سه‌ده‌یه‌ک جێنۆسایدی به‌رده‌وام و،چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی باکووری کوردستان
له‌سایی رێبه‌ریی پارتی کرێکارانی کوردستاندا!
سیروان کاوسی

مه‌حموود ئه‌سعه‌دبه‌گ وه‌زیری دادی تورک(1*):
بڕوا و تیۆری من ئه‌مه‌یه: ''با دۆست و دوژمن، ته‌نانه‌ت با چیاکانیش بزانن که تورک سه‌رداری ئه‌م وڵاته‌یه و، ئه‌وه‌ی له خوێن و ره‌گه‌زدا تورک نه‌بێ، له‌مافێک زیاتر هیچی تری نییه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ده‌بێ نۆکه‌ر و کۆیله‌ی تورک بێت. ئێمه له‌وڵاتێکداین، له‌هه‌موو دنیا زیاتر ئازادیی تێدایه، ئێره تورکیایه! هیچ ده‌رفه‌تێک له‌مه زیاتر و گه‌وره‌تر بۆ ناتورک روونادات. ده‌بینن من سۆز و هه‌ستی خۆم له‌که‌س ناشارمه‌وه، با نوێنه‌ره‌کانتان هه‌ر بیروڕایه‌کیان هه‌یه بێن ده‌ریببڕن!''
پاش کۆتاییهاتنی ''په‌یمانی لۆزان'' له‌ساڵی 1923و، دڵنیابوونی کاربه‌ده‌ستانی رژێمی تازه‌دامه‌زراوی تورکیا به‌سه‌رۆکایه‌تیی مسته‌فا که‌مال (ئه‌تاتورک)، سه‌باره‌ت به‌پشتگوێخستنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌لایه‌ن زلهێزه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه، که نه‌ته‌وه‌ی کورد و نیشتمانه‌که‌یان له‌نێوان پێنج رژێمی دیکتاتۆر و دژ به‌ئازادیدا دابه‌شکرد، مسته‌فا که‌مال و داروده‌سته‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی سه‌قامگیرکردنی ده‌سه‌لاتی سیاسی‌یان به‌سه‌ر سنووره‌کانی تورکیا که به‌شێکی گه‌وره‌ی خاکی کوردستانی پێبڕابوو، بناخه‌ی سیسته‌مێکی سیاسیی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یان به‌ئیدۆلۆژیی تورکچێتییه‌وه داڕشت، که‌به‌پێی ئه‌وه، نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ناتورکی دیکه ده‌بوو له‌نێو ئه‌و جوگرافیا سیاسییه نوێیه‌دا بتوێنه‌وه که‌نێوی تورکیای لێنرابوو.
له‌وساته‌وه حکوومه‌ته‌کانی یه‌ک له‌دواییه‌کی تورکیا، به‌پێڕه‌ویکردنی بیروباوه‌ڕی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی مسته‌فا که‌مال، سیاسه‌تی پاکتاوکردنی ره‌گه‌زیی کوردیان به‌ڕێوه‌بردووه. قوڵاچۆسامناکه‌کانی پاش سه‌رکوتکردنی شۆرشه‌کانی شێخ سه‌عیدی پیران و ئێحساننووری پاشا و سه‌یدڕه‌زا ده‌رسیم له ساڵه‌کانی 1925 بۆ 1938 که به‌هۆیانه‌وه پتر له‌ملیۆنونیوێك كورد تێداچوون و، سه‌دانهه‌زاری دیکه‌ش له‌زێدونیشتمانی خۆیان دوورخرانه‌وه، پاشان به‌کارهێنانی جێنۆسایدی کولتووری و ئابووری و مێژووی و شاڵاوی گرتن و شکه‌نجه و تێرۆر و تۆقاندن، تاکو ئه‌مڕۆ که له‌سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌ی زایندا ده‌ژین، به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد و نیشتمانه‌که‌ی، پێڕه‌وکراون و ده‌کرێن.
لێ، سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی هه‌موو شێوازێکی نامرۆڤانه له‌لایه‌ن تورکیاوه، نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌نێو ره‌گه‌زی تورک‌دا نه‌توایه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وڕۆکه بزاڤێکی به‌رفره و مه‌زن و بێوێنه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌سه‌رتاسه‌ریی باکووری کوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه. شار و شارۆچکه و گونده‌کانی کوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌و شار و مه‌ڵبه‌ندانه‌ی تورکیا که به‌هۆکاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌سه‌رده‌مه‌جیاجیاکاندا کوردیان لێ نیشته‌جێکراوه، به‌تێکڕا بوونه‌ته گۆڕه‌پانی بزاڤ و خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ریی له‌دژی رژێم و سوپا و داوده‌زگه‌ی سه‌رکوتکه‌ری تورکیا. هه‌ست و بیری یه‌کبوون و یه‌کێتی و هاوچاره‌نووسی و بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی، له‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌ماندا له‌په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدایه و، رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ری کورد، زیاتر نێوه‌رۆک و چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێت.
ئاشکرایه، چاوکانیی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م هۆشیارییه نه‌ته‌وه‌ییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌بات و چالاکیی به‌رده‌وامی پارتی کرێکارانی کوردستان، که به‌هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی چه‌کداریی له‌دژی رژێمی داگیرکه‌ری تورک له‌ساڵی 1984دا، به‌ره به‌ره جه‌وی ترس و شه‌وه‌زه‌نگ و ره‌شه‌کوژی و تۆقاندنی شکاند، که رژێمی تورک و سوپادڕنده‌که‌ی ده‌یان ساڵ بوو به‌سه‌ر باکووری کوردستاندا سه‌پاندبوویان. شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش، دامه‌زراندنی بنکه و کۆڕوکۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی و مرۆڤی و رۆشنبیریی له‌ده‌ره‌وه و له‌نێوخۆی وڵات و سازکردنی رێکخستنی حیزبی له‌نێو چین و توێژه‌کانی جه‌ماوه‌ر، هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی ئاسمانی ''Med Tv'' که شۆرشێکی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیریی کوردیی له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستان پێکهێنا، زه‌وینه‌ی خۆشکرد که چینی تێکنۆکرات و خوێندکار و رۆشنبیران و نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد به‌گشتی، له‌شاره‌کانی باکووری کوردستان و له‌تورکیا، زات بده‌نه‌به‌رخۆیان و، راسته‌وخۆ به‌شداری له‌چالاکی و خه‌باتی حیزبی و مرۆڤی و رۆشنبیریی کوردی‌دا بکه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ڕه‌وتی خۆیدا بوو به‌هۆی خولقاندنی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌شار و له‌دێ، به‌ئاشکرا و به‌بێترس و سڵکردن، داوای مافی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه شانازیی پێکهێنانی ئه‌م دۆخه گه‌شه سیاسییه، بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و سه‌رۆکه‌که‌ی (رێزدار عه‌بدۆللا ئۆجه‌لان) ده‌گه‌ڕێته‌وه و، وه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌کی گه‌ش له‌مێژووی خه‌باتی پارتی کرێکارانی کوردستان و، بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌له‌که‌مان له باکووردا تۆمارده‌کرێت.
