ڤلادیمیر ئاجامۆڤ، هونه‌رمه‌ندی به‌نێوبانگی شانۆ و بالێ له رووسیا:
من بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا كوردم
ئا: مه‌نسور سدقی
من بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا كوردم
ئا: مه‌نسور سدقی
ئه‌گه‌ر به وردی ته‌ماشای ئاگاداری (ئافیش)ی شانۆی سانت پێترزبۆرگ له رووسیا بكه‌ی له‌وانه‌یه گۆڕانی به‌رده‌وامی ناوی هونه‌رمه‌ندان تێیدا سه‌رنجڕاكێش بێ، به‌ڵام ناوێك كه زۆر دووباره ده‌بێته‌وه، ناوی قاره‌مانێكی ئێمه‌یه، كه سه‌ماكاری نێوداری كورد (ڤلادیمیر ئاجامۆڤ)ه و به “ ئه‌و مروڤه‌ی ده‌فڕێ” نێوبانگی ده‌ركردووه.
ڤلادیمیر ئێستا له ئه‌كادێمیای ده‌وڵه‌تیی شانۆ له سانت پێترزبۆرگ كارده‌كات، سه‌دان كیلومه‌تر دوورتر له كوردستان، به‌ڵام تائێستا چه‌ند سه‌مای بالێی به كوردی ئاماده و پێشكه‌شكردووه.
له‌ساڵی 1993-1994 وه‌ك باشترین سه‌ماكاری ساڵ هه‌ڵبژێردرا. له‌ساڵی 2000 بووه داهێنه‌ر و رێبه‌ری هونه‌ری ناوه‌ندی ده‌رهێنانی “Летящий во времени”. له ساڵی 2001، به سه‌رۆكی (یه‌كێتی سه‌ما و بالێی مۆدێرن) هه‌ڵبژێردرا. مامۆستایه له ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تیی هونه‌ره جوانه‌كان و داهێنان. هه‌ڵگری نازناوی “هونه‌رمه‌ندی شایسته‌ی فێدراسیۆنی رووسیا”یه.
ڤلادیمیر ئاجامۆڤ نه ته‌نیا “هونه‌رمه‌ندی شایسته‌ی فێدراسیۆنی رووسیا” و یه‌كێك له مامۆستا به‌نێوبانگه‌كانی جیهانه له بالێدا، به‌ڵكو مرۆڤێكی زۆر داهێنه‌ریشه.
“به‌رده‌وام كتێبمان به‌ده‌سته‌وه‌بوو”
ڤلادیمیر قاسمۆڤیچ ئاجامۆڤ، له 24/4/1955 له تفلیس پایته‌ختی گورجستان له‌دایكبووه، له بنه‌چه‌وه خه‌ڵكی شاری قه‌رسی باكووری كوردستانن. كاتی عوسمانییه‌كان وه‌ك زۆر كوردی باكووری كوردستان له ژێر گوشاری سوپای تورك، زێدی خۆیان جێهێشتووه. دایك و باوكی مرۆڤی ئاسایی بوون، “خێزانێكی گه‌وره بووین (سێ خوشك و دوو برا)، وه‌ك هه‌موو خێزانێكی كورد دایك و باوكم ژیانێكی سه‌ختیان تێپه‌ڕاندبوو، ئاواتیان ئه‌وه‌بوو منداڵه‌كانیان ببنه خاوه‌ن ئه‌و شتانه‌ی خۆیان لێی بێبه‌شكرابوون.”
باوكی ده‌ستی دابووه زۆر كار، له كرێكاری بیناسازییه‌وه بگره تاوه‌كو باركێشی له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر تاوه‌كو پاككه‌ره‌وه‌ی وێستگه، “ئێمه زۆر كه‌م ده‌مانبینی”، دایكی پزیشكبووه، به‌لام به‌هۆی ئه‌ركی خێزانداری ده‌ستی لێهه‌ڵده‌گرێ.
