سامان‌سوا
حوسێن شێربه‌گی
چیرۆک
سی ساڵی ڕه‌به‌ق...! ڕه‌نگه بڕوام پێ‌نه‌که‌ن، به‌ڵام سێ‌ودووی لێ مه‌که‌ن و ئه‌وی ئیمشۆ بۆتانی باس ده‌که‌م وه‌ک مێوژاوی ترێ‌ڕه‌شه‌ی دارستانه‌کانی سه‌رده‌شت هه‌ڵیلووشن. ئاخه سی ساڵی ڕه‌به‌قه به هیوای ئه‌وه‌م سه‌ربورده‌ی خۆم و کابرای قه‌ده‌ک‌مۆر و قه‌ده‌ک‌نارنجی بۆ نووسه‌رێک بگێڕمه‌وه و ئه‌ویش بیکاته چیرۆک و له جیهاندا بڵاوی کاته‌وه. بڵێی له پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌م سه‌ربورده، که‌سێک ئه‌م حه‌ساوکتاوه‌م بۆ لێک‌نه‌داته‌وه و شتێکم لێ حاڵی نه‌کا؟!
بڕوا بکه‌ن ڕێک سی ساڵه له لایه‌که‌وه ئه‌م ڕووداوانه بوونه‌ته هه‌وێنی مه‌ستی لاوه‌تی و سه‌رخۆشی به‌ساڵاچووییم و له‌ولاوه بوونه‌ته‌وه مایه‌ی ژان و ڕه‌نج و زام و چاره‌ڕه‌شیم. ئه‌وا ڕاست سی ساڵه له‌م شه‌ڕابه ده‌نۆشم و سه‌رخۆش و ئه‌غیار ده‌بم و ئه‌م‌جار خۆم ده‌خۆمه‌وه، ده‌ڕشێمه‌وه و ده‌ناڵێنم. سی ساڵه له سایه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌دا خۆش ده‌بم و باڵ ده‌گرم و هه‌ڵده‌فڕم و له به‌هه‌شتدا ده‌نیشمه‌وه و له به‌ر ئێش و ژان و مه‌راقی ئه‌م فیکره له دۆزه‌خێکی تایبه‌تدا ده‌سووتێم و ده‌تلێمه‌وه و ده‌ناڵێنم! ئای له‌و سه‌رخۆشییه و وه‌ی له‌م ڕه‌نج و مه‌راقه....
ڕێک سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که ئه‌وکات سی ساڵم ته‌مه‌ن بوو، چاوه‌ڕوانی وه‌دی‌هاتنی خه‌ونێک بووم که یه‌که‌م شه‌وی هاتنه سه‌ر دنیام، باوکم ئه‌و خه‌ونه‌ی بۆ بینیبووم. ئه‌و عه‌یام باوکم شه‌ست ساڵان بوو، به‌ڵام شه‌ست ساڵانێکی زۆر پیر و سه‌ر و ڕدێن‌سپی و به قه‌ڵافه‌ت به‌ساڵاچووی په‌ک‌که‌وته‌ی گرده‌نشین. وه‌ک خۆی ده‌یگێڕاوه، سی ساڵ له‌وه‌به‌ر، له ته‌مه‌نی سی ساڵانا، ڕایه‌ک له خه‌وا پێیان وتبوو: مه‌به مشکی سه‌ر خه‌زێنه! هه‌سته وه‌ره بۆ "سه‌فا"!)
یه‌که‌م که‌ڕه‌ت که ئه‌م خه‌ونه‌ی بینیبوو زۆری کار تێ‌نه‌کردبوو. له پاش یه‌ک دوو حه‌وتوو هه‌میسان خه‌ونه‌که دووپات ببۆوه. ئه‌م‌جاره‌ش گوێی نه‌دابوویه. له پاش حه‌وتوویه‌ک و دووان دیسانه‌که‌ش خه‌ونه‌که‌ی بینیبۆوه. وه‌ک خۆی ده‌یگێڕێته‌وه پێ‌ملی و ته‌وگازه‌ی ده‌نگی ناو خه‌ونه‌که نه‌بووبوو، هه‌تا وای لێ‌هاتبوو هه‌موو شه‌وێک دوو که‌ڕه‌ت و سێ که‌ڕه‌ت ئه‌م گازه‌یه ئێخه و به‌ربینگی ده‌گرێ. به‌ڵام باوکه‌ش به‌وه ڕادێ و گوێ ناداتێ و دوای قسه‌که ناکه‌وێ.
چوار پێنج مانگ تێپه‌ڕ ده‌بێ و کاتی دروێنه ده‌گاتێ. باوکم به ڕۆژدا له ده‌شته سووتاوی دوور له گونده‌که‌یان سه‌رقاڵی دروێنه‌ی جۆ ده‌بێ. شه‌وێک سه‌عاتێک له پاش بانگی خه‌وتنان، له پاش شێو کردن و له کاتی ماڵ‌خه‌وتناندا له ده‌شته سووتاوه‌وه بۆ ژوانی ده‌سگیرانه‌که‌ی به‌ره‌و گوند ده‌گه‌ڕێته‌وه. که‌چی له حاندی سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌رکه‌وتنی ئاوی کارێزه له‌مێژینه‌که‌ی شانی گونده‌که‌دا، که له سه‌ره‌تای گۆڕستانی گونده‌که‌دایه، دوو زه‌لامی نامۆی دزێوی چاو پێده‌که‌وێ که ده‌سگیرانه‌که‌شی له گه‌ڵیاندا و له نێوه‌ڕاستیاندایه.
هه‌رسێکیان قاقا پێی پێده‌که‌نن، قاقا ده‌کێشن، به‌م‌لا و ئه‌ولادا ده‌شه‌کێنه‌وه، ده‌تریقێنه‌وه و گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن. وه‌کوو خۆی ده‌یگێڕاوه به داسه‌وه هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ریان. که‌چی هه‌نگاوێکی ده‌مێنێ بیانگاتێ، عه‌رز ده‌یگرێ! له حاندی خۆی ده‌بێته په‌یکه‌ره به‌ردینه‌یه‌کی به‌بێ ڕۆح و نه ئه‌مساڵ له‌و شوێنه‌یان داچه‌قاندووه و نه پار! که‌چی بڕێ له‌م دۆخه‌دا ده‌مێنێته‌وه، تا یه‌کێک له‌م دوو زه‌لامه که ده‌سگیرانه‌که‌ی له نێوه‌ڕاستیاندایه، لێی دێته پێشه‌وه. به هه‌موو که‌یفی خۆی شه‌پڵاخه‌یه‌کی لێ ڕاده‌کێشێ و پێی ده‌ڵێ:
"یان زۆران‌بازیمان ده‌گه‌ڵدا ده‌که‌ی و هاتوو توانیت به عه‌رزماندا ده‌ی، ده‌سگیرانی خۆت وه‌چنگ ده‌که‌وێته‌وه، یان ئه‌وه‌یه ئێمه تۆ به عه‌رزدا ده‌ده‌ین و ئه‌م کیژۆڵه خانمه ده‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌به‌ین و ده‌ڕۆین."
وه‌ک باوکم خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، له پاش ئه‌وه‌ی شه‌پڵاخه‌یه‌کی لێ ڕاده‌کێشن، ڕاده‌چه‌نێ و وه‌خۆ دێته‌وه. جا هه‌نگاوێک دێته پێشه‌وه. ده‌نه‌ڕێنێ: ئه‌وه منتان نه‌ناسیوه، له پێش ئه‌وه‌یدا له ناوتان به‌رم، ناوی خۆتان بڵێن!
یه‌کیان ده‌نه‌ڕێنێ: به من ده‌ڵێن "پۆڵا" ئه‌سکه‌نده‌ر من کوشتم...
ئه‌وی دیکه‌شیان ده‌ڵێ: به من ده‌ڵێن "ئه‌ڵماس" ڕۆسته‌می داستان من کوشتم...
ده‌سگیرانه‌که‌شی ده‌نازێنێ: به من ده‌ڵێن فه‌ڕه‌لوقا، ده "ئه‌رسه‌لان" به و ڕزگارم که...
ئه‌م‌جار هه‌ردوو زه‌لامه‌که پێکه‌وه ده‌نه‌ڕێنن: له تۆقی سه‌رته‌وه، به‌ره‌و نێوچه‌وان و به سه‌ر لووت و چه‌ناگه‌تدا، به قووڵکه‌ی ملتدا و به نێوه‌ڕاستی سنگ و زگتدا، به‌ره‌و خوار، خشت ده‌تبڕین و ده‌تکه‌ین به دوو کوت و هه‌ر کوتێکت ده‌هاوینه به‌ر سه‌گی کۆڵانێک، ئه‌وه فێر ده‌بی له حاندی ئێمه زبانت ده‌گه‌ڕێ؟
باوکم هه‌روه‌ک خۆی ده‌یگێڕاوه، له پاش ئه‌م هه‌ڕه‌شه و شات‌وشووته، پۆڵا هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر باوکه، باوه‌ش به نێوقه‌دیدا ده‌کا و ده‌یگوشێ. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گوشێ و ده‌گوشێ و ده‌گوشێ، ئاره‌قه وه‌ک ئاوی کانی له ئازای ئه‌ندامیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ و باوکم چه‌نده ده‌نه‌ڕێنێ و ده‌گوڕێنێ و ده‌پاڕێته‌وه و ده‌لاڵێته‌وه، پۆڵا به‌ری‌نادا و نادا و نادا، تا باوکم له سه‌ر خۆ ده‌چێ.
ڕۆژی دوایی باوکی باوکم (که ده‌بێته باوه‌گه‌وره‌ی من) به‌و شوێنه‌دا ڕاده‌بوورێ تا بچێته ده‌شته سووتاو، ته‌ماشا ده‌کا ئه‌وا باوکم به‌بێ سه‌روزمان که‌وتووه، له خاک‌وخۆڵ گه‌وزاوه و نه ئه‌مساڵ ته‌واو بووه و نه پار. وه‌ک باوکم خۆی بۆمی ده‌گێڕاوه، هه‌ڵیده‌گرنه‌وه، ده‌یبه‌نه‌وه ماڵێ، ئاوی ساردی به سه‌روچاودا ده‌پڕژێنن و به‌ڵام... به‌ڵام که دێته‌وه خۆ، شێت، هه‌ی شێت. هه‌ڵیده‌گرن، ده‌یبه‌نه‌وه ماڵه شێخ ـ شێخ به بابه‌وه‌ی له به‌ر مرم ـ باوکم به کۆڵه‌که‌ی ته‌ویله‌وه ده‌به‌ستێ. به سه‌تڵ ئاوی ساردی به سه‌ر و پۆتراکدا ده‌که‌ن و به شووڵه ته‌ڕ ده‌یکوتن! به حوکمی شێخ و به حوزووری خۆی دانه ڕۆژێکی ڕێک به شووڵه ته‌ڕ دارکاری ده‌که‌ن تا له سه‌رخۆی ده‌چێ، ئه‌م‌جار به سه‌تڵ ئاوی ساردی به سه‌ر و گوێلاکدا ده‌که‌ن تا وه‌خۆ دێته‌وه... هه‌میسان به شووڵه ته‌ڕ....
جا که بۆ جاری چه‌نده‌م باوکم له سه‌ر خۆی ده‌چێ و ئه‌وه‌نده‌ی ئاوی ساردی به سه‌ر و پۆتراکدا ده‌که‌ن، وه‌هۆش نایه‌ته‌وه، شێخ ده‌فه‌رمێ بیبه‌نه‌وه، عه‌له‌می تێدا نه‌ماوه.
