
"دگردیسی"،
خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی- فێمینیستی
شێعر‌ی ناڵه‌جودایی
خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی- فێمینیستی
شێعر‌ی ناڵه‌جودایی
شه‌هلا ده‌باغی
پێشه‌کی و ئامانج
شه‌وێکی ساڵی 1974ـه. شاعیری کورد، سه‌ید محه‌ممه‌دئه‌مین شێخولئیسلامی، ناسراو به هێمن (1921-1986) له وڵاتی غه‌ریب، له به‌غدا، شێعرێک ده‌خوڵقێنێ: ناڵه‌ی جودایی. هێمن خۆی ده‌نووسێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌وه، مثنوی مولاناجلاالدین رۆمی بلخی (1207-1273)م له‌لا بایه، شایه‌د شێعر‌ی ناڵه جودایی‌یم نه‌نووسیبا. (چه‌پکێ گوڵ، چه‌پکێ نه‌رگیز، ل.85).
ئه‌و شه‌وه له ته‌نیاییدا، هێمن بیر له ژیانی خۆی و گه‌له‌که‌ی ده‌کاته‌وه. هه‌ست وه‌هه‌ژین دێت. به 109 به‌یت، مه‌ستییه‌ک "خود"ی شاعیر داده‌گر‌ێت که سه‌ره‌نجام شاعیر له ئینسانێکی ماندوو ڕا ده‌گۆڕێت بۆ ڕۆحێکی هێنده ئازاد و سه‌روه‌ر که ئاماده‌یه بڕواته‌وه ناو باوه‌شی زه‌وی و له مه‌رگ نه‌ترسێ. شێعرێک که ده‌بێته ناسراوترین شێعر‌ی شاعیر له سه‌راسه‌ری کوردستان. شێعرێک پڕ له دژایه‌تی له‌نێو ده‌قدا به‌ڵام سه‌ره‌نجام یه‌کگرتوو. شێعرێک که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شاعیر وه‌ک تاک و گه‌ل له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه. هێمن به‌گوێره‌ی وته‌کانی خۆی، ژیانی زۆر پێخۆشه. به‌ڵام ژیانێکی پڕ له خه‌بات و کۆسپ و نه‌هامه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێ (تاریک و ڕوون، ل. 44). هێمن ڕه‌نج ده‌با به‌ڵام نه‌ک ڕه‌نج بۆ ڕه‌نج به‌ڵکو ڕه‌نجێک که وا له ئینسان ده‌کا که بتوانێ سنووره ده‌ستکرده‌كانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌زێنێ.
هه‌وڵی من له‌م کاره‌دا ئه‌وه‌یه که ده‌ق (تێکست) بکه‌مه‌وه و چاو له‌وه بکه‌م چۆن سا‌بجێکت له‌نێو 'خواست/ ویست' سه‌رده‌ردێنێ و چۆن 'خود'ی شاعیر له پرۆسه‌یه‌کدا ده‌گۆڕێت و 'دگردیسی' ڕووده‌دا. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌کم ده‌بێ له‌سه‌ر کاریگه‌ریی ده‌قه‌کانی تر (intertextualitet) له‌سه‌ر ده‌قی ناڵه‌ی جودایی. میتۆدی کار خوێندنه‌وه و کردنه‌وه‌ی ده‌ق (هێرمێنۆتیک)ه له ڕوانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی-فێمینیستی. ڕوانگه‌ی فێمینیستی تاسه‌ی شاعیر بۆ دایک و وڵات دێنێته به‌ر باس. ئه‌و به‌شه له‌ژێر کاریگه‌ری بیر و بۆچوونه‌کانی ژولیا کریستێڤادایه.
شایانی باسه که ئاماژه بکه‌م که پێم‌خۆش بوو شێعر‌ی سووڕی ده‌وران بێنمه به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ئه‌ده‌بی و چاو له دوو چه‌مکی چین و ژێنده‌ر بکه‌م به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌قه نه‌کراوه‌ته سویدی یان ئینگلیزی. هه‌ر بۆیه ناڵه‌ی جودایی‌م هه‌ڵبژارد که پێشتر (1991) کراوه‌ته سویدی.
سه‌رچاوه و ماتریاڵ
سه‌رچاوه بۆ ئانالیزی ده‌قی ناڵه‌ی جودایی، کتێبی ناڵه‌ی جودایی ساڵی 1979 چاپی به‌غدایه. ئه‌و شێعره له‌لایه‌ن فه‌رهاد شاکه‌لی و Bo Utas پرۆفیسۆری زمان‌ناس كراوه‌ته سویدی. ئه‌و شێعره له کتێبی بۆنی هه‌وره‌کانی وڵاتی من دا (1991) ستۆکهۆڵم، چاپکراوه. کتێبی بۆنی هه‌وره‌کانی وڵاتی من سی شێعر له چارده شاعیری کورد له‌خۆده‌گرێ که کراونه‌ته سویدی. به‌داخه‌وه ته‌نانه‌ت یه‌ک شێعر‌ی شاعیرێکی ژنی تێدا نییه. تۆ بڵێی ساڵی 1991 ژنێکی شاعیرمان نه‌بووبێ که شێعره‌که‌ی بۆ ئه‌وه شیابا که له‌و کتێبه‌دا چاپ کرابا؟
ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی هێمن
به‌شی ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی هێمن که 2 لاپه‌ڕه‌یه وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر کوردی چونکه زۆربه‌ی خوێنه‌ران هێمن زۆر باشتر له من ده‌ناسن. پێم‌خۆشه باسی ئه‌وه بکه‌م که له کاره‌که‌مدا قامکم له‌سه‌ر ئه‌وه داناوه که هێمن له ساڵانی كۆتایی ته‌مه‌نیدا به‌هۆی پیری و نه‌خۆشی له مه‌هاباد و ورمێ نیشته‌جێ بوو و هێزه سیاسییه کوردییه‌كان، به‌هۆی هاوکاریی کورتخایه‌نی هێمن له‌گه‌ڵ هێندێک بیری سیاسی که سیاسه‌تێکی نادروست و چه‌وتیان به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد هه‌بوو، هه‌ڵسوكه‌وتێكی ناله‌باریان له‌گه‌ڵ هێمن كرد. خۆشبه‌ختانه ئێستا زۆر که‌س و لایه‌ن هێمن به شاعیری نه‌ته‌وه‌یی ناوده‌به‌ن.
لێکۆڵینه‌وه‌کانی پێشوو
به‌رهه‌مه‌کانی هێمن هه‌روه‌ک زۆربه‌ی شاعیرانی کورد نه‌خراونه‌ته به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئاکادێمیی ئه‌ده‌بی. ته‌نیا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که له دونیای ئاکادێمیدا له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی هێمن کرابێ، تێزی ماسته‌ری عوسمان ده‌شتی‌یه له زانکۆی هه‌ولێر به ناوی هێمن، ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه سیاسیی وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و (2001) که دواتر وه‌ک کتێبک له ساڵی 2003 له سلێمانی چاپکراوه. ئه‌و تێزه باسی لایه‌نی ئێستێتیکی شێعره‌کان ناکا و ئانالیزێکی ئه‌ده‌بی ناداته ده‌ست. عوسمان ده‌شتی له پێشه‌کییه‌كه‌یدا باس له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دیكه له زانکۆی ته‌ورێز ده‌کا که به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه، ئه‌ویش له‌لایه‌ن مه‌حه‌مه‌د سه‌عید نه‌جاری بووه که دواتر ده‌ستنووسه‌کان دراونه‌ته عوسمان ده‌شتی. دیاره ده‌توانین بزانین و یان شک بکه‌ین که نووسینی بابه‌تێکی وا بۆ به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه. هێندێک گۆڤار و سه‌رچاوه له کتێبه‌که‌ی عوسمان ده‌شتی‌دا هاتووه که بۆ من له ستۆكهۆڵم ده‌ستنه‌ده‌که‌وتن. تێزه‌كه‌ی عوسمان ده‌شتی له سێ به‌ش پێكهاتووه: بیۆگرافی، لایه‌نی سیاسیی به‌رهه‌مه‌کانی هێمن و لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رهه‌مه‌کان. هه‌روه‌ها هێندێک نامه و وێنه له کتێبه‌که‌دا هاتوون. من بۆ نووسینی ئه‌م کاره ڕووم له زۆر که‌س و لایه‌ن و کتێبخانه کرد که ئه‌گه‌ر شتێکیان لا ده‌ستکه‌وێ بتوانم که‌ڵکی لێوه‌ربگرم که به‌داخه‌وه هیچ شتێکم ده‌ستنه‌که‌وت. ئه‌و نوسینانه‌ش که له‌سه‌ر سایته‌کان و یان وه‌ک کتێبی بیره‌وه‌ری هه‌ن له باسێکی ئه‌ده‌بی و تێکست‌ئانالیزدا خۆ نابیننه‌وه. هه‌ر بۆیه له کاری مندا که‌ڵکیان لێوه‌رناگیرێت. که‌وایه ته‌نیا سه‌رچاوه بۆ ئه‌و کاره هه‌مان کتێبی ناڵه‌ی جودایی (1979) چاپی به‌غدایه.
شێعر‌ی ناڵه‌ی جودایی به سویدی
له (Med andra ord (1998 (به واتایه‌كی تر) باس له گیروگرفتی وه‌رگێڕانی تێكستی ئه‌ده‌بی ده‌كرێت. ئایا وه‌رگێڕان هه‌میشه ده‌ستده‌دات؟ Lars Kleberg باس له‌وه ده‌كات كه كاری وه‌رگێڕان هه‌م ده‌كرێت و هه‌میش ناكرێت. Roman Jakobson نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و بۆچوونه ده‌کات كه 'تجربه‌های شناختی/ ئه‌زموونه شوناسییه‌كان' ده‌كارێ وه‌رگێڕدرێته سه‌ر ئه‌و زمانانه‌ی كه هه‌ن گه‌رچی ترسی ئه‌وه هه‌یه ده‌ق بكه‌وێته به‌ر زه‌ره‌ر. ئه‌و زه‌ره‌ره‌ش له ڕێگه‌ی قه‌رزكردنی وشه، ته‌فسیر و دوباره وه‌رگێڕان چاره‌سه‌ر‌ده‌كرێت. Walter Benjamin وه‌رگێڕان وه‌كو فۆرمێك باس ده‌كات كه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆسه‌ر ده‌قی ئه‌سڵی (ئۆرجینال تێكست). له وه‌رگێڕاندا ناكرێت هه‌موو به‌شه‌كانی ده‌ق به ته‌واوی ڕابگیردرێن به‌ڵام ده‌توانین ڕێگه‌یه‌ك له زمانی دووه‌مدا بدۆزینه‌وه كه 'زایه‌ڵه‌ی ده‌قی ئۆرجینال' بده‌ینه ده‌ست. (ل. 135-141)
Bo Utas، زمان‌ناس، باس له‌وه ده‌كات که شێعر‌ی کلاسیک له‌و ڕێگه‌وه ده‌ناسینه‌وه که دوو میسره‌عی هه‌یه که هه‌ر کام بناغه‌یان له‌سه‌ر 8 تا 16 هجا/ سیلاب‌ه. هه‌موو وه‌رگێڕێک ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕیتمی میسره‌ع له‌سه‌ر هیجای کورت و درێژ داده‌مه‌زرێ، هه‌ڵوێست بگرێ. وه‌رگێڕانێک سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ كه له نێوان ئه‌مانه‌تداری بۆ ئۆرجیناڵ و کارتێكردنی/ ئێفێکت زمانی دووه‌مدا سازانێكی هونه‌رمه‌ندانه دروست بكات. (ئایا ده‌توانین شێعر‌ی فارسی وه‌رگێرین؟ (Kungl. Humanistiska Vetenskaps-Samfundet. Uppsala. 1993، ل. 88)
ناڵه‌ی جودایی شێعرێکه که له‌ژێر کاریگه‌ری مثنوی مولانادا (1207-1273) نووسراوه. به‌یته‌کانی هه‌وه‌ڵی مثنوی به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌که‌ن:
بشنو از نی چون حکایت می‌کند
از جداییها شکایت می‌کند
کز نیستان تا مرا ببریده‌اند
در نفیرم مرد و زن نالیده‌اند
سینه خواهم شرحه شرحه از فراق
تا بگویم شرح درد اشتیاق
هر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش/.../
ناڵه‌ی جودایی، 218 میسره‌ع واته 109 به‌یته که هه‌ر میسره‌عێک له‌سه‌ر وه‌زنی فاعلتون فاعلتون فاعلت واته 11 سیلاب دانراوه. له وتارێک له‌ژێر ناوی "ئایا ده‌توانین شێعر‌ی فارسی وه‌رگێڕین؟" پرۆفیسوور ئۆتاس باس له‌وه ده‌کا که هه‌موو هه‌وڵێک بۆ وه‌رگێڕانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مێلۆدی شێعر‌ی فارسی مه‌حکوم به شكانه. (ل.91)
به‌گشتی ده‌توانین بڵێین که وه‌رگێڕانی ناڵه‌ی جودایی بۆ سویدی، له سه‌ر زایه‌ڵه‌ی ده‌ق و له ڕێگه‌ی قه‌رزکردنی وشه و دوباره‌نووسینه‌وه‌ی مانا ڕاوه‌ستاوه و زۆر جار مۆسیقا و ئاهه‌نگی شێعره‌که له‌ده‌ستچووه. (به‌یته‌کانی 19، 25 و 96 ته‌رجه‌مه نه‌کراون.) ناده‌قیقترین به‌شی وه‌رگێڕانه‌كه، وه‌رگێڕانی سه‌ردێڕه که کراوه‌ته "ناڵه‌ی ڕههاکراوێک" (بۆنی هه‌وره‌کانی وڵاتی من، ل. 63) و هه‌روه‌ها زۆر جار وشه‌ی "جودا"، مانای تری پێبه‌خشراوه. وه‌ڕگێڕ مانای "ناڵه‌ی جودایی" به "ناڵه‌ی ڕههاکراوێک" واته ناڵه‌ی که‌سێک که ته‌ریك‌كرابێ و له خۆ دوورکرابێته‌وه شووبهاندووه به‌ڵام به بڕوای من شاعیر ڕه‌ها نه‌کراوه به‌ڵکو شاعیر هه‌ڵیبژاردووه که بچێته تاراوگه و غه‌ریبی، نه‌ک ئه‌وه که‌سێک له خۆی دووری کردبێته‌وه. هه‌ر بۆیه من مانای "ناڵه جودایی"م ڕوونكردۆته‌وه. جیاوازی نێوان مانای "ناڵه‌ی جودایی" و "ناڵه‌ی ڕههاکراوێک" فه‌رقی نێوان 'ویست' و 'نه‌ویستن'ـه. جیاوازی نێوان ئیراده و بێ ئیراده‌ییه. هه‌روه‌ها له باری ته‌رکیبی وشه و ساختاری زمانه‌وه "ناڵه‌ی جودایی" فه‌رقی هه‌یه له‌گه‌ڵ "ناڵه‌ی ڕههاکراوێک".