ڤلادیمیر هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به خێزانیان ده‌ڵێ “ئێمه ماڵباتێكی ئاسایی كورد بووین، خۆشی و ناخۆشیشمان هه‌بوو، به‌ڵام ماڵمان هه‌میشه پڕبوو له شادی و رووناكی، هه‌میشه میوانمان هه‌بوو. هه‌موومان خۆشه‌ویستیمان بۆ شانۆ و ئه‌ده‌ب هه‌بوو، به‌رده‌وام كتێبمان به‌ده‌سته‌وه بوو. باوكم هه‌موو رۆژێك به كتێبێكی تازه‌وه ده‌هاته‌وه ماڵ”. دایكی به‌رده‌وام داستانی بۆ منداڵه‌كانی ده‌خوێندنه‌وه و به باشی پیانۆی لێده‌دا و منداڵه‌كانیش گورانییان له‌گه‌ڵی ده‌گوتنه‌وه، ده‌ڵێ “پاشان ده‌ستمانكرد به خوێندنه‌وه و سازدانی شانۆ له گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان. ئێمه بۆ خۆمان شانۆمان ده‌نووسی و جلوبه‌رگمان بۆ ئاماده ده‌كردن.”
خوشكی گه‌وره‌ی پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ره و له تفلیس كار ده‌كات، خوشكێكی سه‌ماكاری بالێ بوو، به‌ڵام ئێستا سه‌ما ناكات و مامۆستای سه‌مای بالێیه له سانت پترزبۆرگ، خوشكه‌كه‌ی دیكه‌شی مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، به‌ڵام ئه‌و ئێستا مردووه. برای بچووكی وه‌ك به‌رنامه‌نووسی كۆمپیوته‌ر كارده‌كات . ڤلادیمیر له‌و بڕوایه‌دایه كه گه‌لی كورد ده‌زانێ چۆن كار بكات و به حه‌زه‌وه كار ده‌كات“ له ماڵی ئێمه‌دا وا په‌روه‌رده‌كراوین كه حه‌زمان له كاركردن و خۆ ماندووكردن بێ.”
بۆ ڤلادیمیر پێشنیاری فێربوونی بالێ زۆر له‌ناكاوبوو ”هه‌رچه‌نده باوكم هه‌میشه ئاره‌زووی ئه‌وه‌بوو من له‌گه‌ڵ خوشكم فێری ئه‌و هونه‌ره جوانه، واته بالێ ببین، به‌ڵام من خۆم خه‌ریكی وه‌رزشی مشته‌كۆڵه كردبوو و ئه‌و ئاواته‌ی باوكمم زۆر پێ گرنگ نه‌بوو.”
خوشكی ده‌ستیپێكرد و زۆر جار له‌سه‌ر داوای دایك و باوكی، ڤلادیمیر ده‌یبرده فێرگه و ده‌یهێناوه. تاوه‌كو رۆژێك دایكی پێیده‌ڵێ “رۆڵه باوكت زۆری پێخۆشه تۆش بچی بۆ فێربوونی بالێ”، لێره‌دا چاره‌نووسی ڤلادیمیر دیاریده‌كری و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ “دایك و باوكمم زۆرخۆشده‌ویستن، گوتم مادام ئێوه پێتانخۆشه، منیش ده‌چم.”
ڤلادیمیر ده‌ڵێ”من منداڵێكی خه‌په‌له بووم، رۆژی یه‌كه‌م كاتێك چوومه فێرگه‌ی سه‌مای بالێ له تفلیس، هه‌موو ده‌ستیانكرد به پێكه‌نین و گوتیان، خه‌په‌یه‌كی وا ده‌بێ چ سه‌ماكارێكی بالێی لێده‌ربچێ! منیش گوتم، قه‌ڵه‌و نیم! ته‌نیا ئیسقانه‌كانم پانوبه‌رینن. ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ر به‌و وه‌ڵامه‌ی من پێده‌كه‌نین.”