باوکم دێننه‌وه ماڵێ، فه‌رمایشی شێخ وایه، که باوکم دێته‌وه خۆ عه‌له‌می تێدا نه‌ماوه و نه‌ک هه‌ر شێت نییه، له هه‌موو عاقڵێک عاقڵتره، به‌ڵام دوو سێ حه‌وتوو به جێ‌وبان ده‌که‌وێ و توانای ده‌روژوور کردنی نابێ. هاکا به‌ره به‌ره گوڕ و تینێکی تێوه‌دێ و ده‌توانێ بێ و بڕوا و ده‌روژوور بکا. شه‌وێک مه‌رج ده‌به‌ستێ هه‌ر له سبه‌ی‌ڕا بچێته‌وه سه‌ر دروێنه‌که‌ی. که‌چی هه‌ر ئه‌و شه‌وه خه‌ون ده‌بینێ.
وه‌ک خۆی ده‌یگێڕاوه: ته‌ماشا ده‌که‌م، به نێوه‌ڕاستی دۆڵێکدا ده‌ڕۆم که ڕووبار و شیناوه‌رد و سه‌وزه‌ڵان و دار و دره‌خته. شانی ڕاستی کۆسارێکه و به چیمه‌ن و گوڵی سوور ڕازاوه‌ته‌وه. شانی چه‌پیشی هه‌ر کۆساره و به گوڵی زه‌رد و چیمه‌ن نه‌خشێندراوه. هه‌ستم به ده‌نگی گۆرانی و بۆنی که‌باب کرد. هه‌ستم ده‌کرد تارماییه‌کی وه‌کوو ده‌سگیرانه‌که‌م جاروبار به به‌رچاوما به له‌نجه‌ولار، دێ و ده‌ڕوا. له پاش قه‌ده‌رێک، ده‌نگێک هه‌رای لێم‌کرد: "نه‌هاتی... نه‌هاتی... له زه‌ره‌ری... ئێره‌یه سه‌فااااوا... سه‌فااااوا ئێره‌یه..."
سبه‌ی که ماڵ له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ باوکم نه‌ماوه. مانگێکی ڕاست به‌بێ سه‌روشوێن ده‌بێ و که‌س به باس و هه‌واڵی نازانێ. وه‌ک خۆی ده‌یگێڕێته‌وه که له ماڵه‌باب ڕاده‌کا، هه‌ر به پرسیار کردن به‌ره‌و "سه‌فاااوا" ده‌ڕوا. که سه‌فاااوا ده‌دۆزێته‌وه و ده‌گاته ئه‌و گونده، تێکه‌ڵ به خه‌ڵکی ئه‌وێ ده‌بێ. خه‌ڵکی ئه‌وێ، له گه‌وره و ئاغا و شێخ و مه‌لا و سه‌یی حاشا له‌وه ده‌که‌ن که بانگیان کردبێ. به‌ڵام ئه‌مه‌شی پێ ده‌ڵێن که خوا به سه‌ری کردۆته‌وه؛ "باز"ی له سه‌ر نیشتووه.
پانزه بیست ڕۆژێ له ناویاندا ده‌بێ. سه‌یرانی باخ و مه‌زرا ده‌کا. خانه‌قا و باره‌گا و مزگه‌وت و مه‌زارگه‌ی لێ‌ده‌بێ. سه‌ردانی ئه‌م شوێنانه ده‌کا. ده‌گه‌ڵ که‌سانێکی دیکه‌دا دێ و ده‌ڕوا و عیباده‌ت ده‌کا و ده‌خوا و ده‌خه‌وێ. ڕۆژێ له ڕۆژان، له باخێکدا تووشی به تووشی زه‌لامێکه‌وه ده‌بێ. نه‌قڵی خۆی بۆ زه‌لامه‌که ده‌گێڕێته‌وه، زه‌لامه‌که زه‌م و لۆمه‌ی گه‌وره گه‌وره‌کانی "سه‌فاااوا" ده‌کا. باوکیشم هیچ به‌رپه‌رچی قسه‌کانی ناداته‌وه! گوێی بۆ شل ده‌کا و چ ناڵێ. به‌ڵام فکرێکی لێ په‌یا ده‌بێ، هه‌ر ئه‌و شه‌وه گه‌وره گه‌وره‌کانی ئه‌وێنده‌رێ پێی‌ده‌ڵێن: ئه‌م ماوه‌یه لێره بووی تاقی کردنه‌وه بوو، ده‌مانه‌ویست بزانین شیاوی ئێره هه‌ی یان نا؟ ده‌بێ بڕۆیه‌وه. له ده‌ستت هات سه‌ردانمان بکه‌وه، داهاتوو ده‌ریده‌خا چیت له قوون و هونه‌ردایه...
ئیدی وه‌ک خۆم له یادمه، سه‌فاااوا لێی ببووه ئاوات و خه‌ون و خولیا. چه‌ند ساڵ جارێک ده‌چوو و ده‌هاته‌وه، ئه‌گینا ئه‌وه‌نده‌ی له ماڵه‌وه بایه ڕۆژێ دانێک ده‌چوو ه کار و دانی پاش‌نیوه‌ڕۆ له ده‌رک‌وبانی ماڵ و له ده‌رک‌وبانی به‌ر مزگه‌وت و له به‌ر مه‌یانی نێو دێ، ده‌هات و ده‌چوو و داده‌نیشت و له گوێی خۆڕایی ده‌گه‌ڕا باسی سه‌فاااوای بۆ بکات و باسی ئه‌ولایه ببووه بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زاری و له‌م قسه و باسه به‌و لاوه هیچی نه‌ده‌زانی.
خه‌ونه‌که‌ی منیش شتێکی ئاوا بوو. بانگ ده‌کرام بۆ سه‌فاااوا. ئه‌گینا زۆر شه‌وان له خه‌وما به نێو جه‌نگه‌ڵستان و سارات و باغستانی سه‌وزه‌ڵان و باسه‌فای ئه‌وێنده‌رێدا ده‌گه‌ڕام و میوه‌جات و خواردنه‌وه‌ی ئه‌وێنده‌رێم ده‌خوارد و دیمه‌ن و بۆن و به‌رامه‌ی به‌هه‌شتم هه‌ست پێ ده‌کرد!
ڕاست سی ساڵی ڕه‌به‌ق به‌ر له ئێستا بوو. سی ساڵانه بووم. به‌ڵام هێشتا مێرمناڵ و ته‌نانه‌ت مناڵ‌کار! چ به ڕه‌نگ و ڕوخسار و چ به ئه‌قڵ و هۆش‌وگۆش! ماڵمان هاتبووه شار و ده‌رس و قوتابخانه‌م ته‌واو کردبوو و کاربه‌ده‌ستی میری بووم. که‌چی خه‌ون و خولیای خه‌ونه‌کانی خۆم و باوکم (پێمابێ منیش هه‌ر له باوکمم گرتبۆوه) شێت و شه‌یدای سه‌فاااوای کردبووم و باوکیشم ڕێ‌وشوێنی پێ نه‌ده‌گوتم! ده‌یگوت ئیزنی نییه، ده‌بێ خۆیان ڕێ‌وشوێنت پێ نیشان ده‌ن!!
لێره‌دا وا باشه قه‌ڵه‌مبازێک بده‌مه سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی له چایخانه‌یه‌کی پڕ له حه‌شیمه‌تدا، وه‌ک زۆربه‌ی ڕۆژه‌کانی دیکه باسی سه‌فاااوا و خه‌ون و خولیاکانی خۆم و باوکمم ده‌کرد. له ناکاو، کابرایه‌کی قه‌ده‌ک‌مۆری نامۆ ڕووی تێم‌کرد و وتی:
«تۆ حه‌یا ناکه‌ی ئه‌م گشته درۆ و ده‌له‌سه‌یه هه‌ڵده‌ڕێژی؟ سه‌فاااوا که‌ی ئاوهایه وا تۆ ده‌ڵێی؟ ئاکار و کرده‌ی خه‌ڵکی ئه‌وێنده‌رێ که‌ی ئاوهایه وا تۆ ده‌ڵێی؟ من خۆم چه‌رچیم و ئه‌و لایانه‌م بینیوه، ئه‌وی تۆ ده‌یڵێی هیچی وا نییه...»
بێتوو نه‌یووتایه من خۆم ئه‌وێم بینیوه زگیم ده‌دڕی، که‌چی ئه‌م ڕسته‌یه «من خۆم ئه‌وێم بینیوه» ئه‌ژنۆمی شکاند، چاوم وه‌ک مێوژۆکه هه‌ڵخولا و به نێوچه‌وان و ڕوخساری کابرادا قه‌تیس ما. به هه‌زار حاڵ، دستم برد و ده‌ستیم گرت و به دوای خۆمدا مڕکێش مڕکێش له چایخانه‌که کێشامه ده‌رێ. هاکا له چایخانه‌که و له نێو حه‌شیمه‌ت دوور که‌وتینه‌وه،پێییم وت: «بیکه بۆ خاتر خوا... باسی سه‌فاااوام بۆ بکه.»
ده‌ستمان خسته ناو ده‌ستی یه‌کدی و به شه‌قامدا چووینه خوارێ. کابرا قسه‌ی ده‌کرد و منیش گوێم بۆ شل کردبوو. باس باسی دارستان بوو... باسی گوڵه‌باخ و کۆسار و مه‌زرا و باخاتی سه‌فاااوا. ئه‌وی ڕاست بێ ئه‌وه دیالۆگ و ئاخافتن و وتن و شنه‌فتن نه‌بوو، ئه‌مه ڕازاندنه‌وه‌ی که‌وڵه خوانێکی شێوی شاهانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه بوو! ئای کابرای قه‌ده‌ک‌له‌به‌ر چه‌نێ خۆش سه‌روزمان و به زانیاری و خاوه‌ن زانایی و به‌ئه‌زموون بوو! خۆی نه‌یده‌وت، به‌ڵام وێ‌ده‌چوو خه‌ڵکی ئه‌وێنده‌رێ بێ.
بۆمی باس کرد چه‌رچی و گه‌ڕۆک و سه‌یاحه. زۆر په‌یا ناکا، به‌ڵام سه‌ری خۆی ڕاده‌گرێ و بێج له‌مانه‌ش ده‌توانێ هه‌موو ساڵێ چه‌ند که‌ڕه‌ت سه‌ری لای سه‌فاااوا بدات. شه‌و بردمه‌وه ماڵه خۆمان. ده‌گه‌ڵ باوکم دایانبه‌سته قسه و باس. باوکم زۆری له بیر و باوه‌ڕ و داب‌ونه‌ریتی ئه‌و لایانه ده‌زانی، ته‌نانه‌ت زۆر که‌سی ده‌ناسی! ده‌گه‌ڵ باوکم له ته‌مه‌نێکدا بوون! وه‌ک به قسه‌کانیاندا ده‌رده‌که‌وت، له‌و سه‌فه‌رانه‌دا باوکم جاروبار بۆ ئه‌وێی ده‌کرد، بگره له‌و ڕێگه‌یه‌دا یه‌کدیشیان بینیبێ! وام نه‌ده‌زانی باوکم شاره‌زایی له سه‌ر ئه‌وێنده‌رێ ئه‌وه‌نده زۆر بێ. به‌ڵام هه‌ر به قسه‌کانیاندا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت که باوکم زۆر له‌وه زیاتر سه‌ردانی ئه‌وێنده‌رێی کردووه که من هه‌واڵم هه‌یه. وا ده‌رده‌که‌وت ئه‌و ڕۆژانه‌ی وا باوکم ده‌یوت: «فڵانه دۆست و خزم و که‌س له فڵانه دووره‌شار، یان دووره‌دێ مردووه، ده‌بێ بچمه پرسه، یان ده‌یوت فڵانه دۆست و خزم و که‌س له فڵانه دووره‌شوێن بووک ده‌گوێزنه‌وه، یان کچیان به شوو داوه، ده‌بێ بچم..» وا دیار بوو گشت ئه‌م نقووم بوونه‌ی بۆ لای سه‌فاااوا بووه.