ئه‌مساڵ (2010ی زاینی)، خه‌باتی نوێی رزگاریخوازیی گه‌لی کورد که به‌شۆرشه‌که‌ی شێخ عوبه‌یدۆڵڵا شه‌مزینییه‌وه ده‌ستپێکرا، سه‌دوبیست و پێنج ساڵی تێپه‌ڕکرد. به‌درێژایی ئه‌م مێژووه پڕکاره‌ساته‌ی کورد، ده‌یان راپه‌ڕینی گه‌وره و بچووک له کوردستان به‌رپاکراون. چه‌ندین جاریش کورد توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتنی سیاسی و سه‌ربازیی به‌شێوه‌یه‌کی کاتی ده‌ستخات، به‌ڵام به‌درێژایی ئه‌م سه‌دوبیستوپێنج ساڵه و پێش ئه‌وه‌ش، به‌ربه‌ره‌کانێکردنی گه‌لی کورد، هیچکاتێک بۆماوه‌ی 26ساڵ نه‌یتوانیوه له‌دژی داگیرکه‌رێکی خوێنڕێژی درێژه بکێشێت. له‌هیچ کات و سه‌رده‌مێکیشدا گه‌لی کورد نه‌یتوانیوه له‌پێناو گه‌یشتن به‌ئامانجه‌کانیدا، به‌وێنه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی خۆی بپارێزێت، که ئه‌مه جێی دڵخۆشی و سه‌ربه‌رزییه، هاوکات سه‌رۆکایه‌تیی باکووری کوردستان که خه‌باتی گه‌له‌که‌ی سه‌رپه‌رشتیده‌کات، له‌هه‌رکات و سه‌رده‌مێکی دیکه پێویسته هه‌ست به‌مه‌ترسیی زیاتر بکا و، هۆشیاربێت که رژێمی داگیرکه‌ری تورک و هاوپه‌یمان و هاوبه‌رژه‌وه‌نده‌کانی له‌نێوچه‌که، نه‌توانن له‌ڕێگه‌ی پیلانگێڕیی به‌رده‌وامیانه‌وه، ئه‌م بزووتنه‌وه مێژووییه‌ی کورد تووشی شکست بکه‌ن و، نه‌هێڵن کورد کۆتوزنجیری کۆیله‌تی بپسێنێت، که له‌په‌یمانی لۆزانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ له‌مل وده‌ستوپێی ئالاوه.
پاش نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به خزمه‌تی گه‌وره و مێژوویی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌ستی کوردایه‌تی له‌باکووری کوردستان، لێ که‌مایه‌سییه‌کی گه‌وره که له‌رامیاریی پێ کێ کێ دا به‌دیده‌کرێت ئه‌وه‌یه، ئه‌م پارته خاوه‌نی ستراتیژ و به‌رنامه‌یه‌کی رۆنی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانیی، نییه! له‌باتی به‌رزکردنی درۆشمی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد وه‌ک داوایه‌کی ره‌وا و یاسایی، رۆژێک باس له پڕۆژه‌ی سازکردنی فدراسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی ئازاد و دێمۆکرات ده‌کا. رۆژێک باسی دێمۆکراتی له‌تورکیا ده‌هێنێته‌گۆڕێ و، داوای زیندووکردنه‌وه‌ی به‌نده‌کانی په‌یمانی لۆزان ده‌کا و، سازبوونی حکوومه‌تی کوردی له‌باشووری کوردستان به‌مه‌ترسی بۆسه‌ر یه‌کێتیی خاکی تورکیا و پشێوی له‌ناوچه‌که ناوده‌با، رۆژێکیش داوا له پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتی ده‌کا، که له‌گه‌ڵ ''چه‌پی تورک'' دا یه‌کبگرێت!؟ ئه‌وڕۆکه‌ش باس له‌دامه‌زراندنی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانیی ده‌کات. هاوکات له‌زمانی ''پژاک'' و، به‌ناوی ''پژاک'' (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان) ه‌وه، داوای ئاگربڕ و کردنه‌وه‌ی گوتوبێژ له‌گه‌ڵ دڕنده‌ترین وپاشکه‌وتووترین رژێمی سه‌رده‌م - کۆماری مرۆڤخۆر و دوژمن به‌کوردی ئیسلامیی ئێران ده‌کات.
ئه‌م هه‌ڵوێست و روانگه له‌یه‌کنه‌چووانه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی پێ کێ کێ، که له‌زمانی رێزدار عه‌بدۆڵڵا ئۆجه‌لان، یان باشتره بڵێین به‌نێوی ئه‌وه‌وه بڵاوده‌کرێنه‌وه، لای شاره‌زایانی سیاسی و نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد و دنیای ده‌ره‌وه، ئه‌م پرسیاره‌ی دروستکردووه که به‌ڕاستی پێ کێ کێ له‌کام روانگه و ئیدۆلۆژی سیاسی وله‌پێناو چ ئامانجێکی سیاسی‌دا شه‌ڕی رژێمی تورکیا ده‌کا و، ئاکامی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ره‌وکوێ ده‌بات؟
پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراتی به‌سه‌رۆکایه‌تیی رێزدار ئه‌حمه‌د تورک و ئامینه ئایدال و له‌یلازانا و ئۆسمان بایده‌میر و به‌گشتی ئه‌و که‌سانه‌ی که سه‌رۆکایه‌تیی بزاڤی جه‌ماوه‌ریی کورد له‌نێوخۆی باکووری کوردستان ده‌که‌ن، تاکو ئێستا بۆ راگرتنی یه‌کێتیی ریزه‌کانی گه‌له‌که‌یان پشتگیریی ئه‌م هه‌ڵوێسته له‌یه‌کنه‌چووانه‌یان کردووه. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه، زۆر ناخایه‌نێت، نه‌بوونی ستراتیژ و پلاتفۆرمێکی نه‌گۆڕی نه‌ته‌وه‌یی که کۆمه‌ڵانی گه‌لی کورد له‌ده‌روی درۆشم و به‌رنامه‌یه‌کی رۆشن و دیاریکراودا کۆبکاته‌وه، گه‌ل و سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی تووشی سه‌رلێشێواویی سیاسیی ده‌کا و، ئه‌وه‌ی له‌ونێوه‌دا سوودی لێده‌بینێ، رژێمی داگیرکه‌ری تورکیایه، که ساڵانێکه له‌هه‌لێک ده‌گه‌ڕێ ئه‌م خه‌باته‌مه‌زن و یه‌کڕیزییه تاکهه‌ڵکه‌وتووه‌ی باکووری کوردستان له‌نێوبه‌رێت.