مێتود
هێرمۆنێتیک باس له کردنه‌وه‌ی تێکست، خوێندنه‌وه و به‌رداشت ده‌کا. خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می یونانی كۆن و هه‌روه‌ها له ڕووی پراکتیکییه‌وه ڕیشه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌کانی ئینجیل‌دا‌یه و دواتر له‌ڕێگه‌ی ستروکتورالیسته‌کانه‌وه به ئێمه گه‌یشتووه. ئاندێش ئوولسۆن (له کتێبی تێکستی نه‌ناسراودا، 1998) وه‌ک گادامێر و هایده‌گێر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که وه‌ڵامێکی ته‌یارمان بۆ ده‌ق نییه. گادامێر خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق وه‌ک دیالۆگ ده‌بینێ. خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق گه‌رچی وه‌ک بازنه‌یه‌که به‌ڵام ئێمه ته‌نیا گومانێک ده‌که‌ین له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندی و دژایه‌تی ناو "کل" و "جزء" له ده‌ق دێنینه به‌ر ڕۆشنایی. وه‌ده‌ستهێنانی مانا له بازنه‌یه‌کی هێرمۆنێتیکیدا به 'بازدانی خه‌یاڵ' ده‌کرێ. کاتێک ئێمه ده‌قێک ده‌خوێنینه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ین که بهرداشتێک هه‌ڵێنجێنین که هه‌رگیز ئه‌و به‌رداشته به مانای به‌رداشتی كۆتایی و تاکه‌خوێندنه‌وه نییه. هه‌میشه ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه که مانای تازه بدۆزینه‌وه، به‌تایبه‌ت که ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ق ده‌خوێننه‌وه جیاوازن و پێشینه‌ی جیاوازیان هه‌یه و به توانایی که‌لتوری و پێشزێهنییه‌تێک که هه‌یانه له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا به‌شدارن. Mimesis و شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی تێکستی ئه‌ده‌بی له‌لایه‌ن ئێریک ئاورباخ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئیلهام بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی من له ناڵه‌ی جودایی. به گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌ی Paul de Man له Mimesis ده‌كرێ 'هه‌میشه له ده‌قه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین چونکه ده‌ق ده‌توانێ هه‌موو تێئۆرییه‌کان تێپه‌ڕ بکا'.(Mimesis, ل. 7).
تێئۆری
ناڵه‌ی جودایی هه‌ڵگری هێندێک خاڵی دژبه‌یه‌که. هه‌ر بۆیه ده‌بێ له گۆشه‌نیگای جیاواز ڕا ئانالیز بکرێت. من له چه‌ند چه‌مکێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و شێعره که‌ڵک وه‌رده‌گرم.
1. کۆرا، ئابێکشوون
'دروستبوونی سا‌بجێکت' له تێئۆرییه‌کانی پسیکۆئانالیزدا جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه.
پسیکۆئانالیز سه‌باره‌ت به تێکست (ده‌ق) و گوتار هه‌ڵوێست ده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بگاته هه‌ست و ئه‌زموونه‌کانی سا‌بجێکت. ژولیا کریستێڤا، تێئۆرییه‌کانی فرۆید ده‌رباره‌ی ناسنامه که له‌گه‌ڵ هه‌م دایک و هه‌م باب پێناسه ده‌کرێت، تایبه‌تمه‌ندیی زمان که هێترۆژێنه و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی نێوان 'خودئاگا' و 'ناخودئاگا' و پێوه‌ندی نێوان خه‌ون و ناوه‌ڕۆكی خه‌ون و هه‌روه‌ها تێئۆرییه‌کانی ژان لاکان، له کاری خۆیدا په‌ره‌پێده‌دا بۆ ئه‌وه که تێکستی ئه‌ده‌بی و سا‌بجێکت بێنێته به‌رباس[1]. خه‌ون بۆ فرۆید به مانای ئه‌وه‌یه که به وێنه بیرده‌کرێته‌وه. ڕه‌وانی ئینسان به‌گوێره‌ی فرۆید وه‌ک ده‌قێکه 'بڵاو و پڕ له دژایه‌تی و ناته‌بایی'.
هه‌روه‌ها به ڕای لاکان "خود" کاتێک دروست ده‌بێ که دێته ناو نه‌زم و سیسته‌می زمان و که‌لتور. کریستێڤا قامک بۆ ئه‌وه درێژده‌کا که دروستبوونی سا‌بجێکت زۆر زووتر- پێش هاتنی منداڵ بۆ نێو سیسته‌می زمان دروست ده‌بێ. واته پێش قۆناغی ئاوێنه‌یی، کاتێک منداڵ و دایک پێوه‌ندییه‌کی سێمیۆتیکیان هه‌یه. کاتێک گه‌رمای دایک، 'نوخته‌ی قه‌راردادی'یه و دایک و منداڵ یه‌کن و هێشتا منداڵ خۆی له دایک جیا نابینێ. "خودی شاعیرانه" خودێکی ئاڵۆزه که له گۆڕاندایه و له‌نێو 'ویست' و 'كه‌مایه‌سی'یه‌ک سه‌رده‌ردێنێ: که‌مایه‌سی ئه‌شق.
زمان بۆ شاعیر ته‌نیا نیشانه نییه، به‌ڵکو استدعا/ بانگه‌شه‌کردن/ خواست، ویست و داوایه‌كه بۆ ئه‌و كه‌مایه‌سییه. ده‌قی شاعیرانه که به 'ساتێکی تایبه‌تی قه‌یران' به‌ستراوه‌ته‌وه، بالقوه هه‌ڵگری جه‌سته‌یه‌کی دایکانه (سێمیۆتیک/ ڕه‌مزی)یه، که به‌رامبه‌ره له‌گه‌ڵ زمان/ سیسته‌می نیشانه‌یی. هه‌ست، ڕیتم و طنین/ زایه‌ڵه له توخمی/ عنصرێکی دایکانه‌وه که وه‌ک مه‌ترسێکه بۆ سه‌ر زمان. کریستێڤا ئه‌و ئیمكانی ده‌ربڕینه، "کۆرا"، ناوده‌نێ( 2) که تایبه‌تمه‌ندی ژنانه‌ی هه‌یه و به‌ته‌واوی ڕه‌مز و نه‌گوتراوانه‌ی نێوان خه‌ته‌کانی ده‌ق/ بینامتنی ده‌گوترێ.
کۆرا، تێئۆرییه‌كی سه‌ره‌تاییه که له‌و جێگایه‌ی که مانا له ده‌قدا بێده‌نگ ده‌کرێ و یان قه‌ت نه‌بووه، مانا ده‌به‌خشێ. کاری شاعیرانه/ هونه‌رمه‌ندانه ده‌بێته هه‌نگاو‌هه‌ڵگرتن و بزاڤێك له کاتی مه‌یل و دڵته‌نگی شاعیرانه‌دا بۆ گه‌یشتن به قاره‌ی دایک که سیسته‌می زمان له که‌ناریدا تێپه‌ڕ ده‌بێ. شاعیر له 'ساتی قه‌یران'دا، له سنووره‌کانی نێوان ڕه‌مز/ سروشت و سیسته‌م/ که‌لتوردا، خۆده‌بینێته‌وه و به‌م جۆر‌ه 'دیسکۆرسی مێژوویی' ده‌ق له‌قاوده‌دا.
شاعیر وه‌ک منداڵ که بۆ وه‌ده‌ستهێنانی که‌سایه‌تی[3] خۆی له فازی خۆجیاکردنه‌وه‌دا هه‌وڵده‌دا و سا‌بجێکت خۆی به ئافه‌رینشی هونه‌ری خۆی دروستده‌کا. شاعیر زیاتر له که‌سانی‌تری کۆمه‌ڵ، به نووسینی خۆی، خۆی به فازی دووانه‌یی به‌ڵام ناته‌با پێوه‌ند ده‌داته‌وه واته ئه‌و فازه که منداڵ هه‌م دایکی خۆشده‌وێ و هه‌م ده‌خوازێ خۆی لێ‌جیابکاته‌وه. له نه‌بوونی ئه‌شقدا سا‌بجێکت له گه‌رمای دایکانه ده‌گه‌ڕێ که سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ خوڵقاندن. سا‌بجێکت له 'پرۆسه'دا دروست ده‌بێ. مه‌به‌ستی کریستێڤا له پرۆسه گۆڕان و پێشکه‌وتنه.
هه‌موو تێکستێک وه‌رگێڕانی ئه‌زموونه‌کانی سابجێکته، ئه‌و ئه‌زموونانه که له‌سه‌ر شانۆ داده‌ندرێن و ساختاری هه‌ردوو زمان و ڕه‌وان ده‌گۆڕن. 'ناخودئاگا' پایه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه.
ده‌قی ئه‌ده‌بی کارێکی به‌مانایه که 'ئه‌زموونه هه‌ستییه‌کانی سا‌بجێکت' خۆیان له‌و پرۆسه‌یه‌دا نیشانده‌ده‌ن.
چه‌مكی abjektion گرینگییه‌کی تایبه‌تی له تێئۆرییه‌کانی ژولیا کریستێڤادا هه‌یه. ئابێكشوون له وشه‌ی abjiceraوه دێت که به مانای فڕێدان و له خۆ دوورکردنه‌وه‌یه. ئه‌و چه‌مکه باس له فازێکی پێشکه‌وتن ده‌کا. سا‌بجێکت کاتێک دروست ده‌بێ که خۆ له جه‌سته‌ی دایک جیاده‌کاته‌وه واته هاوکات که منداڵ شیفته‌ی جه‌سته‌ی دایکه، لێیشی بێزاره. کاتێک زمان دێته ناو دونیای منداڵ و ده‌ستی باڵا ده‌گرێ، 'کۆرا' وه‌پشتگوێ ده‌خرێت. 'ویست' له "خود" دوور ده‌بێته‌وه و "خود" ده‌که‌وێته قه‌یرانه‌وه.
ئابێکشوون، به ڕای کریستێڤا، سه‌رچاوه‌یه‌کی تاریک و مه‌ڕمووزه که له پرۆسه‌یه‌کدا منداڵ خۆی وه‌ک سا‌بجێکت ده‌بێنێ و خۆ له مبداء/ سه‌رچاوه و ڕیشه جیاده‌کاته‌وه.
کریستێڤا ده‌ڵێ که ئابجێکشوون ده‌توانێ ده‌ست بۆ قه‌تڵ به‌رێ. ئابێکشوون کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌زه‌بروزه‌نگه، ترسه، هه‌ستێکه که منداڵ له دایک جیاده‌کاته‌وه. ئابێکشوون که له هه‌موو كه‌لتوره‌کانی جیهاندا به‌دیده‌کرێ، 'ئه‌زمه/ قه‌یرانێكی نارسیست'ییه به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌لومه‌رجێک ده‌خوڵقێنێ که هه‌ست وه‌رگێڕدرێته سه‌ر نیشانه و زمان. زمان، به‌گوێره‌ی وته‌کانی کریستێڤا، جه‌سته‌یه‌ک دروستده‌کا که ئه‌زموون و خه‌مۆکی سا‌بجێکت خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه ئه‌گینا شاعیر ده‌که‌وێته ناو دونیای مه‌رگ. زمان ئیمکانی زیندوومانه‌وه درووستده‌کا.
2. نێهێلیسمی شاعیرانه
نێهێلیسم بۆشایی و خه‌ونێکه که له‌وێنده‌رێ "خود" ته‌نیا یاسایه. له‌و به‌تاڵییه‌دا ژیان ته‌نیا ورشه‌یه‌که، دونیایه‌ک که له پشت ئه‌و هیچ شتێک وجودی نییه. له‌و جیهانه‌دا، هونه‌ر، با وردتر بڵێین شێعر، شوێنێکی تایبه‌تی ده‌دا به گه‌ڕانی بێ‌کۆتایی ئینسان. خودی هونه‌رمه‌ند و شێعر زیاتر له هه‌موان خۆیان له "ڕه‌ها/ مطلق" نزیک ده‌که‌نه‌وه.
نێهێلیسم سه‌روژێرکراوی 'ایده‌ئالیسم مطلق'ـه که ئینسان ده‌کاته 'بوونه‌وه‌رێکی ڕه‌ها' واته جۆر‌ه خودایه‌ک. به‌ڵام چۆن "بمر/ فانی" و "نه‌مر/ جاودانه" لێک گرێده‌درێ؟ ئه‌وه ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی فانتازی/ خه‌یاڵ ده‌کرێ که ته‌عبیر له ئازادییه‌کی ڕه‌ها و گه‌ڕانی ئینسانه بۆ تێپه‌ڕکرنی سنووره‌کانی مێتافیزیک و سروشت. ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی زمان و شێعر ده‌کرێ "مطلق" خۆی نیشان بدا و خداگونگی/ خوائاسابوون، ته‌نیا له‌نێو شێعردا دروست ده‌بێ.
Jean Paul ی ئاڵمانی چه‌مکی 'نێهیلیسمی شاعیرانه'ی له سه‌ره‌تای 1800 هێنا‌یه کایه. چه‌مكی'هیچ' ڕۆڵێکی ناوه‌ندیی له نێهێلیسمی شاعیرانه‌دا هه‌یه.
ئاندێش ئوولسۆن له کتێبی Läsningar av Intet 2000 سه‌رنجی خوێنه‌ران به‌ره‌و ئه‌وه ڕاده‌کێشێ که له سه‌رده‌می ڕۆمانتیکدا جۆرێک له ئایین هاته کایه‌وه که شێعر جێگای تیۆلۆژی ده‌گرێته‌وه و شاعیر له ساتێکی قه‌یرانیدا و له‌ڕێگه‌ی خوڵقاندن حه‌قانییه‌ت ده‌دا به خۆی واته "مشروع کردن خود". چه‌مکی نێهێلیسمی شاعیرانه دیارده‌یه‌که که به درێژایی مێژوو له سۆفۆکلۆس‌ـه‌وه تا تۆلستۆی ده‌بیندرێ.
3. خواست، ویست، ئاره‌زو
به ڕای شۆپێنهاوه‌ر (1788-1860) 'ویست' ئه‌و هێزه‌یه که هه‌موو جیهان به‌ره‌وپێش ده‌با.
هه‌موو جیهان 'مه‌فعول/ ئابجێکت'ێکه بۆ سا‌بجێکت واته مه‌فهوم/ بهرداشتێک. شۆپێنهاوه‌ر له کتێبی ، جیهان وه‌ک ویست و مه‌فهوم، باسی ته‌جره‌به‌کرنی جیهان ده‌کا. له‌و جیهانه‌دا 'ویست' حاکمه و سا‌بجێکت له‌ڕێگه‌ی مه‌فهوم/ برداشت‌ه‌وه درووست ده‌بێ. "ویست" لای شۆپێنهاوه‌ر وه‌ک 'ئیده'ی ئه‌فلاتوون و چه‌مکی Das Ding An Sich واته "شیئ در خود"ی کانت که ئه‌وه‌یش به‌و مانایه‌یه که خوایه‌ک حاکمی جیهان نییه به‌لکو 'خواست و ویستێکی کوێر' ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستگرتووه. چه‌مکی ئیده‌ی ئه‌فلاتون و 'برهمان'ی هیندویسم که جه‌وهه‌رێکی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دین له‌نێو چه‌مکی 'ویست'دا هه‌ن. ویست مه‌زنێکی ڕه‌ها نییه به‌ڵکو هه‌میشه له "گواستنه‌وه"دایه.
