێك واز له بڕیاری به توندوتیژی له‌نێوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئێمه بێنێت و بڕیاری ئاشتی بدات. تاوه‌كو ده‌وڵه‌تی توركیا بڕیارێكی ستراتیژی به‌م شێوه‌یه نه‌دات، هه‌وڵه یه‌كلایه‌نه‌ییه‌كانی كورد ناگه‌نه ئه‌نجام.
ئێوه له هه‌ڤپه‌یڤینێكی پێشوودا له‌گه‌ڵ (رووداو)، گوتتان بڕیاری رێكخراوی ئیتا ETA له ئیسپانیا بۆ دانانی چه‌ك راسته، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه له توركیا هێشتا نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه كه PKK چه‌ك دابنێ، ئه‌گه‌ر به چه‌ند خاڵێك روونیبكه‌یه‌وه ئه‌وه ره‌وشه پێویسته چییه كه ده‌بێ له توركیا دروستببێ؟
موراد قه‌ره‌یلان: له وڵاتی باسك، ئۆتۆنۆمی هه‌یه. له ئیسپانیا بۆ نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان مافی ئۆتۆنۆمی ده‌سته‌به‌ركراوه. ئه‌وه هه‌م له كه‌تالۆنیا، هه‌میش له هه‌رێمی باسك هه‌یه. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ئۆتۆنۆمیانه‌دا هه‌موو مافه‌كان دابینكراون. له كوردستانیش شتێكی وه‌ك باسك و كه‌تالۆنیا پێویسته. پێویسته توركیاش وه‌ك ئیسپانیا ده‌ستوورێكی نوێ دابنێ. ئێستا له توركیاش مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور له ئارادایه. پێموایه ده‌ستووری ئیسپانیا ده‌توانێ وه‌ك نموونه ته‌ماشا بكرێت. ئێوه ده‌ڵێن به خاڵ ئه‌و زه‌مینه‌یه روونبكه‌نه‌وه، ئه‌زیش ئه‌و خاڵانه ده‌ژمێرم: 1- پێویسته بوونی كورد و مافی ناسنامه‌ییه‌كه‌ی له ده‌ستووری توركیا دانیان پێدابنرێت.
2- مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كورد، كه پێیده‌ڵێن خۆسه‌ری دیموكراتی، یان ئۆتۆنۆمی، یان بڵێ فیدرالی، هه‌رچییه‌ك بێ، ده‌بێ دان به مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیدا بنرێت.
3- پێویسته هه‌موو مافه كولتوورییه‌كانی و په‌روه‌رده به زمانی زكماكی دابین بكرێن. له‌بواری كولتوور و زماندا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان یه‌كسان بن. تورك چ مافێكیان هه‌یه، كوردیش ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت.
4- ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئێمه و 8 هه‌زار كادیر و لایه‌نگری ئێمه له زیندانه‌كانی توركیادان. ئه‌وانه هه‌موویان بێ تاوانن. ئه‌گه‌ر باسی شه‌ڕ ده‌كه‌ی، ئه‌وان زیاتریان له ئێمه كوشتووه. 17528 تاوانی كوشتنی "بكه‌ر نادیار" به فه‌رمانی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی توركیا له كوردستان ئه‌نجامدراون. 5 هه‌زار گوندی ئێمه سوتێندراو‌ن و مرۆڤی ئێمه‌یان كوشتوون. بۆ ئه‌مه پێویسته پێش هه‌مووان سه‌رۆك ئاپۆ، هه‌روه‌هاش هه‌موو زیندانییه‌كانی دیكه‌ی ئێمه ئازاد بكرێن.
مرۆڤ ده‌توانێ خاڵ زیاد بكات، به‌ڵام پێویست ناكات هه‌موویان لێره بڵێم. بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه پێكبكات ، بۆ مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسییه‌كان، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان زۆر پڕۆژه پێویستن. پێویسته له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌نگاو بنرێت، پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستبكرێت. ئه‌مانه پێویستن. چه‌تری ئه‌مه‌ش چییه؟ له‌ده‌ستووردا بوونی گه‌له‌كه‌مان قبول بكرێت و مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی پێبدرێت. په‌یوه‌ست به‌مه‌شه‌وه خوێندن به زمانی زكماكی دابین بكرێت. ده‌توانم ئه‌و خاڵانه هه‌ڵبژێرم.