کابرای قه‌ده‌ک‌مۆر ده‌گه‌ڵ باوکمدا سه‌رقاڵی قسه کردن بوو و منی له یاد چۆوه و من له مه‌جلیسیاندا بوومه په‌ڕۆ کۆن! نه له ئاخافتنه‌که‌یاندا به‌شدارییان ده‌دام و نه ڕوویان تێ‌ده‌کردم. ئه‌مه ئاکار و کرده‌ی حه‌وتوویه‌کیان بوو. هه‌تا وای لێ‌هات شه‌وێک هه‌ر له‌و شه‌وانه منیشیان ده ئاخافتنه‌که‌دا به‌شدرای دا. ئای شه‌وێکی چه‌نێ خۆش بوو، به هه‌ردووکیان پێمیان ده‌ووت ده‌بێ زارم گرێ ده‌م. ده‌بێ له لای هه‌موو که‌س و له هه‌موو شوێنێک قسه نه‌که‌م، ده‌بێ قسه قووت ده‌م و سه‌ر و سوڕ و نه‌هێنی بپارێزم. کابرای قه‌ده‌ک‌مۆرئه‌م شیعره‌ی چه‌ند جاران دووپات کرده‌وه:
تا نگردی آشنا زین پرده رمزی نشنوی/ گوش نامحرم نباشد جای پیغام سروش
بۆ سبه‌یدا که له خه‌و هه‌ستام کابرای قه‌ده‌ک‌مۆر نه‌مابوو. بابم وتی بۆ سێ چوار ڕۆژ چۆته کار و که‌سب و سه‌ردان کردنی سێ چوار دۆست و دیوناسی خۆی. زۆرم تاسه‌ی ده‌کرد، تازه شه‌وێک بوو پرێسکه‌ی ڕازه‌کانی له لام کردبۆوه و سه‌ری قسه و باسی نه‌هێنی دامه‌زراندبوو. چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی و تامه‌زرۆی قسه و باسه‌کانی بووم. به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ڕۆژه تێپه‌ڕ نه‌ده‌بوو. کاتی ده‌وامی دایره ته‌واو نه‌ده‌بوو. که له ماڵه‌وه‌ش ده‌بووم، ئۆقره‌م لا نه‌بوو. دانیشتنم نه‌بوو، ڕاوه‌ستانم نه‌بوو. هه‌ر ده‌چوومه ده‌ره‌وه، تا کۆڵان ده‌چووم و ده‌گه‌ڕامه‌وه. تا چایخانه‌که ده‌چووم و ده‌گه‌ڕامه‌وه. له شه‌قام و شۆسته‌دا چاوم لێ ده‌گێڕا. هه‌موو قه‌ده‌ک له‌به‌رێکم لێ ده‌بوو به‌و. ڕام‌ده‌کرد و خۆم ده‌گه‌یاندێ و که لێییم ده‌ڕوانی و ده‌مبینی ئه‌و نییه، خوێن تک‌تک ده‌زایه دڵمه‌وه، ئه‌سرین له چاوه‌کانمه‌وه هه‌ڵده‌زنی و به مه‌زرای گۆنا و ڕوخسارمدا شۆڕاوگه‌ی ده‌به‌ست. ده‌گه‌ڕامه‌وه و به خوم ده‌وت: هاتۆته‌وه، ئه‌وا له ماڵه‌وه چاوه‌ڕوانی منه... به هه‌ڵه‌داوان خۆم به ژووره‌وه‌دا ده‌کرد، به‌ڵام... نا... به داخه‌وه سه‌روسۆراغی نه‌بوو. له‌وانه بوو شێت و شه‌یدا بم و فججه بکه‌م! حه‌توو به سه‌ردا هات و کابرا نه‌گه‌ڕاوه. ئاراوقارام له لا نه‌بوو. ئۆقره‌ی مانه‌وه‌ی له شوێنێکم له توانادا نه‌بوو. له پاش چل شه‌و و ڕۆژ، ڕۆژێک که له دائیره‌وه چوومه‌وه بۆ ماڵه‌وه، باوکم وتی قه‌ده‌ک‌مۆر گه‌ڕابۆوه، زۆرت چاوه‌ڕوان بوو، که‌چی زۆر به‌په‌له بوو، ڕۆیی بۆ پاته‌خت. مه‌رجی داناوه بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام که‌ی؟ نازانم. خۆیشی نه‌یده‌زانی...
ئیدی بۆ هه‌میشه که‌ف‌وکوڵی باوکم دامرکا، به‌ڵام نه‌خۆشینه‌که‌ی ئه‌و من گرتمه‌وه. شه‌یدایی من خۆی له شێتی ده‌دا، بۆ قه‌ده‌ک‌مۆر و قسه‌وباسه‌که‌ی، بۆ سه‌فاااوا و ده‌روده‌شت و مه‌زاران و باغات و کۆڕی زیکر و تاعاتی. ئۆقره‌م لا نه‌بوو. ئه‌و مووچه و مواجبه نه‌بایه ده‌که‌وتمه سواڵ. خۆ نه من و نه باوکم هیچ کارێکمان نه‌ده‌زانی و نه‌ده‌توانی. باوکم په‌ک‌که‌وته و خانه‌نشین بوو. هه‌ر ئه‌و مووچه‌یه بوو که پێی به‌ڕێ ده‌چووین، ده‌یجا نه‌مده‌توانی ده‌ستی لێ هه‌ڵگرم، خۆ ده‌نا سه‌ری خۆم هه‌ڵده‌گرت و ده‌ڕۆیشتم.
له مانگ زیاتر به سه‌ردا هات و هیچ هه‌واڵێک نه‌هات، شه‌وێک له پاش شێو خواردن، ناکاو یه‌کاڵا بوومه‌وه: (سبه‌ی ده‌ڕۆم، ده‌چم بۆ پاته‌خت، تا نه‌یدۆزمه‌وه و هه‌موو قسه‌یه‌کی ده‌گه‌ڵا نه‌که‌م و هه‌موو ڕێ‌وشوێنێکی لێ نه‌پرسم، ناگه‌ڕێمه‌وه..)
به‌یانی زوو خۆم گه‌یانده دایره، مۆڵه‌تم بۆ مانگێک وه‌رگرت. لای نیوه‌ڕۆ گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه. باوکم وتی نامه‌یه‌کی قه‌ده‌ک‌مۆرت بۆ هاتووه. نامه‌که‌ی دایه ده‌ستم. نه‌کرابۆوه. باوکم نه‌خوێنده‌وار بوو. نامه‌که‌م کرده‌وه:
«وێڕای سڵاوه سه‌وزه‌که، زۆرم پێ خۆش بوو زیاتر ده‌گه‌ڵتا هه‌ڵس‌وکه‌وت و گوت‌وبێژ بکه‌م، وه‌ک شتێک باوکت ڕه‌زا نه‌بوو، ده‌یووت "بۆ ماڵێک دێوانه و قه‌ڵه‌نده‌رێک ته‌واوه!" ئه‌و قسانه‌ی باوکت سه‌باره‌ت به سه‌فاااوا ده‌یکات زۆری وا نییه. ناهێڵم ساڵ تێ‌وه‌رسووڕێ سه‌ردانتان ده‌که‌م...»
باوکم چاوی تێ بڕیبووم: چی نووسیوه؟ پرسیاری باوکم بوو.
سڵاوی گه‌یاندووی، ساڵ تێ‌وه‌رناسووڕێ سه‌ردانمان ده‌کا. وڵامی من بوو.
هه‌ر ئه‌مه‌نده؟ سڵاو و سه‌ردان و هیچی تر؟ بڕێک مات بوو، له پاشان تێهه‌ڵچۆوه:
خوێڕیه‌پیاو بوو، له زگ‌له‌وه‌ڕاندن ده‌گه‌ڕێ. قسه‌کانی زۆری وا نییه. هه‌رچه‌ند ڕۆژ له سه‌ر که‌وڵه‌نانی که‌سێک!
ئه‌م قسه‌یه‌ی باوکمم زۆر پێ سه‌یر بوو. باوکم و لۆمه‌ی خه‌ڵکی لای سه‌فاااوا بکات؟ ئه‌و باوکه‌ی سی ساڵ بوو، به سه‌ریانیدا هه‌ڵده‌وت. ئه‌و باوکه‌ی هێندی به سه‌ریاندا هه‌ڵوتبوو، زۆر که‌س پێیان ده‌وت (که‌ڵبه‌ش، قیبتی...)
خوایه ئه‌مه چ سوڕێک و چ نه‌هێنییه‌ک بوو. ئه‌م جووته موریده بۆ زه‌م و لۆمه‌ی یه‌کدی ده‌که‌ن؟ ئه‌ی هاکا قسه‌ی ئه‌م دووانه وا نه‌بێ، ڕاستی چۆنه؟ ئه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک حه‌وتووه‌دا بۆ نێوانیان ئه‌وه‌نده خۆش بوو؟ ته‌نانه‌ت باوکم زۆر ڕۆژان و شه‌وان بڕێ ئیشی تایبه‌تی خۆی قت ده‌کرد تا ده‌گه‌ڵ قه‌ده‌ک‌مۆردا بێ! ئه‌ی ئه‌م گشته پێکه‌وه بوون و ده‌روده‌شت چوون و قسه گه‌رم‌وگوڕه‌ی نێوانیان؟
له ڕاستیدا مه‌نجه‌ڵه ئاوێکیان نابووه سه‌ر ئاگر و منیان تیایدا ده‌کوڵاند، خه‌ونه‌کانم زه‌رد و سوور و ڕه‌نگامه‌تر ده‌بوون. ئه‌وی له بابمم پرسی سه‌فاااوا له کوێوه‌یه؟ پێمی نه‌گوت. له هه‌ر که‌سێکی دیکه‌شم پرسیار ده‌کرد نه‌یانده‌زانی! ئێستا که نامه‌م له پاته‌خته‌وه بۆ هاتبوو، بڕیارم گۆڕیبوو، به‌ته‌مای زیاره‌ت و سه‌ردانی سه‌فاااوا بووم.
له خوار شاره‌که‌مانه‌وه گوندێک بوو، ده‌یانگوت چه‌ند که‌سێکی خه‌ڵکی ئه‌وێ سه‌ردانی سه‌فاااوایان کردووه، ده‌یانگوت بڕوایان بڕێک گۆڕاوه، خه‌ڵک پێیان ده‌گوتن "که‌ڵبه‌ش‌ـ‌قیبتی". ڕۆژی هه‌ینییه‌ک به‌ره‌و ئه‌و گونده به‌ڕێ‌که‌وتم. دوو سه‌عاتی زیاتر نه‌کێشا گه‌یشتمێ. له شانی گونده‌که ـ له ده‌ره‌وه‌ی گوندـ له ئۆتۆمبیل دابه‌زیم و ئۆتۆمبیله‌که به‌ره‌و شوێنیک دیکه که‌وته ڕێ. ته‌م‌ومژێکی خه‌ست جیهانی داپۆشیبوو، هه‌ر به‌ره‌و گونده‌که شه‌قاوم هه‌ڵێناوه، سه‌گێکی سپی‌سپی وه‌ک کافوور که له بن قه‌ڵاخه ته‌پاڵه‌یه‌ک پاڵ که‌وتبوو، هاکا منی بینی، باوێشکێکی درێژی کێشا، هه‌ستایه سه‌ر لاقه‌کانی و خۆی کێشاوه، پاشان به کلکه‌سووتێ به‌ره‌و من هات! بۆنی به خۆم و که‌وشه‌کانمه‌وه کرد و به هه‌ر له‌ونێک ده‌یزانی تێی‌گه‌یاندم ده‌بێ وه‌دوای که‌وم و به شوێنی‌دا بڕۆم! به دوایدا ڕۆشتم تا گه‌یشتینه چایخانه‌یه‌ک. له چایخانه چوومه ژوور. له سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتم و چایان بۆ هێنام. له کاکی چایچیم پرسی خۆراک و خوارده‌مه‌نی چیتان هه‌یه؟
چایچی زۆر به سه‌ر سوڕمانه‌وه وڵامی داوه: خوارده‌مه‌نی؟ هیچ!