شۆپێنهاوه‌ر پێیوایه که ئینسان به‌رده و به‌نده‌ی 'ویست'ـه و 'ویست'یش له خۆیدا هیچ ئامانجێکی نییه، به‌ڵام "هه‌ڵوێستی متافیزیکی" شۆپێنهاوه‌ر که ژیان وه‌ک "ڕه‌نج" ده‌بینێ، به‌دوای دینێکی تازه‌دا ناگه‌ڕێ، به‌ڵکو فه‌لسه‌فه‌ی شۆپێنهاوه‌ر گه‌ڕانه به‌دوای حه‌قیقه‌ت له‌وپه‌ڕی ڕه‌مز و میتۆلۆژییه‌کان. 'ویست' به‌بێ پشودان ده‌گه‌ڕێ و وه‌ک 'پرنسیپ تکامل' ده‌بیندرێ که ئه‌وه‌یش 'ویست بۆ ژیان'ـه. ئینسان له ڕێگه‌ی 'ویست'ـه‌وه بوونی هه‌یه. 'ویست' ده‌بێته ذات/ جه‌وهه‌ر و هه‌موو ویستێک له نیاز و زه‌روور‌ه‌تێک سه‌رچاوه ده‌گرێ، له ئیشتیاقێکی نابیناوه. دوای دابینکردنی هه‌ر ئاره‌زوویه‌ک، ئاره‌زوویه‌کی‌تر سه‌رهه‌ڵدێنێ.
"ڕه‌نج" ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له فه‌لسه‌فه‌ی شۆپێنهاوه‌ر و كاراكته‌ری خواست له‌ڕێگه‌ی ڕه‌نجه‌وه دیاریده‌کرێ. ئێمه ده‌رد ده‌ناسین به‌ڵام هه‌ست به بێده‌ردی ناکه‌ین. ده‌رد هاوده‌می ژیانه و ڕه‌هایی له مه‌رگدا ده‌دۆزێته‌وه. ویست وه‌ک هێزی به‌ره‌و پێشبردن هه‌ڵگری جۆرێک له "سلووک و خه‌ڵوه‌ته" واته هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناخی خۆی و له شته ڕووکه‌شییه‌کانی جیهان داده‌بڕێ و نیگه‌رانی قه‌زاوه‌تی خه‌ڵک نابێ. شۆپێنهاوه‌ر هونه‌ر وه‌ک ڕێگا و شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت که جیهان دێنێته ژێر سه‌رنج ده‌بینێ. هونه‌ر ئیمکان ده‌دا هونه‌رمه‌ند هه‌موو شته ناگرینگه‌کان جیاده‌کاته‌وه و ته‌نیا 'ئیده' له‌نێو هونه‌ری خۆیدا نیشان بدا.
بۆ شۆپێنهاوه‌ر مۆسیقا به‌تایبه‌تی ده‌توانێ شادی، خه‌م و ئارامی خاتر ده‌رببڕێ. مۆسیقا فۆرمێکی گشتی ده‌ربڕینه بۆ ده‌روونی‌ترین جه‌وهه‌ر و "ماهیت"ی ئینسان. ئه‌و جه‌وهه‌ره له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه، وردتر بڵێین له ڕێگه‌ی شێعره‌وه، دێته ناسین و ئه‌زموونه‌کانی تاک شه‌رتی پێویستن بۆ تێگه‌یشتن له شێعر و مێژوو.
جیهانی دیۆنیسی
لای نیچه، هه‌روه‌ک شۆپێنهاوه‌ر، چه‌مکی ڕه‌نج ڕۆڵێکی گرینگی هه‌یه به‌ڵام له‌لای نیچه ئه‌و چه‌مکه هیچ مه‌به‌ست و مانایه‌کی نییه.
نێهێلیسمی نیچه له ترادیسیۆنێکی یونانییه‌وه دێت و Tragedy ده‌بێته دایکی فه‌لسه‌فه. نیچه پێیوایه که به‌دوای "مه‌رگی خوا"، 'ویست بۆ ده‌سه‌ڵات' جێگای نێهێلیسم ده‌گرێته‌وه. به‌پێی کتێبی وه‌های گوت زه‌رده‌شت،
ئینسان شتێکه که ده‌بێ به‌سه‌ریدا زاڵ بی. "ابرانسان/ ئینسانی والا" به‌رئه‌نجامی گۆڕانی ڕۆحی ئینسانه له پرۆسه‌یه‌کدا، کاتێک ئینسان به ویست و هێزی خۆی شۆڕش ده‌کا و خۆی ئازاد ده‌کا. له‌و پرۆسه‌یه‌دا ئینسان شێواوی و بێ‌نه‌زمی ده‌کاته آفریدن/ خوڵقاندن. له گواستنه‌وه‌ی ڕۆح به‌ره‌و ئینسانی واڵا سێ فاز تێپه‌ڕ ده‌كرێ: وشتر، شێر و سه‌رئه‌نجام منداڵ. منداڵ ئینسانی واڵایه و بێ‌تاوانه، واته بوونه‌وه‌رێکی پیرۆزه که ده‌توانی "به‌ڵێ به ژیان" بڵێت.
نیچه پێیوایه که ئینسان مانیفێستێکه له مۆسیقای 'ویست'. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یش له زایش تراژدی دا نیچه له دوو مێتافۆری "ئاپۆلۆ" و "دیۆنیسۆس" که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ده‌کرێ ئه‌و دوو توخم/ عنصره وه‌ک دوو جیهانی جیاوازی هونه‌ری خه‌ون و مه‌ستی ببینین: له خه‌وندا ئه‌و دوو خوایه، ئاپۆلۆ و دیونیسۆس، خۆیان به ئینسان نیشان ده‌ده‌ن. ورشه‌ی جوانی جیهانی خه‌ون پێشفه‌ڕزێکه بۆ هونه‌ر، شێعر و نه‌قاشی. ئینسانی هونه‌رمه‌ندی خوڵقێنه‌ر به وردییه‌وه چاودێری ده‌كاته سه‌ر وێنه دۆستانه و یان خه‌مۆکانه‌ی جیهانی خه‌ون و به‌رداشتی خۆی له ژیان ته‌رجه‌مه ده‌کا.
دیۆنیسۆس نوێنه‌ری بێ‌فۆرمی‌یه له ژیان، به‌ڵام هاوکات بناغه‌یه بۆ هه‌موو فۆرمه‌کان. ئاپۆلۆ هه‌وڵده‌دا تا جیهانێکی استوار/ سه‌قامگیر له‌سه‌ر شێواوی ساز بکا. دیۆنیسۆس له پره‌نسیپدا هه‌ر هه‌مان "ویست بۆ ده‌سه‌ڵات"ـه. دیۆنیسۆس هه‌م ده‌رد و هه‌م مه‌رگ له‌خۆده‌گرێ که سه‌رچاوه‌ی هێزی ژیانن. ئاپۆلۆ ماسک/ ده‌مامكی دیۆنیسۆس‌ـه. ئه‌و دووانه پێکه‌وه هاوکاری و چاوه‌دێری یه‌کترین ده‌که‌ن.
له جیهانی دیۆنیسۆس‌دا ئینسانی خوڵقێنه‌ر، واسطه/ ئاڵقه و هۆیه‌كه بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ویست. هونه‌رمه‌ند ده‌بێته سابجێکتیکی ڕه‌ها/ مطلق واته هاوکات هه‌م سا‌بجێکت و هه‌م ئابجێکته. به ڕای نیچه له‌و دووانه‌کردنه‌ی جیهاندا، شێعر ده‌بێته ڕێگه‌چاره. به‌شداریکردن له جیهانی مه‌ستانه‌ی دیۆنیسۆسی یه‌کگرتنێکه که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یگانگی و وحدتی/ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی هستی/ بوون. مۆدێلی ئه‌و ئیدیاله‌ش تراژیدیای یۆنانی باستانه که له‌وێدا ئاپۆلۆ و دیۆنیسۆس، مۆسیقا و ئاواز، یه‌کده‌گرن.
نیچه پێیوایه که کۆمه‌ڵی ئینسانی ده‌کارێ له‌سه‌ر ئه‌و مۆدێله دامه‌زرێت. مه‌به‌ستی نیچه ئه‌وه‌یه که یۆنانییه‌کان ترس و هه‌راسیان له ده‌سه‌ڵاتی پڕسامی سرووشت ته‌جروبه ده‌کرد و بۆ ئه‌وه بتوانن خۆیان له‌و ترسه ده‌ربازبکه‌ن کایه‌ی خه‌یاڵی ئۆله‌مپیادییان ڕێکده‌خست. هونه‌ر، وه‌ک کایه‌ی ئۆلێمپییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌یه که بتوانی به‌رده‌وام بی له ژیاندا. ئه‌و ویسته بۆ یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ بوون و سروشت وا ده‌کا که ئاوازێکی خه‌مگین ببێته ستایشی ژیان. نیچه "هاوده‌ردی" وه‌ک نه‌خۆشییه‌ک و دوژمنی ژیان ده‌بینێ. ئه‌و بۆچوونه‌ی نیچه دژایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ بۆچوونی شۆپێنهاوه‌ر. شۆپێنهاوه‌ر گریان وه‌ک هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ "خود" و یان ڕه‌نگدانه‌وه و زایه‌ڵه‌ی هاوده‌ردی ده‌بینێ. ئه‌وی که ده‌گری و ده‌ناڵێنێ هاوده‌رده له‌گه‌ڵ که‌سانی دی.
به پێچه‌وانه‌ی شۆپێنهاوه‌ر، نیچه خۆشبینه بۆ ژیان. نیچه ده‌ڵێ که خودی هه‌ستی و بوون له خۆیدا پیرۆز و جوانه. له ڕیگه‌چاره‌ی نیچه‌دا ویستی هونه‌رمه‌ندانه‌ی دیۆنیسۆسی، جیهان ده‌کاته به‌رهه‌مێکی شاعیرانه و ویستی ئازاد‌ی "آکت"ێک دروستده‌کا. شێواوی وه‌ک پایه‌ی سه‌ره‌کی بوون، له شێعر و مۆسیقادا، جیهان ده‌کاته‌وه یه‌ک. هونه‌رمه‌ند وه‌ک جۆرێک "دوزیستی" به تایبه‌تمه‌ندی دوگانه/ دوفاقه‌یی‌وه له شۆره‌کاتی دونیای مۆدێرندا خۆڕاده‌گرێ و هونه‌ر ڕۆڵێکی زه‌روور و پێویستی ده‌بێ بۆ زیندوومانه‌وه. هونه‌رمه‌ند وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی "دوزیستی" ده‌بێته هه‌ڵگری هه‌م بۆشایی نێهێلیسم و هه‌م سڕ و ڕازی بوون. شاعیر به بۆنه‌ی گومان و ناسکی زیاتر له فه‌یله‌سووف درۆ ده‌کا به‌ڵام درۆ ئیلاهییه و بۆ هونه‌ر پێویسته.
ئانالیز
Intertextualitet "نێوان‌ده‌ق/ بینامتنی"
کریستێڤا ده‌ڵێ که تێکست (ده‌ق) له دیالۆگ له‌گه‌ڵ تێکسته‌کانی دی‌دا ده‌خوڵقێت و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه که هه‌موو ده‌قێک کارتێكردنی تێکسته‌کانی‌تر‌ی له‌سه‌ره: ڕۆحی- ڕه‌وانی و که‌لتوری، واته له "نێوان‌ده‌ق"دا تێکستێکی‌تر شکڵ‌ده‌گرێ و به‌م جۆر‌ه هه‌ر تێکستێک ده‌بێته تێکستێکی تازه. کریستێڤا له‌درێژه‌دا ده‌ڵێ که ئێمه نابێ نێوان ده‌ق وه‌ک "نقد منبع" ببینین به‌ڵکو هه‌موو تێکستێک ده‌بێ وه‌ک جۆرێک "پۆلی‌فۆنی له تێکستی جۆراوجۆر به ڕاده‌ی جیاواز" بخوێندرێته‌وه که ئه‌و ئیمکانه به ده‌نگی شاعیرانه ده‌دا که شایه‌تی له‌سه‌ر مێژوو بدا.
هه‌روه‌ک گوترا، ناڵه‌ی جودایی چاولێکه‌رییکه له مثنوی مولوی (1207-1273). "صوفیسم" له سه‌ده‌ی 900 له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ریهه‌ڵدا و بوو به شاخه‌یه‌ک له "عرفان". ته‌سه‌وف ڕێگه‌یه‌کی ڕۆحییه بۆ پێشکه‌وتن. بۆ سۆفییه‌کان ژیان کل/ گشت‌یکه که ئامانجی یه‌کگرتنه له‌گه‌ڵ خوا. به گوێگرتن له دڵ ئینسان به‌ره‌و "خود"ی باڵا ده‌ڕوا. هه‌ر ئینسانێک وه‌ک نوێنه‌رێکی بێ هاوتا و بێ نه‌زیره بۆ خداگونگی/ خوا ئاسایی، بۆیه ئینسان له ناخی خۆیدا به‌دوای خوا و حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێ. "خود" هه‌وڵده‌دا که بگاته خوا و خۆی تێدا بتوێنێته‌وه. گرینگ‌ترین ڕێگه‌کانیش "ذکر" و خه‌ڵوه‌ته. هه‌روه‌ها سه‌ما و موسیقا ڕۆڵی خۆیان هه‌یه له‌و پرۆسه‌یه‌دا که ئینسان ده‌بێته ئاڵقه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به خوا. شایانی باسه که له نێوان "صوفیسم" و "Mysticism"دا جیاوازی هه‌یه. عرفان/ میستیسیزم زۆر گشتی‌تره له ته‌سه‌وف و له هه‌موو كه‌لتوره‌کانی جیهاندا ده‌بیندرێ. له جیهانی عیرفانیدا "کل" و "بوون" گرینگ‌ترین شتن و عیرفان زیاتر بۆچوونێکی فه‌لسه‌فییه به‌ڵام سوفیزم (له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) له‌ژێر کاریگه‌ری ئیسلامدایه و ته‌نیا ڕێگه‌یه‌کی ڕۆحی نییه بۆ گه‌یشتن به حه‌ق به‌ڵکو بۆته به‌شێک له دین و لک و پۆی جیاوازی لێبۆته‌وه که به "ته‌ریقه‌ت" ناسراون. له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ته‌سه‌وف زۆر جار تێکه‌ڵاوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بووه و ده‌روێشی خۆی سازکردووه و هه‌ر به‌و هۆیه‌یش كه‌وتۆته به‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیرانه.