به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه، رێزێكی زۆری له خوشكی ڤلادیمیر ده‌گرت، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه هۆی وه‌رگرتنی ڤلادیمیر. به‌ڵام ڤلادیمیر زۆر گرنگیی به بالێ نه‌ده‌دا و به‌رده‌وام خۆی له وانه‌كان ده‌دزیه‌وه و پتر خۆی خه‌ریكی بۆكس و تۆپی پێ كردبوو. له ته‌مه‌نی 13-14 ساڵیدا له بۆكسدا ده‌گاته ئاستی چاره‌نووسساز و هاوكات ڤلادیمیری مێرمنداڵ له‌لایه‌ن راهێنه‌ری بۆكس رووبه‌ڕووی هه‌ڵسوكه‌وتێكی هه‌ستیار ده‌بێته‌وه “ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ به‌ڕاستی ده‌سكه‌وتی پتر له بۆكس وه‌ده‌ستبێنی ده‌بێ پاشناوی خۆت بگۆڕی و بیكه‌یه ناوێكی گورجی”، ڤلادیمیر ده‌ڵێ: “ئه‌و داوایه‌م به سووكایه‌تیه‌كی مه‌زن به‌رامبه‌ر خۆم دانا، بۆیه ده‌ستبه‌جی وازم له بۆكسێن هێنا، ئاخر كورێكی زۆر كه‌لله‌ڕه‌ق بووم.”
پاشان ڤلادیمیر به‌هه‌ستێكی دامركاو ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ و رووداوه‌كه ده‌گێڕێته‌وه و روو له دایك و باوكی ده‌كات و ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ببمه مرۆڤێكی ته‌واو، ده‌بێ گۆرجستان به‌جبێڵم.”
ڤلادیمیر شاری لێنینگراد (سانت پێترزبۆرگی ئێستا) و یه‌كێك له باشترین خۆێندنگه‌كانی شانۆی ئه‌و شاره، واته (په‌یمانگه‌ی بالێی لێنینگراد) هه‌ڵده‌بژێرێ. “هاوین بوو، له هه‌موو شوێنێك پشوو بوو. به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه گوتی، لێژنه‌كه ئێستا له پشوودایه، بڕۆ دوواتر وه‌ره‌وه، منیش گوتم، تازه هاتووم. ناچمه‌وه. ئه‌ویش داوای لێكردم به‌لانیكه‌م جوڵه‌یه‌كی بالێ پێشانبده‌م، منیش ئه‌نجاممدا و به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه سه‌ری سووڕما و گوتی، تۆمان وه‌رگرت.”
ڤلادیمیر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تفلیس و له فێرگه هاوكاری ناكه‌ن و به‌ڵگه و پێناسه‌ی پێویستی پێناده‌ن، به‌ڵام به‌بێ بڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لێنینگراد و ته‌نیا دوای 6 مانگ به‌ڵگه‌كانی پێده‌ده‌ن. پاش ساڵێك خوشكیشی دێت بۆ لای و هه‌ردووكیان ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام ده‌بن له فێربوونی بالێ.
پاشان ئۆلێگ ڤینۆگرادۆڤ، یه‌كێك له نێودارانی پایه‌به‌رزی دونیای بالێ و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری (شانۆی بچووك به‌ناوی ماریا) له لینینگراد، ڤلادیمیر بانگهێشت ده‌كات تاوه‌كو له شانۆی بچووك بۆ ئۆپێرا و بالێ كار بكات “ئه‌وه 40ساڵه به‌رده‌وام لێره بالێ ده‌كه‌م.”
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كولتووری كوردی له كاره‌كانیدا
ڤلادیمیر ده‌ڵی: “من بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا كوردم. هه‌میشه شانازیم به گه‌له‌كه‌م كردووه و سه‌ری نه‌وازش بۆ یاده‌وه‌ری باب و باپیرانم داده‌نه‌وێنم. له‌نێو ماڵباتی ئێمه‌دا كوردایه‌تی هه‌ر ڕاگیراوه، منیش به‌و هه‌سته‌وه په‌روه‌رده كراوم.”