هه‌ر له شانی خۆمه‌وه کابرایه‌ک هه‌ڵیدایه: ڕزق و ڕۆزی و به‌شه‌ڕزقی هه‌مووان هه‌ق ده‌ینێرێ. بێتوو به‌م هه‌ڵوایه قانع بی، فه‌رموو میوانی برای خۆت به.
پرێسکه‌یه‌کی خاوێنی ڕه‌نگامه‌ی کرده‌وه، حه‌وت هه‌شت نان و کاسه هه‌ڵوایه‌کی تێدا بوو. که نانی له سه‌ر هه‌ڵواکه لابرد، هه‌ڵواکه هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستا. هه‌ردووکمان هاوکات ده‌ستمان ده‌برد و به نان هه‌ڵوامان هه‌ڵده‌گرت و ده‌مانکرده پاروو. نه هه‌ڵوای شه‌که‌ر بوو نه هه‌ڵوای دۆشاو!
تۆ خوا کاکه ئه‌م هه‌ڵوا خۆشه له چی ساز کراوه؟
_ زۆرت پێ خۆشه؟ نان و پیاڵه هه‌ڵوا و پرێسکه هه‌مووی بۆخۆت. ده‌گه‌ڵ خۆتا بیانبه. ئه‌م ده‌ستووره‌ی تێکنهدهی قه‌ت نه نانی ته‌واو ده‌بێ و نه هه‌ڵوای!! تێر بخۆ و به‌شی هاوڕێکانیشت بده، هه‌ر به‌م ده‌ستووره بیپێچه‌وه، کارت نه‌بێ. شه‌وان و ڕۆژانی دڵداری و ویردی هه‌قت له یادا بێ!
پووڵی چایه‌کانی دا و له چایخانه ده‌رکه‌وتین. به قسه و باس له گوند هاتینه ده‌ر. به ڕاوێچکه ڕوومان کرده نێو باخێک. به نێو دره‌خته‌کاندا پیاسه‌مان ده‌کرد. له گوڵه وردیله ڕه‌نگامه‌کان ورد ده‌بووینه‌وه. له سه‌وزه‌ڵان و جۆگه‌له ئاو ڕاده‌ماین، له ئاسمانمان ده‌ڕوانی و ده‌ستمان له ئاوی جۆباره‌که وه‌رده‌دا و ده‌ست‌وچاومان ده‌شوت. به‌ره به‌ره له نێوانماندا بووه گه‌مه و گاڵته. ئاومان به سه‌ر و پۆتراکی یه‌کدیدا ده‌پژاند و یه‌کدیمان ڕاودوو ده‌نا! ڕامان‌ده‌کرده یه‌کدی و ده‌بووه زۆران‌بازیمان. ده‌نگی به‌رزی قاقاکێشانی ئێمه ئه‌و نێوه‌ی هه‌ژاندبوو. کاتێ ماندوو بووین و دانیشتین، پرێسکه‌ی نان و هه‌ڵوام کرده‌وه و له نێوانماندا ڕام‌خست. که نانم له سه‌ر هه‌ڵوا لابرد، هه‌ڵوا هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستا. کابرا ده‌ستی به باخه‌ڵیدا کرد و بۆتڵێکی شه‌ڕاب ده‌رهێنا. ده‌ستمان کرد به خواردن و خواردنه‌وه. ئای خوایه چه‌نده‌م برسی بوو. له چاوی پیس به‌دوور، هه‌ر خواردمان و خواردمانه‌وه، هه‌ر خواردمان و خواردمانه‌وه، هه‌ر... تا به لادا که‌وتین. خه‌ریک بوو چاوه‌کانم ده‌چوونه خه‌و، له نێوان خه‌ون و ئه‌غیاریدا، کابرا پێمی ده‌ووت:
_ ده‌ستووری ئه‌م پرێسکه و نان و هه‌ڵوایه تێکنهدهی، وێردی هه‌قت له یادا بێ، که به‌ڕێ‌که‌وتی پیرۆزی...
نازانم زۆر خه‌وتم، که‌م خه‌وتم، کاتێ له خه‌و ڕاپه‌ڕیم و هاتمه‌وه خۆ، ئێواره وه‌ختێکی دره‌نگان بوو، کابرا نه‌مابوو. پرێسکه‌ی نان و هه‌ڵوا پێچرابۆوه و له نێو باوه‌شمدا بوو. له باخه‌که هاتمه ده‌ر و هاتمه سه‌ر جاده‌که. ئۆتۆمبیلێک به‌ره‌و شار ده‌چوو. سوار بووم و گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه. بۆ ماوه‌یه‌ک بڕێک کوڵ‌وکۆم دامرکابوو. هه‌ر به متاڵا و نان و هه‌ڵوا و وێردی هه‌ق سوکناییم داده‌هات. چه‌ند مانگێک به سه‌ر چوو، ڕۆژێک که له دایره‌وه گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه، باوکم نامه‌یه‌کی دایه ده‌ستم. که نامه‌م خوێنده‌وه باس باسی سه‌فاااوا و وێردی هه‌ق و نان و هه‌ڵوا بوو. نامه‌که دوو ناوی له ژێردا بوو. کابرای قه‌ده‌ک‌مۆر و کابرای نان و هه‌ڵوا. داوایان لێم کردبوو وچان و مۆڵه‌تی دایره وه‌رگرم و به‌ره‌و سه‌فاااوا بڕۆم! شوێن و ڕێگه‌شیان بۆم دیاری کردبوو.
کێچ که‌وته که‌وڵم. سرووشی نه‌هێنیی دامرکاو، هێرشی هێنایه‌وه. چ سێ ڕۆژی نه‌کێشا، به‌ره‌به‌یانێکی زوو به‌ره‌و سه‌فاااوا به‌ڕێ‌که‌وتم. یه‌که‌م شه‌و له دۆزه‌خ‌ده‌ره میوانی ده‌روێشه‌کانی شێخی ئه‌وێنده‌رێ بووم. تا نیوه‌شه‌ومان به ده‌فه لێدان و زیکر و ویردی خۆمانه‌وه ڕابوارد. سبه‌ی که ویستم به‌ڕێ‌که‌وم شێخ فه‌رمووی ده‌بێ بگه‌ڕێیه‌وه و ده‌گه‌ڵ باوکتا ماڵ‌ئاوایی که‌ی و گه‌ردن‌ئازایی و ئیزن و مۆڵه‌ت بخوازی.
گه‌ڕامه‌وه و نیوه‌ڕۆژه‌م ده‌گه‌ڵ باوکمدا کرد. که مۆڵه‌ت و ئیزنم لێ خواست و داوای گه‌ردن‌ئازاییم کرد، باوکم وه‌ک گوڵه‌باخ پشکووت و گه‌شایه‌وه و بزه‌یه‌کی سه‌یر ته‌واوی ڕوخساری داگرت. ماچمی کرد و گوتی هه‌زار که‌ڕه‌ت، هه‌زار که‌ڕه‌ت!
دوو شه‌و دواتر له شاره‌دێی شه‌مزینان بووم. میوانی ماڵی یه‌کێ له نه‌وه‌کانی شێخی گه‌وره. شه‌وێ بۆ شێو پیاوانی ئاوه‌دانی زۆربه‌یان هاتن. شێخ فه‌رمووی هه‌موومان میوانی نان و هه‌ڵوای میوانین! بۆخۆم نانم ده‌دایه ده‌ستیان و هه‌ڵوام بۆ تێ ده‌کردن. که به هه‌موانم گه‌یاند و بۆخۆم ده‌ستم به خواردن کرد، هه‌ڵوا هه‌ر له جێی خۆی بوو، نه که‌می کردبوو نه زیاد. شه‌ومان به ته‌لاوه‌ت و وێرد ڕابوارد و دوو ڕۆژ دواتر له زیاره‌تی سێسه‌د و شه‌ست مه‌زاران بووم. شه‌و له حه‌وشه بووین. له ناو مه‌زاران و به‌رده‌م مه‌زاران و له ده‌وری حه‌وز و کانی و ئاو و ئاوه‌دانی. ده‌نگی ده‌فه و ده‌نگی بلوێر و ده‌نگی وێرد؟ تاعات و موناجات و دۆعا و نزا؟ ده‌ڕۆی، ده‌ڕۆی، ده‌ڕۆی. هه‌ر به ده‌م وێرده‌وه خه‌وم لێ که‌وت...
به‌ره‌به‌یان که هه‌ستام که‌س به ده‌وره‌مه‌وه نه‌مابوو. ته‌نها بووم و شنه‌یه‌کی عه‌تراوی ده‌یلاواندمه‌وه. ده‌فه‌یه‌ک له بن سه‌رم داندرابوو، بلوێرک له شانی. تاعه‌تی به‌ر شنه‌ی به‌یانان و به دوایدا هه‌ڵوای گه‌رم و سه‌رخۆش بوون! یانی هه‌میشه له پاش هه‌ڵوا خواردن سه‌رخۆش ده‌بووم. بلوێر و پرێسکه نانم ده خورجێن هاویشت، به شانمدا کرد و به ده‌فه لێدان به‌ڕێ‌که‌وتم. سه‌رخۆش بووم و خه‌مم نه‌مابوو. کوڵ‌وکۆی هه‌موو که‌سه‌رێک له ده‌روونما دامرکابوو. تاقه ده‌نگی ده‌فه و وێرد و کۆڵێک خه‌ون و خولیا له ده‌روونما جووڵه‌جووڵیان بوو، ئه‌ویش چه‌نێ خۆش؟ چه‌نێ ڕه‌نگاوڕه‌نگ؟
ئیدی له کوێ بووم و به‌ره‌و کوێ ده‌چووم؟ چ واده‌ی ڕۆژ یان شه‌و بوو؟ ئه‌مانه له ئارادا نه‌بوون. ئه‌غیار و سه‌رخۆش ئێواره دره‌نگانێک گه‌یمه گوندێک که به پێی ئه‌و ڕێ‌وشوێنه‌ی نێو نامه‌که، نیزیکترین گوند بۆ سه‌فاااوا بوو. له‌خۆڕا له دڵم چه‌قیبوو ده‌بێ ئه‌و شه‌وه له‌و گونده‌دا بمێنمه‌وه. به نێوه‌ڕاستی گونده‌که‌دا ده‌ڕۆیشتم، چایخانه‌یه‌ک له به‌رده‌مم قود بۆوه. لام‌دایه چایخانه‌که، هه‌م پشوویه‌ک بده‌م، هه‌م ڕێ‌وشوێن و جاده‌ی سه‌فاااوا پرسیار که‌م! له‌گه‌ڵکوو له چایخانه چوومه ژوور، چاوم به زه‌لامێک که‌وت، ده‌توت کابرای قه‌ده‌ک‌مۆره. ڕاست به‌ره‌و ئه‌و چووم و سڵاوم لێی‌کرد. زۆر به وردی له منی ده‌ڕوانی. بزه‌یه‌کی ته‌وساوی ڕوخساری داگرتبوو. که‌وایه‌کی شۆڕی قه‌ده‌کی نارنجی له به‌ردا بوو، نا ئه‌مه قه‌ده‌ک‌مۆرنییه، زیاتر له کابرای نان و هه‌ڵوا ده‌چوو، که‌چی ئه‌ویش نه‌بوو.