ماوه‌یه‌کی نادیاره، کۆبوونه‌وه و دیداری نهێنیی له‌نێوان رژێمی تورک و نوێنه‌رانی پێ کێ کێ دا ده‌ستیپێکردووه. ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌ره‌کانی هه‌ردوولا و ناوه‌رۆکی کۆبوونه‌وه‌کان له‌چ ئاستێکدان؟ ئه‌وه جارێ که‌س نایزانێت! پێ کێ کێ و سه‌رۆکایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی باکوور، ئه‌گه‌رچی له‌وته و نووسیندا وای پێشانده‌ده‌ن که له‌کاری سیاسی و دیپلۆماسیدا له‌هه‌موو پارتی و رێکخراوه‌کانی پێشوو و ئێستای کوردستان کارامه و شاره‌زاترێکن، لێ ئێمه له‌کرده‌وه‌دا هیچ جیاوازییه‌ک نابینین. نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌یان ئه‌زموونی تاڵ و دڵته‌زێنی له‌شانۆگه‌ریی ''مذاکرات'' و ''مفاوضات''ی نێوان داگیرکه‌ران و لایه‌نه‌کانی کوردی‌دا هه‌یه، که له‌هه‌موویاندا کورد تووشی شکان و کاره‌سات بووه. بۆنموونه وتووێژه‌کانی نێوان کورد و تورک له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی تورکیای تازه و، دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، وتووێژه‌کانی ده‌یان جاره‌ی نێوان سه‌رۆکایه‌تیی باشووری کوردستان و رژێمه‌کانی عێراق، وتووێژه‌کانی نێوان رژێمی حه‌مه‌ڕه‌زاشا و کۆماری کوردستان و، دواتر کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردی رۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تیی له‌گه‌ڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، له‌هه‌رهه‌موویاندا ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانیبێ له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه بزووتنه‌وه‌ی کورد دامرکێنن، په‌نایان بردووه‌ته به‌ر شانۆگه‌ریی وتووێژ له‌گه‌ڵ کورد و بۆماوه‌یه‌ک به‌دانی واده‌وبه‌ڵێنی درۆ، زه‌وینه‌یان خۆشکردووه بۆ تێکدانی چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌که و، جارێکی دی شه‌وه‌زه‌نگ ودیکتاتۆرییان به‌سه‌ر گه‌لی کورددا سه‌پاندووه‌ته‌وه.
ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیکه‌وه، تاکه‌ی ده‌بێ سه‌رۆکایه‌تیی کورد نه‌توانێت پاش ده‌یان ساڵ خه‌بات و قوربانی وماڵوێرانیی، کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات به‌کێشه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی. له‌باتی کۆبوونه‌وه‌ی نهێنیی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران که به‌داخه‌وه به‌شانازیشه‌وه ده‌یگێڕنه‌وه، کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی دێمۆکرات وه‌ک چاو‌دێر و نێوبژیوان بکه‌ن به‌لایه‌نی سێیه‌می گفتوگۆکان و، به‌رده‌وام نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌چۆنێتیی ئه‌نجامی وتووێژ و، ناوه‌رۆکی ئه‌و ماده و خاڵانه‌ی باسیان له‌سه‌ر ده‌کرێن ئاگادار بکرێن، له‌وڕیگه‌یه‌وه دنیای ده‌ره‌وه‌ش له‌ناوه‌رۆکی کۆبوونه‌وه‌کان و، نیازپاکیی (حسن نیت) هه‌ردوولا تێبگه‌ن، به‌وه‌ش پشتیوانییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد دروستبکه‌ن.
ئاشکرایه داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر باش له‌م بابه‌ته تێگه‌یشتوون و، هه‌میشه ویستوویانه وتووێژه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورد به‌نهێنی و، به‌شاراوه‌یی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نیازناپاکی و فرتوفێڵیان ئاشکرانه‌کرێ، هاوکات رێنه‌ده‌ن لایه‌نی سێیه‌م به‌نیازی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نێوانیان له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا به‌شداربێت. ئه‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ی به‌کێشه‌که‌مان گه‌یاندووه و تاکو ئه‌مڕۆ، کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌ی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتانه چاولێکراوه که کوردستان به‌سه‌ریاندا دابه‌شکراوه.
له‌ئالیی دیکه‌وه، بیری دامه‌زراندنی سیسته‌می سوسیالیزمی مۆدێڕن و پێکهێنانی کۆنفێدرالی دێمۆکرات له‌رۆژهه‌ڵاتی ناڤین که‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی پێ کێ کێ وه، بانگه‌وازی بۆ ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئیدۆلۆژی و کولتووری ره‌گه‌زپه‌رستیی تورکیدا، چۆن له‌گه‌ڵ یه‌کدیی ده‌گونجێن، که بتوانن له‌چوارچێوه‌ی جوگرافیایه‌کی سیاسیی هاوبه‌شدا پێکه‌وه بژین و سیسته‌می سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌کیه‌ک ببه‌ن به‌ڕێوه؟! ئه‌مانه و زۆر پرسیاری دیکه، بێگومان بۆ نه‌بوونی ئامانج و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و، بۆ ئه‌و سه‌رلێشێواوییه سیاسییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له‌هه‌موو به‌شه‌کاندا سه‌رتاخواری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردی داگیرکردووه.