له ڕۆژئاوایش چه‌ند فۆرمی عیرفان ده‌بیندرێن. ئاندێش ئۆلسۆن له کتێبی Läsningar av Intetدا باس له دوو جۆر ده‌کا: پۆزێتیڤ که خداگونگی/ خوائاسابوون له چه‌مکی ئینسانی‌دا ته‌وسیف ده‌کا و جۆرێکی‌تریش که نێگاتیڤه و خوا وه‌ک شتێکی دوور و بێگانه که خۆی به ئینسان نیشان نادا، ده‌نرخێنێ.
ته‌سه‌وف به باش و خه‌راپ کاردانه‌وه‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر شێعر‌ی کوردی. ماموستا مارف خه‌زنه‌دار باس له‌و كاردانه‌وه‌یه ده‌کا: "کارکرنی سۆفیزمی کۆزمۆسی به‌گشتی و سۆفیزمی ئیسلامی به‌تایبه‌تی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا له سێ شیوه‌دا ده‌بینرێن، /.../:"1. شێعر‌ی سۆفیزم (عیرفانی) /.../2. شێعر‌ی وه‌سفی سۆفیزم/.../3. شێعر‌ی دژی ده‌روێشیزم" هێمن که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینییه‌وه دێ زۆر جار سۆفیگه‌رێتی و ئه‌و که‌سانه‌ی که له دین و باوه‌ڕی خه‌ڵک "سوءاستفاده" ده‌که‌ن دێنێته ژێر ڕه‌خنه. هێمن به‌رده‌وام له شێعره‌کانیدا له نێوان شک و دیندا هاتوچۆ ده‌کا. هێمن له سیمبۆل و ڕه‌مزه‌کانی ئیلاهی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ به‌ڵام زۆر جار دین دێنێته به‌ر ڕه‌خنه.
ناڵه‌ی جودایی له چه‌ند خاڵدا خۆی له مثنوی جیاده‌کاته‌وه: له ناڵه‌ی جودایی دا "خود"ێک دێته کایه‌وه که له نێوان دین و بێ‌دینیدا له هاتوچۆدایه. بۆ سۆفییه‌کان توانه‌وه له‌نێو خوادا ئامانجه که‌چی بۆ هێمن توانه‌وه له‌نێو خاکی نیشتماندا ئاواته. له ناڵه‌ی جودایی دا وشه ده‌بێته جۆرێک له"ذکر و نیایش" بۆ ئه‌و وڵاته‌ی که شاعیر به‌جێیهێشتووه[4]. شێعر‌ی ناڵه‌ی جودایی به ڕووکردن له ساقی ده‌ستپێده‌کا:
ساقی‌یا! وا باده‌وه، وا باده‌وه
ڕوو له‌لای من که به جامی باده‌وه
موشته‌ری وه‌ک من له مه‌یخانێ که‌من
زۆربه‌یان شاد و به‌کیف و بێ خه‌من
مه‌ی حه‌رامه بۆ سه‌هه‌نده و بێ خه‌مان
مه‌ستی بێ خه‌م بۆچی بگرن یه‌خه‌مان؟ (کۆپله 1، ل. 12)
شاعیر به وشه‌کانی خۆی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست و یاسا داده‌نێ: شه‌راب بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که بێخهمن و ڕه‌نجیان نه‌بینیوه، حه‌رام ده‌کرێ. ئه‌و یاسایه مغایرت/ دژایه‌تیی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسلام که به‌گشتی خواردنه‌وه‌ی شه‌راب حه‌رام ده‌کا. ئه‌وه‌یش له‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ که له عیرفاندا خواردنه‌وه‌ی شه‌راب بۆ ترانس و خه‌لسه که بتگه‌ێ‌نێته خوا، به‌جۆرێک له جۆره‌کان ئازاده. شاعیر ته‌نیا ئیزنی ئه‌وانه ده‌دا که شه‌راب بخۆنه‌وه که ڕه‌نجیان بردووه و که‌سێک که ڕه‌نجی نه‌دیوه تووشی تاوان ده‌بێ ئه‌گه‌ر بێت‌و شه‌راب بخواته‌وه. له ئیسلامدا هه‌موو جۆر‌ه ئاکار و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی ئیسلام به "کفر" داده‌ندرێت. کاتێک شاعیر ده‌ستده‌کا به وتووێژ له‌گه‌ڵ ساقی، پشت له یاساکانی دین ده‌کا. لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی خوایی که له ناخی شاعیردا ڕه‌نگده‌داوه‌ته‌وه و شاعیر یاساکانی خوا به مه‌یل و خواستی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه و قه‌زاوه‌ته‌کانی شاعیر ده‌بنه پرینسیپ. ئه‌و پرینسیپه، پۆزیسیۆنێک دروست ده‌کا له نێوان خوا و ئینسان که "خود" به‌م جۆر‌ه ده‌توانێ یاساکان دوباره داڕێژێ[5]. تێڕوانینی شاعیر له‌سه‌ر شه‌راب به پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه. هه‌موو "خود"ی خه‌مۆک ده‌خوازێ که له‌ڕێگه‌ی مه‌ستییه‌ک و له خه‌یاڵدا له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی شێعر‌ی و خۆشه‌ویسته‌که‌ی و وڵات یه‌کبگرێته‌وه. هه‌ڵگرتنی وڵات به‌گه‌رمی له‌نێو دڵداو ئاره‌زووی یه‌کگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ وڵات، تێمێکه که له زۆربه‌ی شێعره‌کانی هێمن‌دا ده‌بیندرێ:
له شاییدا له وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕینا
له خۆشییدا له کاتی پێکه‌نینا
له کۆڕی ماتم و گریان و شینا
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌بیره (تۆم هه‌ر وه‌بیره، دیوانی هێمن، ل. 110)
له تێکسته ئۆریێنتاله‌كاندا(ڕۆژهه‌ڵات)، ساقی هه‌میشه فیگورێکی به‌هێز بووه که ئینسان ڕووی تێده‌کا تا باسی خه‌مه‌کانی خۆی بۆ بکا. ساقی له ڕێگه‌ی شه‌راب و "بوون"ی خۆی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که "خود" بڕواته ناو پرۆسه‌ی "دگردیسی". به‌ڕای من ساقی له شێعر‌ی "ناڵه‌ی جودایی"دا له توخمی ژنانه‌یه. (له وتووێژی من له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌ڕێزێک، هێندێک پێیان وایه که ساقی پیاوه) ئێمه نابێ له‌بیرمان بچێ که ساقی له کۆشکی میران له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا شه‌رابیان گێڕاوه و ژنانی ساقی سه‌مایان کردووه. له ده‌یه‌ی حه‌فتادا (سه‌رده‌می نووسینی ئه‌و شێعره) زۆربه‌ی ساقییه‌کان که له مه‌یخانه‌کانی کوردستان کاریان ده‌کرد پیاو بوون. به‌ڵام ژنانی ساقی هه‌میشه بووه به‌تایبه‌ت ژنانی ئه‌رمه‌نی که له مه‌یخانه‌کاندا مه‌ییان گێڕواه. له فۆلکلۆری کوردی‌دا زۆر گۆرانی بۆ ژنانی مه‌یگێڕ ده‌بیندرێ:
حیساو کتاو گه‌ردم مه‌که
حالم خراوه ده‌نگ مه‌که/.../
ئه‌مشه‌و وه‌جور شه‌راوه‌گه‌ت
مه‌ستت بکه‌م چۆ چاوه‌که‌ت
ده‌ست خه‌ی ئه‌را لینگ که‌وشه‌که‌ت
بووشی کڵاوه ئه‌رمه‌نی (گورانی ئه‌رمه‌ن له سی‌دی حه‌مید حه‌میدی، 2004)
یان له گۆرانییه‌کی قه‌دیمیدا که هونه‌رمه‌ندی ناوداری کورد حه‌سه‌ن زیره‌ک خوێندویه‌تی هاتووه:
جوتێ ساقی گواره‌زێڕن
مه‌ی له مه‌یخانان ده‌گێڕن
ئاشقان له دین وه‌ڕده‌گێڕن[6]
شاعیر فیگوری ساقی له خه‌یاڵی خۆیدا دوباره به‌رهه‌م دێنێته‌وه. ڕیتم و دیالۆگ له‌گه‌ڵ ساقی و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که شاعیر ده‌یخاته پاڵ ساقی پێمان ده‌ڵێن که ساقی له توخمی ژنه. وشه‌ی "جوان" چه‌ند جار له کۆپڵه‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا دوپات ده‌بێته‌وه که ئامانجێکی تایبه‌تی هه‌یه. ئه‌و ئامانجه که تایبه‌تمه‌ندی ژنانه له به‌رامبه‌ر پیاوانێک دابنێت که نرخی جوانی نازانن و له‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ر ده‌یگۆڕنه‌وه:
تۆش ده‌گۆڕیه‌وه ده‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ر هونه‌ر؟
که‌نگێ گه‌وهه‌ر جوانی کردن به‌خته‌وه‌ر؟/.../
قه‌دری جوانی کوا ده‌زانێ ماڵپه‌رست!
جوانپه‌ر‌ه‌سته پیری خاوه‌ن زه‌وق و هه‌ست (ک. 5، ل.17)
و که‌مێک دواتر:
نا مه‌چۆ، جوانێ مه‌چۆ، واوه مه‌چۆ!
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مه‌خۆ!
ئه‌و هه‌وه‌سبازانه جێی متمانه نین
هه‌ر ده‌زانن گوڵ‌چنین و به‌ی ڕنین (ل. 17)
ساقی به درێژایی مێژوو به جوانی و حه‌قیقه‌ت گرێدراوه. لێکبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو چه‌مکه، واته جوانی و حه‌قیقه‌ت، هه‌م له ڕۆژهه‌ڵات و هه‌م له ڕۆژئاوا ئاشکرا و ڕوونه. ئیلهام و تایبه‌تمه‌ندیی ژنانه وا ده‌کا که پیاوی جستجوگر/ توێژه‌ر/ بگه‌ڕ، ڕوو له ژن وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌هێز و پڕڕاز بکا. ساقی له شێعر‌ی ناڵه‌ی جوادیی دا هه‌رگیز وڵامێک به شاعیر نادا به‌ڵام بوون و نیگای خوائاسای ساقی، ڕووناکی ده‌خاته نێو جیهانی شاعیر و ده‌رگا بۆ دونیایه‌کی تازه ده‌کاته‌وه.
شاعیر له هه‌وه‌ڵی شێعره‌که‌دا به امر/ فه‌رمان له گه‌ڵ ساقی ده‌دوێت: "ساقیا وا باده‌وه، وا باده‌وه" به‌ڵام ئه‌و فۆرمه به مانای که‌مدیتن و ژێرده‌ستبوونی ساقی نییه. ئه‌و فه‌رمانه له ته‌مه‌نا و نیاز و ویستیك سه‌رچاوه ده‌گرێ که ساقی یارمه‌تی شاعیر بدا تا بڕواته نێو دونیای خه‌یاڵ. دواتر له ناوه‌ڕاستی شێعره‌که، واته کۆپڵه‌ی پێنجه‌م، ناته‌باییه‌ک له‌نێوان ساقی و شاعیر دێته‌ڕوو، کاتێک شاعیر ساقی تاوانبار ده‌کا که فریوی زێڕ و زیوی خواردووه و ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا چونکه ساقی له‌خۆیدا به هه‌ڵگری جوانی و حه‌قیقه‌ت ناسراوه. شاعیر ساقی په‌ندده‌دا که شه‌راب بۆ ده‌سه‌ڵاتداران نه‌گێڕێ چونکه ئه‌وان به‌دوای خرد/ هزردا ناگه‌ڕێن. له‌و به‌یته‌دایه شاعیر له‌وپه‌ڕی ناهومێدییه، هه‌ر بۆیه ساقی ده‌شکێنێته‌وه:
ساقی‌یا! بۆ کوێ ده‌چی، بۆ کوێ ده‌چی؟
تۆش له‌به‌ر ئه‌و ملهوڕانه ملکه‌چی؟
تۆش به ڕه‌نگ و بۆی ئه‌وان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی هه‌ڵفریواند زێڕ و زیو؟
تۆش ده‌گۆڕیه‌وه ده‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ر هونه‌ر؟
که‌نگێ گه‌وهه‌ر جوانی کردن به‌خته‌وه‌ر! (ک. 5، ل. 16-17)
بۆ شاعیر وه‌ک که‌سێکی جستجوگر/ پشكێنه‌ر، ساقی که سیمبۆلی ئه‌شق و جوانییه و له خۆیدا ئینسان به‌ره‌و "حه‌قیقه‌ت" ده‌با، نابێ خه‌یانه‌ت به هونه‌ر و حه‌قیقه‌ت (که پیاو پێناسه و تاریفی ده‌کا) بکا. Carin Fransen باس له‌وه ده‌کا که ساختاری ده‌سه‌ڵات له هه‌وه‌ڵه‌وه به مانای ژێرده‌ستبوونی ژنه، ئه‌وه‌یش به‌و مانایه‌یه که سه‌لیقه و زه‌وق، حه‌قیقه‌ت و جوانی له بناخه‌وه له‌لایه‌ن پیاو‌ه‌وه مانا ده‌کرێ. ژن/ جوانی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاو، "عملکرد/ کاربرد"ێکی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که جوانی ویستی پیاو به‌ره‌وپێش ده‌با. لێره‌دا ئێمه ده‌بینین که شاعیر له‌بیریده‌چێ چه‌ند به‌یت پێشتر ساقی تاوانبار کردبوو که گوایه ساقی فریوی خواردووه. شاعیر دوباره ڕوو له ساقی ده‌کاته‌وه و وه‌ک پێشوو باوه‌ڕی خۆی به‌و نیشانده‌دا و له ده‌سته‌کانی ساقی ده‌گه‌ڕێ. ئێستا شاعیر خۆی ده‌شکێنێته‌وه و داوای یارمه‌تی له ساقی ده‌کا تا بتوانێ له‌گه‌ڵ خه‌می خۆی بسازێ و "خود" ڕزگار بکا و دیسان بتوانێ له‌نێو ئه‌و شک و گۆمانه‌دا باوه‌ڕ به ژیان و بوون بکاته‌وه:
وا وه‌ره، ده‌ی وا وه‌ره، نێزیک به لێم
بمده‌یه مه‌ی، بمده‌یه مه‌ی تا ده‌ڵێم:
"مست مستم ساقیا دستم بگیر
تا نیفتادم زپا دستم بگیر[1]" (ک. 6، ل.17-18)