ڤلادیمیر زۆر به دڵساردی و په‌رۆشه‌وه یادی رۆژه سه‌خته‌كانی ژیانی ده‌كاته‌وه، كاتێك گوشاریان بۆ هێنا پاشناوی خۆی بگۆڕێ “پێیانده‌گوتم “كورت” بۆ ئه‌وه‌ی سووكایه‌تیم پێ بكه‌ن. به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێم، هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌و وشه‌یه شه‌ڕم كردووه.”
له ساڵی 2003 باوكی ڤلادیمیر كوچی دوایی ده‌كات “باوكی خۆم زۆر خۆشده‌ویست، بڕیارمدا شانۆیه‌كی كوردی له‌سه‌ر باوكم سازبكه‌م”، له بالێی (رێگه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌رمدا)، ڤلادیمیر نه‌وای كوردی له‌گه‌ڵ موسیقای دیكه‌دا تیكه‌ڵ ده‌كات و داستانی ژیان و خۆشه‌ویستی ژن و پیاوێك به بالێ پێشانده‌دات. “ئه‌و بالێیه به‌سه‌رهاتی ژیان دایك و باوكی منه كه زۆر یه‌كتریان خۆشده‌ویست. دیاره جار جاریش لێك توڕه ده‌بوون، به‌ڵام تاوه‌كو دوایین كات به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی لێكگرێدرابوون”. هه‌ر له‌و باره‌وه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی له بالێیه‌كه‌یدا هه‌بوو، ڤلادیمیر باسی دوایین كاتی ژیانی باوكی ده‌كات و ده‌ڵێ “ پێنج ساڵ بوو باوكم ئازاری نه‌خۆشی ده‌كێشا، رۆژێك ته‌له‌فۆنم بۆكردن، هه‌ردووكیان ده‌م به‌پێكه‌نین بوون، به‌ڵام گوایه پاش نیو كاژێر، باوكم ماڵئاوایی له ژیان ده‌كات. به‌ڵێ! ئاوابوو ژیانی ئه‌و دووانه. ئێمه‌شیان هه‌ر به‌و هه‌سته په‌روه‌رده كردبوو. زۆر گرنگه له ماڵباتدا خۆشه‌ویستی هه‌بێ، ئه‌و هه‌سته نه‌وه به نه‌وه ده‌گوازرێته‌وه. من ئه‌و بالێیه‌م زۆر پێخۆشه و به دڵنیاییه‌وه له فیستیڤالی ئامه‌د پێشكه‌شی ده‌كه‌م. من له قه‌ڵای ئامه‌د گۆڕه‌پانێكم بینی زۆر به‌دڵم بوو، باله‌كم له‌وێ پێشكه‌ش ده‌كه‌م .”
سه‌ردانی وڵات
له مانگی 12ی ساڵی 2010، ڤلادیمیر بۆ یه‌كم جار سه‌ردانی كوردستان ده‌كات و له كۆنفرانسی هونه‌ر و كولتووری كوردی له ئامه‌د به‌شدار ده‌بێ. سه‌ردانی شاری قه‌رسیش ده‌كات. ئه‌و سه‌ردانه كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده داده‌نێ “ له قه‌رس كاتێك بۆ خواردن چووین بۆ چێشتخانه‌یه‌ك و نان و په‌نیر و رۆن و هه‌نگوینیان له‌پێش داناین، له‌ناكاو داپیری خۆم وه‌بیر كه‌وته‌وه، هه‌ر به‌و پێخۆره ساده‌یه زۆر جار داپیره‌م ئێمه‌ی تێر ده‌كرد. ئه‌و خواردنه‌ی قه‌رس به‌تامترین خواردن بووه له ژیانمدا”. یان كاتێك باسی ئامه‌د(دیاربه‌كر) ده‌كات ده‌ڵێ “گه‌لی ئێمه زۆر كۆنه، به‌ڵام ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كی لاوین، ئه‌وه به‌هێزترین كاردانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌بوو له‌سه‌ر من. به‌گشتی هه‌موو ئه‌وانه، ئه‌و هه‌سته‌یان له‌مندا وه‌جوڵه خست كه من له نیشتمانی خۆمم.”