پێ کێ کێ و سه‌رۆکایه‌تیی باکووری کوردستان، له‌نێوان ''سێ رێیانی'' سیاسه‌تی پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ تورک و، درێژه‌دان به‌بیروباوه‌ڕی چه‌پ و دژایه‌تیکردنی دنیای ئیمپریالیستی و، بیری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردیی، ده‌بێ یه‌کیان هه‌ڵبژێرێت. بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ناتوانرێ به‌پێی بارودۆخی کات ورۆژ جێگۆڕکێ به‌م سێ هه‌ڵوێسته جیاواز له‌یه‌که بکرێت. پشتیوانیی گه‌رموگوڕی نه‌ته‌وه‌ی کورد له پێ کێ کێ به‌هۆی ره‌وایه‌تیی ئیدۆلۆژی و جیهانبینینی سیاسییه‌وه نییه، به‌ڵکو ئامانج و داخوازیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆیله و بنده‌سته که ساڵانێکی زۆره به‌دوای ئازادی و رزگاریی خۆیدا وێڵه و، متمانه‌ی به‌هه‌ر سه‌رۆکێکی کورد کردووه که وشه‌ی ئازادی و رزگاربوونی به‌گوێیدا داوه.
ئێمه ئه‌م روانینه هه‌ڵه‌یه‌مان پێشتر و ئێستاش له‌وته و روانگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی حیزب و رێکخراوه‌ی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا بینیوه، که بوون به‌ئه‌ندام و بوون به‌پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو پێکهاته‌جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌مۆسڵمان و کۆمۆنیست و جۆتکار و مامۆستا و خوێنده‌وار و ده‌وڵه‌مه‌ند و دێمۆکرات و ئاینه‌کانی دیکه و ... هتد، له‌حیزب و رێکخراوه‌ی دڵخوازی خۆیاندا، به‌نیشانه‌ی راستوڕه‌وابوونی سیاسه‌تی حیزبه‌کانیان داوه‌ته‌قه‌ڵه‌م، له‌کاتێکدا به‌شداربوونی هه‌موو چین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریی له‌خه‌باتی سیاسی وحیزبیدا، ئه‌م راستینه‌یه به‌زه‌قی ئاشکراده‌کات که تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورد سه‌ر به‌هه‌ر چین و توێژێک بێت، حه‌ز به ژێرده‌ستی ناکا و، خوازیاری ئازادییه. ئه‌مه‌ش مانای وایه ئه‌م گه‌له له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا پێویستی به سازییه‌کی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه که بتوانێت وه‌ک به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش، هێزوتوانای تێکڕای گه‌له‌که‌ی بخاته خزمه‌تی پڕۆژه‌ی رزگاریی نیشتمانییه‌وه. راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی باکووری کوردستان، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و، هه‌روه‌ها رۆژاڤای کوردستان که چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی تێرۆری شه‌هیدی رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دوکتۆر مه‌عشووق غه‌زنه‌ویی له‌دژی داوده‌زگه‌ی سه‌رکوتی رژێمی داگیرکه‌ری سووریا رابوون، نموونه‌ی به‌هێزن بۆ زانینی ئه‌م راستییه.
هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تیی، خاکه‌که‌یان له‌لایه‌ن هێزی ده‌ره‌کی و زۆردارانی سه‌رده‌مه‌وه داگیرکراوه، تێکۆشیون و نیشتمانه‌که‌یان له‌ده‌ستی داگیرکه‌ر رزگارکردووه. خه‌باتی رزگاریخوازیی گه‌لان به‌تایبه‌تیی پاش سه‌رهه‌ڵدانی کۆلۆنیالیزمی جیهانیی له‌دووسه‌ده‌ی رابردوودا، به‌پانتایی هه‌موو کیشوه‌ره‌کانی جیهان گه‌یشته لووتکه و، ده‌یان نه‌ته‌وه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، دوای ده‌رکردنی هێزه‌کانی داگیرکه‌ر، به‌سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتن. ئه‌م دیارده‌یه، بێگومان نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ستی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کوردیش ده‌گرێته‌وه که له‌پاش کۆتایی جه‌نگی دنیاگری یه‌که‌م، به‌زۆره‌ملی و بێپرسوڕاکردن پێی، له‌نێوان پێنج رژێمی دیکتاتۆر و دژ به‌ئازادیدا دابه‌شکرا و، به‌پێی نه‌خشه‌یه‌کی ره‌گه‌زپه‌رستانه که‌وتنه جێنۆسایدکردنی گه‌لی کورد له‌ڕووی ره‌گه‌زی و ئابووری و زمان و کولتووری و کانزا و سامانی کورده‌واری و ئاسه‌واری مێژوویی کوردستانه‌وه. ئه‌مه‌ش مانای وایه هه‌وێن و دینه‌مۆی هه‌موو بزاڤ و راپه‌ڕێنێکی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌کۆن و ئێستادا بۆ مه‌به‌ستی رزگاربوون بووه له‌بنده‌ستی وکۆیله‌تییه‌ک که به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه. ناکۆکیی سه‌ره‌کیی له‌کوردستان، له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ی کورد و داگیرکه‌رانیدایه و، ئه‌م ناکۆکییه‌ش به‌داتاشینی ئیدۆلۆژی و بیرۆکه‌ی چه‌وت و نانه‌ته‌وه‌ییانه، نه‌یتوانیوه و ناتوانێت ئه‌م راستینه‌مێژوویی و ره‌وایه له ناوه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌کانی کورد بشواته‌وه.
قۆناخی ئێستای خه‌بات له کوردستان، قۆناخی خه‌باتی رزگاریی نیشتمانییه و، ئه‌م قۆناخه‌ش له‌ڕۆژی دابه‌شکردنی کوردستانه‌وه ده‌ستیپێکردووه و، به‌ده‌رکردنی داگیرکه‌ران له کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان کۆتایی دێت. ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وپرنسیپه‌وه بڕوانینه پێڕه‌وپڕۆگرام و خه‌باتی زۆرینه‌ی پارتی و حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان، ده‌توانین به‌ڕاشکاوییه‌وه بڵێین: ''نه‌ک هه‌ر خه‌بات و ئامانجیان له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی کورددا نه‌بووه، به‌ڵکو زیانی گه‌وره‌شیان له یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی و بیری رزگاری و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان داوه''.
