|‌ماڵه‌وه| پێناسه‌ | سه‌باره‌ت به‌ راڤه‌ | پێوه‌ندی| ئارشیڤ
سیاسه‌ت | بیروبۆچوون | نێونه‌ته‌وه‌یی | کۆمه‌ڵایه‌تی | زانست | چاند و هونه‌ر|

ئاڵوودەبوونی چین

مارتین بوولار
سەرنووسەری لومۆند دیپلۆماتیكی فەڕەنسی

سەرۆكەكانی چین لە گەورەترین خەونی ناسیۆنالیستیانەیاندا خەیاڵیان بۆ ئەوە نەدەچوو كە مێژوو بەو راددەیە وەربچەرخێ و ئەمریكا سەرزەنشت بكرێ و چیتر باشترین نمرە لە پۆلی (سەرمایەداران) وەرنەگرێ و داوا لە چین بكات لە قەرز رزگاری بكات و ئابووریی جیهان ببووژێنێتەوە.

چینییەكان چیتر بەخۆیان ناوەستن و لە رێگای ئاژانسی رەسمی دەنگوباسی خینهوا –وە وانە پێشكەش بە ئەمریكا دەكەن دەربارەی "خۆچارەسەركردن لە ئاڵوودەبوون بە قەرز" (خینهوا، 7ی ئۆگوستی 2011). هەروەها جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە پەكین "ئێستا هەموو مافێكی هەیە داوا لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات كێشە ستروكتورالیەكانی چارەسەر بكات". دیارە ئەوەی كە پارەی هەڵپەڕكێ دابین دەكات، سەرچۆپیش رادەكێشێ. لەم سۆنگەیەوە، چین خۆی زۆر بەخشندە پیشاندەدات: لە ئێستادا ئەم وڵاتە بایی 1.170 ملیار دۆلار بۆندی خەزێنەی ئەمریكای بەدەستەوەیە. ئەمەش دەكاتە رێژەی ساڵانەی سامانی بەرهەمهاتوو لە رووسیا. ئەمەش چەكێكی داراییە كە چین لە رووی سیاسیەوە بەكاریدەهێنێ و لە رێگایەوە رۆژئاواییەكان بەرەڕووی نەنگییەكانیان دەكاتەوە.

هەڵەیە ئەگەر وا هەست بكەین كە چین لەم یاریەدا تەنهایە. یادی قەیرانەكەی 1997-1998 و ئەو پێوەرانەی كە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سەپاندی تا ئێستا لە ناوچەكەدا زیندووە. باڵیۆزی سەنگاپوور لە نەتەوە یەكگرتووەكان كیشۆری مەحبوبانی، بە تەنزەوە دەڵێ: "هەموو ئەو ئامۆژگاریانەی كە وڵاتانی ئاسیا (لە ساڵانی 1997-1998) وەریانگرت، لە لایەن رۆژئاواوە فەرامۆشكران (1)". سەرەڕای گرژیی بارودۆخی ناوچەیەیی لە دەریای چیندا، وڵاتانی سەر بە رێكخراوی نەتەوەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە 9 ی ئاب (ئۆگوست) جەختیان لەسەر تەواوكاریی ئابووریی ئاسیایی كردەوە. چینی دراوسێیان سەر بە كێشەیە، یان دەتوانین بڵێین بەفیز و لووتبەرزە، بەڵام لە كاتی قەیراندا خاوەنی سەرچاوەی دڵڕفێن و نایابە.

چین كە حەز لە باسی ئاڵوودەبوون دەكات، پێویستە بەردەرگای خۆشی پاك بكاتەوە، چونكە ئەویش بە هەمان شێوە ئاڵوودەی قەرز بووە: قەرزی ئەمریكا كە رێگای پێدەدا پارەی زیاد بەبێ ریسك بخاتە بازاڕەوە و بەردەوامیش بێت لە هەناردنە دەرەوە بە قازانجەوە. چین ئێستا 8.1% ی قەرزی ئەمریكای لایە و لە پێشەوەی ژاپۆن (6.4%) دێت. ئەمەش لە یەك كاتدا مافی پێدەبەخشێ و كێشە ئامێزیشە. ئەگەر چین لە كڕینی بۆندی خەزێنەی ئەمریكی بوەستێ، كە دەبێتە دابەزینی نرخی دۆلار، ئەوە مۆڵگەی دۆلاری وشك دەكات.

لە كاتێكدا چین نایەوێ ئەم بۆمبە ئەتۆمیەی دارایی بەكاربهێنێ، بە دوای ئەوەدا دەگەڕێ كە لە رێگای بەنێونەتەوەییكردنی دراوەكەیەوە خۆی لەم پشتبەستنە بە ئەمریكا رزگار بكات و بەمەش دۆلار لاواز بكات. بۆیە هەوڵەكانی بۆ كڕینی بۆندی خەزێنەی چینی بە یەن لە بۆرسەی هۆنگ كۆنگ زیاد دەكات، بەمەش سەرمایەی زیاتر بۆخۆی رادەكێشێ، بەڵام ئەمە كێشەكانی چارەسەر ناكات، چونكە كۆنترۆڵكردنی ئەو سەرمایەیە تا دێت زەحمەتتر دەبێت.

حكومەتی چینی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە سەرچاوە ئابوورییە بیانیەكانی روو لە كەمی دەكەن، بۆیە بە دوای گۆڕینی ئاراستەی ئابوورییەكەیدا دەگەڕێ بەرەو بازاڕی ناوخۆ. لەم رووەوە سەرەتایەكی دەستپێكردووە: مووچەی زیاتر، كرێی گشتیی خانەنشینی، هتد. بەڵام ئەم هەنگاوانە زۆر هێواش و زۆر نایەكسانن.

بیرۆكەی ئەوەی كە دووبارە هەڵسەنگاندنی یەن و زیادكردنی بڕی هێنانەناوەوە دەبنە مایەی بەگەڕخستنەوەی مەكینەكە، تەنها شتێكی تیۆریە، بە لایەنی كەمەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. بۆ نموونە فەڕەنسا كەوتووەتە سەر رێچكەی داماڵین لە پیشەسازیكردن و قەرزە دەرەكییەكانی بەهۆی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلەوە دێنەدی كە لە وڵاتانی دیكە و بەهۆی دروستكەرانی فەڕەنسیەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەمەش سەرەنجامی گواستنەوە و گۆڕینی شوێنی بەرهەمهێنانە. بۆیە لە فەڕەنساش پێویستە بایەخی سەرەكی بدرێت بە چارەسەركردن لە ئاڵوودەبوونی دارایی و قازانج.

سه‌رچاوه‌: لومۆند دیپلۆماتیک به‌ کوردی، ژماره‌ 16، مانگی سێپته‌مبه‌ری 2011، چاپی هه‌ولێر


بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی



rave-online.org © 2009 All rights reserved
info@rave-online.org