دامه‌زراندنی فێرگه‌ی بالێ له كوردستان
له ئامه‌د پێشنیازی دامه‌زراندنی فێرگه‌یه‌كی تایبه‌ت به بالێی كلاسیك و شانۆگه‌ری بۆ ڤلادیمیر كرا، ئه‌و زۆر به دڵفراوانییه‌وه پێشوازی لێده‌كا و ده‌ڵێ: “ئه‌وه ئه‌ركێكی زۆر گرنگ و دژواره و من ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمی بۆ ده‌ده‌م. سازدانی هه‌لی فێربوونی هونه‌ری بالێ بۆ رۆڵه‌كانمان له كوردستان، كارێكی زۆر گرنگه.” هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: “سه‌ربه‌رزی و شانازی هه‌ر گه‌لێك، هونه‌ر و كولتووره‌كه‌یه‌تی. له ئامه‌د به چاوی خۆم ئاستی به‌رز و پرۆفیشناڵی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێی نه‌ته‌وه‌یی خۆمانم بینی و سه‌رم سووڕما. من زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانم دیوه، به‌ڵام ئه‌و ئاسته‌م له داهێنان له هیچ شوێنێك نه‌بینیوه. گه‌لی ئێمه به‌ڕاستی داهێنه‌ره.” هه‌روها ده‌ڵێ: “بۆ من شانازییه‌كی مه‌زنه خزمه‌تێكی هه‌رچه‌نده بچو‌وكیش بێ بۆ گه‌له‌كه‌م بكه‌م.”
له‌و باره‌وه ڤلادیمیر بیره‌وه‌ریه‌كی خۆی ده‌گێڕێته‌وه كاتێك له لێنینگراد ده‌یخوێند و خۆی بۆ بالێیه‌ك ئاماده ده‌كرد ”ده‌رهێنه‌ری بالێیه‌كه له گۆرجستانه‌وه هاتبوو، من له رۆڵی رۆمیۆ دا، خه‌ریكی راهێنان بووم و موسیقایه‌كی كوردیش لێده‌درا، بێژه‌ری شانۆ گوتی، ئه‌و جۆره‌ی كه ئه‌و كورده ده‌جوڵێ، ته‌نیا كورد ده‌توانێ ئاوا بجوڵێ و كه‌س ناتوانێ لاساییان بكاته‌وه، پێكهاته‌ی جوڵه‌ی كورد شتێكی جیاوازه.”
• ئه‌و نووسینه، به سوود وه‌رگرتن له هه‌ڤپه‌یڤینێك ئاماده كراوه كه ئیشخان میرۆیه‌ڤ، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی رووسی (كوردستانی ئازاد) و كوردستان ئیسایه‌ڤا، به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی “kurdishcenter.ru” به زمانی رووسی له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئه‌نجامیانداوه.
-----------
سه‌رچاوه: هه‌فته‌نامه‌ی "رووداو"، ژماره 99، چاپی ئه‌وروپا، 2011.06.09

ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كولتووری كوردی له كارهكانیداڤلادیمیر ده‌ڵی: “من بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا كوردم. هه‌میشه شانازیم به گه‌له‌كه‌م كردووه و سه‌ری نه‌وازش بۆ یاده‌وه‌ری باب و باپیرانم داده‌نه‌وێنم. له‌نێو ماڵباتی ئێمه‌دا كوردایه‌تی هه‌ر ڕاگیراوه، منیش به‌و هه‌سته‌وه په‌روه‌رده كراوم.”