به‌ڕه‌سمی ناساندنی سنووری ده‌ستکردی داگیرکه‌رانی کوردستان، هێنانه‌خواره‌وه‌ی داخوازیی گه‌لی کورد له‌سه‌ربه‌خۆییه‌وه بۆ مافی کولتووری و هێندێک ده‌سه‌ڵاتی به‌رته‌سکی نێوخۆیی، به‌ستنه‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌چوارچێوه‌ی سنووری وڵاتانی داگیرکه‌ره‌وه و، کردنی کێشه‌ی کورد به‌کێشه‌ی نێوخۆیی وڵاتانی داگیرکه‌ر، ده‌ست پانکردنه‌وه و سواڵکه‌ریکردن له‌داگیرکه‌ری به‌شێکی کوردستان و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و ته‌قه‌کردن له‌هێزی داگیرکه‌ری به‌شێکی دی، به‌بێ هیچ پلان و ستراتیژی سیاسی و چه‌کداریی. حیزبپه‌رستی و پاوانخوازی و هاندانی ئه‌ندام وپێشمه‌رگه له‌دژی یه‌کدی، سازکردنی شه‌ڕی نێوخۆیی و به‌کوشتدانی هه‌زاران رۆله‌ی کورد به‌ده‌ستی یه‌ک، سازکردنی شه‌ڕولێکدانی نێوخۆ و، کوشتن و راونانی یه‌کدیی له‌ده‌شت وچیاوگونده‌کانی کوردستان به‌ناوی ''شه‌ڕی چینایه‌تیی!!''، پیلانگێڕیی له‌دژی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری حیزبی و، په‌نابردنه به‌ر سازکردنی ده‌سته‌وده‌سته‌گه‌رێتیی و پرۆپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی له‌دژی یه‌ک بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی که تاکو ئه‌وڕۆ به‌رده‌وامه. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش دژایه‌تیکردنی بیری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌بیانووی داتاشراو و ناقۆڵا و نابه‌جێوه، به‌تێکڕا خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له‌هێڵی راستینه‌ی خۆی که گه‌یشتن به ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بووه، لاداوه. ئه‌وه‌ش گه‌لێک ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تی و قوربانیدانی بێئه‌نجامی لێکه‌وتووه‌ته‌وه و، پاش تێپه‌ڕبوونی سه‌توسی ساڵێک خه‌بات و قوربانیدانی له‌ژماره‌نه‌هاتوو، هێشتا له‌هیچ لایه‌که‌وه ئاسۆیه‌کی روونمان لێ دیارنییه.
حیزب و پارتی و رێکخراوه‌کانی کوردستان جگه له‌وه‌ی که ماوه‌ی شه‌ستوپێنج ساڵێکه (له‌پاش کۆماری کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیی پێشه‌واقازی)، له‌رێبازی نه‌ته‌وه‌یی لایانداوه، به‌ڵکو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هیچیان له‌سه‌ر بناخه‌یه‌کی بابه‌تانه و زانستی و، به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی دروست له‌بارودۆخی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان دانه‌مه‌زراون و، له‌ڕاستیدا سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی نێوخۆیی حیزبه‌کان هه‌ر بۆ ئه‌م دوو دیارده‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
حیزب و رێکخراوه سازکردن، پێویستی به‌بوونی وڵاتێکی ئازاد و به‌که‌شێکی ئازادی سیاسی و دێمۆکراسی هه‌یه ،پێویستی به‌وڵاتێکی ئازاد و دێمۆکرات هه‌یه که له‌یاسایدا، مافی دروستکردنی حیزب و کۆمه‌ڵه و سه‌ندیکای سه‌ر به ره‌گه‌ز و چین و روانگه‌ی جیاواز، پارێزراوبێ. ئه‌مه‌ش مانای وایه له‌دروستکردنی حیزب‌دا دوو مه‌رجی سه‌ره‌کیی پێویستن:
یه‌که‌میان، هه‌موو ئه‌و حیزب و رێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ناڕامیارییانه‌ی که له‌وڵاتێکدا پێکدێن، پێویستیان به که‌شێکی ئازاد و دێمۆکرات هه‌یه که به‌پێی یاسا ئازادی سیاسی وچالاکییان ده‌سته‌به‌رکرابێ و، بتوانن له‌رێگه‌ی میدیای سه‌ر به‌حکوومه‌ت ومیدیای ئازادی دیکه‌وه، له‌وبووجه و مووچه‌ی که له حکوومه‌ته‌وه وه‌ریده‌گرن، پرۆپاگه‌نده بۆ روانگه و ئامانجه‌کانی خۆیان بکه‌ن و، هیچ به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگێک له‌سه‌ررێی چالاکی سیاسی و پرۆپاگه‌نده‌کردن بۆ حیزبه‌که‌یان نه‌بێت.
دووه‌م، پێویسته له‌یاسادا هه‌موو ئازادییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ و ئازادی راده‌بڕین و سه‌ربه‌ستیی ته‌واو له‌بڕیاردانی سیاسیی‌دا ره‌چاوکرابێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکه‌سێک له‌ماڵی خۆی له‌ڕێگه‌ی میدیاوه، یان به‌به‌شداریکردنی له‌سه‌مینار و کۆڕوکۆمه‌ڵی سیاسی وحیزبیدا، حیزب و رێکخراوه وسه‌ندیکای دڵخوازی خۆی هه‌ڵبژێرێت و ده‌گاته باوه‌ڕێکی وا که به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی له‌ڕیگه‌ی فڵانه حیزب و فیساره سه‌ندیکاوه ده‌سته‌به‌رده‌کرێت. ئه‌وجا له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و رێفراندۆمی شاره‌داری و په‌رله‌مانه‌وه، هه‌ر حیزب و رێکخراوه‌یه‌ک رێژه و قه‌باره و گه‌وره‌یی و بچووکی خۆی ته‌نیا له‌و خوله‌تایبه‌تییه‌دا بۆ ده‌رکه‌وێ. ده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردراو تاخولی داهاتوو که ماوه‌که‌ی یاسا دیاریکردووه ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست. پاش ته‌واوبوونی ماوه‌که‌ی سه‌رله‌نوێ خه‌ڵکی وڵاته‌که دیسان له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه، حیزب یان حیزبه‌کانی دڵخوازی خۆیان هه‌ڵبژێرنه‌وه و،ده‌وڵه‌تی نوێ دامه‌رزێته‌وه. ئه‌وجا پێکهاته‌ی ده‌وله‌تی نوێ به‌پێچه‌وانه‌ی خولی پێشوو ده‌بێ، یان نا! ئه‌وه له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانی خه‌ڵکه‌وه دیاریده‌کرێت!