ـ ڕێبواری ڕێگایه‌کی دوورم، کامه‌یه ڕێگای سه‌فاااوا؟
ـ کات دره‌نگانه، له نێو دارستانا بزر ئه‌بی. ئیمشۆ هه‌ر له‌م گونده بمێنه‌وه، سبه‌ی ڕێگات پێ نیشان ئه‌ده‌م. هه‌ر به چا خواردنه‌وه و قسه‌یه‌ک له‌م‌لا و دوو قسه له‌ولا کاتمان ڕابوارد. ده‌ماوده‌می بانگی شێوان وتی: ـ له‌و نان و هه‌ڵوایه به‌شم ئه‌یه‌ی؟
ـ جا تۆ به نان و هه‌ڵوا ڕازی بی....
هه‌ر له شێو کردن ده‌ستمان کێشاوه، خۆر ئاوا بوو، له ناکاو چایخانه چۆڵ بوو و که‌سی تێدا نه‌ما. کابرای قه‌ده‌ک‌نارنجی، که‌واکه‌ی داکه‌ند و هاویشتییه سه‌ر شانم و وتی: ده‌چیه سه‌ربانی ئه‌م چایخانه‌یه، دوو نهۆمه. ده‌ستێ جێ‌وبانی لێیه. هاکا گه‌یشتییه سه‌ربان په‌یژه‌که هه‌ڵکێشه سه‌رێ. تاکوو سبه‌ی خۆر نه‌که‌وێ، دایکت بێ، باوکت بێ، په‌یژه بۆ که‌س شۆڕ نه‌که‌یتۆ، ئه‌تکوژن ها!! ئه‌تخۆن ها!! هاتو که‌سێ، دڕنده‌یێ گه‌یشته بان، ئه‌م که‌وایه له خۆت تون که و کارت نه‌وێ.
له چایخانه هاتینه ده‌ر، ده‌رکی چایخانه‌ی داخست. به په‌یژه‌دا سه‌رکه‌وتم. له خواره‌وه ماوه و یارمه‌تیمی دا په‌یژه‌م هه‌ڵکێشا سه‌رێ. که له خواره‌وه‌م ڕوانی، کابرا نه‌مابوو! که‌س به ده‌ره‌وه نه‌بوو. بێده‌نگییه‌ک بوو زه‌نده‌قدار زه‌نده‌قی ده‌چوو. ته‌م‌ومژ و تاریکانێک به سه‌ر وڵات کشا، چاو گه‌زێک ئه‌ولاتره‌وه‌ی نه‌ده‌بینی.
چوومه سه‌ر جێ‌وبانه‌که، ده‌ستم کوتا و لای سه‌رمم ناسییه‌وه. ده‌ستم کوتا شه‌ربه ئاوێکی پڕ له بن سه‌رم بوو. پرێسکه‌ی نان و هه‌ڵواکه‌م له ژێر سه‌رم دانا و ڕاکشام. ئه‌ستێره‌یه‌ک به ده‌ره‌وه نه‌بوو. بایه‌کی سه‌یر ده‌یلووراند. ئه‌مه با نه‌بوو؛ هه‌زار دێڵه گه‌ماڵی تووتک تۆپیو بوون ده‌یانلووراند و دڵی مرۆڤیان ده‌ته‌قاند. تاریکان هه‌ر ده‌هات و تۆختر ده‌بوو، له ناکاو هه‌زار سه‌گ به سه‌گوه‌ڕ به‌ره‌و چایخانه ده‌هاتن. به ده‌نگیاندا ده‌مزانی له ده‌وری بیناکه هاڵاون. ڕایان‌ده‌کرد و جار نه جارێک، وا دیار بوو به هه‌موویان یه‌کیانیان ده‌دایه به‌ر هه‌شاوڵ و گه‌زین و کوشتن و خواردن. وه‌ڕه وه‌ڕ و زاق‌وزرووقی سه‌گه‌ل زراوی شێری ده‌ته‌قاند. له نێو تاریکایی سنگی ئاسمان و تاریکانی حه‌وادا به ده‌یان و سه‌دان ڕه‌سمی ده‌عبای دڕنده‌م ده‌هاته به‌رچاو. ڕایان‌ده‌کرده سه‌رم، دیانه‌کانیان لێم چیڕ ده‌کرده‌وه، ده‌میان داده‌پچڕی.
له‌وانه بوو زراوم بته‌قێ و فججه بکه‌م. به‌ڵام چار چ بوو؟ هه‌روه‌ک چۆن له ناکاودا ئه‌م هه‌را و زه‌نایه هه‌ستا، هه‌ر ئاوا له ناکاویشدا بێده‌نگی باڵی به سه‌ر ده‌وروبه‌ردا کێشا. بێده‌نگییه‌که وه‌ها بوو، له‌وانه بوو گوێ کون بێ و بته‌قێ! به‌ڵام له گشت ئه‌مانه سه‌یرتر هه‌ست به خۆف و مه‌ترسی بوو. له هه‌ر چرکه‌یه‌کدا چاوه‌ڕوانی به کوشت‌چوون بووم! به‌ره‌به‌ره سه‌گ‌لوور ساز بۆوه، ده‌نگه‌که بازنه‌بازنه و شه‌پۆل‌شه‌پۆل ده‌هاته پێشه‌وه و له ده‌ورم ده‌هاڵا. بڕێ‌جار هه‌ستم ده‌کرد ته‌واوی گۆڵه گه‌ماڵی ئه‌م گونده له سه‌ر «دێڵه‌به‌با» به گژ یه‌کدا ده‌چن. زۆر جار ده‌مبینی سێ چوار گه‌ماڵ به چنگه‌کڕێ خه‌ریکن به دیواره‌کاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن که بێنه سه‌ربان، جا وه‌ره خۆف و ترسم زیاتر ده‌بوو، چۆن؟ ده‌ستی لێ مه‌ده. به‌ڵام که نه‌یانده‌توانی سه‌رکه‌ون، لێیان ده‌دا و ده‌ڕۆشتن. چه‌ند که‌ڕه‌ت گوێم لێ بوو که‌سێک له بن دیواره‌که‌دا به ده‌نگێکی وه‌ک پاڕانه‌وه و نووزانه‌وه، تکا و ڕجای ده‌کرد په‌یژه‌که‌ی بۆ شۆڕ که‌مه‌وه تا بێته سه‌ربان، ئه‌گینا سه‌گه‌ل ده‌یخۆن. ده‌پاڕاوه، ده‌لاڵاوه، ده‌گریا و...
به‌ڵام کابرای قه‌ده‌ک‌نارنجی وای ئاوی چاوم دانه‌ڕشتبوو، دڵم نه‌رم بێ! وه‌ڵڵا و بیللا و ته‌ڵڵا دایکم و باوکمم له بن دیواره‌که به ده‌نگیاندا ناسییه‌وه که ده‌پاڕانه‌وه و ده‌لاڵانه‌وه په‌یژه‌که‌یان بۆ شۆڕ که‌مه‌وه. به‌ڵام نا!
له نیوه‌شه‌و به‌ولاوه، حیزه‌ڕووناکایییه‌ک به سه‌ردا هات، بڕێک ترسم ڕژا. له سه‌ر جێ‌وبانه‌که ڕاکشام و چوومه ماڵی فیکره‌وه: ئه‌مه چ بارودۆخ و حاڵ‌وباڵێکه؟ من کێم؟ به شوێن چییه‌وه‌م؟ ئه‌م سه‌گوه‌ڕ و سه‌گ‌لووره چییه؟ خه‌ڵکی ئه‌م گونده چی‌یان لێ‌هات؟ له کوێن؟
پێلووه‌کانم به سه‌ر یه‌کدا ده‌کشان و ڕاده‌چه‌نیم! چما کڕه‌کڕ و چنگه‌پڵماسکێی سه‌گه‌ل نه‌بایه ده‌چوومه غوڕابی خه‌وێکی زۆر قووڵه‌وه، به‌ڵام نا. له سه‌ر جێ‌وبان ڕاده‌په‌ڕیم، خۆم ده‌گه‌یانده گوێسه‌وانه‌ی سه‌ربانه‌که و به دار و تێڵا له سه‌روگوێلاکی ئه‌و سه‌گانه به‌رده‌بووم که ده‌یانهه‌ویست به دیواره‌که‌دا هه‌ڵگه‌ڕێن. چ شه‌وێک بوو؟ خوایه چ شه‌وێک بوو؟ پتر له ده که‌ڕه‌ت به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم سه‌گه‌ل زاروویان ده‌ڕفاند، له‌ت‌وپه‌تیان ده‌کرد، له ده‌می یه‌کدییان ده‌ڕفاند و ده‌یانخوارد!! له هه‌موو شتێ سه‌یرتر ئه‌وه بوو: ئه‌و شه‌وه کۆتایی نه‌ده‌هات و نه‌ده‌هات و ... نه...
نه‌شمده‌زانی ئه‌وی به به‌ر چاومدا دێ، ئه‌وی به خه‌یاڵمدا دێ، ئه‌وی ده‌یبینم، ئه‌وی ده‌یبیسم، کامه‌ی ڕاستییه و کامه‌ی خۆف و خه‌یاڵاته. بۆ کامه‌ی به‌په‌رۆش بم و له کامه‌ی بێ‌خه‌م و خه‌یاڵ بم؟...
له سه‌ر جێ‌وبان وه‌نه‌وزێکم دا و که له وه‌نه‌وز ڕاپه‌ڕیم، ڕووناکاییه‌کی زۆر به سه‌ردا هاتبوو، سه‌گێکی زه‌لام گه‌یشتبووه سه‌ربان و له منی ده‌ڕوانی. قه‌ده‌کم به خۆمدا دا و ده‌ستم دایه تێڵاکه. سه‌گه هه‌ر چاوی به قه‌ده‌که نارنجی که‌وت دستی کرد به کلکه‌سووتێ، به ته‌رکی سه‌ربانه‌که‌دا پان بۆوه. هه‌ستم کرد چه‌ند سه‌گێکی دیکه‌ش خه‌ریکن سه‌رده‌که‌ون. به تێڵاوه ڕام‌کرده سه‌ریان. سه‌گه‌ی سه‌ربانیش ڕای‌کردنێ و به‌رگری ده‌کرد سه‌گه‌ل نه‌یه‌نه سه‌ربان. ئه‌م‌جاره‌ش سه‌گه‌ل کشانه‌وه، به‌ڵام کشانه‌وه و ڕاکردنیان بۆ شوێنێکی زۆر دوور هاوکات بوو. ئیدی نه سه‌گوه‌ڕ ما و نه سه‌گم بینی. ڕووناکایی سپێده کامڵ بوو. له‌وبه‌ری گونده‌وه ده‌نگێکی به‌کۆڕ و زۆر دڵ‌ڕفێن به‌رز بۆوه، ده‌نگی جه‌ماوه‌رێکی زۆر بوو، هاوده‌نگ ئاوازی سروودێکیان ده‌گه‌یانده گوێی عه‌رز و ئاسمان. باسی گوڵه‌باخ و عه‌تری گوڵه‌باخ و گۆرانی بولبولی به‌یان بوو. ده‌نگ و ئاواز و شیعرێکی ئاسمانی و به‌هه‌شتی بوو. به لادا هاتم، به سه‌ر جێ‌وباندا که‌وتم و ئیدی چیم له یادا نییه!