له نیوه‌ڕاستی کۆپڵه‌ی شه‌شمدا چه‌ند به‌یت له مثنوی و چه‌ند میتۆلۆژی و فیگوری ناسراوی تراژێدی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا دێته ناو ده‌ق:
جا که سه‌رخۆش بووم به ده‌نگێکی نه‌وی
بۆت ده‌ڵێم ئه‌و شێعره به‌رزه‌ی (مه‌وله‌وی):
"بشنو از نی چون حکایت می‌کند
از جدائیها شکایت می‌کند" (ک. 6، ل.18)
کارتێکه‌ریی زمان و شێعر‌ی مه‌وله‌وی له‌سه‌ر ناڵه‌ی جودایی ئاشکرایه. له‌و به‌یته که له هه‌وه‌ڵی مثنوی‌دا هاتووه، "نه‌ی" ڕۆڵێکی به‌رچاو ده‌گرێت تا گوزارشت له ده‌رد و ڕه‌نجی جودایی شاعیر بکا که له زمانی "نه‌ی" دێته‌ده‌ر:
بشنو از نی چون حکایت می‌کند
از جدائیها شکایت می‌کند
تا مرا از نیستان ببریده‌اند
از نفیرم مرد و زن نالیده‌اند
په‌ژاره‌ی شاعیر له ڕێگای "نه‌ی"یه‌وه که له "نیستان" و وڵاتی خۆی دابڕاوه ڕه‌وایه‌ت ده‌کرێ. شاعیر به نه‌فه‌س و ڕۆحی خۆی نه‌ی ده‌ژه‌نێ. نه‌ی وه‌ک پێنووسیش به‌کاردێ که له جه‌وهه‌ر هه‌ڵده‌کێشرێت و جه‌وهه‌ره‌که هه‌ڵده‌مژێ و پێی ده‌نووسرێت. که‌واته لێره‌دا نه‌ی هه‌م ئامێره و هه‌م پێنووس. نه‌ی هه‌م ده‌نووسێ و هه‌م ده‌ژه‌نێ. له هه‌ردووک حاڵه‌تدا خه‌مێک هه‌ڵده‌مژێ و دوباره ده‌ریده‌داته‌وه. به ناڵه‌ی نه‌ی و نووسینی نه‌ی، باسی خه‌مێك ده‌کرێ که ده‌ردی جودایی‌و عه‌شق و خۆکوتانه بۆ یه‌کگرتنه‌وه. ئه‌و خه‌مه خه‌می ئینسانه به‌گشتی و ته‌نیا هی شاعیرێکی کورد نییه. به‌ڵام ئه‌و خه‌مه (ده‌رده‌کورد) تا ئێستا هیچ "نه‌ی"یه‌ک باسی لێوه‌نه‌کردووه و لێره‌دا ئه‌و ده‌رده تێکه‌ڵاوی ده‌ردی تاک و سروشت ده‌بێ بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه و ئازاد‌ی:
بۆیه ناڵه‌م تێکه‌ڵی نه‌ی کردووه
شیوه‌نێکم پێیه نه‌ی نه‌یکردووه/.../
شیوه‌نی من شیوه‌نی ئینسانییه
بانگی ئازاد‌ی و گرۆی یه‌کسانییه (ک. 6، ل. 18)
به‌شێک له "خود" ده‌خوازێ ڕه‌نجی خۆی تیماربکا و بگاته‌وه سه‌رچاوه. سی و حه‌وت به‌یت دواتر ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه سه‌قامگیر ده‌بێ. شاعیر که ساڵانێکی زۆر خه‌باتی کردووه و له تاراوگه بووه، چه‌ند به‌یت له "پیر"ی خۆی به‌قه‌رز وه‌رده‌گرێ تا باسی ئه‌وه‌مان بۆ بکا که دڵنیایه ڕۆژێک له‌گه‌ڵ خاکی وڵات، یاران و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که جێیهێشتوون یه‌کده‌گرێته‌وه ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجی ئێستای ژیانی له قه‌یراندایه و دووری بێ‌هێزی کردووه:
گه‌ر ده‌ناڵێنم، ئه‌من په‌كکه‌وته نیم
تێده‌کۆشم بۆ وه‌صڵ تاکو ده‌ژیم/.../
هه‌ر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش
ڕیگه ده‌بڕم، کوانێ هه‌نگاوم شله
ڕاسته بێ‌هێزم، ده‌که‌م ئه‌مما مله (ک. 6، ل. 22)
له کۆپڵه‌ی حه‌وته‌مدا چه‌ند ناوی مێژوویی ژن و پیاو دێنه نێو ده‌ق. ئه‌و ناوانه کێن و چ کاریگه‌رییه‌کیان هه‌یه؟ هه‌وه‌ڵ با ناوه‌کان جارێکی‌تر بنووسینه‌وه: به‌کره شۆفار که بوو به هۆی مه‌رگی مه‌م و زین له تراژیدی مه‌م و زین[7]، مه‌م و زین، قه‌ره‌تاژدین، چه‌کۆ و عرفۆ (سێ یاری مه‌م)، لاس و خه‌زاڵ، خانزاد (سه‌رۆک خێڵ و خوشکی خه‌زاڵ له تراژیدی لاس و خه‌زاڵ)، شه‌م و شه‌مزین، خه‌ج و سیامه‌ند، برایم و په‌ریخان و سه‌رئه‌نجام ناوی وه‌لی دێوانه که شێعر‌ی بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ی شه‌م گوتووه:
که‌وتمه نێو چاڵی دیلی وه‌ک (مه‌مێ)
(یایه‌زین) له کوێیه هاواری که‌مێ!
وام به ته‌نیایی له‌نێو خوێنا شه‌ڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ (خانزاد) و (خه‌زاڵ)؟! زور له‌مێژه ناره‌ناری منی نه‌بیست
هه‌روه‌کو (شه‌مزین)، (شه‌میله)ی خۆش‌ئه‌ویست (ل. 20-21)
ئه‌و پێنج به‌یته، له به‌یته به‌ناوبانگه‌کانی فۆلکلۆری کوردین. هه‌موو ئه‌و تراژیدیایانه باس له ئه‌شق، زوڵمی ده‌سه‌ڵاتداران، خه‌یانه‌ت و جودایی ده‌که‌ن[8]. ئه‌و فیگوره ژنانه‌ی که ناویان له‌و به‌یتانه‌دا دێن، ژنانێکی ئاشق، ئازا و نه‌ترسن که له به‌رامبه‌ر نۆرمدا ڕاوه‌ستاون و خۆیان خستۆته نێو خه‌باتێکی نابه‌رامبه‌ر. شاعیر ئه‌و ناوانه دێنێته ناو ده‌ق تا نیشان بدا که ژیانی ئه‌و جۆرێک به‌رده‌وامبوونی ته‌قدیری قاره‌مانه‌کانی ئه‌و تراژیدیانه‌یه که یان چوونه مه‌نفا و یان مه‌رگ‌یان هه‌ڵبژاردووه. شاعیر له‌نێو خوێنی خۆیدا نوقمه، له ڕیشه‌ی خۆی دوورکه‌وتۆته‌وه و "جه‌رگی له‌ت له‌ت"ـه. شاعیر ئاره‌زوو ده‌کا که ئه‌و ژنه ئازایانه بێن و ڕزگاری بكه‌ن و گورانی بۆ بڵێن. (پێهه‌ڵگوتن به که‌سێکی که که‌وتۆته غه‌ریبی و مه‌نفا و یان شه‌هید بووه، به‌شێکه له دابونه‌ریت و به‌تایبه‌ت له‌نێو ژناندا وه‌ک سێرمۆنی ئه‌نجام ده‌درێ.) وێنه‌ی ژن له شێعر‌ی هێمن‌دا، له هه‌وه‌ڵ شێعره‌کانییه‌وه تا دوایین شێعره‌کان، گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه. هێمن له شێعره‌کانی خۆیدا داواکاری یه‌کسانی کچ و کوڕه و ئاره‌زوو ده‌کا که کار و چالاکیی ژنان به‌شێکی گرینگ بێ بۆ دروستکردنی وڵاتێک که له وێنده‌رێ ژن و پیاو هاوسه‌نگن. هێمن له زۆر شێعردا ڕه‌خنه له پۆزێسیونی ژێرده‌سته‌ی ژنان ده‌گرێ. له پێشه‌کی ئه‌م کاره‌دا باسم له‌وه کرد که من ده‌مویست شێعرێکی‌تر هه‌ڵبژێرم و چاو له دوو چه‌مکی "چین" و "جنس" بکه‌م. ئه‌و شێعره سووڕی ده‌وران (1978)ه که باس له ئه‌شقی نێوان کچه میرێک و کوڕه شوانێک ده‌کا. خاڵێکی گرینگ له شێعر‌ی سووڕی ده‌وران دا ئه‌وه‌یه که کچه‌که داوا له کوڕ ده‌کا که پێکه‌وه هه‌ڵبێن و ڕه‌خنه له میر و کۆمه‌ڵ و نۆرمه‌کان ده‌گرێ. ئه‌و ده‌خوازێ كه یان پێکه‌وه بمرن یان ئاواتیان بێته دی. کچ و کوڕ ڕاده‌که‌ن و سه‌رئه‌نجام ده‌گیرێن و به ده‌ستووری میر ده‌کوژرێن. (سووڕی ده‌وران، ناڵه جودایی، ل. 53-89)
هێمن ناو و وێنه‌ی شێعر‌ی له شاعیرانی‌تر وه‌رده‌گرێ به‌ڵام ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا ده‌هێنێ و ناخوازێ به شێوه‌ی سوننه‌تی ژن وه‌ک ئابجێکت ببینێ. هێمن ده‌خوازێ ژنان بخوێنن و دانش/ زانست وه‌ده‌ستبێنن و له‌و ڕێگه‌یه‌وه کۆمه‌ڵێکی به‌رامبه‌ر دروست بێ. ژنی ئیده‌ئالی هێمن "شیرین"ی وه‌فایی (1838-1899) نییه که ته‌شی ده‌ڕێسێ. هێمن به ئاواته که ژنانی جستجوگر/ وردكۆڵ که ده‌توانن پیاوان نه‌جات بده‌ن، گورانی بۆ شاعیر بڵێن:
من ته‌شیڕێسێکی وه‌ک "شیرینی وه‌فایی"م بۆ چییه
کیژی ئازای چاوکراوه و فێره زانینم ده‌وێ[9]
له كۆتایی کۆپڵه‌ی حه‌وته‌مدا شاعیر ده‌پرسێ کێ ده‌ڵێ که ئه‌و "وه‌لی دێوانه" نییه. وه‌لی دێوانه کییه؟ وه‌لی دێوانه (1745-1801) به‌هۆی ئه‌شقی خۆی به "شه‌م" که‌وته جیهانی شێتی[10]. جیاوازی چینایه‌تی نێوان وه‌لی و شه‌م بوو به هۆی ئه‌وه که ئه‌و دوو دڵداره نه‌گه‌نه یه‌ک. ئه‌شقی دێوانه به شه‌م له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بۆته میتۆلۆژی و سیمبۆل بۆ ئه‌شقێکی ڕاسته‌قینه و قووڵ که ده‌توانێ ئینسان تا ئه‌وپه‌ڕی دێوانه‌یی به‌رێت. لێره‌دا شاعیر له نێوان خۆی و دێوانه، "هویت سازی" ده‌کا واته ناسنامه‌یه‌ك دروستده‌كات. ژیانی هێمن "تناسخ" و به‌رده‌وامی ژیانی دێوانه‌یه: یه‌ک چاره‌نووس بۆ دوو په‌یکه‌ر، دوو که‌س له یه‌ک پۆزیسیۆن، ڕۆحێک له ده‌ورانی خه‌مۆکی و جیایی که نه‌بوونی گه‌رمای ژن له ژیاندا بۆته هۆی چاره‌نووسێکی تراژیدیایی:
ئه‌و له زۆزان، من له ئارانی ده‌ژیم
کێ ده‌ڵێ ئه‌منیش (وه‌لی دێوانه) نیم؟! (ک. 7، ل. 21)
به‌ڵام ڕۆحی هێمن له چوارچێوه "تراژیدیاییه‌كاندا که تاک ئه‌سیری خۆی ده‌کا" نامێنێ. له تاریکترین ساته‌کانی ژیاندا که خودی شاعیر له چاڵاوی ته‌نیاییدایه و کاسه‌ی ڕۆحی پڕاوپڕه له خه‌م و لیێ‌ده‌ڕژێ، "خود" له خه‌لسه دێته‌ده‌ر و ڕاسته‌وخۆ ڕوو له وڵات، دۆست و خزمان ده‌کا:
کورده‌واری، ئه‌ی وڵاته جوانه‌که‌م!
ڕۆڵه‌که‌م! خێزانه‌که‌م! باوانه‌که‌م!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی قه‌ت له‌بیرم ناچنه‌وه
ئێسته بمبینن ئه‌رێ ده‌مناسنه‌وه؟ (ک. 8، ل. 21-22)
و له کۆپڵه‌ی نۆیه‌مدا "خود" ڕاده‌بێ و ڕوو له یاران و ئازیزان ده‌کا و باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌رچاوه ده‌کا. لێڕه‌ڕا "خود" شۆڕشگێڕانه هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ:
ئه‌ی ڕه‌فیقان ئه‌ی عه‌زیزانی وڵات!
ئه‌ی برای هاوسه‌نگه‌ری جه‌رگه‌ی خه‌بات!/../
ڕیگه ده‌بڕم، کوانێ هه‌نگاوم شله
ڕاسته بێ‌هێزم، ده‌که‌م ئه‌مما مله (ک.9، ل. 22)
تۆن و ڕیتمی خه‌ماوی که پێشتر شێعره‌که‌ی داگرتبوو جێگای خۆی به ڕیتمێکی تر ده‌دا و شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌ورانی لاوه‌تی. ڕۆحێکی ئاگرین، کێو و ده‌شت ده‌پێوێ و سه‌ر له کانیاو و مێرگ و ته‌لان و باخ و دێ و هه‌وار و ئه‌شکه‌وتی وڵات ده‌دا و ده‌خوازێ بچێته شه‌وڕنی بیستان و ده‌ستی بێری شۆخ و شه‌نگ بگرێ. سه‌رئه‌نجام "خود" ده‌گاته‌وه سه‌رچاوه و جه‌ژن ده‌گرێ و خۆشه‌ویسته‌که‌ی له باوه‌ش ده‌گرێ و ئاماده‌یه له باوه‌شیدا بمرێ.
Abjektionen och Chora
له هه‌وه‌ڵ به‌یتی ناڵه جودایی دا شاعیر خۆی له به‌رامبه‌ر که‌سێک، " ئه‌و که‌سه"، داده‌نێ و ده‌خوازێ ئه‌و له پۆزیسیۆنێکی خوارتر دابنێ. وشه‌ی "ئه‌و که‌سه" ته‌نیا وه‌ک به‌شێک له ساختاری زمانی شێعره‌که نایه به‌ڵکو شاعیر خۆی له ئۆپۆزێسیۆنی "ئه‌و که‌سه" داده‌نێ. "ئه‌و که‌سه" ئینسانێکی بێ‌خه‌مه که شاعیر وه‌ک "عنصر ناپاک" هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ. شاعیر ڕه‌نجی "ئه‌و که‌سه" نه‌هی ده‌کا و دیکاته ئا‌بجێکتی خۆی. خودی شاعیر "ئه‌و که‌سه" له خۆی دوور ده‌کاته‌وه که توانایی ڕه‌نجبردنی نییه تا بگاته حه‌قیقه‌ت. شاعیر، خۆی "ئه‌و که‌سه" و هه‌موو هه‌ستی شناسایی ده‌کا بۆ ئه‌وه که بتوانێ له‌و ئاڵۆزییه‌ی که تێیدایه بسازێ. هه‌ر بۆیه "پاکی" خۆی له به‌رامبه‌ر "ناپاکی" "ئه‌و که‌سه" داده‌نێ. "خود" که هه‌ڵگری دڵێکی پڕ له خه‌م "ئابێکشوونه" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سه که له خودی شاعیر ناچێ ڕاده‌وه‌ستێ و به‌دوای "مانا"دا ده‌گه‌ڕێ. بۆ ده‌بێ "ئه‌و که‌سه"ی كه ڕه‌نجی نه‌دیوه و ناپاکه بێت و مه‌یخانه ته‌نگ بکا له کاتێکدا که شوێنی تر زۆره بۆ گاڵته و جه‌فه‌نگ:
ئه‌و که‌سه بێکه‌س نییه و خانه خه‌راب
ده‌ک به ژاری ماری بێ باده و شه‌راب!