به‌هۆی به‌ڕێوه‌نه‌چوونی ئه‌م مه‌رجه زانستی و بنه‌ڕه‌تییانه سه‌باره‌ت به‌چۆنێتیی سازکردنی حیزب و رێکخراوه له‌کوردستاندا که نه‌ته‌وه‌ی کورد بنده‌ستی کۆمه‌ڵێک رژێمی نادێمۆکرات و دیکتاتۆر و دژ به‌ئازادییه، بۆچوونێکی ناڕاست و نازانستانه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی حیزبێک، خۆی و حیزبه‌که‌ی، به‌سه‌رۆک وپێشڕه‌وی نه‌ته‌وه‌که‌ی، یان به‌سه‌رۆکی چین و توێژێکی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی بزانێت و، ئه‌ومافه بدات به‌خۆی، چاره‌نووسی سیاسیی نه‌ته‌وه‌که‌ی دیاری بکات.
بێگومان، تاکو ئه‌و ڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بنده‌ستی داگیرکه‌رانییه‌تی، ناتوانین بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئه‌و ئازادییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م کردپێی، له‌کوردستاندا دابینیان بکه‌ین. حیزبحیزبێنه و سازکردنی پارت و حیزبی تازه هێنده‌ی دیکه پرسی کورد ئاڵۆزتر ده‌کا.
تاکه‌ڕیگه‌یه‌ک که بتوانێت له‌ڕوانگه‌ی زانستی و نه‌ته‌وه‌یی و مێژووییه‌وه خزمه‌تی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کوردبکات، ئه‌وه‌یه ده‌بێ ناوه‌ندێکی کوردستانیی به‌هێز دابمه‌زرێندرێ و، هه‌موو ئه‌و پارت و رێکخراوه رامیاری و ناڕامیاری و که‌سایه‌تیی نیشتمانپه‌روه‌ر و نوێنه‌ری هه‌موو پێکهاته‌جیاوازه‌کانی کوردستان که باوه‌ڕیان به‌سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان هه‌یه، تێیدا به‌شداربن. سه‌رپه‌رشتیی له‌شکری رزگاریخوازی کوردستان و راگه‌یاندن و رێکخستنی جه‌ماوه‌ری و خه‌باتی دیپلۆماسی و ... بگرێته‌ئه‌ستۆی و، تێبکۆشێت، بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنی پرسی کورد له‌ده‌ره‌وه و له‌نێوخۆی وڵات.
بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکه مێژووییه، له‌ساڵی 1985 دا کۆنگره‌ی نیشتمانیی کوردستان دامه‌زرا – که منیش یه‌کێکم له ئه‌ندامه‌کانی. دواتر له‌ساڵی 1995 کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان هاته‌دامه‌زراندن. ئه‌م دوو سازییه‌نه‌ته‌وه‌ییه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵ و چالاکی و دڵسۆزییه‌ک که پێشووتر و‌ئێستا و له‌داهاتوودا نواندوویانه و ده‌ینوێنن، لێ پتر وه‌ک حیزب کاریان کردووه و، هه‌ریه‌که‌یان به‌هۆی هه‌ڵه و که‌موکورتیی جیاوازی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه، نه‌یانتوانی و ناتوانن له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه گه‌وره‌یه‌دابن که لێیان چاوه‌ڕوانده‌کرا (به‌ته‌مام له‌ده‌رفه‌تی گونجاو‌دا، سه‌باره‌ت به‌هۆکاره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی ئامانج و پڕۆژه‌کانی ئه‌م دوو کۆنگره‌یه بنووسم). بۆیه ئه‌گه‌ر بڕیاری دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌درێت، ده‌بێ له هه‌ڵه‌وکه‌موکورتی و هۆکاره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌م دوو ناوه‌نده بکۆڵدرێته‌وه و، بناخه‌ی ناوه‌ندێکی کوردستانیی به‌هێز دابڕێژرێ که له‌نێوخۆی کوردستان پشتی پێببه‌سترێ و، له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا وه‌ک ده‌مڕاستی پرسی کورد حیسابی له‌سه‌ر بکرێت.
ئه‌و حیزب وپارت و رێکخراوانه‌ی که له‌نێوخۆ و له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان دامه‌زراون و، پڕۆگرامی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان هه‌ڵگرتووه، ده‌توانن رۆڵی به‌رچاو وگرنگ له‌پێکهێنانی ئه‌م ده‌زگه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا بگێڕن و، توانای مادی و راگه‌یاندن و ژماره‌ی ئه‌ندام و سه‌رکرده‌یه‌تییان تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بکه‌ن بۆ پته‌وکردنی به‌ردی بناخه‌ی ئه‌م سازییه نه‌ته‌وه‌ییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مانیش هه‌ر گیرۆده‌ی ناوناوبانگ و حیزبپه‌رستی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی بن، ئه‌وا له‌داهاتوودا ده‌بن به کۆمه‌ڵێک سیاسه‌تکاری ناکۆک و ناته‌با و دژبه‌یه‌ک، که جیاوازییان له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دی، ته‌نیا له‌وه‌داده‌بێ که باس له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌که‌ن و، سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان پێخۆشه، به‌مه‌رجێک پله‌وکورسیی سه‌رۆکایه‌تییان بپارێزری، که ئه‌وه‌ش بێگومان هیچ خزمه‌تێک به کێشه‌ی کورد ناگه‌یه‌نێت.
له‌به‌ر زۆر هۆ وکێشه‌ی نێوخۆیی که حیزبه کلاسیک و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان له‌خولقاندنیدا ده‌ستی باڵایان هه‌یه، له‌بارودۆخی ئێستادا دژوار و ئه‌سته‌مه ده‌زگه‌یه‌کی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دابمه‌زرێت. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانرێت له‌پێشدا له‌هه‌ر یه‌ک له‌به‌شه‌کانی کوردستان به‌درۆشم و ئامانج و پرۆگرامی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه کۆنگره، یان ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌شه جیاجیاکانی کوردستان سازبکرێت. هاوکات هه‌وڵبدرێ بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر پلاتفۆرمیکی هاوبه‌ش له‌نێوان حیزب و پارته‌کانی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان که له‌به‌رامبه‌ر پیلانی داگیرکه‌راندا یه‌کدیی بپارێزن و، به‌بیری یه‌کبوون وهاوچاره‌نووسییه‌وه له‌و کێشانه بڕوانن که به‌ره‌وڕووی هه‌ر یه‌کێک له‌به‌شه‌کانی کوردستان ده‌بێته‌وه. ستراتیژ و ئامانجی دواڕۆژیش، یه‌کخستنی خه‌باتی تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ رزگارکردنی خاکی سه‌رتاسه‌ری کوردستان و دامه‌زراندنی حکوومه‌تی یه‌کگرتووی فێده‌راڵی کوردستان بێت.