که له‌و خه‌وه ڕاپه‌ڕیم، هه‌تاو به سه‌ر هه‌موو وڵات‌دا گه‌ڕابوو. که له نێو ئاوه‌دانیم ڕوانی. خه‌ڵک یه‌ک و دوو له هام‌وشۆدا بوون. چایخانه‌ش کرابۆوه و مشته‌ری ده‌روژووریان ده‌کرد. له دۆخ و چۆنیه‌تی خه‌ڵک و وڵات خورد بوومه‌وه، له ئاخافتن و هام‌وشۆکه‌شیان. دوور و نیزیک ئه‌وی ده‌مبینی و ده‌مبیست، ئاسایی بوو. هیچ‌که‌س ببڕاببڕ باسی قسه و باس و ڕووداوه‌که‌ی شه‌وێ بکات؟ له‌م حه‌یس‌وبه‌یسه‌دا قه‌ده‌ک‌نارنجی به جل‌وبه‌رگێکی دیکه‌وه په‌یدا بوو، ئه‌گه‌ر زانیتان به چ جل‌وبه‌رگێکه‌وه؟...
دوو قه‌ده‌کی به سه‌ر یه‌کدا له به‌ردا بوو، قه‌ده‌کێک مۆر و قه‌ده‌کێک نارنجی. که هه‌رای کردمێ، سپێده باش و چاک‌وچونیمان کرد. جێ‌وبانم وه‌کۆ کرد، په‌یژه‌م شۆڕ کرده‌وه و چوومه خوارێ. ده‌ست‌وموشتاخمان کرد و چووینه نێو چایخانه. هه‌ردووکمان به سه‌ر سوڕمانه‌وه لێکمان ده‌ڕوانی. له پاش خواردنه‌وه‌ی چایه‌ک و کێشانی جگه‌ره‌یه‌ک وتی: هه‌ڵواکه‌ت ده‌رێنه به‌رقه‌نده‌یه‌ک بکه‌ین.
ـ نان و هه‌ڵواکه‌م شه‌وێ خوارد، ته‌واو بوو، نه‌ماوه!
خۆی ده‌ستی درێژ کرد، پرێسکه‌ی کرده‌وه و وتی: ده‌یجا تۆ میوانی من به، وه‌ره نان و په‌نیر بخۆین!
پرێسکه‌که‌ی منی کرده‌وه. که نانی له سه‌ر پیاڵه‌که لابرد، پیاڵه‌که پڕ له په‌نیر بوو!
نانه‌کانم ناوه سه‌ر پیاڵه‌که و وتم: ڕوسمی خۆم تێک‌ناده‌م. قه‌راری نان و پیاڵه و پرێسکه و هه‌ڵواشم نه‌شکاندووه، تۆ میوانی منی، یان نان ناخۆم، یان نان و هه‌ڵوا ده‌خۆین.
وتی: جا بڵێم چی؟ ڕێبواری، پانزه بیست کات‌ژمێر ڕێگه‌ت له‌به‌ره، ئه‌گینا تازه نان و هه‌ڵوات ده‌بینی؟
که ده‌ستم برد و نانه‌کانم له سه‌ر پیاڵه لابرد، هه‌ڵمی هه‌ڵوا چایخانه‌که‌ی پڕ کرد. چاوه‌کانم فرمێسکیان تێزا و ئاو به چاومدا هاته خوار. ماچمی کرد، ده‌ستی نایه نێو ده‌ستم و بۆ خوله‌کێک ده‌سته‌کانمی گوشی.
له کاتی به‌رقه‌نده کردندا پرسیارم لێ کرد: ئه‌مشه‌و چ باس بوو؟
نیگایه‌کی ناقایلمی کرد و ده‌م‌وچاوی تێکنا. بۆ ماوه‌یه‌ک چی نه‌وت، له پاش به‌رقه‌نده و چا خواردن و جگه‌ره کێشان، نیگای بڕیه دووکه‌ڵی هاڵقه به هاڵقه و بازنه بازنه‌ی جگه‌ره‌که‌ی و له پاشان ده‌ستی پێ‌کرد:
ـ جه‌ژنی سپاس و پێ‌زانین و شوکرانه بوو. گوێت له ده‌نگی ده‌فه و بلوێر نه‌بوو؟
ـ ئه‌م گه‌ماڵانه بۆ وایان ده‌کرد؟ که‌س له نێو گوندا نه‌مابوو؟
ـ تاریکه‌شه‌و سه‌گ ده‌ترسێن. سێبه‌ریش زۆر دێن و ده‌چن، سه‌گ هار ده‌بن. شه‌وی ئاوها له‌م وڵاته‌دا ده‌بێ زۆر هۆشیار بی... بووه غه‌ریبه هه‌ڵدڕن...
ـ ئه‌ی که وایه و ئه‌م مه‌ترسییه له ئارادا بوو، بۆ له‌گه‌ڵ خۆتا نه‌تبردم؟
ده‌م‌وچاوی تێکنا و:
ـ تا نگردی آشنا زین پرده رمزی نشنوی/ گوش نامحرم نباشد جای پیغام سروش
له چایخانه ده‌رکه‌وتین. له سه‌ربانی هه‌موو ماڵانه‌وه دووکه‌ڵێکی سپی‌سپی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌بۆوه. بۆنی کولێره و نان و برێشکه شه‌قام و کۆڵانی پڕ کردبوو. گه‌یشتینه دارستانێک. بزنه‌ڕێیه‌کی پێم نیشان دا و هه‌روه‌کوو به قسه کردن ده‌ڕۆیشتین، ناکاو ته‌ماشام کرد نه‌ماوه! له خه‌ونێک ڕاچه‌نیم، ته‌نهای ته‌نها بووم!
به سه‌ر بزنه‌ڕێ و به نێو دارستاندا ده‌ڕۆیشتم و ئاگام له دنیا بڕابوو. زۆر ڕۆیشتم، که‌م ڕۆیشتم، نازانم! له پاش ده دوانزه ده‌م‌ژمێر به‌ڕێدا ڕۆیشتن و دووسێ که‌ڕه‌ت نان و هه‌ڵوا خواردن گه‌یمه بڵنداییه‌ک. سه‌ر بڵندایی دره‌ختێکی زۆر به‌رزی لێ بوو. له خۆڕا به دڵمدا هات: زۆر ماندووم، ده‌با له ژێر ئه‌م دره‌خته پیرۆزه بڕێک بحه‌سێمه‌وه.
جێگای خۆم خاوێن کرده‌وه. له ژێر دره‌خته‌که دانیشتم و نازانم که‌نگێ و چۆن خه‌و بردمیه‌وه. که له خه‌و ڕاپه‌ڕیم، تاریکانی خه‌ست دنیای ته‌نیبوو! زۆر له دووره‌وه ده‌نگێکم به حاڵه‌حاڵ ده‌هاته گوێ: بڕۆ سه‌ر دره‌خته‌که...
به دره‌خته‌که‌دا سه‌رکه‌وتم. سه‌رکه‌وتنێکی به‌بێ کۆتایی، هه‌ر ده‌ڕۆیشتم و نه‌ده‌گه‌یشتمه شوێنێکی باش و به دڵی خۆم. وای لێ هات هه‌ستم ده‌کرد سه‌عاتێکه به‌ڕێوه‌م. چیدی زیاتر ڕۆیشتن نه‌ده‌کرا. له دووره‌وه، زۆر دوور، چراکانی گوندێک دیار بوون. به به‌راوردێک دووسێ سه‌عاته ڕێ ده‌بوو. بڕێک داکشام و شوێنێکم بۆ ئۆقره گرتن و شه‌و مانه‌وه په‌سند کرد.
نان و هه‌ڵوایه‌کی باشم خوارد. قه‌ت ئه‌وه‌نده‌م نه‌خواردووه. باش سه‌رخۆش بووم. له‌پڕ هه‌ستم کرد ژێر دره‌خته‌که پڕه له جانه‌وه‌ر. جا چ دڕنده و جانه‌وه‌رێک خودا عالم! جێگاکه‌م متمانه‌ی هه‌بوو. چاوم نا سه‌ر یه‌ک و نه‌مزانی ده‌وره و خول و بڕگه‌ی کام پادشایه. له تاریکیدا به ده‌وری خۆمدا ده‌خولامه‌وه، گورگێکی زۆر ده‌وره‌یان دابووم. پڕم کرد به قه‌ده‌ک‌نارنجییه‌که‌ی کابرا و دام به سه‌رمدا، گورگ هه‌موو هه‌ڵاتن. له ناکاو گوێم لێ بوو هه‌رام لێ ده‌که‌ن. له خه‌و ڕاچه‌نیم. له ژێر دره‌خته‌که‌وه کابرای قه‌ده‌ک‌نارنجی هه‌رای لێم ده‌کرد!
له دره‌خته‌که چوومه خوار. هه‌ر گه‌یمه بن دره‌خته‌که، وتی: دانیشه. ڕێگایه‌کی دوور و درێژی به‌بێ بڕانه‌وه‌مان له‌به‌ره، ئه‌و نان و هه‌ڵوایه ده‌رێنه!
ـ تۆ چی و ئێره چی؟ منت چۆن دۆزییه‌وه؟
ـ زۆرت بۆ به‌په‌رۆش بووم و کاتێ گه‌یشتمه ئێره، له‌وانه بوو هورچ بۆت بێنه سه‌رێ!!
له بێده‌نگیدا به‌رقه‌نده خورا، جگاره‌یه‌کی کێشا و به‌ڕێ‌که‌وتین. بڕێک وڕوکاس بووم، نازانم بۆچی چاوه‌کانم ده‌نانه سه‌ر یه‌ک، قۆڵی قه‌ده‌ک‌نارنجیم ده‌گرت و وه‌ک کوێر و چاوساغ ده‌ڕۆیشتین. بێتوو بڵێم جاروبار خه‌وم لێ‌ده‌که‌وت و له خه‌ودا ڕێم ده‌بڕی بڕوام پێ بکه‌ن! نازانم چه‌نده‌مان ڕێ بڕیبوو قه‌ده‌ک نارنجی نه‌ڕاندی: هه‌ر تۆی، هه‌ر تۆی، هه‌ر تۆی...
که چاوم کرده‌وه پێخاوس بووم، قه‌ده‌ک‌نارنجیش پێخاوس بوو. له به‌رامبه‌ر قه‌ده‌ک‌مۆر و زاتێکی سه‌رتاپا سپی‌پۆشی سه‌روڕدێن سپی‌دا ڕاوه‌ستابووین. قه‌ده‌ک‌نارنجی و قه‌ده‌ک‌مۆر زۆریان یه‌کدی ماچ کرد، دوایه هه‌رسێکمان پیره‌ی سه‌روڕدێن سپیمان ماچ کرد. قه‌ده‌ک‌مۆر هه‌ر خۆی تێم‌نه‌گه‌یاند! نازانم کێ؟ که‌وشه‌که‌میان لێم وه‌رگرت. دووبه‌دوو ده‌گه‌ڵ پیره‌دا به قه‌راخ دوو ڕیز شۆڕه‌بیدا به‌ره‌و باره‌گایه‌ک چووین. ده‌ستمان به دیواری باره‌گاوه گرت و ته‌وافێکمان کرد. وه‌ژوور که‌وتین. تا نیوه‌ی ژووره‌که ڕووناک بوو، له نیوه به‌ولاوه سه‌یر تاریک بوو، هه‌ر گه‌یشتینه تاریکاییه‌که که‌وتمه نێو حه‌وزێکه‌وه، ئاوه‌که‌ی سه‌هۆڵاو بوو. له نێو ئاوه‌که‌دا ده‌ستم ده‌کوتا و هیچ کوێ نه‌بوو ده‌ستی پێ بگرم و بێمه ده‌رێ. هه‌ستم ده‌کرد وێک‌دێم! هه‌ستم ده‌کرد شه‌ش ده‌ور ده‌مگوشن و وێک‌دێم. جاروبار ده‌ستێک له سه‌ر سه‌رم ده‌نیشت و له ئاوه‌که‌دا نقوومی ده‌کردم. کات ڕاوه‌ستابوو، دڵیشم، هه‌ناسه‌شم! تاریکانی چاڵه‌ڕه‌شێکی ئاسمانی هه‌ڵیلووشیبووم. دیانه‌کانم شه‌قه‌شه‌ق لێک ده‌که‌وتن و ده‌نگ‌دانه‌وه‌ی شه‌قه‌شه‌قی دیانه‌کانم وه‌ک هه‌وره تریشقه ده‌ته‌قییه‌وه.