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یچێشتووه ده‌ردی ژیان،
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یدیوه ئێش و برک و ژان،/.../
بۆ ده‌بێ بێت و بکا مه‌یخانه ته‌نگ؟!
شوێنی دیکه زۆره بۆ گاڵته و جه‌فه‌نگ... (ل. 12-14)
شاعیر جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوان خۆی وه‌ک که‌سێکی بگه‌ڕ/ جستجوگر و "ئه‌و که‌سه" بێ‌خه‌مه داده‌نێ. "ئه‌و که‌سه" کێیه؟" ئه‌و که‌سه" ئینسانێکی له‌خۆڕازی و ناپاکه که له چوارچێوه‌ی یه‌ک ئێلێمێنت/ عنصردا نامێنێ. "ئه‌و که‌سه" ده‌توانێ دیکتاتۆرێک بێ، ئه‌شێ خائینێک بێ و یان که‌سانێک که خۆ له خه‌بات ناده‌ن و بێ‌ته‌فاوه‌تن و ده‌ستیان به کڵاوی خۆیانه‌وه گرتووه با نه‌یبا. "ئه‌و که‌سه" ده‌توانێ قابیل بێ که برای خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات کوشت[11]. "ئه‌و که‌سه" که ناپاکه بۆ ده‌بێ بێته مه‌یخانه که شوێنێکی پیرۆزه. شاعیر زیاره‌تی مه‌یخانه بۆ "ئه‌و که‌سه" قه‌ده‌غه ده‌کا و مۆنۆپۆلی ئه‌وه له‌ده‌ست ده‌گرێ تا که وه‌ک سا‌بجێکت ته‌فسیری جیهان بکا و یاسا داڕێژێ. شاعیر وه‌ک ڕۆحێکی "جستجوگر" له ئۆپۆزیسیۆندایه و خۆی له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و که‌سایه‌تییه‌کان داده‌نێ. شاعیر وه‌ک ئه‌ندامێک له گروپێکی گه‌وره، تامی جودایی و مه‌نفا و زه‌بروزه‌نگی چێشتووه و له هه‌وارگه‌ی خه‌یاڵیدا شوێنێک بۆ "ئه‌و که‌سه" نابینێته‌وه. له خه‌یاڵی شاعیردا، هه‌روه‌ک جیهانی واقیع، کاتێگۆری هه‌وه‌ڵ سیمبۆلی وێرانی و تاوانه. له خه‌یاڵی ئینسانی کوردا، "ئه‌و که‌سه" جێی نابێته‌وه و "ئه‌و که‌سه" له‌گه‌ڵ زه‌بروزه‌نگ پێناسه ده‌کرێ. دیکتاتۆرانێک که بوونه هۆی چوونه مه‌نفای تاکه‌کان و ناهێڵن خه‌ڵک ژیانێکی ئاسوده و ئاسایی بژی. له‌و وڵاته‌دا شاعیر قاره‌مانێکه که به‌دوای "حه‌قیقه‌ت"دا ده‌گه‌ڕێ و به‌خته‌وه‌ر نییه. هه‌ر بۆیه هه‌موو ئاره‌زوه‌کانی شاعیر و حه‌قیقه‌تی بوون له‌نێو خه‌یاڵدا کۆده‌بێته‌وه و شاعیر تاوانباران ده‌ستنیشان ده‌کا و خۆی له به‌رامبه‌ریان داده‌نێ:
بۆ که‌سێکه مه‌ی: که ده‌ردی کارییه
بێ‌خه‌مێک بیخواته‌وه، زۆردارییه
بۆ که‌سێکه مه‌ی: دڵی پڕ بێ له داخ
بۆچی لێی بخواته‌وه به‌رزه‌ده‌ماخ؟ (ل. 12)
"ئه‌و که‌سه" هه‌روه‌ها ده‌شێ له‌و که‌سانه بن که خه‌یانه‌ت به خاک و نیشتمان ده‌که‌ن؛ ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌خاتری پاره، ده‌سه‌ڵات و یان نه‌جاتی گیانی خۆیان ده‌کارن دژ به خه‌ڵكی خۆیان هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه و یان ئه‌وانه‌ی که وا نیشانده‌ده‌ن که هیچ گرفتێک نییه و جیهان ئه‌من و ئه‌مانه و له خه‌باتدا به‌شداری ناکه‌ن.
ده‌قه جۆراوجۆره‌کان، به ڕای کریستێڤا، ده‌توانن ناوی تیپی جوراوجۆری ئابێکشوون بن. ئابێکشوون هه‌ستێکی فیزیکی و ڕۆحی بێزکردنه که تووڕده‌درێ. ئابێکشوون تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئا‌بجێکتی هه‌یه و له دژی "خود" ده‌وه‌ستێ. ئینسان بوونه‌وه‌رێکی ڕۆحی و بیرمه‌نده که ئابێکشوونه‌کان ده‌ناسێته‌وه. کریستێڤا پێیوایه که ئابێکشوون بناخه‌ی که‌لتوری "خود"ـه و وه‌ک مه‌رزبانێک كارده‌کا. ئینسان ئابێکشوونه‌کان ڕه‌مزی ده‌کا که نیشانه‌ی 'ویست' و 'کمبود/ كه‌مایه‌سی'یه که به‌هۆی جودایی و دابڕان دروست ده‌بن. ئه‌و بێزارییه قووڵه له "ئه‌و که‌سه" سه‌ره‌تای له‌دایکبوونی "خود"ـه. "ئه‌و که‌سه" لاوازییه‌کی هه‌یه، جۆرێک ناپاکی که "خود" له به‌رامبه‌ریدا نه‌شوونه‌ما ده‌کا. له کێبه‌رکێی نێوان شاعیر که ڕه‌نجی بینیوه و پاک بۆته‌وه و "ئه‌و که‌سه" که ناپاکه، خوڵقاندن و نووسین ئیمکانی ئه‌وه به "خود" ده‌دا که له پرۆسه‌ی "دگردیسی"دا دوباره له‌دایکبێته‌وه و هه‌ستێ و ببێتێ. له ئاخرین به‌یتی کۆپڵه‌ی سێیه‌مدا ئاخرین وشه‌کان سه‌باره‌ت به "ئه‌و که‌سه" ده‌گوترێ و له "خود" دوور ده‌کرێت و ئیتر باسی ناکرێ:
ئه‌و که‌سه جێگای له مه‌یخانێ نییه
ئه‌و که‌سه باده و شه‌رابی بۆ چییه؟! (ل. 15)
و له کۆپڵه‌ی چوار‌ه‌م ڕا فیگوری "ئه‌و که‌سه" که له‌گه‌ڵ "خود" هه‌ڵده‌سێنگێندرا ون ده‌بێ و ئینجا شاعیر ڕاسته‌وخۆ باسی بوونی خۆی و ڕه‌نجه‌کانی خۆیمان بۆ ده‌کا:
ساقیا، وا وه‌رگه‌ڕێ، وا وه‌ڕگه‌ڕێ!
ڕوو له لای من که، مه‌چۆ بۆسه‌ر په‌ڕێ.../.../
مه‌ی حه‌ڵاڵه بۆ منی وێرانه- ماڵ
بۆ منی سه‌رگه‌شته و ڕووت و ڕه‌جاڵ/.../
لێوبه‌باری، ده‌رده‌داری، ڕه‌نجه‌ڕۆ
شاعیری جوانیپه‌رستی دڵ به‌سۆ... (ل. 15-16)
خزم و که‌س، خوشک و برا، یاران، یار و خۆشه‌ویست، له‌نێو ده‌قی ناڵه‌ی جودایی دا له سیسته‌می زماندا جێگای خۆیان ده‌که‌نه‌وه و ناوده‌بردرێن به‌ڵام له هیچ شوێنێکی ئه‌و شێعره باڵابڵنده‌دا ناو یان وشه‌ی "دایک" نایه‌ت. بۆ؟ به بڕوای من "خودێکی نارسیستییانه" "دایک" وه‌پشتگوێده‌خا و سیسته‌می زمان جێگای ئه‌و ده‌گرێته‌وه چونکه كه‌مایه‌سی گه‌رمای دایک هێنده قووڵه که "خود" بۆ ئه‌وه که به‌سه‌ر ئه‌و ترس و که‌سه‌ره‌دا زاڵ بێ، به به‌کارهێنانی زمان و وشه ده‌خوازێ ئه‌و بۆشایی‌یه پڕکاته‌وه:
دێم ببینم نیشتمان و زێده‌که‌م
دێم ببینم خزم و کاک و دێده‌که‌م
دێم و ده‌گرم بازی بێری شۆخ و شه‌نگ
دێم و ده‌گرم ده‌ستی دۆی جوان و چه‌له‌نگ
دێم گراویی خۆم له باوه‌ش وه‌رگرم
دێم نه‌هێڵم به‌رهه‌ڵست و به‌رگرم (ل. 23-24)
له شێعر‌ی ناڵه‌ی جودایی دا ڕیتمێکی وه‌ها دایکانه هه‌یه که نابێ خۆمانی لێ گێژکه‌ین و له ده‌ستمان ده‌رچێ. ئه‌وه له ئاخری شێعره‌که‌دا به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ. له هه‌وه‌ڵدا ئه‌و ڕیتمه دایکانه‌یه له ڕێ دیالۆگ له‌گه‌ڵ ساقی، یادکردنی خه‌مڕه‌وێن و ده‌سته‌کانی بازی شۆخوشه‌نگ و یان ناوبردنی فیگوره ژنه‌کانی میتۆلۆژی کوردی وه‌ک خانزاد و و خه‌زاڵ و شه‌م خۆ نیشان ده‌دا. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ئه‌و ڕیتمه زمان داگیرده‌کا و ڕیتمی کۆپڵه‌ی نۆیه‌م وه‌ها بنه‌ڕه‌تی ده‌گۆڕدرێ که مارشی "خود" به‌ره‌و سه‌رچاوه واته وڵات/ دایک ده‌بیسین که به شاخ و داخدا سه‌رده‌که‌وێ و ده‌شت و دۆڵ ده‌پێوێ. شادیی خه‌یاڵی گه‌یشتن به وڵات و دایک/ کۆرا له‌دوای سه‌فه‌رێکی ئه‌وها درێژ و پڕ له خه‌م، هه‌موو بوونی "خود"، چ فیزیکی و چ ڕۆحی پڕده‌کا. "خود" بۆ گه‌یشتن به کۆرا به‌په‌له‌یه. کۆرا وڵاته و وڵات کۆرا. گه‌رمای دایکانه که تا ئێستا شاراوه بوو ڕیتم و ئاهه‌نگێکی تر له به‌یته‌کانی كۆتاییدا ده‌خوڵقێنێ. شاعیر به ڕاکردن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که تێیدا لێی له‌دایکبووه واته کۆرا/ وڵات که له‌وێنده‌رێ نه سا‌بجێکت هه‌یه و نه ئابجێکت. ئه‌وه‌ش کات و زه‌مانێکه که ته‌نیا شتێک هه‌یه: منداڵێک له‌نێو پیله‌ی بێگوناهی خۆیدا واته له‌نێو کۆرادا. ئینسان هه‌میشه له‌و شوێنه ده‌گه‌ڕێ که جارێک له جاران خۆی لێ ڕزگار کردووه و "خود" له‌و ساته له‌و به‌خته‌وه‌رییه ده‌گه‌ڕێ که منداڵ و دایک یه‌کبوون. هه‌ر ئه‌و جۆره‌که زه‌رده‌شت له وه‌های وت زه‌رده‌شت‌دا ده‌ڵێ "به‌خته‌وه‌ری ژنێکه" (ل. 149) و یان شاعیر ده‌نووسێ:
"هر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش. (ل. 22)
"دگردیسی"
نیچه ساڵی 1882 ده‌نووسێ:
ئه‌وه پێویستییه‌که؛ كاتێك ئینسان له خۆی ڕازی ده‌بێت - به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه بێت یان هونه‌ر - ئینجا له‌ڕاستیدا ئینسان ته‌حه‌مول ده‌كرێت!"