کورت وکرمانجیی، به‌هۆی بیروباوه‌ڕ و کولتووری ره‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ستی مه‌زنخوازیی نه‌ته‌وه‌کانی بانده‌ستی کورد که مێژوویه‌کی سه‌دان ساڵه‌ی هه‌یه، زه‌مانێکی زۆری ده‌وێت که ئه‌و کولتووره ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه گۆڕێنی به‌سه‌ردا بێ و، بیری ئازادیخوازی و یه‌کسانی و، کولتووری رێزگرتن له‌نه‌ته‌وه و ره‌گه‌زی جیاواز جێی بگرێته‌وه. ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش له‌بیرومێشکی نه‌ته‌وه‌کانی بانده‌ستی کورد که دیارنییه چ ساڵ و زه‌مان و سه‌ده‌یه‌ک رووده‌دات، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی کورد نییه، به‌ڵکو ئه‌رکی رۆشنبیران و چینی خوێنده‌واری ئه‌و گه‌لانه‌یه که له‌باتی دژایه‌تیکردنی گه‌لی کورد و، خۆشکردنی ئاگری قه‌ڵاچۆکردنی گه‌لی کورد، بڕیاربده‌ن بۆ گۆڕینی سیسته‌مه‌کانی دیکتاتۆر و نامرۆڤانه‌یان. ئه‌گه‌رچی ئه‌وکاتیش نابێ گه‌لی کورد به‌وه دڵخۆشبکرێت که له‌سایی حکوومه‌تێکی دێمۆکراتی داگیرکه‌ردا، مافی کورد دابینده‌کرێت. چۆنکه ئێمه حکوومه‌ته‌کانی دێمۆکراتی ئیسرائیل و ئینگلیز و سپانیا ده‌بینین که به‌رامبه‌ر داخوازیی فه‌له‌ستین و ئیرله‌ند و باسک، هه‌ڵوێستیان چۆنه! دروستکردنه‌وه‌ی عێراقی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی باشووری کوردستانه‌وه باشترین نموونه‌یه بۆ دڵنیابوونی ئه‌م راستییه، که هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه ده‌سه‌لاتدارانی تازه‌ی عێراق له غازی عه‌جیل عه‌لیاوه‌ر (کۆنه‌زاواکه‌ی پارتیمان!!) تاکو جه‌عفه‌ری و مالکی، دڵسۆزیی له‌راده‌به‌ده‌ر و پێوه‌ندیی نازانستانه و ناسیاسییانه‌ی کوردیان به‌کارهێنا بۆ پته‌وکردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ی عێراقی عه‌ره‌بیی، بێئه‌وی یه‌کێک له‌و مافانه به‌ڕه‌سمی بناسن که له2003 ه‌وه تاکو ئێستێ سه‌رۆکایه‌تیی کورد به‌تکا و رجاوه داوای جێبه‌جێبوونیان ده‌کات!
له‌به‌ر ئه‌وه بائیتر ''به‌س بێ!'' و، له‌باتی سه‌رقاڵکردنی کورد به‌چاره‌سه‌ریی لابه‌لا و چه‌وته‌وه، با سه‌رۆکایه‌تیی کورد بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی رابردوو، داوا له‌نه‌ته‌وه‌ی کورد بکات درۆشمی رفراندۆم بۆ کوردستان و، سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان هه‌ڵبگرێ و، داوا له کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و، وڵاتانی دێمۆکرات بکرێت با بێنه کوردستان و سه‌رپه‌رشتیی راپرسییه‌کی گشتیی بکه‌ن له‌کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وی کورد بتوانێ، له‌مێژووی پڕکاره‌سات و خوێناویی خۆیدا، جارێک به‌بێ ترس، له‌ئازادیی ته‌واودا ده‌نگ بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیبدات. با له‌مه‌به‌دواوه، بیری ئازادیخوازی و دێمۆکراسی و رێزگرتن له‌بیروڕا و داخوازیی راستینه‌ی گه‌لی کورد، له‌لایه‌ن حیزبه‌کانییه‌وه پێڕه‌وبکرێت. سه‌رده‌می حیزبپه‌رستی و سه‌رۆکی تاقانه و حیزبی پێشڕه‌وی فه‌رمانڕه‌وا که تایبه‌ت بوون به‌کولتووری سیاسیی چه‌پی کلاسیکی ستالینیزم، به‌سه‌رچووه و، ئه‌م کولتووره نادێمۆکراتییه ده‌بێ له‌وێژه‌ی سیاسی و گۆڕه‌رپانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌موو به‌شه‌کانیدا ریشه‌کێش بکرێت. به‌شداریکردنی راسته‌وخۆی هه‌موو پێکهاته‌جیاوازه‌کانی کوردستان به‌هه‌موو ئاین و ئاینزا و ئیدۆلۆژی و چین و توێژه‌جیاوازه‌کان له‌ژێر چه‌ترێکی هاوبه‌شی کوردستانی‌دا که ده‌نگ و ره‌نگی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه، جگه له‌وه‌ی که هێزوتوانای مه‌زن به خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌به‌خشێت، هاوکات هاوکاری و هاوخه‌باتیکردنی هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه پێکه‌وه، تێکڕای دانیشتوانی کوردستان فێری پێکه‌وه‌ژیانی هێمنانه و رێزلێنان له‌بیروڕای جیاواز ده‌کا و، له‌ڕه‌وتی خۆیدا کولتووری سیاسی و دێمۆکراسی و بیری ئازادیخوازی و یه‌کسانیی له‌نێو مێشکی تاک تاکی دانیشتوانی کوردستان به‌ئاین وئیدۆلۆژی و بیروڕای جیاوازه‌وه ده‌چێنێ و، ئه‌و حکوومه‌ته کوردستانییه‌ی که دواڕۆژ له کوردستان داده‌مه‌زرێ، حکوومه‌تێک ده‌بێت که له‌سه‌ر بناخه‌ی دادپه‌روه‌ری و ئازادی و دێمۆکراسی و رێزگرتن له‌مافه‌کانی مرۆڤ داده‌نرێت.