نازانم خوماری مه‌ستی مه‌ی بووم یا نه‌شه‌ی به‌نگی سه‌مه‌رقه‌ند و بوخارا؟ به‌ڵام له سه‌ر سه‌کۆی بن دیواری باره‌گایه‌ک دانیشتبووم و هه‌ڵم و بوخارێکی سپیی چڕ، وه‌ک دووکه‌ڵی ته‌ندووری گوڵخانه‌یه‌کی سه‌ناعات و ته‌کنیکی له ئازای له‌شمه‌وه به‌ره‌و ئاسمان لوول ده‌بۆوه. هه‌ڵده‌به‌زیم، هه‌ڵده‌له‌رزیم. ته‌نها سه‌دای ئه‌و ناوچه‌یه، ده‌نگی شه‌قه‌شه‌قی وێک‌که‌وتنی دیانه‌کانم بوو. هه‌ستم ده‌کرد ته‌واوی قژی سه‌ر و برۆ و سمێڵ و ڕیش و ئازای ئه‌ندامم سپی سپی و سیخ بوونه‌ته‌وه. به لادا هاتم و له سه‌ر سه‌کۆ به‌ربوومه‌وه.
له نێوه‌ڕاستی مه‌زاراندا دووسه‌د سێسه‌د که‌س ده‌بووین، له‌و پیره‌مێرده هاڵابووین که ده‌گه‌ڵ قه‌ده‌ک‌نارنجی و قه‌ده‌ک‌مۆر چاوم پێی که‌وت. پێیان ده‌ووت "سوا". له نێوه‌ڕاستی جه‌ماوه‌ره‌که‌دا بوو سوا. قسه‌ی بۆ کێ ده‌کرد سوا؟ ڕووی له که‌س نه‌بوو سوا. (قسه‌ی بۆ گۆی زه‌وی ده‌کرد سوا):
گوڵه‌باخ هه‌ر گوڵه‌باخه، چ له کابه و چ له قودس و چ له مه‌زاران و چ له به‌ناڕه‌س. عه‌تری گوڵه‌باخ هه‌ر ئه‌م عه‌تره‌یه. داده‌ی بۆن به په‌نجه‌ی شاده‌ومانه‌وه بکه‌ن. ئه‌م عه‌تره ڕاست به‌ره‌و حه‌وای ڕاگرن، ئه‌م عه‌تره، نینۆکی په‌نجه‌ی شاده‌ومان له سه‌ر ته‌رکی عه‌رزه‌که دانێن، ئه‌م عه‌تره.
ده‌ڵێن سه‌ت و بیست و چوار هه‌زار، نا... زۆره... سه‌ت وبیست. ده هه‌ستن ئه‌م سه‌ت و بیست مه‌زاره زیاره‌ت که‌ن. به‌رد، به‌رد، به‌رد. دنیا به گه‌وره دامه‌نێن، دڵتان گه‌وره بێ، جیهان بهاونه دڵتانه‌وه، کام جیهان؟ گوڵه‌باخ و شۆڕه‌بی و مه‌زرای گه‌نم و باغه‌سێو. ئاوی ئاوداشتنی گشت ئه‌م جیهانه، ئه‌و کانییه‌یه که سه‌رچاوه‌که‌ی له نێو دڵی ئێوه‌دایه. ئاوه‌که‌ی، ئاوی ئاوداشتنی ته‌واوی مائیده‌ی دونیا له دڵی ئێوه‌دا هه‌ڵده‌قوڵێ. پێتان خۆشه باخی جیهان و مه‌زرا و ساراتی جیهان ئاوپژێن که‌ن و ئاوی بدێرن؛ پێتان خۆشه سه‌رچاوه‌ی کانییه‌که به به‌رد و بێتوون و چه‌مه‌نتوو کوێر که‌نه‌وه. به‌ڵام بۆنی گوڵه‌باخ؟ عه‌تری گوڵه‌باخ له بن نایه. مه‌زرای گه‌نم و باغه‌سێو له بن نایه. سێبه‌ری شۆڕه‌بی و ئاوی پێویستی ئه‌م جیهانه له بن نایه. ئاوی کانییه‌که له شوێنێکی دیکه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. له‌وبه‌ری ئه‌و باخ و سارات و بینایه‌وه که تۆ ده‌ستت به سه‌ریدا ده‌ڕوا. له‌وبه‌ری پرده‌که‌وه، له‌وبه‌ری گوند و شاره‌که‌ی تۆدا. بۆ هه‌تا هه‌تایه، گوڵه‌باخ هه‌ر گوڵه‌باخه و عه‌تری گوڵه‌باخ عه‌تری خوایه... برا گه‌وره‌م بن، برای خۆشه‌ویست و پیر و سوام بن... گوڵ بن و دڕک مه‌بن...
(له ده‌رگایان دا، چووم درگام کرده‌وه. ماڵه جیرانه‌که‌مان کولێره ناسکه و کولێره په‌نجه‌ی گه‌رم گه‌رم و تازه‌ی بۆ ناردبووین، گوڵه‌باخ، کیژۆڵه‌ی زۆر جوانی جیرانه‌که‌ی دیکه‌مان یارمه‌تی ده‌دا و به سه‌ر ماڵه جیرانه‌کاندا بڵاوی ده‌کرده‌وه. مرۆڤ زۆری گوڵن، گوڵ. کیژۆڵه‌ش گوڵ بوو گوڵ! گوڵه‌باخ و عه‌تری گوڵه‌باخ و دره‌ختی گوڵه‌باخ... مرۆڤ زۆری گوڵن. عه‌تری نان و کولێره جیهانی داگرتووه. تۆش و ئێوه‌ش گوڵ دابه‌ش که‌ن. گوڵه‌باخ و عه‌تری گوڵه‌باخ و نانی گه‌رم و کولێره ناسکه و خۆشه‌ویستی و ئه‌وین) (نووسه‌ر)
له سه‌فاااوا سێ که‌سین، قه‌ده‌ک‌نارنجی و قه‌ده‌ک‌مۆر و من. ئه‌وان قه‌ده‌ک داب‌وباوی لای خۆیانه. به‌ڵام من قه‌ده‌ک له به‌ر ناکه‌م. که‌واوپانتۆڵ و کۆت و شه‌ڵوار و هه‌رچی پێم خۆش بێ. سوا ده‌ڵێن: ب ئیشه نه‌ک به ڕیشه...
ده‌گه‌ڵ قه‌ده‌ک‌نارنجی به بن سێبه‌ری شه‌نگه‌بییه‌کاندا به‌ره‌و باره‌گا ده‌چین. ئه‌م شۆسته‌یه بابه‌تی پیاسه و قسه‌وباسه. به قه‌ده‌ک‌نارنجی ده‌ڵێم: هیچ سه‌رنجت داوه ئه‌م شۆسته‌یه ده‌ڵێی قه‌ت له بن نایه، بریا زووتر ده‌گه‌یشتینه باره‌گا.
قه‌ده‌ک‌نارنجی ده‌ڵێ: هه‌ی‌هۆ، من پێم‌وایه ئه‌م شۆسته‌یه زۆر که‌م‌مه‌ودایه و خۆزیا و خوا خوامه هه‌رگیز له بن نه‌هاتبایه!
بیست گه‌زی بمێنێ بۆ ئاسانه حه‌وزێکی خڕه. ئاوه‌که‌ی له ته‌رکی عه‌رزه‌که هه‌ڵده‌قوڵێ. ده‌ستێک له‌و ئاوه‌ی وه‌رده‌ده‌م، ئه‌وه‌م لێ بۆته خووخده‌یه‌ک. له حه‌وزه‌که تێپه‌ڕ ده‌بین، دیسانیش بیست گه‌زێک شۆسته و ئه‌م‌جار ده‌گه‌ینه به‌رده‌م ئاسانه‌ی باره‌گا. ئاسانه‌که خۆی زۆر بڵند و گومه‌زئاسایه؛ به‌ڵام ده‌رگاکه‌ی زۆر نه‌وییه، ده‌بێ خوار بییه‌وه و سه‌ر دانه‌وێنی. ده‌چینه ژووره‌وه. هۆڵێکی زۆر دوور و درێژ و گه‌وره‌یه. ده‌وران‌ده‌ور په‌نجه‌ره و ده‌لاقه‌یه. نێوه‌ڕاستی ئه‌م هۆڵه‌ش چه‌ند حه‌وزی قووڵ و درێژه. سه‌یر له‌وه‌دایه ئاوی حه‌وزێکیان سه‌هۆڵاوه و ئاوی ئه‌وی دی گه‌رماوه! ده‌وران‌ده‌وری حه‌وزه‌کان به گوڵه‌باخ و هه‌میشه‌به‌هار په‌رژین گیراوه. هه‌موو جارێ بێره‌دا بڕۆم ده‌ست له ئاوی هه‌موو حه‌وزه‌کان وه‌رده‌ده‌م و ده‌سته ته‌ڕه‌کانم به سه‌روچاومدا دێنم. سه‌یر له‌وه‌دایه له پاش ئه‌م کاره سه‌رخۆش ده‌بم!
ده‌گه‌ڵ قه‌ده‌ک‌نارنجی له‌وسه‌ری هۆڵ ده‌گه‌ینه ژووره گه‌وره بازنه‌ییه‌که. ژوورێکی زۆر گه‌وره‌یه. زیاتر شوێنی کۆبوونه‌وه و زیکر و تاعات و ده‌ف‌لێدان و سه‌ما کردنه. سوا زیاتر لێره داده‌نیشێ. شوێنی تایبه‌تیشی نییه. که‌س له‌م ژووره‌دا شوێنی تایبه‌تی نییه. بازنه‌یییه و سه‌رێ و خوارووی بۆ نییه. چوار ده‌رگای لێ ده‌چێته ده‌ره‌وه و هه‌ر ده‌رگا به‌ره‌و شۆسته و جاده و باغات و مه‌زرا و کارگه و شه‌ریکه و شارێکی جیاوازه.
به‌ڵام من و قه‌ده‌ک‌مۆر یان قه‌ده‌ک‌نارنجیشمان ده‌گه‌ڵدا بێ، له‌م ده‌رگایانه‌وه ناچینه ده‌رێ. به ڕیزه قاڵدرمه‌کاندا ده‌چین بۆ سه‌ربان و له‌و سه‌ره پیاسه ده‌که‌ین، یان داده‌نیشین بۆ ده‌رس و موراقیبه و گوت‌وبێژ. ئه‌م کاره‌مان ئه‌رک و ئیش و ده‌واممانه. باره‌گای سه‌فاوا مه‌ڵبه‌ندی ئیش کردنه. کانگای ڕاهاتن بۆ سه‌ناعاتی گوندی و شاری. هه‌موو لێره ئیش ده‌که‌ن، که‌س نه میوانه و نه غه‌ریب. لێره هه‌رکه‌س بۆ کارێک ناونووس و ناوزه‌د کراوه، ڕێبوار و موسافیر و غه‌ریبه و میوان و مورید هه‌ر گه‌یشته ئێره، ئیشی بۆ پێش‌بینین کراوه و ده‌وام چاوه‌ڕوانیه‌تی. هاتن و مانه‌وه و ڕۆیشتن، ماوه‌ی که‌م و زۆر به دست خۆته. ژووری خۆت و ئه‌رک و ئیشی خۆت هه‌یه و له هه‌موو داهات و حاسڵاتدا به‌شت هه‌یه و له به‌رامبه‌ر هه‌موو سامانه‌که‌دا هه‌مووان به‌شدار و به‌رپرسن.