ناڵه‌ی جودایی به‌و ڕووکردنی شاعیر له ساقی ده‌ستپێده‌کا و شاعیر ده‌خوازێ سه‌رنجی ساقی بۆلای خۆی ڕاکێشێ و ڕه‌وایه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ بکا که چۆن جیاوازی له نێوان ژیانی تاکه‌کاندا هه‌یه:
ساقی‌یا وا باده‌وه، وا باده‌وه
ڕوو له‌لای من که به جامی باده‌وه
موشته‌ری وه‌ک من له مه‌یخانێ که‌من
زۆربه‌یان شاد و به‌که‌یف و بێخهمن (ل. 12)
شاعیر باسی ئه‌زموونه‌کانی "خود" ده‌کا که ئاسه‌واری قووڵیان له‌سه‌ر ڕۆحی داناوه. ئۆتۆریته‌ی زمان له هه‌وه‌ڵه‌وه به‌رچاوه و له هه‌وه‌ڵ به‌یته‌وه که شاعیر به ساقی ده‌ڵێ "وا باده‌وه" سابجێكت دروست ده‌بێ و شاعیر خۆی وه‌ک که‌سێکی تایبه‌ت ده‌نرخێنێ: "موشته‌ری وه‌ک من له مه‌یخانێ که‌من". شاعیر/ موشته‌رییه‌کی بێ‌وێنه، هه‌ست به ڕه‌زایه‌تییه‌کی نارسیستی ده‌کا که خۆی له سه‌رووی ئه‌وانی تر که دێنه مه‌یخانه دابنێ و یاسا له‌ده‌ست بگرێ. شاعیر وه‌ک سابجێکتێکی تایبه‌ت ئه‌وی تر/ "ئه‌و که‌سه" تاریف ده‌کا و تایبه‌تمه‌ندی/ سفه‌ته‌کانی ده‌بژێرێ: شاد، بێخه‌م، ڕازی و به‌که‌یف. شاعیر له پله‌ی بارودۆخی ڕۆحی ئه‌وی تر که‌م ده‌کا تا ڕاده‌ی به‌رزی ڕه‌نجی خۆی نیشان بدا. "ئه‌و که‌سه" ئه‌گه‌ر خه‌مێکی هه‌بێ له خه‌مه‌کانی شاعیر ناچێ و مه‌یی لۆ حه‌رامه. مه‌ی ته‌نیا بۆ که‌سێکه که:
ئه‌و شه‌ڕابه ئاڵه بۆ بۆ بێ‌ده‌رد نییه
لێی حه‌رام بێ ئه‌و که‌سه‌ی ڕه‌نگ زه‌رد نییه (ل. 12)
بۆ شاعیر چۆته مه‌یخانه؟ ئایا ئه‌و کاته که شێعره‌که ده‌نووسرێ شاعیر له مه‌یخانه‌یه؟ چ هانده‌رێک (انگیزه)یه‌ک شاعیر هان ده‌دا تا ڕوو له وێنده‌رێ بکا؟ ئێمه ده‌زانین که مه‌یخانه هه‌میشه وه‌ک شوێنێک بۆ مه‌ستی و دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی سه‌یركراوه. بۆ ئه‌وه که ئینسان "خود"ی خۆی بدۆزێته‌وه پێویستی به په‌ناگایه‌ک هه‌یه که مه‌ست بیر له مانای ژیان بکاته‌وه و ئینسان له بوونه‌وه‌رێکی ئاسایی ڕۆژانه ببێته ڕۆحێکی توێژه‌ر که به‌دوای ڕاستییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ. لێره شاعیر شوێن و فیگورێک له تێکستدا دروستده‌کا. واته مه‌یخانه و ساقی بۆ ئه‌وه که له‌ڕیگه‌ی زمان و وشه ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر "خودی شکاو"ی خۆیدا بێنێ چونکه شاعیر باوه‌ڕی به ئێستێتیک، جوانی و هێزی شێعر بۆ ساڕێژکردن هه‌یه. شاعیر داوا له ساقی ده‌کا که ئه‌و ئه‌رکه به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ که چاره‌نووس بۆی دیاریکردووه، واته هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ت بێ. حه‌قیقه‌ت و جوانی له یه‌ک توخمن. به ڕای کارین فرانزێن جوانی له که‌ناری حه‌قیقه‌تدا نییه به‌ڵکو له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت تێکه‌ڵاوه و ئه‌و دووه یه‌ک شتن. له ئانتیکه‌وه تا ئێستا فۆرمه‌کانی "جوانی" جۆراوجۆر بوون، سا له کوڕێک چووه، سا له ژنێکی جوان، سا له فیگورێکی مردوو و یان ویستێك. جوانی له خۆشه‌ویستی و خوڵقاندندا به ئێمه ده‌گا. کارین فرانزێن پێیوایه که هونه‌ر به‌رامبه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌شق.
هه‌روه‌ها ئینگمار هاگ پێیوایه که جوانی سه‌روکاری له‌گه‌ڵ شته تراژیدییه‌کان و ئاشقبوون هه‌یه. ڕۆڵی جوانی له زمانی ڕۆژانه‌دا به ئیده‌یالکردن و "خواست عالی/ ویستێكی باڵا" ده‌به‌سترێته‌وه. هه‌موو ساته‌کانی بێداری و خه‌ون له دیالکتیکدا دژ به خۆیانن واته "خود" له پرۆسه‌یه‌کی فه‌رسوودگی/ سوان و وێرانیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. له کۆپڵه‌ی هه‌وه‌ڵه‌وه تا کۆپڵه‌ی هه‌شته‌م "نفی خود" له ڕێتۆریکی شێعره‌که‌دا حاکمه. "خود" که وه‌ک "ئه‌وی تر" نییه و دڵێکی خه‌مباری هه‌یه به شێوه‌یه‌کی وێرانگه‌ر داوای شه‌راب ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ناو دونیای خه‌ون. به‌پێی مارتین هایدگر ده‌کرێ که لایه‌نی جیاوازی خود وه‌ك "ئا به‌رامبه‌ری ئا" ببینین واته "خود" به‌رامبه‌ره له‌گه‌ڵ "خود". خودێک که له هه‌وه‌ڵه‌وه یه‌ک بووه و خۆی دابه‌ش کردووه. که‌سایه‌تی و "بوون" تێکه‌ڵاون واته هه‌موو بیر، هه‌ست و بوون لێکگرێدراوه. "ئا به‌رامبه‌ری ئا" هاوکات هه‌م جیاوازی و هه‌م لێکچوون له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ، واته سا‌بجێکت که خۆی ده‌کاته ئابجێکت له‌ڕاستیدا عه‌ینی یه‌کن.
ناڵه‌ی جودایی ڕیتمێکی وه‌ها ئێگۆیستی/ خۆخوازانه‌ی تێدایه که سا‌بجێکت، که هه‌ڵگری جیاوازی و لێکچوونه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه که پارادۆکس/ ناته‌بایی بێنێته ئاراوه. شاعیر بێ‌ئه‌وه که له قه‌زاوه‌ته‌کانی خوێنه‌ر بترسێ ده‌ستده‌کا به سه‌رزه‌نشتکردنی ساقی به‌ڵام زۆر زوو له بیری ده‌چێته‌وه که ساقی تاوانبار کردووه به سه‌ردانه‌واندن له به‌رامبه‌ر زێڕ و زیو و ده‌وڵه‌مه‌ندان و خۆی وه‌ک هونه‌روه‌ر ناساندووه. ئه‌و ناته‌باییه که "خود" خۆی و ساقی نه‌فی ده‌کا و هاوکات به‌دوای مطلق/ ڕه‌هابوون دا ده‌گه‌ڕێ ده‌بێته هۆی پرۆسه‌یه‌ک که "خواست"ی شاعیر به‌دوای یه‌کگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ خود و سه‌رچاوه‌دا بگه‌ڕێ. خود که بوونه‌وه‌رێکه فانی، له جاودانگی/ نه‌مریی ده‌گه‌ڕێ.
ناته‌بایی ده‌توانێ چۆنێتی به‌رهه‌مهێنانی وشه نیشان بدا. به بۆچوونی کیرگه‌گارد، فه‌یله‌سوف، ناته‌بایی و ڕه‌نج خزمی یه‌کن: ئینسان نابێ ناته‌بایی به شتێکی خه‌راپ دابنێ. ناته‌بایی ڕه‌نجی بیره و بیرمه‌ندێکی بێ ناته‌بایی وه‌ک ئاشقێکه به‌بێ ڕه‌نج. (ئوولسۆن، ل. 80.)
ناته‌بایی له ناڵه جودایی‌دا له‌وه‌دا خۆی نیشانده‌دا که سا‌بجێکت هه‌م ڕه‌نج‌ده‌با و ده‌ناڵێنێ و هه‌م ئاشقی ڕه‌نجی خۆیه‌تی که له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕه‌نجه ئابجێکته که لێی دووره واته وه‌ڵات و خه‌ڵکێک که شاعیر مه‌جبوور بووه جێیان‌بهێڵێ. خود وه‌ک 'سابجێکتێکی مێژوویی' ده‌ست له گه‌ڕان به‌دوای "مطلقیت" هه‌ڵناگرێ. له‌و پرۆسه‌یه‌دایه که ئینسان دروست ده‌بێ. ئینسان سه‌نتێزێکه له "جاودانگی" و "فه‌نا". به‌م جۆر‌ه ناڵه‌ی جودایی خۆ له زه‌مان ده‌رده‌کا و شاعیر ده‌بێته 'سابجێکتێکی مێژوویی'؛ به‌رهه‌مێکی تێکهه‌ڵچندراو له ئێستێتیک و ئێتیک، پێکهاته‌یه‌کی هونه‌ری له ئینسان و 'خواست' ی ئه‌و. چه‌ند مۆتیڤێک وه‌ک پێوه‌ندیی نێوان جیهانی زاڵمی ده‌ره‌وه و شاعیر که له‌و جیهانه‌دا ده‌ژی، ڕه‌نجی شاعیر و ته‌نیایی ئه‌و به‌هۆی مه‌نفاوه، پێگه‌ی جوانی بۆ هونه‌ر و نووسین که ئینسان ڕه‌ها ده‌کا، شێعره‌که به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن. له دیالۆگی نێوان شاعیر و ساقی‌دا شاعیر باس له ڕه‌نجه‌کانی خۆی و خه‌ڵکی کورد ده‌کا. هاوکات که "خود" ده‌چێته ناو هیپنۆسێک دروستبوونی "خود"ێکی تر سه‌رهه‌ڵده‌دا. ئه‌و پرۆسه‌یه به‌و مانایه‌یه که "من مه‌ستم که‌وایه من هه‌م". "خود" که له خه‌لسه و ڕۆئیادایه به‌ره‌وڕووی خود و جیهانی ده‌ره‌وه ده‌بێته‌وه. خودێکی ترانسسێندنت/ گواستێنه‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێ که هه‌وه‌ڵ بڕواته ناو خه‌لسه و دواتر به هۆشیاری و خرد/ هزروه هه‌ستێته‌وه. له‌و "گواستنه‌وه/ انتقال"ه‌دا شاعیر باسی ئه‌و خه‌یانه‌تانه ده‌کا که هونه‌ری له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و زێڕ گۆڕیوه‌ته‌وه و ناڕاسته‌وخۆ داوا له ساقی ده‌کا که وه‌ک ئه‌و که‌سانه نه‌بێ که هونه‌ر به زێر ده‌گۆڕنه‌وه:
تۆش ده‌گۆڕیه‌وه ده‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ر هونه‌ر؟
که‌نگێ گه‌وهه‌ر جوانی کردن به‌خته‌وه‌ر؟
زێر به‌ڵایه، بێ‌وه‌فایه ده‌وڵه‌مه‌ند
هه‌ر هونه‌ر نه‌مره، هونه‌روه‌ر مه‌رد و ڕه‌ند
قه‌دری جوانی کوا ده‌زانێ ماڵپه‌رست!
جوانپه‌رسته پیری خاوه‌ن زه‌وق و هه‌ست (ل. 17)
ماڵپه‌رست و نه‌زان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی نییه که قه‌دری "حه‌قیقه‌ت" بگرێ. ته‌نیا هونه‌رمه‌ند، "خردمند"ێکی ڕه‌نجه‌ڕۆ، نرخی "بوون"ی جوانی ده‌زانێ. که‌وایه بوون و جوانی که له ساقی‌دا هه‌ن نابێ خه‌یانه‌تیان پێ‌بکرێ. شاعیر ساقی ئاگاداری خه‌ته‌ره‌کان ده‌کاته‌وه:
نا مه‌چۆ، جوانێ مه‌چۆ، واوه مه‌چۆ!
تۆ فریوی زێر و زیوی وان مه‌خۆ! (ل. 17)
خرد/ هزر، ئه‌زموونی ژیان و ئه‌و ڕه‌نجه‌ی که شاعیر چێشتوویه‌تی شوێنێکی تایبه‌تی به شاعیر ده‌دا واته پۆزێسیۆنێکی هه‌ڵبژێردارو. ڕه‌نج و هزر سه‌روه‌تی شاعیرن که له‌نێو زماندا خۆده‌نوێنن. جوانی که له‌خۆیدا هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته نابێ له‌گه‌ڵ زێر و زیو بگۆڕدرێته‌وه. هونه‌ر و جوانی له هه‌وه‌ڵه‌وه هه‌ن و هونه‌رمه‌ند بوون و حه‌قیقه‌ت له زمانی هونه‌ریدا شکڵ ده‌دا. زمان ته‌نیا وشه، ڕسته و ده‌ربڕین نییه که په‌یامێک ده‌گه‌ێنێ به‌ڵکو زمان ناو ده‌داته "بوون" واته بوون به ناولێنان مانا په‌یدا ده‌کا. شاعیر ده‌چێته ناو دونیای سیمبۆلیک/ زمان چونکه هه‌موو شتێکی له دونیای واقیعیدا له‌ده‌ستداوه و به‌خته‌وه‌ری بۆ شاعیر کاتێکه که به‌رهه‌مێک ده‌خوڵقێ و ئه‌زموونه‌کانی ژیان ده‌کرێنه نیشانه. شێعر زمانه و زمان پێشفه‌رزێکی شێعره. شێعر و هونه‌ر "بوون" ئاشکرا ده‌که‌ن. ئه‌وه به‌رئه‌نجامی هاوکاری هونه‌رمه‌ند و هونه‌ره. کاتێک حه‌قیقه‌ت له به‌رهه‌مدا خۆ نیشانده‌دا هونه‌رمه‌ند بوونێکی مێژوویی نیشان ده‌دا. شاعیر "هستی" و بوونی مێژووی گه‌لێک ده‌نووسێته‌وه و چونکه هونه‌ر له خۆیدا له هه‌وه‌ڵه‌وه هه‌یه هونه‌ر و هونه‌روه‌ر بوونێکی مێژوویی پیدا ده‌که‌ن.
له کۆپله‌ی یه‌که‌م تا کۆپله‌ی هه‌شته‌م ڕه‌نج و خه‌مێک که ده‌رده‌بڕدرێت، قه‌واره‌ی زۆر له ڕه‌نجێکی ئاسایی ڕۆژانه گه‌وره‌تره و "خود" سه‌رشار ده‌کا. ئه‌و "خود"ه کێیه؟ "خود" ده‌توانێ دوو گروپ بگرێته خۆی: تاکه‌که‌س که خه‌بات ده‌کا و ده‌که‌وێته مه‌نفا و کۆلێکتیڤ/ کۆ، که ڕه‌نجێکی مێژوویی دیوه و شاعیر بۆته ده‌نگی ئه‌و کۆیه و باسی ماڵوێرانی ئه‌و "کۆ"یه ده‌کا. ئه‌و خه‌مه، خه‌مێکی ئاسایی نییه به‌ڵکو خه‌مێکی "مێژوویی/ مه‌زن"ه که مێژووی گه‌لێک و ئازاره‌کانی هه‌ڵگرتووه:
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یهاڕی به‌رداشی زه‌مان
ئه‌و که‌سه‌ی "زیڕه‌ی نه‌گه‌ییه ئاسمان"[1]، (ل. 13)
ئه‌و ئازار و ده‌رده هاوکات به شێوه‌یه‌کی ناته‌بایانه "خود" ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کا. ئه‌و ڕۆحه که له بن به‌رداشی زه‌ماندا هاڕاوه ده‌خوازێ مه‌ست بێ تا بگاته کامڵ‌بوون. شاعیر فازێکی پڕ له ناته‌بایی تێده‌په‌ڕێنێ. له‌ڕاستیدا لایه‌نی لاواز و به‌هێزی "خود" هه‌ر یه‌کن و له جموجووڵی ڕه‌وان و هه‌سته‌کانی شاعیردا تێکه‌ڵاوی و دژایه‌تی "خود"ی شاعیر له یه‌ک سه‌رچاوه‌ن. له هه‌وه‌ڵ ساته‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که "خود" خۆی پڕشوبڵاو ده‌بینێ به‌دوای خۆدۆزینه‌وه‌دایه. "خود" ده‌بێ هه‌وه‌ڵ خۆی له خۆی جیاکاته‌وه و دواتر له‌گه‌ڵ خۆی یه‌کبگرێته‌وه. سا‌بجێکت/ "خود" له پرۆسه‌ی ڕه‌هاییدا هاوتوخمه له‌گه‌ڵ ئابجێکت/ "خود":
ڕێگه ده‌بڕم، کوانێ هه‌نگاوم شله
ڕاسته بێ‌هێزم، ده‌که‌م ئه‌مما مله (ل. 22)
خود سه‌رمه‌ست ده‌بێ تا ئه‌و فورسه‌ته بداته خۆی که خۆ پاک بکاته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆی و سه‌رچاوه یه‌کبگرێته‌وه.