لێره‌دا به‌نووسینه‌وه‌ی دووکۆپله له‌وته‌کانی یه‌کێک له‌سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی جوو به‌ناوی مه‌ناخیم بێگن (2*) کۆتایی به‌نووسینه‌که‌م دێنم. مه‌ناخیم بێگن، پێداچوونه‌وه‌یه‌کی وردی له‌سه‌ر خه‌باتی جووه‌کان له‌سه‌رزه‌ویی فه‌له‌ستین، له‌دژی سوپای ئینگلیز و عه‌ره‌به‌کانی نیشته‌جێی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده، له‌ساڵانی نێوان 1942 بۆ 1948ی سه‌ده‌ی رابردوودا نووسیوه. جێکردنه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ی مه‌ناخیم بێگن له‌م وتاره‌دا، به‌مانای پشتیوانیکردن و دژایه‌تیکردنی کێشه‌ی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل نییه، چۆنکه ئه‌و کێشه‌یه نه‌له‌رابردوو و، نه‌ئیستا و، نه‌له داهاتوودا هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌کورد و کێشه‌ی ره‌وای کورده‌وه نه‌بووه و نییه و، نایبێت، به‌ڵکو ته‌نیا بۆ زانینی ئه‌و راستییه‌یه که سه‌رکرده‌کانی گه‌لێک 65 ساڵ بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا به‌وشێوه‌یه بیریان له‌پاراستنی یه‌کێتیی گه‌له‌که‌یان و، سازکردنی ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌له‌په‌رشوبڵاوه‌که‌یان کردووه‌ته‌وه و، ئه‌وڕۆ وڵاته‌که‌یان له‌ڕووی ئابووری و پیشه‌سازی و سه‌ربازییه‌وه گه‌یاندووه‌ته ریزی پێشکه‌وتووترین وڵاتانی جیهان، ئه‌وجا به‌راوردیان بکه‌ین له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد که هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه یه‌کێتیی سنووری وڵاتانی داگیرکه‌ر بپارێزن و، له‌ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ که له‌سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێێه‌می زاینداین، هێشتا مه‌ترسیی روودانی شه‌ڕی نێوخۆیی له‌نێوماندا هه‌رماوه!
سه‌رنجتان بۆ خوێندنه‌وه‌ی وته‌کانی مه‌ناخیم بێگن راده‌کێشم:
''... ئه‌وه‌ی ئازادیی ده‌وێ، نه‌فره‌ت له‌کۆیله‌تی ده‌کات... ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌ی خۆشده‌وێت، رقی له‌دوژمنی گه‌له‌که‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ره، رقی له‌هه‌موو زروزۆڵه‌کێکی نێو نیشتمانه‌که‌یه‌تی. له‌به‌رامبه‌ر پیلانه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز وگوشاری سوپای ئینگلیز و سیخو‌ڕه‌کانی بۆ سه‌رمان، چه‌ند هۆیه‌ک هه‌بوون ده‌بوونه به‌ربه‌ست که شه‌ڕی نێوخۆیی له‌نێوماندا روونه‌ده‌ن:
یه‌که‌م – ئێمه هیچکاتێک له‌حیزبه‌که‌ماندا، حیزبی (ئه‌ره‌گۆن زفای لیۆمی)، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانمان به‌وه گۆش نه‌کرد که دژایه‌تی حیزبه‌کانی دیکه‌ی جوو بکه‌ن. چۆنکه ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه که ده‌تهاوێژێته سه‌ر که‌ڵه‌که‌ی شه‌ڕی براکوژیی.
دووه‌م – هۆیه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵگیرسانی ''شه‌ڕی براکوژیی''، نیازی چوونه‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌لاته. ئێمه هیچکاتێک بۆ ئه‌وه نه‌جه‌نگاین که دواڕۆژ ده‌سه‌لات بگرینه‌ده‌ست. ئێمه ته‌نیا بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌جه‌نگاین. ئێمه شۆرشمان کرد بۆ رزگارکردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان، نه‌ک بۆ حوکمکردنیان!! هانده‌رمان بۆ خه‌بات بیروباوه‌ڕه‌که‌مان بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیروباوه‌ڕه‌که‌شمان پێویستی به‌خوێنی خۆشمان بوایه، درێخیمان نه‌ده‌کرد و، ئاماده‌بووین له‌پێناو ئامانجماندا بکوژرێین، به‌ڵام دواڕۆژ کێ حوکمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ده‌کات که ئێمه ره‌نجمان بۆداوه و قوربانیمان بۆ داوه، گرنگ نییه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئێمه دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه و، کردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌کانییه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران جوو، بۆ ئه‌وه‌ی پاش ساڵانێکی دوورودرێژی بنده‌ستی و به‌شمه‌ینه‌تیی، هه‌ناسه‌یه‌ک به‌ئازادیی بده‌ن. ئه‌گه‌ر بمانویستایه له‌پێناوی ده‌سه‌لاتوه‌رگرتندا شۆرش بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بووینه دوو ده‌سته‌ی جیاوازی دژ به‌یه‌ک و، خه‌بات و شه‌ڕمان دژی عاره‌ب و ئینگلیز تووشی شکست ده‌بوو. ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌لاتوه‌رگرتن شۆرش ده‌کات، ئاماده‌یه له‌وپێناوه‌دا هاوکاریی دوژمنی نه‌ته‌وه‌که‌شی بکات! به‌ڵام ئێمه کاری وامان لێ نه‌وه‌شایه‌وه... ده‌ست له‌نێو ده‌ست، شه‌ڕی ئینگلیز و شه‌ڕی عه‌ره‌بانیشمانکرد، چۆنکه ئامانجی هه‌موومان رزگارکردنی گه‌له‌که‌مان بوو. نه‌خێر ئێمه یه‌کین و ناتوانین رقمان له‌یه‌کدی بێته‌وه. ....''.
-------------
(1*) – قسه‌کانی مه‌حموود ئه‌سعه‌دبه‌گ (وه‌زیری داد) ی تورکیا له‌رۆژنامه‌ی ''ملیت'' ی تورکی، رۆژی 19ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1930 بڵاوبووه‌ته‌وه. له په‌رتۆکی ''کێشه‌ی مێژینه و ئێستای کورد''، وه‌رگیراوه له‌نووسینی: ''سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و قاره‌مانی کورد، ژنه‌ڕاڵ ئێحساننووری پاشا''. به‌ڕێز محه‌ممه‌د حه‌مه‌باقی له‌عه‌ره‌بییه‌وه کردوویه‌تی به کوردی.
(2*) – په‌رتۆکی ''راپه‌ڕین'' (The Revolt)، له‌نووسینی مه‌ناخیم بێگن، سه‌ردار سدیق ئه‌مین کردوویه‌تی به‌کوردی. ساڵی 1996 له سوێد چاپکراوه.
10/11/2010