ده‌گه‌ڵ قه‌ده‌ک‌مۆر و قه‌ده‌ک‌نارنجی به پلیکانه‌کاندا سه‌رکه‌وتین. له په‌نا نیوه دیواره‌که دانیشتین و پاڵمان داوه. شنه‌یه‌کی عه‌تراویی زۆر بلاوێن ده‌هات و ده‌چوو و نه‌وازشی ده‌کردین. ده‌رس و قسه و باس و دیالۆگ حه‌رام بوو. هێشتا ده‌ست و ده‌م‌وچاوم ته‌ڕ بوو، بۆیه هێشتا سه‌رخۆش بووم. موڕاقیبه و بێده‌نگی و چوونه نێو هه‌ناوی دڵ و ده‌روونه‌وه ئالێره‌دا نه‌ک پێویست، به زۆر و ئیجبار بوو.
ده‌شتی گوڵه‌مێلاق و شلێر و گوڵه‌باخ و خاشخاشکه سووره په‌رده و پارچه قوماشێکی سووری ڕه‌نگامه‌یه و هه‌ر خوله‌ک و گوڵێک به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. گوڵێک به بیچم و ڕه‌نگی خۆیه‌وه. من چاوم له سه‌ر په‌ڕه‌ی گوڵه‌باخێک زووم ده‌که‌م. په‌ڕه‌یه‌کی گوڵه‌باخ سوور سوور نووسینه‌وه‌ی ته‌واوی کتاوی له سه‌ر ده‌کرێ، ئه‌ویش به پیتی درشت. ده‌توانی له سه‌ر په‌ڕه‌یه‌کی گوڵه‌باخ هه‌موو که‌س‌وکارت ببینی له هه‌موو ته‌مه‌نیاندا، فیلمی هه‌موو به‌سه‌رهات و سه‌ربورده‌یان!
ده‌نگی قه‌ده‌ک‌مۆر له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه: هۆو ده‌وه‌نی گوڵه‌باخه شوێنی موڕاقیبه‌ی باوکت بوو! بوو؟
قه‌ده‌ک‌نارنجی وه‌ک ویره‌ویر به گوێما ده‌دا: باوکت هه‌ر به ده‌ستی خۆی ئه‌و ده‌وه‌نه‌ی ناشت!
هه‌ردوو ده‌نگه‌که پێکه‌وه: مرۆڤ ته‌نها له نسێی دره‌ختی خۆ‌یا ئه‌حه‌سێته‌وه، باوکت ئاوای سوکنا ئه‌هات! سوا به نێو گوڵستانه‌که‌دا پیاسه ده‌کا، باوکم باوه‌شێ گوڵه‌باخ به باخه‌ڵه‌وه به شوێن سوادا دێ و ده‌چێ. گوێم لێیه سوا به باوکم ده‌ڵێ: «دێته‌وه، دێته‌وه. ده‌تگاتێ. ده‌یبینی!»
ده‌گه‌نه بن گوڵه‌باخه‌که‌ی باوکم. ده‌وه‌نه‌که یه‌ک‌پارچه تارایه‌کی سووره، باوکم له ژێر ده‌وه‌نه‌که ڕاده‌کشێ. سوا هه‌موو گوڵه‌کانی باوه‌شی باوکم په‌ڕپه‌ڕ ده‌کا و به سه‌ر جه‌سته‌ی باوکمدا په‌رش‌وپه‌ڕاکه‌نده‌یان ده‌کا. باوکم له ژێر قوماشێکی نارنجی به گوڵه‌باخ ڕازاوه‌دا خه‌وی لێ ده‌که‌وێ.
سوا به‌ره‌و باره‌گا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له سه‌ربانی باره‌گا ته‌نهام. قه‌ده‌ک‌مۆر و قه‌ده‌ک‌نارنجی بۆ کوێ چوون؟ که‌نگێ ڕۆیشتن؟ ئه‌ی من بۆ ئاگام به ڕۆیشتنیان نه‌کرد؟
به قاڵدرمه‌کاندا چوومه خوارێ، هه‌ر گه‌یشتمه هۆده بازنه‌ییه‌که، ده‌گه‌ڵ سوا سنگمان به سنگی یه‌کتردا که‌وت. سوا وتی: په‌له‌په‌ل مه‌که، په‌له کردن کاری ناحه‌زانه. له باشترین کاتدا به دیداری یه‌ک شاد و شوکور ده‌بنه‌وه.
وتم: ده‌بێ بڕۆمه‌وه، ئیزن و مۆڵه‌تم هه‌یه؟
وتی: ده‌ترسم زۆرت پێ نه‌چێ و به په‌له بگه‌ڕێیه‌وه!
له گه‌ڕانه‌وه‌دا له دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ تووشی بابم بووم. له هه‌میشه ساخ و سڵامه‌تتر و به‌گه‌شه و نه‌شه‌تر. ماچمی کرد و وتی: ده‌وه‌نه‌که‌ی منیان پێ نیشان دای؟ گوڵی پێوه ماوه؟
ـ باوکه گیان لک‌وپۆپ و گوڵ و گه‌ڵای ده‌وه‌نه‌که‌ت هه‌مووی گوڵه. پارچه قوماشێکی گوڵ‌باران و یک‌پارچه گوڵ و په‌ڕه‌ی گوڵ.
دووبه‌دوو گه‌ڕاینه‌وه بۆ سه‌فاااوا. باوکم یه‌ک‌سه‌ر چووه نێو باره‌گا و بۆ هۆده بازنه‌ییه‌که. به‌رماڵی ڕاخست و ڕووه‌و ڕووگه مات بوو. ویره‌ویری ده‌هات، به گه‌شه و نه‌شه و به بزه‌یه‌کی شیرینه‌وه، نا، که‌س نه‌یزانی تاعه‌ت و عیباده‌ت بوو، یان موڕاقیبه یان شتێکی دیکه. دوایه ده‌ستمی گرت و چووین بۆ بن ده‌وه‌نه‌که‌ی خۆی. گوڵ به گوڵی ده‌وه‌نه‌که‌ی ماچ کرد. له گریانێکی به‌کوڵی به‌بێ کۆتاییدا. گه‌ڕاینه‌وه بۆ هۆده‌ی بازنه‌یی. بانگی شێوان بوو. تاعه‌ت کرا. سوا کوتی که‌س ناڕواته‌وه. گوێ ده‌ده‌ینه به‌سه‌رهاتی قه‌ده‌ک‌نارنجی و قه‌ده‌ک‌مۆر و باوکی مامۆستا (مامۆستا به منی ده‌وت) ده‌فه‌کان و بلوێره‌کانیش بێنن. شه‌وێکی ئه‌فسووناوی:
نێوه‌نێوه سه‌ربورده‌ی باوکم و قه‌ده‌ک‌نارنجی و قه‌ده‌ک‌مۆر و سوا، نێوه‌نێوه‌ش ده‌فه و بلوێر و ویره‌ویر. له پاش به‌رقه‌نده سوا کوتی: ڕه‌حمه‌تی خوا له‌و که‌سه‌ی بۆ ناشتنی باوکی مامۆستا حوزووری ده‌بێ.
باوکممان له ژێر ده‌وه‌نه گوڵه‌باخه‌که‌ی خۆی ناشت. سوا به منی وت: ئه‌م هه‌موو هه‌ڵوا خواردنه نابێ، بیکه ئیشتیای خۆت، خوا زۆری له لایه. مه‌ترسه، ئیشتیا بکه....
له پاش حه‌وتوویه‌ک گه‌ڕامه‌وه دایره‌که‌م بۆ ده‌وام. دوو ڕۆژ له مۆڵه‌ته‌که‌م مابوو. سه‌رۆکی دایره و هه‌موو براده‌ران هاتنه پرسه. بۆ ماڵه‌وه، سبه‌ی پاش نیوه‌ڕۆکه‌ی پرسه‌یه‌کی گه‌رم و پڕماته‌مینییان دانابوو، که مزگه‌وت پڕ بوو وتم: باوکم له سه‌فاااوا ئێوه خۆش. ئیزنی پرسه‌ی نه‌داوه. خه‌رجی پرسه و کۆڕی ماته‌مینی داده‌ندرێ بۆ جێ‌به‌جێ کردنی وه‌سیه‌تی خۆی. مه‌جلیس ته‌واو بوو.
سی ساڵ، ئه‌مه سی ساڵی ڕه‌به‌قه، شێتم و دێوانه نیم. قه‌ڵه‌نده‌رم و ئاواره نیم. دێوانه‌م و شێت نا، ئاواره‌م و قه‌له‌نده‌ر نا. گا له ساراتی ئیشکی به‌رده‌ڵان و قاقڕم و گا دیل و یه‌خسیری گوڵستانه‌که‌ی سه‌فاااوا. به‌ڵام سی ساڵه شه‌ڕابی ئه‌م مه‌راق و ئه‌م دڵ‌خۆشییه ده‌نۆشم و که‌س نه‌بوو پێم بڵێ کێی؟ چیی؟ خۆشیت؟ ناخۆشیت...
تۆغا میرزا بینووسه. من وتم و تۆ بینووسه. بێتوو نه‌ینووسی قه‌رزاربارم بی، له سه‌ر ته‌رازوو و میزانه‌که ئێخه‌ت ده‌گرم. تۆغا من وتم و تۆ بینووسه.
من میرزای ئاخر دێڕه‌کانی ئه‌م چیرۆکه، سه‌ربورده‌ی مامۆستا‌م نووسی. له ناوی مامۆستا‌م پرسیی، وتی بنووسه: (فه‌قیر سوا، سامان سوا)
من میرزای ئاخر دێڕه‌کانی ئه‌م چیرۆکه و ئه‌م سه‌ربورده‌یه به خواستی (فه‌قیر سوا، سامان سوا) له مانگێکدا سه‌ربورده‌که‌م نووسی و له بۆییم برده‌وه تا بۆی بخوێنمه‌وه، نه‌مابوو. له ده‌وامی دایره خانه‌نشین ببوو. ماڵی به‌کرێ دابوو. به ئیجاره‌نشینه‌که‌ی وتبوو، هۆو تاقه ژوور و پێشخانه‌یه بۆ خۆم، ڕه‌نگه ساڵی که‌ڕه‌تێک و دووان بێمه‌وه. باقی ئه‌م ماڵه به‌م قه‌رار و بڕیه و پووڵ و پاره‌یه بۆ ئێوه، تا پێک ڕازی بین. ئیدی ڕۆییبوو. وتبووی ئاسانه به ئاسانه‌ی جیهان ده‌گه‌ڕێم و باره‌گا به باره‌گا پێڵاوی غه‌ریبی ده‌که‌مه‌وه، تا خۆم ده‌دۆزمه‌وه، تۆغا دۆعام بۆ بکه‌ن؛ بتوانم خۆم بدۆزمه‌وه. سوا ئه‌وه‌نده‌ی وتبوو و هیچی دی....
----------------------------------------------------
سه‌رچاوه: وێبلاگی پێشه‌نگ