هاوکات که "خود" خۆی نه‌فی ده‌کا "خودی له‌ده‌ستچوو" به‌هێز ده‌بێ. "خودی له‌ده‌ستچوو" ده‌خوازێ که به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجه‌که‌دا زاڵ بێ تا "خود"ێکی تازه له‌دایکبێ. به‌م شێوه‌یه شێعره‌که ده‌بێته پۆرترێتێك/ وێنه‌یه‌ک له خۆتاقیکردنه‌وه‌ی "خود" که خۆی ده‌کاته ئابجێکتێک به دوو باڵی له‌یه‌ک جیاواز به‌ڵام هاوکات لێکچوو له پرۆسه‌ی "دگردیسی"دا. له‌و پرۆسه‌یه‌دا "خود" له شه‌ڕ و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیه‌تی و به‌رده‌وام ده‌خوازێ که به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێ و بگاته ئارامی له‌گه‌ڵ خۆیدا. ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رئه‌نجامی هێز و بێ‌هێزی "خود"ی حوکم‌فه‌رمایه که 'خواست'ێک به ئه‌نجام بگه‌یێنێ.
"زاڵبوون به‌سه‌ر خود" ده‌بێته هۆی ئه‌وه که ئینسان به "تعالی" بگا. له‌ڕێگه‌ی مه‌ستییه‌وه "خود" خۆی ده‌خاته ژێر ده‌سه‌ڵات و ده‌بێته پردێک بۆ گواستنه‌وه/"انتقال" بۆ ئه‌وه که له درامای ناخدا ئه‌و هێزه په‌یدا بکا که "خودی له‌ده‌ستچوو و شکاو" بکاته ئینسانێکی نوێ واته ئینسانی والا/ ابرانسان و خه‌م ببێته شادی. "جودایی" ده‌بێته هۆی ئه‌وه که شاعیر ئه‌و بۆشاییه که به‌هۆی مه‌نفاوه پێکهاتووه به وشه پڕکاته‌وه واته شێواوی ده‌بێته جێگایه‌ک بۆ نه‌زم. سه‌رئه‌نجام دێوی شێواوی/ آشفتگی له‌و شه‌ڕ‌ه‌دا ده‌به‌زێ و خود دوباره له‌دایکده‌بێ و سه‌رده‌که‌وێ:
دێم و ده‌شکێنم له‌وێ جامی شه‌راب
ماچی شیرین نایه‌ڵێ تامی شه‌راب
دێم و ناترسم له په‌رژینی به‌زی
هه‌ر په‌ری سه‌رکه‌وت و دێوه‌زمه به‌زی (ل. 24)
ته‌نیایی شاعیر، خه‌ون و خواستی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که "خود" ببێته کاناڵیک که پاپۆڕی وشه‌کان له‌وێنده‌رێ تێپه‌ڕبن. هه‌لومه‌رجی سه‌خت و بێده‌ره‌تانی شاعیر که ئه‌وی بێ‌هێز کردووه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که "خود" ده‌ست به نووسین بکا و بخوڵقێنێ. دووری شاعیر له ئازیزان و یاران ده‌بێته هه‌وێنی شێعر و وشه ده‌بێته هۆی نه‌جاتدانی "خودی له‌ده‌ستچوو". هه‌موو ئه‌زموونه‌کان ده‌بنه ڕه‌وایه‌تێکی تر له ژیان. ڕابردوو وه‌ک به‌شێک له ئێستا، که شاعیر خه‌ریکه تێیدا ده‌نووسێ، ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ خوڵقاندن. به‌م جۆر‌ه شاعیر به‌سه‌ر خه‌مۆکی خۆیدا زاڵ ده‌بێ. ئه‌م ده‌قه تازه‌یه که بناخه‌که‌ی له‌سه‌ر ڕابردوو داڕێژڕاوه بۆ ئه‌وه نییه که دوباره ڕابردوو ته‌جره‌به بکرێته‌وه به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه که به‌سه‌ریدا زاڵ بێ و له شه‌ڕێکی نه‌هاییدا "خود" بکاته باڵاده‌ست:
گه‌ر ده‌ناڵێنم، ئه‌من په‌ککه‌وته نیم
تێده‌کۆشم بۆ وه‌سڵ تاکو ده‌ژێم
کۆششی من زۆر به‌جێ و زۆر ڕه‌وا
چونکه قانوونی ته‌بیعه‌ت وایه وا (ل. 22)
ناڵه‌ی جودایی له‌سه‌ر ترادیسیۆنێکی/ چاندی دیۆنیسۆسی دانراوه واته له شێواویدا (لێره‌دا مه‌ستی) حه‌قیقه‌ت ده‌دۆزینه‌وه. له جیهانی دیۆنیسۆسی‌دا دوو "قطب"/ جه‌مسه‌ر هه‌ن: ئاپۆلۆ و دیۆنیسۆس. ئه‌و دووه که یه‌کێکیان نوێنه‌ری شێواوییه و ئه‌وی تر نوێنه‌ری نه‌زم، دژی یه‌ک و هاوکات ته‌واوکه‌ری یه‌کترن. ئه‌و دووه له ده‌قێکی شاعیرانه‌دا دژ به‌یه‌ک به‌ڵام هاوکارن و پارالێل/ هاوتا/ هاوته‌ریب کارده‌که‌ن. هاوکاری ئه‌و دوانه وه‌ک منداڵ‌درووستکردنه که پێویستی به هه‌ردووک توخم/ جنس هه‌یه. سا‌بجێکت له کێبه‌رکێکی جواناسی له نێوان ئه‌و دووه دروستده‌بێ واته ژیان و خه‌م به‌شێکن له یه‌ک.
له زۆربه‌ی زۆری شێعره‌کانی هێمن‌دا "خود" له بۆشایی، ته‌نیایی و وێرانی‌ڕا ده‌گاته یه‌کگرتن و گشت. "نقطه عطف"ێک و خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له‌لای 'خواست' ده‌بێته هۆی ئه‌وه که خاڵی جودایی ببێته هۆی خوڵقاندن. شاعیر وه‌ک ئینسانێکی دیۆنیسی و مه‌ست ڕوویه‌کانی جیاوازی ژیانی دیووه، هه‌م ده‌نگی ژیان و هه‌م مه‌ترسییه‌کانی. هێزی ڕه‌هاکه‌ری هونه‌ر ناته‌وایه‌کان ته‌واو ده‌کا و ده‌بێته ده‌نگێک بۆ 'خواست' کاتێک که "خود" ده‌خوازێ خۆی له ڕه‌نج و ده‌رد ڕه‌هابکا. خواستێک ته‌نیایی و خه‌م ڕێبه‌ری ده‌کا بۆ ئه‌وه که "خود" له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتی دایک، هه‌ر نه‌بێ له شێعر و خه‌یاڵدا، یه‌کبگرێته‌وه. "خود" له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ تا که له کۆپڵه‌ی ئاخری شێعره‌که‌دا، ئاماده‌ی فڕینه و مه‌رگ به گاڵته ده‌گرێت واته له پرۆسه‌ی ڕه‌نجدا "والائینسان" دروست ده‌بێ. ئینسان، به وته‌ی نیچه، ئاڵقه‌یه‌که له نێوان حه‌یوان و والائینسان. ئینسان شتێکه که ده‌بێ به‌سه‌ریدا زاڵ بی. ئینسان هاوکات هه‌م هۆی فه‌نا و هه‌م جاده‌ی پێشکه‌وتنی خۆیه‌تی. "خودی والائینسان"، وه‌ک ده‌نگێکی خوڵقێنه‌ر و به‌زێنه‌ری سنووره‌کان له پرۆسه‌یه‌کدا درووست ده‌بێ. "خود" هه‌وه‌ڵ ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه لای خۆی. ئینجا له ده‌وری خۆی سووڕده‌خوا تا خۆی دوباره وه‌ده‌ستبێنێته‌وه. سه‌رئه‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو و لای خۆی. له‌و پرۆسه‌یه‌دا "خود" "دگردیسی" په‌یداده‌کا. "خود" به بارێکی گران واته 'خواست'ێک ئیزنده‌دا که شێتی بگه‌شێته‌وه تا بگاته "خرد" و لوتکه به‌رزه‌کان. "خود" که له‌گه‌ڵ خۆی له‌شه‌ڕدایه ده‌بێ به‌سه‌ر ئازاد‌ی خۆیدا زاڵ بێ و ببێته "منداڵ". بۆ منداڵ؟ چونکه منداڵ بێگوناحه و منداڵ ده‌توانێ ئیزن بدا که خوا تێیدا وه‌سه‌ماکه‌وێ و "خود" بفڕێ. پرۆسه‌ی ڕه‌نج ده‌بێته هۆی "دگردیسی خود" واته گه‌شه‌کرنی "خود" له "هیچ"وه بۆ "هه‌موو شتێک". منداڵ/ خودی شاعیر، ئێستا ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاکی خۆی و به ژیان "به‌ڵێ بڵێ". لێره ئیتر مه‌رگ وه‌ک خه‌ته‌رێک بۆ ژیان نابیندرێ به‌ڵکو ڕوویه‌كی تری ژیانه. ئینسان له "هیچ"وه دێت و ساتێک ده‌ژی و دوباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "هیچ". ژیان دیارده‌یه‌کی "شوێنی- ساتی" سنوورداره که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "هیچ" و ئینسان نابێ له مه‌رگ بترسێ. گرینگ ئه‌وه‌یه که له ژیاندا ئه‌و جۆر‌ه بین که زه‌رده‌شت‌ی نیچه ده‌ڵێ: "ئه‌ی ڕۆح وه‌ها مه‌ست گۆرانی بڵێ که ته‌واوی ده‌ریاکان بێده‌نگ گوێ بگرنه دڵته‌نگی و مه‌یلت."
ئێستا ڕۆحێکی پڕ له دڵته‌نگی و ویست واته ڕۆحی شاعیر گۆرانی خۆی چڕیوه. شاعیر هه‌م "خود"ی خۆی و هه‌م به‌رهه‌می خۆی ڕه‌ها کردووه. نووکه دوای سه‌فه‌رێکی پڕ ڕه‌نج، بیر، ڕه‌اون و جه‌سته له فازێکی ئاسوده و ئاشتیدایه. خودێکی والا به‌سه‌ر "خودی شکاو"دا زاڵبووه و کردوویه‌تی به "ابرانسان". ئینسانێکی به ڕه‌واڵه‌ت بچووک به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕوا که‌چی سه‌رئه‌نجامێکی مه‌زن و شاهانه له به‌رامبه‌ر بیرێکی ئاسایی ڕۆژانه سه‌باره‌ت به "مه‌رگ"دا ڕاده‌وه‌ستێ و ترس له مه‌رگ ده‌شکێنێ. "خود" له‌گه‌ل "هستی" و سه‌رچاوه‌ی خۆی یه‌کده‌گرێته‌وه واته ده‌بێته یه‌ک له‌گه‌ڵ کۆراو "هیچ". ئێستا ده‌قێکی هونه‌ری/ شێعرێک خوڵقاوه. بۆ گه‌لێکی زۆڵملێکراو، شاعیر به‌شێک له نه‌ست و بوونی خۆی ده‌داته خوێنه‌ر. هه‌نووکه، دوای سه‌فه‌رێکی دوورودرێژ، "خود"ی شاعیر سه‌رکه‌وتوانه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو خاک و بۆلای دایک و ئاماده و توانایی ئه‌وه‌ی هه‌یه که "ئازاد بۆ مه‌رگ و ئازاد له مه‌رگ" بێ. "خود" دوای ژیانێکی پڕ له خه‌بات، چ دژ به خۆی و چ دژ به "ده‌سه‌ڵات"، ده‌بێته والائینسان/ ابرانسان که مه‌رگ دژ به ژیان نابینێ به‌ڵکو وه‌ک به‌شیک له ژیان چاوی لێده‌کا:
دێم هه‌تا هه‌مبێ بڕست و بیر و هۆش
گه‌ر گلاشم، کورده‌واری و ئێوه خۆش! (ل. 24)
سپاس و پێ‌زانین بۆ پرۆفیسۆر ئێبا ویت- بڕاتستڕۆم له نووسه‌رانی به‌ناوبانگی سوید و لێزان له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به "ڕوانگه‌ی فێمینستی". بێ یارمه‌تی ئه‌و خاتوونه ڕه‌نگه نه‌متوانیبا ئه‌م کاره به‌م شێوه‌یه ئه‌نجام بده‌م. هه‌روه‌ها سوپاسی شاعیری به‌ڕێز ئه‌نوه‌ر قادر مه‌حه‌مه‌د ده‌که‌م. جێگای باسه که کاک ئه‌نوه‌ر دوکتۆرای له‌سه‌ر شاعیری کورد مه‌وله‌وی له زانکۆی سان پێتێرسبورگ وه‌رگرتووه. کاک ئه‌نوه‌ر کتێبی ناڵه‌ی جودایی چاپی ساڵی 1979ی له‌لا بوو که دای به من. به‌داخه‌وه ئه‌و چاپانه‌ی دیكه که له ستۆکهۆڵم ده‌ستده‌که‌وتن پڕ بوون له هه‌ڵه. سپاسی به‌ڕێز کاک جه‌عفه‌ر حوسێنپور ناسراو به" هێدی" دانیشتووی ئاڵمان ده‌که‌م بۆ ئه‌و زانیاریانه‌ی که سه‌باره‌ت به ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی ماموستا هێمن به ئیمێڵ بۆی ناردم. شایانی باسه که هێدی له‌نێوان ساڵانی 1980- 1985 دوستایه‌تی نزیکی له‌گه‌ڵ مامۆستا هێمن هه‌بووه. سپاس بۆ ئیدریس ئه‌حمه‌دی، ئاشتی به‌رهوون و گه‌ڵا ڕیانی. سپاسی بێکه‌رانم بۆ په‌ری شاکه‌لی که سه‌ره‌ڕای دووگیانی به ده‌قی کوردی ئه‌م نووسراوه‌دا چۆته‌وه.* په‌ڕاوێزه‌کان (103 په‌راوێز) که زۆر شیکردنه‌وه‌یان تێدایه له‌به‌ر گرفتی فۆنت لێره‌دا نه‌هاتوون و لێره ته‌نیا به که‌می هێندێک ئاماژه به کتێب و سه‌رچاوه‌کان یان تێبینی‌یه‌کان کراووه.