با ئه‌وه‌ش بڵێم ، زۆر كه‌س هه‌ندێجار له باشوور ده‌ڵێن " ئه‌وه‌تا PKK هێشتا شه‌ڕی چه‌كداری ده‌كات"، ئه‌و قسه‌یه له ئه‌نجامی زانیاری هه‌ڵه‌وه ده‌كرێت. راسته، ئێمه هێزی چه‌كداریمان هه‌یه‌و شه‌ڕیش هه‌یه، به‌ڵام ناڵێین به شه‌ڕی چه‌كداری ده‌گه‌ینه ئه‌نجام، به‌ڵكو به‌چه‌ك به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین. ئێمه زیاتر خه‌باتی سیاسی ده‌كه‌ین. هه‌ر ئێستا سه‌یربكه‌ن خه‌ڵك دێنه نێو كۆڵانه‌كان و چالاكی ده‌كه‌ن. ئێمه به‌و چالاكیانه ده‌ڵێین راپه‌ڕین و سه‌رهلدان. ئه‌وه له فه‌له‌ستین ناوی (الانتفاضه) بوو. ئێمه‌ش له كوردستان پێیده‌ڵێین "سه‌رهلدان". ئێمه به سه‌رهلدانی گه‌ل ده‌گه‌ینه ئه‌نجام، قورساییش ده‌خه‌یه‌نه سه‌ر ئه‌وه. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێ به چه‌ك له‌نێومان ببات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه ئێمه‌ش به چه‌ك به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین. تاوه‌كو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك، سوپای تورك له‌سه‌ر كورد هه‌بێ، له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد هه‌بێ، گه‌ریلا چه‌كی هه‌ر به‌ده‌سته‌وه ده‌بێ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ده‌ستووردا دان به بوونی كورد دابنرێت، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌نێوخۆی توركیادا له‌سه‌ر گه‌لی كورد نه‌مینێ، ئه‌وكات هه‌ڕه‌شه‌ی سوپای توركیا له‌سه‌ر باشووری كوردستانیش نه‌مێنێ. واته ئه‌گه‌ر توركیا كوردی نێوخۆی قبوڵ بكات، ئه‌وكات پێویست ناكات كوردانی ده‌ره‌وه‌ش وه‌ك دوژمنی خۆی ببینێ و لێیان بترسێ. ئه‌وكات ئه‌وه‌ش ئه‌و مانایه‌ی ده‌بێ كه ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌ر باكوور، باشووریش نامێنێ، ئه‌وكاتیش بابه‌تی تۆ چه‌ك دابنێ ده‌كه‌وێته رۆژه‌ڤه‌وه. به‌ڵام تائێستا ئه‌وه نه‌كراوه. ئه‌گه‌ر چه‌ك دابنێین، ده‌وڵه‌تی توركیا ناهێڵێ كورد هه‌ناسه بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ BDP و چه‌ندین ده‌زگای دیكه‌ی كوردی له توركیا به‌بوێری قسه ده‌كه‌ن، ئه‌وه له ئه‌نجامی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌یه كه له‌نێوان هێزی چه‌كدار و ده‌وڵه‌تی توركیادا هه‌یه، دروستبووه.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌رده‌وام گه‌ریلا ته‌نگاو بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش زمانی یاسایی و هتد. به‌كاردێنن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نج نه‌چنه چیا، بێنه ده‌شت. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی باشووری كوردستانیش له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌یه. واته ئه‌مڕۆ گه‌ریلای كوردستان له پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورددا خاوه‌ن رۆڵێكه. به‌ڵام كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه نه‌مێنێ، ئه‌وكات مرۆڤ ده‌توانێ گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌كدانان بكات.
نووسه‌ری رۆژنامه‌ی رادیكال عه‌ونی ئوزگوره‌ل، ده‌ڵێ پارتی كرێكارانی كوردستان تاوه‌كو هاوینی 2012 چه‌ك داده‌نێ، ئه‌و قسانه چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟
قه‌ره‌یلان: راسته، نه‌ك ته‌نیا عه‌ونی ئوزگوره‌ل، به‌ڵكو ته‌ها ئاكیۆڵ و چه‌ند نووسه‌رێكی دیكه‌ش له شرۆڤه‌كانیاندا ده‌ڵێن:" PKK تاوه‌كو هاوینی 2012 چه‌ك داده‌نێت"، ئه‌و شرۆڤانه له‌سه‌ر كام حیساب ده‌كه‌ن، ئه‌زیش باش نازانم. به‌ڵام پێموایه ئه‌وان ده‌زانن پلانه‌كانی AKP چین، AKP بیر له‌وه ده‌كاته‌وه له‌و زستانه‌دا شه‌ڕ له‌دژی ئێمه زیاتر بكات، به‌هاریش درێژه‌ی پێبدات و زۆربه‌مان له‌نێو ببات، به‌م شێوه‌یه بگاته ئه‌نجام و به‌م شێوه‌یه قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات. له‌وانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و حیسابه ئه‌و شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندنه بكه‌ن. چونكه AKP ده‌ڵێ" پشتی PKK ده‌شكێنین، ئه‌وكات PKK ناچار ده‌بێ داواكانمان قبوڵ بكات و چه‌كیش دابنێ". وادیاره AKP پلانێكی به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ش ئاگادارن، گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن. به‌ڵام نه مومكینه ئه‌وه به‌دیبێت . بۆچی مومكین نییه؟ چونكه ناتوانن پشتی ئێمه بشكێنن، ئه‌گه‌ر شكاندن هه‌بێ ئه‌وا پشتی ئه‌وان ده‌شكێت. ئێمه ئه‌وه‌نده ئه‌زموونمان هه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كمان هه‌یه، گه‌لمان هه‌یه، هێزه‌كانمان ده‌توانن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رخۆدان بكه‌ن. تاوه‌كو ئه‌مڕۆ زۆر هێرشیان كردووینه‌ته سه‌ر. گۆشه‌گیرییه‌كی قورس و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی ده‌روونی زۆریان خستووه‌ته سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ئێمه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ دواوه بنێت. له پلانی ساڵی 2011دا ده‌یانویست گه‌ریلاكانی ئێمه، وه‌ك گه‌ریلاكانی تامیل له‌نێوببه‌ن. چۆن سریلانكا گه‌ریلاكانی تامیلی له‌نێوبردن، ئه‌وانیش ده‌یانویست به‌وشێوه‌یه له‌نێومان به‌رن. گرتن و هێرشی زۆریان كرد. ویسیتیان سیاسه‌تی كورد پارچه بكه‌ن، دووبه‌ره‌كی تێدا دروستبكه‌ن، گوشاری فاشیستانه‌یان له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان دروستكرد، ویستیان گه‌له‌كه‌مان بترسێنن و دیلی بكه‌ن. به‌ڵام حكومه‌تی AKP تائێستا یه‌ك له‌و ئه‌نجامانه‌شی به‌ده‌ستنه‌هێناوه. ده‌وڵه‌تی توركیا له‌وه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتووه، بنكه‌وتووه. ئه‌مڕۆ به‌رخۆدان له ئیمرالی به‌رده‌وامه، گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌موو كاتێك به‌هێزتره، سیاسه‌تی كورد له‌سه‌ر پێیه، گه‌ریلای ئازادی كه‌موكوڕی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كاتێك به‌هێزتره. بۆیه زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وان بتوانن له‌نێومان ببه‌ن نییه. ده‌وڵه‌تی توركیا 30 ساڵه هه‌وڵده‌دات به تووندوتیژی له‌نێومان ببات. تاوه‌كو ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه ، له‌مه‌ودواش نایگاتێ. بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و گره‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه ناگاته ئه‌نجام. واته ئه‌وان پێیانوایه پشتی ئێمه ده‌شكێندرێت ، ئێمه‌ش ئه‌وكات ناچار ده‌بین داوای ئه‌وان قبوڵ بكه‌ین و چه‌ك دابنێین . ئه‌وه قه‌ت مومكین نییه و لێكدانه‌وه‌كانیش راست نین.
----------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه: هه‌فته‌نامه‌ی "رووداو"، ژماره 129 پێنجشه‌ممه 2012.01.12 و 130 پێنجشه‌ممه 2012.01.19 چاپی ئه‌وروپا،